باوەڕ بە جەستە باوەڕ بە شیعر

ولیەم ئۆڵسۆن/شاعیری سویدی

October 2, 2019

ماگنووس ولیەم-ئۆڵسۆن شاعیر، ڕەخنەگری ئەدەبی، وەرگێڕ و چیرۆکنووسی سویدی، لە ٦ـی نۆڤەمبەری ١٩٦٠ لە دایک بووە. “ئاهـ” و “شارێکی بێ حەسار” لە کتێبە شیعرییەکانی ئەون.– ماڵپەڕی باڵندە
باوەڕ بە جەستە باوەڕ بە شیعر
ولیەم-ئۆڵسۆن
وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە
ئەرەستۆ لە بەشی حەوتەمی بۆتیقای شیعردا، پرسیارێک دەربارەی نەزم و پێوانە دەخاتە ڕوو. لەوێدا کە جەستە (بابەت؛ شت و گێڕانەوە) دەگۆڕدرێ بۆ شوێنێک بۆ ئەزموون؛ بیرەوەری و ئامادەگی. پێناسەیەک کە ئەو دەیخاتە ڕوو، بە واتای درکێکی بەرچاو یان کەشفێکی کتوپڕە. فامکردنێکی شاعیرانە، کە دەیەوێت ئێمە بۆ چۆنیەتیی پەیوەندیی نێوان جەستەی خۆمان و جەستەی شتەکان بگەڕێنێتەوە، تا ئەم جوانییە شێوە بگرێت؛ دەربکەوێت.
 
دەکرێت زۆرێک لە شیعرەکانی من، بە پێی دیدگا ئەرەستۆیییەکە بخوێنرێنەوە. پەیوەندیی زمان و جەستە، پەیوەندییەکی هەمبەریەکییە، کە خۆی سەرچاوەی شیعرە. جۆزێف برۆدسکی لە کتێبێکدا دەربارەی شیعر دەڵێت: “شیعر قودرەتی جنسیی زمانە لە باڵاترین هێزی خۆیدا.” من ئەمە بە باشترین پێناسە بۆ شیعر دەزانم. زمان لە ساتێکدا زۆرترین بەهای خۆی دەدۆزێتەوە، کە بە کەمترین بەیان لە بێدەنگیی خۆیدا دەپەیڤێت، واتا ئەو کاتەی کە زیاتر لە هەمیشە ئەبستراکتە و شایەن بە هەستکردنە و پەیوەندیی قووڵ و نهێنیئامیز لەگەڵ ئێمەدا دەگرێت، بەڵام من دەمەوێت ڕستەیەک بەم پێناسەیە زیاد بکەم: شیعر هەمیشە بە شێوەیەکی پێویست زمانەکییە، کە لە ڕێی جەستەوە دەکەوێتە نمایش و دەرکەوتن. لێرەدا شیعر تەنێ تێکست نییە، بەڵکوو فرمانێکە لە نووسیندا بە ئەنجام دەگات تا شێوە بگرێت و ئەمەیش هەمان پەیوەندییە لەگەڵ جەستەدا.
شتێک کە فانی بەڵام بەرجەستەیە؛ بۆ من شیعر هەر بەم جۆرە ناجەستەیییە.
 
یەکێکی تر لە مەزنانی کۆنی من (ئەپیکۆر) ئەم پێناسەیەی بۆ ناساندنی بوونیش بەکار بردووە: جەستە؛ بۆشایی و ناجەستە(غیاب) و ئەم دواهەمین وشەیە خۆی پێناسەی شتێکە، کە تەنیا لە گۆڕەپانی جەستەدا دەشێ دەستمان پێی ڕابگات. هەر ئەوەی کە تەنیا کاتێک لە ئێمەدا ئەندێشە دەکرێت؛ بوونی هەیە. لەم دواندژییە ئەبەدییەدا “جەستە و ڕۆحی ئەو، ناجەستە(غیاب)” وەک ئەگەری سێیەم دەناسێنێت و ئەم سێیەمینە سەر بە سێبەر و دەنگ و خەونە و ئەندامێکی دێوئاسای هەیە.
 
شتێک کە فانی بەڵام بەرجەستەیە؛ بۆ من شیعر هەر بەم جۆرە ناجەستەیییە. جەستەیەک کە تەنیا لە ساتی نمایشدا، لە ساتی خوێندنەوەدا، لە ساتی نووسیندا، لە ئەندێشەکردن و ئیشراقدا بەدەر دەکەوێت. ئەم جەستەیە بە هەمان ئەندازە جەستەیییە کە جەستەی فیزیکیی خودی ئێمە و بە هەمان ئەندازە نەفسانی و پێچەڵپێچە کە ئازار دەکێشێت و چێژ دەخولقێنێت. هەر وەک ئەم ئەندامە زەمینی و ئاسایییانە، کە سەر بە ئێمەیە و خودی ئێمەیە؛ بەڵام فانی و لامەکانە و بە ئامادەییی خۆی لە ساتدا وابەستەیە.
 
شاعیری مەزنی بەرازیلی فرێراگۆلار، لە بیۆگرافی جوانەکەیدا، لە باسێکدا سەبارەت بە زمان و مرۆڤ، دەربارەی شێوەگرتنی ناسنامەیەکی بەهێز دەدوێت و تا شوێنێک دەڕوات کە ئەم کردارە زمانییە بە شێوەیەک بۆ پاکیزەکردن و ناساندنی مرۆڤ دەزانێت. بەم جۆرە، شیعر؛ جەستەیەکی نوێ و بەڵێنپێدراوە، کە ئینسان تێیدا دەخولقێنرێتەوە تا مرۆڤبوونی خۆی تێدا باڵا بکات و بە کەماڵی بگەیەنێت. جەستەیەک کە گۆلار لێرەدا لێی دەدوێت، هەر ئەوەیە کە ئەپیکۆر وەکوو “ناجەستە” باسی کردووە و برۆدسکی بە باڵاترین قودرەتی جنسیی زمانی دەزانێت. ئەوەی ئەو وەکوو پەیوەندیی جەستە و زمان بایەخی پێ دەدات، ناسنامەیەکی شێوەگرتووی ئەندامی مرۆیییە. منیش بەم جۆرە لە شیعر گەیشتووم.

 


نموونە لە شیعرەکانی ولیەم ئۆڵسۆن

باوەڕبوون بە جەستە
ژیان بەم باوەڕەوە، کاتێک هەموان چنگ لە ڕۆح و ناسنامە و داهاتوو گیر دەکەن، لە بەرامبەر مەرگدا بەڵام هەموو مرۆڤەکان لە شارێکی بێ حەساردا دەژین.
من نە هۆمۆسێکسواڵم، نە هیترۆسێکسواڵ، نە بایسێکسواڵ
من باوەڕم بە تەنێک لەودیو جەستەوە هەیە، بە نەفسانییەتێکی تر؛ ناهۆشیار و سەرەتایی، وەکوو حەقیقەتێک ڕێک لەو شوێنەدا کە زمان بە دیداری چاو دەگات و حەقیقەت بە گۆشت و پێست.
ئەپیکۆر دەڵێت: مرۆڤ نابێت تەنێ لەگەڵ نیازەکانیدا بژیێ.
من بەڵام بڕوام بە نیازە
بە نەبڕاوەییی جەستە
چێژ چییە؟
چێژ بە واتای ڕەهابوون نییە
بەدەسەڵاتبوون نییە
تەسلیمبوون نییە
چێژ واتا تێپەڕین و
گوزەرکردن بە چێژدا
واتا جاویدانی لە شارێکی بێ حەساردا.