دارگوێز

نازم حیکمەت/شاعیری تورک

August 29, 2019

لە یەکێک لە ڕۆژانی ئەو دەورانەی نازم حیکمەت تێیدا قاچاخ بووە و لە لایەن پۆلیسەوە داوا کراوە، دەیەوێ لەگەڵ خۆشەویستەکەی (پیرایە) ژوان ببەستن. بۆ ئەم مەبەستەش دۆستێکی متمانەپێکراوی خۆی دەکاتە تەتەر و دەینێرێتە لای پیرایە. وەلێ ئەو دۆستە متمانەپێکراوەی نازم حیکمەت هێندەش جێی بڕوا نەبووە. وا دەبێت، ئەو هاوڕێیەی هەواڵ بە پۆلیسەکان دەگەیەنێت: “نازم لە پارکی گوڵخانە، لەژێر گەورەترین دارگوێز دەبێت.” ڕۆژ و وادەی ژوان دێت، حەسرەتی پیرایە و نازم حیکمەتی ناخسووتاو لە پارکی گوڵخانە بە یەک دەگەن. هەر لەگەڵ هاتنیشیان پۆلیس ئەو ناوە دەتەنن. لەو دەمەدا بۆ ئەوەی پۆلیسەکان نەیبینن دەچێتە سەر ئەو دارگوێزە بەناوبانگە. کاتێک نازم لەسەر دارگوێزەکەیە، پیرایەی خۆشەویستی دێت و لەژێر دارگوێزەکە چاوەڕێی هاتنی (نازم) دەکات. لەو دەمەشدا پۆلیسەکان دووراودوور چاودێری پیرایە دەکەن، چاوەڕێ دەکەن نازم بێتە لای. پۆلیس لە سووچێکە، پیرایە لەژێر درەختەکەدا و نازمیش بەسەر درەختەکەوەیە… هەموویان چاوەڕێی یەکتری دەکەن. شاعیرەکەمان نە دەتوانێ لە درەختەکە بێتە خوارێ نە دەکارێ دەنگ لە خۆشەویستەکەی هەڵبڕێ. بێچارە قەڵەم و کاخەز دەردەهێنێت و ئەو شیعرە بەناوبانگەی خۆی دەنووسێت.- ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

دارگوێز
نازم حیکمەت
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: فەرهاد چۆمانی

 

سەرم تۆپەڵ تۆپەڵ هەور، دەروناخم دەریا،
دارگوێزێکم لە پارکی گوڵخانە،
پڕگرێوگاڵ، پیرەدارگوێزێکی توێکڵهەڵداو
نە تۆ بەمە دەزانیت، نە پۆلیس درکی پێ دەکات.

دارگوێزێکم لە پارکی گوڵخانە،
گەڵاکانم وەک ماسیی نێو ئاو پڕخرۆش.
گەڵاکانم وەک دەسماڵێک دەلەرێنەوە،
لێی بکەوە، چاوەکانتی، گوڵەکەم پێ بسڕە.
گەڵاکانم دەستی منن، ڕێک سەد هەزار دەستم هەن.
بە سەد هەزار دەست لە تۆ و ئیستانبووڵ دەدەم.
گەڵاکانم چاوەکانمن، مەدهۆشانە ڕادەمێنم.
بە سەد هەزار چاو لێت دەڕوانم، لە ئیستانبووڵ.
مینا سەد هەزار دڵ بن، خورپەیان دێ گەڵاکانم.

دارگوێزێکم لە پارکی گوڵخانە،
نە تۆ بەمە دەزانیت، نە پۆلیس درکی پێ دەکات.