بەشدار سامی | (١٩٨٤ - )
July 14, 2025
بەشدار سامی، شاعیر و فۆتۆگرافەر، ساڵی ١٩٨٤ لەدایک بووە. لە دەنگە دیارەکانی شیعری کوردیی هاوچەرخە. نزیکەی ١٥ ساڵە دەنووسێت و تا ئێستا خاوەنی ٤ کۆمەڵە شیعرە: «سبەی ڕۆژێکی دیکەیە»، «ڕۆیشتن بە ئاراستەی مردووە بەڕێزەکان» و «ئەمڕۆ شەممەیە . ئەگەر هیچ کێشەیەک ڕوو نەدات» و «گەردن زەردێ». کۆکراوەیەکی شیعرەکانیشی هەیە بە ناوی «لە گوڵ دەترسم» کە لە لایەن ناوەندی باڵندەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
خوێنەری نوێترین شیعری بەشدار سامی بن
بەشدار سامی
مامە تایەر، تۆ بڵێ بیر لە چی دەکەمەوە/
کەمێک لەمەوبەر مێشێکم لە هیچوخۆڕایی کوشت/ لەوانەیە قاوەکەت یان تۆ زیاتر چا دەخۆیتەوە/
وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت، فڕبکەیت و بڵێی جا مێشێکی حیز چییە/
ئەی ئەگەر دایکی هەبێت و بۆ نانی ئێوارە چاوەڕێی بکات؟/ یانیش خۆی دایک بێت و منداڵەکانی چاولەڕێی بن؟/
ئەی ئەگەر باوک بێت و هاتبێتە دەرەوە تۆزێک بسکویت بۆ منداڵەکانی بباتەوە؟/
هەر چەندە هیچ پارەوپوولێکی پێ نەبوو، لەوانەشە دز بووبێت/ بەڵام/
هێشتا من مافی ئەوەم نییە مێشێکی دز بکوژم/ ئەوە مەسەلەیەکە بیری لێ دەکەمەوە/
تەلەفۆن ئەگەر بۆ ڕۆژنامەنووسێک بکەم و بڵێم: دەمەوێت لە بارەی کوژرانی مێشێک ئاگادارت بکەمەوە/
بە دڵنیایییەوە تەلەفۆنەکەی بەسەرمدا دادەخات و بیر دەکاتەوە من شێت بم/ من بەڵام/
دیسان دەبێت تەلەفۆنی بۆ بکەمەوە/ ئەگەر وەڵام بداتەوە پێی دەڵێم: کوڕی حیز، مەگەر کوژرانی مێشێک
نابێتە ڕووداوێکی ڕۆژنامەوانی؟/ ڕۆژنامەنووسەکە بەڵام ئەگەر بە وشەی حیز کە بە بابیم گوتووە، تووڕە ببێت و هەروەتر جەستەیەکی پتەوی هەبێت و قۆڵەکانی نزیک بیست کیلۆ بن و بە دوای ماڵەکەمدا بگەڕێت و بیدۆزێتەوە، بە بۆکسێک لەوانەیە بمکات بە چڵمی دیوار/ ئەوەش ئابڕووچوونێکی ناخۆش دەبێت بۆ ناوبانگی شیعرەکانم./ ئێ خۆ ناشکرێ بڕۆمە بنکەی پۆلیس و بڵێم هاتووم سکاڵا لەسەر خۆم تۆمار بکەم/
ئەوان سەرەتا ئەگەر تێرشەقیشم نەکەن، بینینی خۆرم لێ قەدەغە دەکەن/
خۆ ناشوێرم بڵێم: ئێ بۆ تیشکی خۆرم لێ قەدەغە دەکەن/ پاشانیش/
فەترەیەکی چاک لە ژوورێکی پیس نیسکێنەم دەرخوارد دەدەن/ خۆ من دژی نیسکێنە نیم/ بەڵام/
هەندێک لە خەڵک کە نیسکێنە درووست دەکەن، سەرکەپیازی گەورەی دەخەنە ناوەوە/
دڵنیام ئەوانیش هەر وا درووستی دەکەن/ بینینی ئەو دیمەنەش تووشی شکستم دەکات/
سەرەڕای ئەو هەموو شکستەش کە لەوێ تووشی دەبم/
ئەوجا دەمهێننە دەرەوە تا لێم بپپرسن: چ تاوانێکت کردووە/
منیش ئەگەر بڵێم مێشێکم کوشتووە پرسیاری تر دێتە گۆڕێ و پێم دەڵێن: دووگیان بوو؟/
لەو کاتەدا کە خۆم بۆ ئەو پرسیارە ئامادە نەکردووە دەبێت چی بڵێم؟/
مامە تایەر گیان، ئاسایییە بڵێم بەو نییەتە لە جەستە خوێناوییەکەی نزیک نەبوومەتەوە؟/
نا، ئەوکات لێم دەپرسن: جەستەی بۆ بەخوێن بوو/ منیش دەبێت وەک بکوژێک،
تەواوی ڕووداوی کوشتنەکە لە سەرەتاوە بگێڕمەوە/ ئەوەش وام لێ دەکات وەک بکوژێک خەمبار بم/
بەهەرحاڵ مامە تایەر گیان، سڵاوت لۆ دەنێرم/ تکایە ئەو نهێنییە بپارێزە/
دوایین جار کە ماچم کردیت، ڕووخسارت بۆنی ئەو مەعجوونەی لێ دەهات کە بابم ساڵانی هەشتاکان،
ڕیشی پێ دەتاشی/ نەکا تۆ، هێشتا بە فلچە و گوێزانی ئەو سەردەمە ڕیشت بتاشی؟/