خەیرییە شوانۆ، لەدایکبووی هەولێرە، بەزمانی عەرەبی ئەنووسێت، لەکایەکانی شیعر وچیرۆک و وەرگێراندا کاردەکات. دە ساڵیک زیاترە خەریکی وەرگێڕانە و چەند ساڵێکیشە شیعر وچیرۆک بە زمانی عەرەبی ئەنووسێت. کۆمەڵە چیرۆکێکی ئامادەیە بۆ چاپ بە زمانی عەرەبی بەناوی “صغيرتي ماشا”. دەرچووی بەشی عەرەبیی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدینە و ئێستا مامۆستایە لەهەمان زانکۆ.
هێشتا هێندە ئازایەتی شک ئەبەم بترسم
خەیرییە شوانۆ
وەگێڕانی هیوا قادر
چاوەڕوانی
کە تۆ نایەیت
کۆترەکان هەڵدەفڕن بۆ سەر زەوییەکی نادیار
پەنجەیەکی منیش هەڵدەوەرێت.
خەون
بۆ ئەوەی لە خۆمت دەرکەم
چەندان جار ڕۆحی خۆمم لەبێژنگ دا،
کەچی ئەم بەیانییە
خەونم پێتەوە بینی!
تەمەننا
لەم ساتەدا
حەزدەکەم هەردوو دەستم بخەمە ناو دەستتەوە
بەتایبەتی لەم ساتەدا
هەروا، بەبێ هیچ هۆیەک…
ئازادی
لەسەر ڕێگایەکی دوور و درێژ بە تەنیا بەجێیان هێشتم.
منی غەمبار…
بە دزییەوە ناوی تۆم لەسەر
بەفرەکە نووسی،
ناوی تۆم ئازاد کرد و
ئاوڕم لێ نەدایتەوە!
کورتکردنەوە
من ئەوەندە سادەم
لە گۆرانییەکدا
جیهان کورت دەکەمەوە…
نۆستاڵژیا
هەموو ئێوارەیەک ئەو بەرکەوتنە سوکە ئەهێنمەوە بەرچاوی خۆم:
دەستم لەسەر پشتە چەماوەکەت.
ماچ
ئەی ترس
ڕوخسارە ناشیرینەکەت دەرخە
ڕێم بدە ناوچەوانە لەرزۆکەکەت ماچ بکەم…
خەڵکی
بەدوایدا گەڕام
لە شاقامەکانی شاردا
نەم دۆزییەوە،
کاتێک لە پەلوپۆ کەوتم
سەرم هەڵبڕی…
هەمووان لەو دەچوون!
بەجێهێشتن
پشیلەکان چڵیستر بوون،
چۆلەکەکان
سرکتر
لەوەتەی تۆ ڕۆیشتوویت…
ڕووتبوونەوە
بەتاڵم
لە لافلێدان
وەک درەختێکی ڕووتووقووت…
بەدواکەوتن
ئایە ڕەشی بەدوای بەختمەوەیە
یان لەوەتەی هەم
خۆم بەدوای بەختی ڕەشمەوەم؟