لازۆ ئازاد، شاعیرێکی کوردە. ساڵی ١٩٨٥ لە سلێمانی لە دایکبووە. لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا کوردستان جێدەهێڵێت و دەچێتە وڵاتی سوید نیشتەجێ دەبێت. لە ساڵی ٢٠٠٢ و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی. بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٨ یەکەم کتێبی بە هاوبەشی، بڵاو دەبێتەوە. دواتر ساڵی ٢٠١٣ یەکەم کتێبی خۆی چاپ دەکات. تاکو ئەم ساتەوەختە لازۆ ٣ کتێبی شیعری بڵاو کردۆتەوە. لە ئێستادا لە بەریتانیا دەژی. دامەزرێنەری پرۆژەی مێخەکە بۆ یارمەتیدانی منداڵ و ژنانی کورد لە بێرمینگهام.– ماڵپەڕی باڵندە
ئێسقانەکان
لازۆ ئازاد
شەو باڵەکانی کردەوەو ئێمەی بردە ناو گەرمی سەرینە لۆکەکان… ناو پەتووە بە ئاوریشم چنراوەکان،
من وەک بێچووە چۆلەکەی دایکمردوو هەڵدەلەرزیم.
جلکەکانی داکەند. لە بیرمە، بەیەکەوە نا یەک یەک…
پەیتا پەیتا باوەشم بە خۆمدا دەکرد و دەمووت: ئەو هەوا ساردە چییە، خۆ ئێستا هاوینە… هاوین؟
ئێسقانم بینی، هێشتا پتەو و پیاوانە. هێشتا بەهێز و ماندوونەناس.
ئەو شوێنانەش کە پێستێکی بریقەداری برۆنزی دایپۆشیبوون،
من رەنگی مۆر و کاڵی ئەو پەلامارە یەک بە دوا یەکانەم بینی کە نیشانەبوون بۆ چێژ لەگەڵ ئەو ژنانەی پێیان وابوو دڵیان لەگەڵدا گۆڕیوەتەوە!
وەک ماری بریندار فیشکاندم
هەر وەک ئەوەی بڵێم: تۆ کێیت؟ من ئەو ئەڤینە ئاگرینەی خۆم چۆن بناسمەوە؟
جلکەکانم لە ژێر باڵی شەوەزەنگدا وەک کاژی فڕێدراو جێمان،
هەوای سارد و شێدار وەک شەونمی ترساو لەسەر پێستی سپی و ماندووم خەویان لێکەوت.
جگەرەیەکم داگیرساند…
دەم و لێوی خوێناویی و تێرنەبووی ئەو ژنە دزێو و چاو برسییانە ڕاویان دەنام… من دەمبینی لە گۆشت و سنگی پیاوێکی پێست برۆنزی دەخۆن و هەر تێر نابن.ئەڤینی ئاگرینی خۆم چۆن بناسمەوە کە هەموو شەوێک جێگا بۆ تەرمێک ڕادەخەم؟
بێدار دەبمەوە و تارماییەک دادەپۆشم؟
ناوی دێنم و سەدای خۆم دەبیستم؟
سنگم پڕە لە قیژە و هێشتا لە جاران بێدەنگترم.
ددانم لەسەر لێوم دادەنێم تا خوێنی لێدێت، ئەو قیژانە دەخەمەوە ناو سنگی خۆم کە لە ناو گەروومدا بۆ دەرباز بوون شەڕیانە …
ئەوانە هاوارێک نین بهێڵم بەر دونیا بکەون.
دەنگێک نین بهێڵم منداڵان بیبستن.
ئێسقانەکان کە لە پێستێکی بڕۆنزییەوە ئاڵابوون ئەڤینی دزراوی من بوون،
من لە ناو ئەو تاریکاییە دڵڕەقەدا بەسەر یادەوەرییەکانماندا دەکەوم.