شارێکی سارد

ئیسماعیل سابیر/شاعیری کورد/ وێنەگر: عومەر کەریم

December 26, 2021

ئیسماعیل سابیر، لە شاعیرانی نوێی کوردە، لە ساڵی ١٩٩٤ـدا لە ناوچەی گوێڕ-موسڵ لە دایک بووە و هەنووکە لە هەولێر نیشتەجێیە. دەرچووی کۆلێژی یاسای زانکۆی کۆیەیە و بە پارێزەرییەوە خەریکە. ماوەی چەند ساڵێکە دەنووسێت و سەرلەدووی زمان و دەربڕینێکی تایبەتە کە بتوانێت دنیاکەی خۆی پێ دەربڕێت. هەروەها یەکەمین کتێبی شیعریی خۆی بە ناوی “سۆراغ بۆ شیوەنێکی نەبڕاوە” بڵاو کردووەتەوە. لێرەدا نوێترین شیعری ئەو دەخوێننەوە، کە تێڕامانەکانی خۆی بۆ شارێک دەخاتە ڕوو. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

شارێکی سارد
ئیسماعیل سابیر

 

 

 

باران خەریک بوو دەباری
پڕووشک پڕووشک، لە شارەکەی ئێمە
لەگەڵ هەورەبرووسکە،
ناز دەڕژا و جودایییش؛
وردەوردە
سەرەڕای شەو؛
کە درەنگی کرد و نامەی نەنارد
لە دەرەوە ئەو کە یاوەری فریشتەکان نەما، ئیتر
سادییەتی شەقام و درەختەکان
لوولیان دام.
بەڵام لەگەڵ “با” کە لەرینەوە؛
ترسام،
ڕۆژێک خۆشویستنت بەو ڕادەیە
زمانم بە فەتارەت بدا.

 

لە پەنجەرەی کەمێک تەڵخ
ئەگەر ڕوانیم
لە مانگ بەڵام هەور دایباراند
چونکە وەک چۆلەکەیەکی سەرمابردوو ئەگەر هەڵلەرزیم
لە پاڵ تۆدا کە نەبووم و هیچکات وێنەم نەگیرا
بۆیە زمانم بە قوڕ گیرا.

 

بە هەر جۆرێک بێ زستان لە ڕۆژژمێری شارەکەی ئێمە
درەنگ سەرمای هێنا.
لەبەر ئەوەی ڕێبوارێک لە قافڵەکانی شادومانی بەجێ ما،
ئەو ڕۆژە
بۆیە لە دەرەوە
وەک دەردەدارێک بێدۆست مابوومەوە
بەڵام لە جیاتیی سرووشت
سەرما، دەستی لە گیرفان و ژیانم وەردا.
هیتفۆن لە گوێچکەکانم بوو،
ئەو شەوەی تا بەیانی،
کە وەک پاشماوەی لافاوێک؛
ئافاتم ژمارد.

 

دڵشکاو کە ڕۆیشت
دوایی بە ڕێگای سارددا،
چاو لە بنمیچی ماڵەکان، ئاوڕی نەدایەوە
وەک ئۆرفیۆس، کە نەبوو
باران، بۆیە تەڕی کرد
قاقاکانمان؛
بەسەر مێژووی خۆشەویستییەکەماندا،
ڕژا
ئەو دەمەی گەرم داهاتین
چونکە شەرمندانە لێومان نەخستە سەر لێوان
دڵ لە ژوورێک ئەمما گەر تەنگ بووبێ
چیی دەکرد بە تەنیا؟

 

لێرە نی،/ سەرما بۆیە پیاسە بە بەهانەی شەوەکانم دەکات/ وەک یادەوەریت کە لە دەستم چوو/ ڕۆژگارێک ئینجا لە ساتی داڕماندا/ چۆڵ بووم و شانم جگە لە گریان هیچ بارێکی تری پێ هەڵنەگیرا/ کاتێک “قاوەخانەی مەچکۆ” جمەی دەهات لە نەفەری ڕێکوپێک/ لە دەرەوە چونکە دڵتەنگ بووم/ شەقامەکانی چواردەوری قەڵا دەبوونە کوخێکی بچووک و/ لە جێ-پاقلەیەکی سوورکراوه، کۆتایییان پێ دەهات/ کە پێت دەگوتن با زیاد ترش و تیژ بن./ شەو چونکە حەزی لێ بوو/ ئەوکاتەی دەنگی تەلەفۆن و نامەکان وەک ترووسکاییی شەقامەکان خامۆش/ هەر ئەوکاتەی تۆ خەوتبووی یان خەریکی هەڵبژاردنی بۆیەی نینۆکەکانت بووی/ بۆ بەیانی/ دەوام نەبوو/ نەتزانی؛
بەڕەڵڵایەک لە دەرەوە، پەنجەکانی
سەرەڕای ئەوەی کە دەتەزی
بەڵام گاڵتەی بە سەرما دەهات و
سەری بادا؛
کاتێک گوتنەوەی گۆرانییەکان بەس نەبوون،
تاوەکوو بیرەوەری، ساتمەیەک لە دڵ و قوڕگیدا نەکات؛
تێر گریا.

 

بەڕەڵڵای؛
کاتێک بە دەنگێکی گڕ/ وەک مەست و دەردەدارەکان/ گۆرانییەکی “ئەردەلان بەکر” دەڵێی./ بەو سەرمایە سەر هەڵدەبڕی و/ لە کچێکی ناو ئۆتۆمبێلە مۆدێلبەرزەکان دەڕوانی…/
لە شارەکەی خۆت/ کاتێک برینداری،/ بەزەییت بە خۆدا دێتەوە و/ بە خێزانێکی بیانی ئەگەر پێدەکەنی/ لە داخان/ ڕەنگە بە خۆت و بە بەڕەڵڵاییی خۆت؛/ئاهـ لەم شارەدا پێکەنیبی؟/ ئەودەم چونکە بەڕەڵڵا بووی!/

 

بەڕەڵڵایەک بە جادەیەکی چۆڵدا بڕوا؛
حەتمەن سایەق تەکسییەک ڕەماشی بۆ لێ دەدا
دوکاندارێک دەڵێ: سەرخۆشە، بە دڵنیایییەوە خواردوویەتییەوە،
ئەگینا بۆ بەم شەو سارد و درەنگە؟
بە جادەدا دەڕوا؛
ئۆتۆمبێلێکی بێڕەقەم دەشکێنێتەوە سەری و
هۆڕنێکی قایمی بۆ لێ دەدا،
دەڵێت: بەڕەڵڵایە چونکە
نازانێ فەرامۆشکراوێک لە گوتن
لە بەستەڵەکی ئاهـ و ئەم جیهانە ساردەی وەفادا،
بە تیشکە خورافییەکانی وشە
خەریکە بۆ مانایەکی گەرم دەگەڕێ.

 

 

سەرەتای زستانی٢٠٢١