ژیار ئەسوەد | (٢٠٠١ - )
August 11, 2025
ژیار ئەسوەد، ساڵی ٢٠٠١ لە کەرکووک لەدایکبووە. لە تەمەنی پانزدە ساڵییەوە شیعر و چیرۆک دەنووسێ. دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکان- بەشی سینەمایە لە زانکۆی سەڵاحەدین. یەکەمین کتێبی شیعریی بە ناوی (دوو پێی ون) ساڵی ٢٠٢٠ بڵاو بووەوە و لە چاپکراوەکانی باڵندەیە.
ژیار ئەسوەد
لە گۆڕەپاندا مناڵێ وەستاوە
پەنجەرەی تەڵخ و درزبردووی ئایندەی
سەگوەڕی لێوە دێتە ژوورێ
لە پێشوازیی تەرمەکانی نوگرە سەلمان.
ئەو هێشتا نەیخوێندووە
نەتەوە مانای چییە
ڕەنگەکانی ئاڵاکەی ئاوەژوو دەژمێرێ
نازانێ کوێ لەم دنیا و
لە کام دنیای دیکەیش بە زمانەکەی دەدوێن.
سەرهەڵگرتنی زەردەپەڕ و
ئەو حەمکە شوورایە
نیگای جوانوویەکی پێکراویان داوەتێ
چاوەڕوانی فیشەکی بەزەیی بێ.
حەجاج دێتە بەردەمی
کەڵەگەت، سەرتاوێر
دەستە بەتەورەکەی لە پشتی داناوە و
بە دەستەکەی تری، شەویلاگی دەگرێ؛
زمانی گیر لە نێوان دوو کەروێشکەددانی شاش.
«گوول: عجاج»
«حەذذاذ»
«عجااااااااج»
«حەذذاذ»
پڕ بە فەزا زریکە
مناڵەکە لە گۆڕەپان کەوتووە
قڵیشی ژێرقاچی شوێنەواری خاکێکی قاقڕە
لە بەریدا لەتێ زمان
لەنێو مشتێ ددان
چەشنی سوورەماسییەک لەتر دەدا.
١٢/٥/٢٠٢٣