لێبوردن داهێنانی ئەوانەیە شتێکیان فەرامۆش کردووە

حسێن لەتیف | (١٩٧٤ - )

حسێن لەتیف | (١٩٧٤ - )

July 10, 2024

حسەین لەتیف شاعیر و نووسەر، لە ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە. لە سەرەتای نەوەدەکانەوە دەستی بە نووسین کردووە. خاوەنی دوو کتیبی شیعر و سێ کتێبە لە بواری لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا. چوار جار لە فێستیڤاڵی گەڵاوێژ لە بوارەکانی شیعر و لێکۆڵینەوەدا خەڵاتی بردۆتەوە. هەندێک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر   زمانەکانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی. 

 

 

 

لێبوردن داهێنانی ئەوانەیە شتێکیان فەرامۆش کردووە
حسێن لەتیف

 

 

 

١
ئەوەی پێویستە داوای لێبوردنی لێبکەم و… نەمکردووە،
ئەوەی پێویستە ئاشتی بکەمەوە و… نەمکردووە،
تۆیت،
نیوەکەی ترم.

۲
لە تەنیایی هەڵنەهاتم،
قەرەباڵغی داگیری کردم.
ویستم نەبوو جێت بهێڵم،
ئاپۆڕا لەخۆیدا ونی کردم.
دەمویست بفڕم،
بووم بە ژێرپێی حەشاماتەوە.
دەمویست گوێ لە ئاواز بگرم،
ژاوەژاو کاسی کردم.

۳
ئاسمانێکم دەویست بۆ فڕین،
ساپیتەیان بەژوور سەرمەوە دروستکرد.
پێویستم بە جۆلانە هەبوو،
قەفەزیان بۆ دروست کردم.
لە جەنگی تاریکیدا،
پێویستم بە کانزای درەوشاوە هەبوو؛
زنجیریان کردە پێم.
ڕۆژێک دێت :ئەم ساپیتانە،
بەسەر ئەندازیارەکانیاندا دەڕوخێنم.
ئەم تەختانە،
دەکەم بە تابووت بۆ دارتاشەکانیان.
ئەم زنجیرانە،
دەکەمە گەردنی ئاسنگەرە پیرەکانیان.
ڕۆژێک دێت: شەو لە ڕۆژژمێری مندا نەماوە،
ڕۆژێک دێت: رۆژژمێری ئەوان پڕە لە شەوی نەبڕاوە.

 

٤
ئەوەی دەبوو گوێی لێ بگرم و … نەمگرت تۆ بوویت،
ئەوەی دەبوو بیبەم بۆ کەرنەڤاڵ و… نەمبرد تۆ بوویت.
ئەوەی دەبوو تا دوورگەکانی ئارامی بیبەم و… نەمبرد تۆ بوویت.
ئەوەی دەبوو خۆشییە وردەکانمی لەگەڵ بەش بکەم و… نەمکرد تۆ بوویت.
ئەوەی دەبوو لە سێبەری ئاگردا ،
سەمای لەگەڵ بکەم و …نەمکرد تۆ بوویت.
لە رۆژە دژوارەکاندا، کەس هێندەی تۆ ئازا نەبوو…ئەوەی لاوازبوو لە گەڵتدا من بووم.
هەفتە ساردەکانی ژیان کەس هێندەی تۆ گەرم نەبوو… ئەوەی ساردوسڕبوو لە گەڵتدا من بووم.
لە وەرزە غەمگینەکاندا…کەس هێندەی تۆ دڵنەوایی نەکردم… ئەوەی وەک جەنگاوەرێکی دۆڕاو دڵڕەق بوو لەگەڵتدا من بووم.
کەس وەک تۆ بۆ قوڵاییەکانی شادی داوەتی نەکردم ،
من وەک ماسیگرێک تازەکار کەنارەکانم لێڵ کردیت.
کەس وەک تۆ لە شەوە درێژەکاندا ڕۆشنی نەکردمەوە… من وەک ئەستێرەیەکی کز لێت هەڵدەهاتم.
تۆ وەک شەونم دەتکایتە سەر ڕۆحم،
من بەتینی توڕەبوونم دەمکردیت بەهەڵم.

 

٥
ئەی نیوەکەی ترم،
ئەنگۆری تەمەنم داهات،
قەدری نیوەڕۆ گەرمەکانتم نەزانی؛
“داوای لێبوردن دەکەم”
ئایا لێبوردن داهێنراوی ئەوانە نییە لەکاتی خۆیدا شتێکێان فەرامۆش کردووە
دەبوو نەیکەن؟
ئەی نیوەکەی ترم….خۆم!