دنیایەک لەودیوی مرۆڤەکانەوە

لی بای/شاعیری کلاسیکی ژاپۆنی

April 25, 2018

 

لی بای، شاعیری ناوداری چین، لە ساڵی ٧٠١ـەوە تا ٧٦٢ـی زایینی ژیاوە. ئەندامی گرووپی هەشت جامەشەرابی جاویدان بوو، کە پتر لە ٢ هەزار و ٣٠٠ شاعیر تێیدا ئەندام بوون. بە شاعیری ئەبەدیی چین ناسراوە. ئێستا پتر لە هەزار شیعری ئەو لەبەر دەستدان. شاعیرێکی ڕۆمانتیک و خەیاڵچن بوو، لە شیعرەکانیدا مەیلی خۆی بۆ سروشت، خۆشەویستی بۆ زێدەکەی و نیگەرانییەکانی دڵی خۆی نیشان دەدا. لە زۆربەی شیعرەکانیدا، مرۆڤایەتی لە وەهم و تەنیایی و حەسرەتدا، پەیوەند بە ئاسمانەکانەوە وێنە کێشاوە. زۆربەی تەمەنی بە سەفەرکردنەوە بەسەر برد. سەبارەت بە مەرگی ئەو چیرۆکی جۆراوجۆر هەن، یەکێک لەو چیرۆکانەی کە بابەتی پۆستەری ٢٠١٨ـی باڵندەیە، بەم جۆرەیە: لی بای لە کەنار ڕووباری یۆنگ تسێدا لە بەلەمێکدا دەیخواردەوە، کە لە پڕ مانگ لە ئاوەکەدا دەبینێت و دەیەوێت مانگەکە بگرێت؛ پاشان دەکەوێتە ئاوەکەوە و دەخنکێت.– باڵندە

 

 

 

دنیایەک لەودیوی مرۆڤەکانەوە
لی بای
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: سەیوان محەمەد

 

 

 

تامەزرۆیییەکی قووڵ
ئەو دەمەی هێشتا لێرە بوویت، دنیا تژی بوو لە گوڵ
ئێستا لە جێخەوەکەم دەڕوانم: سارد و چۆڵ و تەنیا.
چ بە بایەخەوە ئەو چەرچەفانە قەت کراون
کە لەو ساتەوەی ڕۆیشتوویت نەمکردوونەتەوە
کە هێشتایش بەرامەی جەستەی تۆیان لێ بەرز دەبێتەوە
وا سێ ساڵی ڕەبەق تێدەپەڕێت و
بەرامەی تۆ تا هەتایە دەمێنێتەوە، ئەی ژنی جوان،
بەڵام خۆت ناگەڕێیتەوە!
شەونم بە ڕەنگزەردی دادەکاتە سەر قەوزە سەوزەکان و
خەونەکانم، وەک بای پاییز،
گەڵا وشکە زەردبووەوەکان
بەناو تەپوتۆزدا ڕادەماڵێت!

 

لێم دەپرسی بۆ دارستان و چیاکان دەکەم بە ماڵ،
زەردەخەنەیەک دەکەم،
هیچ وشەیەک ناتوانێت هێمنیی ئەم دڵەم بەیان بکات.
خونچەی دارقۆخەکان بەسەر ئاوی چۆمەکەوە
بە ڕازێکی قووڵەوە دوور دەڕوات.
من لە دنیایەکی تردا دەژیم
دنیایەک لەودیوی مرۆڤەکانەوە

 

شەوێکی پاییزی
هەوای پاییزی خاوێنە،
تیشکی مانگ دەدرەوشێتەوە.
گەڵاکان، کە تا ئەم ساتە کۆ بووبوونەوە،
پەرشوبڵاو دەبنەوە.
قەلەڕەش لەناو لقوپۆپی ئەو دارانەدا پەنا دەگرن،
کە هێشتا دەجووڵێنەوە و
درەوشانەوەی ئارامی مانگ دەشێوێنن.
بیر لە تۆ دەکەمەوە
کەی بتبینم؟
ناتوانم بەرگەی بێتۆیی بگرم
لە ساتەدا،
لەم شەوە پاییزییەدا…