لەوانەیە مەرگ چاوەڕێی کۆتا شیعرم بێت

سەرکەوت جەبار | (١٩٩٠ - )

سەرکەوت جەبار | (١٩٩٠ - )

July 25, 2025

سەرکەوت جەبار شاعیر و وەرگێڕ و فیلمساز و وێنەگرێکی کوردە، ساڵی ١٩٩٠ لەدایکبووە. بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە. دەرهێنەری کورتەفیلمی هاوار (٢٠١٦) و درێژەفیلمی خەونەکانی شاعیرێکی مردوو (٢٠١٨) و بەڵگەفیلمی پۆرترەیتێکی سوفیان (٢٠٢٤)ـە. کۆمەڵە شیعرێکی هەیەبە ناوی  «تاریکیی پاش تاریکی»، کە لە ناوەندی باڵندە چاپ و بڵاو بۆتەوە، هەروەها ڕۆمانی «منداڵانی گوندی ژاوەژاو»ـی ئەسترێد لیندگرێنی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە و وەشانخانەی بەفر بڵاوی کردووەتەوە.

 

 

 

 

لەوانەیە مەرگ چاوەڕێی کۆتا شیعرم بێت

سەرکەوت جەبار

 

 

لەوانەیە چیتر نەنووسم
لەوانەیە چیتر وێنەزیهنییەکان بە کەڵکم نەیەن
لەوانەیە چیتر نەتوانم ئەو وێنانەی مێشکم دەکرۆژن بخوڵقێنم
چیتر بڕستی تێڕامان و وردبوونەوەم لە هیچ شتێک نەماوە
نە زریانێک، نە دەریایەک، نە گوڵێکی هەڵوەریو، نە هیچ شتێکی دی سەرنجم ڕاناکێشن
وشەکان واتاکانی ڕابوردوویان لەدەست داوە
هیچ هەستێکیان تێدا نەماوە
چیتر هیچ وێنەیەک سەرنجم ڕاناکێشن
چیتر دانیشتن بە دیار خوڵقاندی وێنەیەکەوە مانای نەماوە
لەوانەیە ئەمە سەرەتای مەرگ بێت
لەوانەیە مەرگ بۆ لای خۆی بانگم بکات
لەوانەیە مەرگ لە سووچێکەوە لێم بڕوانێت
لەوانەیە مەرگ چاوەڕێی کۆتا شیعرم بێت
لە ماڵ دێمە دەرەوە و بۆنی گژوگیا هێرشم بۆ دەهێنێت
وەک ئاژەڵێکی دڕەندەی برسی ئابڵووقەم دەدەن
بۆنی گژوگیا بەرگی ئێستام لەبەر دادەدڕن و
بە ڕابوردوو پۆشتەم دەکەن
تەلارێک لە وێنە لە مێشکمدا چێ دەکەن و دڕندانە بەر دەبنە ئێستام
گژوگیا پێم زنجیر و بەرچاوم لێڵ دەکەن
ئاخۆ گژوگیا لەبارەی ڕابوردووەوە چی دەزانن؟
ئاخۆ ئەوان لە داهاتووەوە دێن؟
بۆچی گژوگیا ئێستام زیندانی دەکات و
لە ڕابوردوومدا ئازادم دەکات؟
ئایا من کۆیلەی ئێستامم؟ ئایا لە ڕابوردوودا من ئازاد بووم؟
بەڵام ئاخۆ گژوگیا چی دەربارەی ئازادی دەزانێت؟
ئایا ئەوان دەتوانن خۆیان لە باران و خاک و خۆرەتاو ئازاد بکەن؟
ئایا گژوگیا ئازادە؟
ئایا هیچ بنجەگیایەک ڕەگی خۆی لە قووڵاییی خاک دەردەهێنێت؟
لەبەردەم ئاوێنەکەدا بە خۆم دەڵێم:
«بەخەبەر بێ، ئەوەی دەیبینیت و دەیڵێیت خەونە، گژوگیاکان تەنیا گژوگیان و هیچی دیکە.»
بەڵام خەون چییە جگە لە واقیعییەت؟
بە خۆم دەڵێم: «نەخێر، ئەمە هەرگیز خەون نییە و ناکرێت خەون بێت.»
من بە چاوی کراوەوە دەڕوانم
گژوگیا تەنیا گژوگیا نییە
من لە گژوگیادا فرمێسکەکانی منداڵیم دەبینم
هەڕەشەکانی باوکم و لێدانی مامۆستاکانم دەبینم
من لەناو گژوگیاکاندا دەشتاییە بەرینەکە و گوڵەبەڕۆژە ملخوارەکان دەبینم
من ڕووبار و
سەوزێتیی لاسکی گوڵەگەنمەکان دەبینم
جریوەی چۆلەکەکان دەژنەوم
من لە پەڕەی گژوگیادا جووکەجووکی جووجەڵەکان و
گارەگاری مریشکەکان دەبیستم
لە گژوگیادا جریوەی ئەستێرەکان و وەڕینی سەگەکان دەبیستم
بۆ ئەوەی بڕوا بە خۆم بهێنم کە شێت نەبووم
چیدیکە لە بەردەم ئاوێنەکەدا لەبەر خۆمەوە نادوێم
من بۆقەکان، گوڵەکان، قازەکان، دایک و باوکم لە گژوگیادا دەبینم
لە گژوگیاکەدا هاوڕێکانی سەردەمی منداڵیم دەبینم
من لە گژوگیاکەدا دەستی مامۆستاکەم دەبینم،
ئەوەی دەستی خستە سەر نێوچەوانم،
ئەوەی ئێستا ڕووخساریم بیر نەماوە، ئەوەی نازانم ماوە یان مردوو!
بەڵام بۆچی لە بەردەم ئاوێنەکەدا بە خۆمم گوت: «لەوانەیە شێت بووبم؟»
من چیدیکە لە بەردەم ئاوێنەکەدا لەگەڵ خۆمدا نادوێم
نەوەک لە ڕاستیدا شێت بووم و بە خۆم نەزانیبێت
بۆنی گژوگیا منداڵیم تێدا زیندوو دەکەنەوە
وەک مۆرانە بەر دەبنە گیانم و مێشکم دەکرۆژن
لە بۆنی گژوگیادا بۆنی نانی گەرمی سەرتەنووری کۆڵانەکەمان دەکەم
هەست بە برسیەتیی منداڵیم دەکەم
بە بۆنی گژوگیا جەستەی ڕووتی خۆم کەشف دەکەم
بە سەرسامییەوە لێی دەڕوانم
لە بۆنی گژوگیادا دەگەڕێمەوە سەرزەمینی منداڵیم
لە گوڵەبەڕۆژەکان ڕادەمێنم
لە بۆنی خاک و خوڕەی ئاوی کانی و لەو گۆمەیش کە پێم وا بوو دەریا بوو
دیسانەوە چاو دەبڕمەوە بریسکەی ئەستێرەکان
لە بۆنی گژوگیادا منداڵیم لەدەست دا و
جگە لە گەورەبوون و ئازار هیچی دیکەم نەچنییەوە
بۆنی گژوگیاکان تۆڵەی گەورەبوونم لێ دەکەنەوە
ناچارم دەکەن بگەڕێمەوە بۆ وێنەکانی ڕابوردوو
ناچارم دەکەن لەم زیندانی گەورەبوونە هەڵبێم و لە منداڵیمدا زیندانیم دەکەن
لەناکاو لە ئاوێنەکەدا گەورەبوونی خۆمم بینی
لێی ڕامام و تاساندمی
لە بۆنی گژوگیادا کۆڵانەکەمان دەبینم
گوڵە نازنازی دراوسێکەمان و ئەو لاولاوانەیش
کە نەمزانی هی کام دراوسێمانە
دارهەنارەکە دەبینم، کە لقێکی بەدزییەوە بۆ نێو ماڵەکەمان هاتبوو
بۆنی گژوگیا چیتر بۆنی گژوگیا نین و
مۆزەخانەیەکن لە بیرەوەری
مۆزەخانەی ترسەکانم و فرمێسکەکانم
مۆزەخانەیەکە لە تاریکی و وەڕینی سەگە بەڕەڵاکان کە خۆزگەم دەخواست سەگی من بن
من لە ئاوێنەکەدا گەورە بووم و چیتر گژوگیا گژوگیا نین
گژوگیا مۆزەخانەیەکن لە ترپەکانی دڵم و
شتێکن هاوشێوەی گۆڕی خۆم
بۆنی تیژی گژوگیا لە خەونی گەورەبوون بەخەبەرم دێنن
لە بەردەممدا دەوەستن و وەک زیندانییەک ڕاپێچی منداڵیمم دەکەن
لەوانەیە مەرگ لەناو بۆنی گژوگیادا خۆی حەشار دابێت
لەوانەیە بۆنی تیژی گژوگیا گۆڕێک بێت و
مەرگ بۆ منی چێ کردبێت
لاسکی گژوگیا ڕووخساری مەرگە
لە بۆنی گژوگیادا ڕووخساری ئەو کیژۆڵانە دەبینم
کە بە شەرم و ترسەوە لێیان هەڵدەهاتم
لە بۆنی تیژی گژوگیادا سەرەمێکوتەکان و گوڵە بەیبوونەکان دەبینم
هەست بە بارانی درەنگوەختی بەهار و
بەفری لەناکاوی زستان دەکەم
لە بۆنی تیژی گژوگیادا گوێبیستی شڵپوهۆڕی ئاوی چەمێک دەبم کە وەهمی دەریا بوون لەناویبردی
بڕیارم دا چیدی لە ئاوێنەکەدا لە خۆم نەڕوانم، نەوەک
بەڕاستی شێت بووبم و بە خۆم نەزانیبێت
بۆنی گژوگیا ڕووخساری باوکمە، کە منداڵیمی تێیدا لە خاچ دا و
ناچاری کردم گەورەم بم
گژوگیاکان بە شکۆوە لەگەڵ خۆرەتاودا گەمە دەکەن
گژوگیاکان بە دەم شنەباوە دەشنێنەوە و
هیچ باکیان بەوە نییە چارەنووسیان وشک بوونە
ئەوان لە هیچ شتێک ناسڵەمێنەوە
ئەوان هیچ بیرەوەرییەکیان نییە و کەچی بۆ من پڕ بیرەوەرین
پڕمەی لەناکاوی ئەسپێک گژوگیاکان ناترسێنێت
من گەورە بووم
چی دی منداڵە بزێوەکەی ڕابوردوو نیم و
گژوگیاکان دەمبەنەوە کۆڵانەکەمان و لەوێدا ڕادەستی مەرگم دەکەن.