ژیان کە هیچ و

خەبات عارف/شاعیر و وەرگێڕی کورد

August 14, 2020

خەبات عارف ناوێکی دیاری نێو ئەدەبیاتی کوردییە. ساڵی ١٩٥٩ لە سلێمانی لە دایک بووە و ساڵانێکیشە لە سوێد دەژی. لە سوێدییەوە وەردەگێڕێت و لە بواری شیعردا “ئێوارستان”ـەکەی پییەر لاگەرکڤیست و “گوێ بگرە پیاوی بچووک”ـەکەی ویلهێلم ڕایش بە وەرگێڕانی ئەو بەناوبانگن. هەروەها شیعرەکانی سوێدەرگرانی کردوون بە کوردی و لەژێر چاپە. خەبات عارف خۆیشی شاعیرە و لە نێوەڕاستی حەفتاکانەوە دەنووسێت، وەک لەم شیعرەیشیدا دەردەکەوێت بە دوای ڕیتم و دەنگێکەوەیە تایبەت بە زمان و شیعرەکانی خۆی. “سەوزێکی کاڵ بوو دەباری” ناوی کۆشیعرەکەی ئەوە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

ژیان کە هیچ و
خەبات عارف

 

 

جوانتر نابمەوە و دەزانیت،
بەڵام لە پەڕی هەر گوڵێکی ڕەش،
بە دەستمەوە هەڵوەریبێت و
لە هەر گەڵایەکی سەوز،
پێم پێیدا نابێت و
لە ناسکیی هەر دڵێکم
شکاندبێت،

داوای لێبووردن دەکەم.

 

لە تۆ داوای لێبووردن دەکەم،
کە دەزانم لە ئێستات هەرگیز جوانتر نابیت و
منیش هەروەها و
جوان:
پەڕینەوەیەی تۆیە لە من و
من لە تۆ و
ڕامانە لەو دەنکەهەنارانەی
لەنێو دەستی ئەوانی ترەوە دەچۆڕانەوە و
بەرچاویان ڕەنگ دەکردین
بە جوانی و
چاومان بە هیچ.
جوان:
بەربوونەوەیە لەگەڵ ئەو مەلانەدا کە دەبوو
دوو باڵی تریشیان بۆ فڕین لێ بڕوێن،
تا ئاسمان و بەرپێمان بە پەڕی
هەڵوەریوی ئازادبوون
سپیتر بکەن و
کە هیچ.
جوان:
گەڕانەوەیە بۆ یەکەمین پێکەنین پێکەوە،
کە نایەتەوە و دوایین گریانە و
ئیتر گوڵی نە بۆ تۆ و
نە بۆ منیش،
ناکرێتەوە،
تا پێکەنینمان،
بگریێنێت.
جوان:
من نیم ئیتر،
کە ڕۆژگارێک دەستم
لە ڕەشیی بنجی گوڵێک گیر کردبوو،
من نیم ئێستا،
کە گەڵایەکی سەوز لە بن پێم دەکەمەوە و
خەریکی چاککردنەوەی شکانی دڵێکم
کە بڕیار هەرگیز نەبوو،
دڵی ڕەقم بشکێت و
تۆیش نیت.
ئەوانیش کە هیچ.
ئەوان:
کە هەر شتێک خوێنی لێ نەڕژێت،
نایبینن و لەنێوچوونی هەر شتێکیان،
لە خوێن خۆشتر دەوێت.
تۆ نیت جوان،
کە هەرگیز جوانتر نابیت لە ئێستا،
ئەگەر لە من نەپەڕیتەوە و
لەوان و
لە خۆیشت کە هیچ.
لە من بەتایبەت:
کە ئێستا بەدەم شکانی چڵی گوڵێکی پیرەوە،
دەستی پیریم دەلەرزن و
لەگەڵ هەڵکردنی هەر خەزانێکدا،
لەتوکوت دەبم من و
شکانی هەر دڵێکیش،
ناسک یا ڕەق،
وەک پیریی خۆم،
دەموەرێنێت.
لەنێو نیگای تۆدا خەریکە چاوم دەشکێنم،
تا دڵنیا بم کە هەرگیز ئیتر جوانتر لە ئێستا نابم و
ڕەگی دەستی تۆیش بۆ دەرهێنان باشترە،
کە ئاگای لە دڵی پیری من نییە و
پیریی دڵی تۆیش،
کە هیچ و
من هەڵپرووکاوی،
دەستی هەموو دڵێکی جوان و
پیری بووم و
بەرپێیشم،
کە دەبوو هەر گەڵایەکی سەوز
شینتری کردبا و
هەر دڵێکیش،
کە بڕیار بوو
لەم بەندییەم دەربهێنێت و
ژیانیش خۆی کە هیچ.
تۆ جوانتر ئیتر نابیت و
منیش ئیتر نابم،
لەنێوەوە ناڵێم و دەڵێن:
میناکی شەرابە دڵی تۆ،
تا پیرتر بێت جوانتر دەبێت و
نێو من و ژیانیش،
کە هیچ.

 

 

٤/٤/٢٠١٨