کەریم تاقانە، زیاتر وەک وەرگێڕی زمانی سوێدی ناسراوە و کەمتر وەک شاعیر ناوی هاتووە. ئەو لە ڕۆژنامەی سوێدی بۆ ماوەی حەوت-هەشت ساڵێک گۆشەی بە زمانی سوێدی نووسیوە و بە گشتی هەوڵی داوە ئەدەبیاتی کوردی بناسێنێت. یەکەم کتێبی تاقانه بریتییە لە “نیشانەی چوارکەس” لە نووسینی سێر ئارسەر کۆنان دۆیڵ، کە لە ئینگلیزییەوە کردوویە بە کوردی و ساڵی ٢٠٠١ لە بەغداد چاپ بووە. تاقانە کتێبی شیعرەکانی شاعیری سوێدی ئیڤا ڕیبیکی بە ناوی “ئێمە لە خەو هەڵدەستین” کردووە بە کوردی و هەروەها شیعرە سوێدییەکانی دانا ڕەئووفیشی بە ناوی “ژیانێکی تر” وەرگێڕاوە، کە ئەمیان باڵندە چاپی کردووە. تاقانە کەم شیعر بڵاو دەکاتەوە و لێرەدا چەند شیعرێکی نوێی دەخوێننەوە. -ماڵپەڕی باڵندە
گرەوی ڕووناکی
سێ پارچەشیعر
کەریم تاقانە
١
من و تۆ، دوو جێناو بووین
چوار پیت کۆی کردینەوە.
بووین بە ناونیشانی کتێبی عیشق
بووین بە شاڕەگی مانا.
دەستێک هەناری دڵمانی تەکاند.
٢
درەخت پرچی
بۆ ڕەگێکی وشکەوەبووی هەناوی خۆی
دادەڕنێ.
شاخ سینگ دەکوتێ
بۆ پۆلێک کۆتر؛
لە هەناویدا بێسەروشوێن.
٣
من ستایشی گوڵێک دەکەم
باڵای
بە دەم یەکەم بزەی هەتاوەوە
دەربکەوێ و بشنێتەوە.
دەست بۆ پەپوولەیەک بە سینگەوە دەگرم
قامەتی
لە گرەوی ڕووناکی و
دڵی
لە پێشوازیی گوڵێکدابێ.