كلوویه‌ک به‌فر

ئازاد بەهین

ئازاد بەهین

January 17, 2026

ئازاد بەهین لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. نزیکەی ١٠ ساڵ  لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووە و لە گەڵ زۆرێک لە ماڵپەڕ و گۆڤارەکاندا هاوکاری و چالاکی ئەدەبی هەبووە. ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا و لە شاری بەرلین نیشتەجێیە.
 زیاتر لە ١٥ ساڵە شیعر دەنووسێت و ئێستاش کۆمەڵە شیعرێکی ئامادەی چاپ و بڵاوکردنەوەیە.

كلوویه‌ک به‌فر

ئازاد بەهین

 

 

١
ناوتم هێنا
دیواری ژووره‌كه‌م وه‌ڵامی دامه‌وه‌..
زانیم ته‌نیام.

 

٢
وشه‌كان دێن و ده‌ڕۆن
تۆ، جێی جوانی ده‌گریته‌وه‌
خه‌م،
جێی ته‌نیایی.

 

٣
شۆسته‌ سارده‌كان،
زووتر سارد بۆوه‌ ئه‌مڕۆ
قاوه‌كه‌م بێ تۆ!

 

٤
چه‌ند سارده‌ ژیان
نه‌كا كلوویه‌ك به‌فر بم
له‌ سه‌ر ده‌سته‌كانت.

 

٥
دایكم كاتژمێری ژووره‌كه‌مانی خه‌واند
وتی: كات لێره‌
زووتر ماندوو ده‌بێ.

 

٦
لەگەڵ خۆم دادەنیشم
بەڵام من لێرە نیم.

 

٧
زستان هات
بیرۆكه‌كانم ئاگر ده‌ده‌م
هه‌ر كات كه‌ ڕۆیشتی!

 

٨
ئه‌ی هه‌تاو
دڵنیام بێ تۆ ئیتر
ژێر سێبه‌ره‌كان جێگه‌یه‌كی خۆش نییه‌!