نازک سادق ملائیکە، لە ٢٣ـی ئۆگەستی ١٩٢٣ لە بەغداد لە دایک بووە، ٢٠ـی جوونی ٢٠٠٧ لە تەمەنی ٨٥ـساڵیدا لە قاهیرە کۆچی دواییی کردووە. ناوی ئەو بە تەنیشت بەدر شاکر سەییاب و عەبدولوەهاب بەیاتیـیەوە وەک یەکێک لە بونیادنەرانی شیعری نوێی عەرەبی دێت. هەندێک کەس شیعرێکی ئەو بە ناوی «کولێرا» بە یەکەمین شیعری ئازادی ئەدەبیاتی عەرەبی دەزانن، هەڵبەت خۆی لە کتێبێکدا ئەم بۆچوونەی ڕەت کردووەتەوە. ملائیکە لە خانەوادەیەکی ئەهلی شیعر و ئەدەب گەورە بوو. دوان لە خاڵەکانی شاعیر بوون. باپیری ناوی ناوە نازک، بە هۆی خۆشەویستییەوە بۆ نازک عەباد کە ژنەشۆڕشگێڕێکی سووری بوو. ئەو لە ساڵی ١٩٧٠ـدا پاش ئەوەی حزبی بەعس بە دەسەڵات گەیشت عێراقی بەرەو کوەیت بەجێ هێشت و پاشانیش لە ١٩٩٠ـدا بەرەو قاهیرە ڕۆیشت و هەر لەوێش لە گۆڕستانی شەشی تشرین نێژراوە. – باڵندە
من
شیعری نازک مەلائیکە
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:
ئازاد بەرزنجی
شەو دەپرسێ من کێم
من نهێنیی نیگەرانیی قووڵ و ڕەشی ئەوم
من بێدەنگیی سەرکەشی ئەوم
دەمامکی خامۆشیم بەسەر ناخی خۆمدا داوە
دڵم بە گومان پێچاوە
وام لێرە و واقم وڕماوە
تا چاو بڕکا دەڕوانم و سەدەکانیش لێم دەپرسن
کە من کێم؟
“با”ش دەپرسێ من کێم
من ڕۆحی سەرگەشتەی ئەوم
ڕۆژگار نکووڵیی لێ کردووم
بێ ئەوەی بگەینە کۆتایی هەر ڕێ دەبڕین
بێ ئەوەی بمێنینەوە تێدەپەڕین
کاتێ دەشگەینە پێچی ڕێ
وا دەزانین بەدبەختیمان کۆتایی دێ
لێ لە پڕێکدا فەزایێ!
ڕۆژگاریش دەپرسێ من کێم
منیش وەک ئەو شکێنەری چاخەکانم
لێ دێمەوە و ژیانیان پێ دەدەمەوە
ڕابردووی دوور
لە فیتنەی ئومێدی خۆشگوزەران دەخولقێنمەوە
دیسانەوە دێمەوە و دەینێژمەوە
تا دوێنێیەکی نوێ بۆ خۆم دابڕێژمەوە
کە سبەینێی سەهۆڵبەندانە
خودیش دەپرسێ من کێم
منیش وەک ئەو سەراسیمە چاوم بڕیوەتە تاریکی
هیچ شتێ ئارامم ناکا
هەر دەپرسم و لێ وەڵام
وا لەودیو پەردەی سەرابەوە
وا هەست دەکەم نزیک بووبێتەوە
کە دەیگەمێ…
دەتوێتەوە.
ون دەبێ و دادەمرکێتەوە.