پاشماوەی ژیان
مەحموود دەرویش
وەرگێڕانی له عهرهبییهوه: زانیار عەلی
[وەرگێڕانی ئەم شیعرە پێشكەش بە شاڵاو حەبیبە]
گەر پێم گوترا:
هەر ئەمشەو لێرەدا دەمریت،
لەو كاتەی ماوتە، چیی دەكەیت؟
⁃سەیری كاتژمێرەكەی دەستم دەكەم/
گڵاسێك شەربەت دەخۆمەوە،
سێوێك دەخۆم،
لە مێروولەیەك ڕادەمێنم
كە ڕزقی خۆی دۆزیبێتەوە!
دیسانەوە سەیری كاتژمێرەكەی دەستم دەكەم/
هێشتا كاتی ڕیشتاشین و
خۆهەڵدانە نێو ئاو ماوە.
من دەڵێم:
“دەبێت نووسین جوانكارییەكی بۆ بكرێت
با كراسەكە شین بێت!”
هەتا نیوەڕۆ،
بە زیندوویی لە كتێبخانەكەم دادەنیشم،
ئاسەواری ڕەنگ بەسەر وشەكانەوە نابینم:
سپییە و سپییە و سپیی!
دوانانی نیوەڕۆم ئامادە دەكەم،
مەی بۆ دوو كەس فڕ دەكەم:
یەكێك بۆ خۆم،
یەكێك بۆ ئەو كەسەی بێكاتدانان دێت
پاشان لە نێوان دوو خەوندا،
سەرخەوێك دەشكێنم،
بەڵام دەنگی پرخەپرخەكەم،
بەخەبەرم دههێنێتەوە!
سەیری كاتژمێرەكەی دەستم دەكەمەوە/
هێشتا كاتی خوێندنەوە ماوە:
شیعرێكی دانتی و
نیو شیعری هەڵواسراو دەخوێنمەوە.
دەبینم چۆن ژیانم بۆ كەسانی دی لەبەر دەڕوا،
نایشپرسم كێ ئەو كەموكوڕییە پڕ دەكاتەوە.
-ئاوا؟
-ئاوا.
-پاشان چی؟
-پرچم شانە دەكەم و
ئەم شیعرە فڕێ دەدەمە نێو تەنەكەی خۆڵەوە.
نوێترین كراسی ئیتاڵیی دەپۆشم،
خۆم بە سووچی كەمانچەیەكی ئیسپانییەوە دەئاڵێنم،
ئینجا ملی ڕێگه بهرهو گۆڕستان دەگرمە بەر!…