سۆما مەلا | (١٩٩٢ - )
November 3, 2025
سۆما ڕەسول مەلا، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٢ـی قەزای حاجیئاوایە. دەرچووی بەشی بەڕێوەبردن و ئابووریی زانکی سەڵاحەدینە. لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە دەنووسێت و لە چەند ماڵپەرێک شیعرەکانی بڵاو بۆتەوە. فەرموون یەکەمین شیعری سۆما لە ماڵپەڕی باڵندە بخوێننەوە.
سۆما مەلا
تیشکی هەتاو
لە پەنجەرەی شیڕاتۆنەوە
هاتە ژوورەوە و
داهاتوومان بینی
بەهۆی بەردە ڕەنگاوڕەنگەکانی دێگەڵەوە
درزی تێ کەوتبوو.
دایکم
خەریکی کۆکردنەوەی ئەو فرمێسکانەیە
کە لە تەنیاییی خۆی و باوکمدا بە جێ ماون.
دەیەوێت زەوی تەڕ بکات،
تا چیتر وشک نەبێت.
لە سندووقی ئۆتۆمبێلەکاندا،
بەدوای شەکرۆکەکانی منداڵیمدا دەگەڕێم.
دەچمە نانەواخانەکان و دەپرسم:
تەنەکەیەک گەنم چەند کولێرەی لێ دروست
دەکرێت؟
ئەی پاکەتی جگەرە
جێگەخەوی چەند ئەسپێیە؟
بە چەند تەشت ئاو،
ئەو زەوییە پاک دەبێتەوە؟
لەوبەری شاخی سۆرەکەوە،
درەختەکان
بەرگری لە سنەوبەری برژاو و بەڕووی
هەڵتۆقیو دەکەن.
تۆپەکان دەبن بە گەڵای درەخت.
لە شەڕی شاخەکاندا،
پاپووچی سەندرێلا بەجێ ما!
بیر لەو یارییە ئاگرینانە دەکەمەوە
کە لە سەربانی شیڕاتۆنەوە
هەولێر ڕووناک دەکەنەوە و
ڕقم لە سەری ساڵەکان دەبێتەوە
کاتێک دووبارە
شار ڕووناک دەکەنەوە و
دەخەون.
سبەیش
هەمووان دەبن بە سیاسی و
من دەبێت ببم بە گۆرانیبێژ
شاربەشار بگەڕێم و
ئەو چیڕۆکانە بە گۆرانی بڵێمەوە.
دەستەکانم،
پێنج بەردی ڕەنگاوڕەنگیان تێدایە
من حەزم لە یاریی هەڵماقۆیە.
کەچی ئەوان دەیانەوێت
هەر ڕەنگێک بهاوێژمە قوژبنێکی
زەوی:
سوورەکە بۆ سەری مارکس بهاوێژم و
سەرمایەداری ڕزگار بکەم.
سپییەکە بگرمە باڵی ئەو کۆترەی ئاسمانی ڕۆژهەڵات
کردوویەتی بە قەلەڕەش.
زەردەکە…
سەوزەکە…
پێڕاناگەم.
ڕەنگێک کە دەڵێی ماخۆلانییەتی و
لەمسەر و ئەوسەری ژوور هەڵبەز و دابەزییەتی
دەڵێت:
بیرت بێت، هەزار باڵیش بین
هەر یەک دەنووکمان هەیە!
منیش
ئەو بەردەی پێم ماوە
دەیگرمە ئاسمان و
یارییەکە بە خاڵێک دەبەمەوە.