بێهوودەیی

جەلال ئەحمەدی/شاعیری یەمەنی

May 21, 2018

جەلال ئەحمەدی شاعیرێکی گەنجە. لە نەوەی نوێی شاعیرانی عەرەبە و خەڵکی یەمەنە. وەک ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری ئەدەبی کاری کردووە. یەکەم دیوانی شیعریی خۆی لە ساڵی ٢٠١١دا چاپ کردووە بە ناوی درەختێک بۆ پەشیمانبوونەوە و زیاتریش. چوار دیوانی شیعریی هەیە و خاوەنی چەندین خەڵاتە، جەلال ئەحمەدیی شاعیر ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی. – باڵندە

 

بێهوودەیی
جەلال ئەحمەدی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئەژین باجەلان

 

 

لەسەر دیوارەکە وێنەی پیاوێکی تەنیا وەک خۆم، دەکێشم
پاشان دەترسم وەک ئەو هەست بە تەنیایی بکەم
بۆیە وێنەی پەپوولەیەک لە تەنیشتی دەکێشم
پاشان دەترسم پەپوولەکە بفڕێت
بۆیە وێنەی چوار دیوار دەکێشم
پاشان لە خەمباربوون دەترسم
بۆیە وێنەی پەڵەهەورێک لە یادەوەریدا دەکێشم
پاشان لە قەلەڕەشی پرسیارەکان دەترسم
بۆیە وێنەی تەڵەیەک دەکێشم
پاشان دەترسم ئیشەکە سەر بگرێت
بۆیە وێنەی درەختێک لە دوورەوە دەکێشم، بێباک لەوەی ڕوو دەدات
پاشان دەترسم بڕوا بکات بەوەی ڕوو دەدات
بۆیە وێنەی مانگەشەوێک دەکێشم پەشیمانی گازی لێ بگرێت
پاشان دەترسم شیعرەکە سەرقاڵی بکات
بۆیە هیچ وێنەیەک ناکێشم
پاشان دەترسم گومان بکات
بۆیە وێنەی دەرگەیەک دەکێشم کە باش داخرابێت
پاشان دەترسم بە سەرنەکەوتن ڕابێت
بۆیە وێنەی جانتایەکی بۆ دەکێشم لەنێویدا جانتایەک هەبێت و لەنێویدا کلیلێک،
پاشان دەترسم نهێنییەکە بدۆزێتەوە
بۆیە لە پشتی دەرگەکەوە وێنەی بۆشایییەک دەکێشم
پاشان بە هۆی سەرشێتییەکەیەوە لە لووتبەرزیی خۆم دەترسم
بۆیە لەسەر شانی ڕاستی وێنەی کوندەپەپوویەک دەکێشم
پاشان دەترسم داناتر بێت
بۆیە وێنەی گورگێک لەناو سیی چەپیدا دەکێشم
پاشان دەترسم تۆڵە لە جەستەی خۆی بکاتەوە
بۆیە وێنەی پێچەرێک دەکێشم نێو لێوەکانی وەدەر بخات
پاشان دەترسم خەونەکە بخنکێت
بۆیە وێنەی پەنجەرەیەک دەکێشم
پاشان لە دزەکان دەترسم
بۆیە وێنەی تفەنگێک دەکێشم
پاشان ساردیی دەمکوژێت،
پاشان لە لەبیرچوونەوە دەترسم.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار