ماڵاوا

ئۆزدەمیر ئاساف

ئۆزدەمیر ئاساف | ١٩٢٣ - ١٩٥٥

November 11, 2023

ئۆزدەمیر ئاساف شاعیرێکی تورکە و لە ساڵی ١٩٢٣ لە شاری ئەنقەرەدا لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٥٥دا یەکەم کتێبی شیعری خۆی بە ناونیشانی دونیا کەوتە ناو چاومەوە بڵاودەکاتەوە. خاوەنی ١٣ کتێبی شیعرییە و یەکێکە لەو شاعیرانەی کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر وێژەی تورکییەوە جێهێشتووە. تەوەری زۆرینەی شیعرەکانی بە دەوری ئەوین، جودایی، مردن، هەڵهاتن و نائومێدیدا دەسووڕێنەوە. لە ساڵی ١٩٨١دا بەهۆی گرێی مێشکەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە ئیستانبوڵ کۆچی دوایی دەکات.

 

 

 

ماڵاوا
ئۆزدەمیر ئاساف
کوردییەکەی ڕێباز مەجید

 

 

 

من نەبووم

نیوەشەوێک لە پەنجەرەوە دەتڕوانی
زۆر بە قووڵی، لەو تاریکییەی کۆڵانەکەی دادەپۆشی
کەسێکی هاوشێوەی من بە بەردەم ماڵتاندا دەڕۆیشت.
دڵت خێرا لێی دەدا…
ئەوەی تێپەڕی من نەبووم.

شەوێک لەسەر جێخەوەکەت ڕاکشابوویت..
بەرەو دونیایەکی بێدەنگ، لەپڕ ڕابوویت.
شتێک لە ناو خەونەکەتدا ڕایچڵەکاندی.
ژوورەکەشت لە تاریکیدا ڕۆچووبوو…
ئەوەی تۆی دەدیت من نەبووم.

ئەوسا من زۆر لە تۆ دوور بووم.
فرمێسک لە کوڵمت هاتە خوار،
تنۆکگەلێکی بێ هۆکار.
ئیدی لە من تێدەفکریت
ژیانێکی چنراو بە عیشق بەڕێدەکەیت…
ئەوەی ئەمەی دەزانی من نەبووم.

لە خوێندنەوەی کتێبێکدا نقوم بووبوویت…
لە ناویدا مرۆڤەکان عاشق دەبوون یان دەمردن.
لەناو دونیای ڕۆمانەکە لاوێکیان کوشت.
ئەتۆ ترسایت، لەگەڵ سێبەرتدا گریایت…
ئەوەی کە مرد ئەمن نەبووم.

 

 

ماڵاوا

ئێستا لە ناو کلیلی ڕەش و سپی پیانۆکەمدا
وا خەریکم تۆ دەژەنم
چەند بژەنم، لە ژوورەکەمدا زیاد دەبیت
تۆ زیاد بکەیت، من ون دەبم.

وەکو دایکێک،
من بەرەو شەو دەتخەمەوە
بە دەم تەماشای مانگەوە ناوت دەنێم
هەموو شتێک دەبێتە تۆ،
گشت جێیەک تۆ
منیش دەمرم.

لە خەومدا دێیتە بەر گوێم
شەوقت بە شەوارەم دەخات
شەماڵ وەک تۆ لێم دەئاڵێت
ئینجا من لەدایکدەبم.

کاتێکیش
شتێک ناڵێی من خوازیارم کە بیبیستم
کاتێکیش دەستملێنادەیت
هەورەبرووسکەیەکی وەک تۆ لێدەدا و
تریشقەکەی بەر دڵم دەکەوێت و
منیش دەڕۆم.

 

 

تێناپەڕێت

هیچ ڕۆژ، ڕۆژێک تێناپەڕێت.

 

 

چ

کە نووستبووم
بە دیوارەکەمدا هەڵگەڕایت و
گوڵەکانمت لێکردەوە.

گشت گلەیی تۆش
لەوانەیە
کە نووستبوویت
پێیان خستبووە ناو باخچەکەتەوە.

 

 

پرچی

نازانم چی لە پرچیدا بوو..
شەماڵ بوو شێتانە خۆی پیا کرد،
یان چاوەکانی من وایان دیت…
هەرچییەک بێت
پرچەکانی هەرجۆرێک بوون، من خۆشم ویست.

 

 

بێئۆقرەیی

ژیان نا،
ئەم بێئۆقرەییە
من دەکوژێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار