شیعر و دژەشیعر

January 24, 2019

 

شیعر و دژەشیعر
نیلس هاو
وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

 

 

هێشتا ئێمە پیرین بۆ بەدبەختی، درەنگیشە بمرین بە گەنجی، کات بەسەر چووە بۆ خۆکوشتن. پێکەوە یان بە تەنیا دانیشتووین و ناوەڕۆکی ڕۆژنامەکە دەخوێنینەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی تەنیا نەبین لە ئەندێشەکانماندا.

 

شەوانە بێ خەو تا بەیانی گوێ لە تاریکیی گەردوون و دەنگی باوێشکی هەڵمژراوی جیهان دەگرین.

 

بیرکردنەوە وەک لوولەکە بێکۆتایییەکان وان: مرۆڤ چی لە ژیانی خۆی بکات؟ من تەنیام، من تەنیام، من لە ناخەوە تەنیام. بەو جۆرەیە مرۆڤبوون. ئێمە یەک لە دوای یەک و هەریەکە و بە جیا لە دایک بووین، بەڵام بە هاوسۆزی و بە وشە دەتوانین فریای یەکتری بکەوین.

 

شتەکان گۆڕاون

ئارەزوومانە شوێنپێی خۆمان لە وشەکان بمێنێ

بەڵام زمان دۆزینەوەیەکی تایبەت نییە؛

خۆشەویستی بکەیت، جێت بهێڵن

ئەو کاتژمێرە بدۆزیتەوە کە چرکەکان لە جەستەدا دەژمێرێت

ئازاری ڕووناکی، تووڕەبوون،

برینێکی ساڕێژنەکراو، زمان بەم هەموو شتانە دەزانێ.

چییە… ئەی هەبوونم؟

دەکرێ ئەزموونی تایبەتی خۆم بخەمە ڕستەوە،

بەڵام بە شێوازێکی پاتەوەنەبوو؟

یان شتێکی بخەمە سەر؟

شتێک ڕووی دا، شتێکی گەورە

بەڵام من ناتوانم گوزارشتی لێ بکەم

گریمانەیەکی نەسەلمێنراو لە خۆی دەدوێ

پێویستە ددان بە شوورەیییەکانمدا بنێم و گوێ بۆ وشەکان بگرم

کە لە حەقیقەت دێنە ئاراوە بۆ سەر هەموو شتێک.

 

لە مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵدا(٢٠١٤)، ڕووداوێکی ناوازە ڕووی دا، شاعیرێک کە لە ژیاندا ماوە و دەتوانێ یادی 100ـساڵەی لەدایکبوونی خۆی بکاتەوە، ئەویش شاعیری چیللی نیکانۆر پاررا Nicanor Parraـیە، کە لە ساڵی 1914ـدا لە دایک بووە و هەتا ئەم ساتەش لە ژیاندا ماوە. ئەو یادە لە چیللی لەسەر ئاستی نیشتیمانی گرنگییەکی زۆری پێ درا لە ڕێی ئەنجامدانی چەندین چالاکیی وەک شیعرخوێندنەوە و کۆنسێرت و کردنەوەی پێشانگا. لەسەر ئاستی خودی “نیکانۆر” بە شێوازێکی سادە و هێمنانە لەگەڵ خیزانەکەی ئەو یادەی کردەوە، لە لاس کرووز– شارێکی بچووکی نزیک دەریایە کە دیمەنی دەریای هێمن لەبەر دەمیەتی و چەند کیلۆمەترێک لە پایتەختی چیللی سانتیاگۆوە دوورە.

 

نیکانۆر پاررا لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا لە دایک بوو، لە جەنگی جیهانی دووەمدا 30 ساڵی تەواو کرد، کاتێک پینۆچێ دست دەگرێت بە دەسەڵاتی چیللیدا؛ ئەو دەبێتە 59 ساڵ، لە تەمەنی 87ـساڵیدا بووەتە بینەری گەمارۆدانی تیرۆریستی بۆ سەر سەنتەری بازرگاینی جیهان لە ئەمەریکا، ئێستا بە یەکێک لە شاعیرە گەورە و کاریگەرەکان دادەنرێت لەو ناوچانەدا کە بە ئیسپانی دەدوێن.

 

لە ساڵی 2011ـدا خەڵاتی سێرڤانتسی پێ بەخشرا، کە خەڵاتێکی بەناوبانگی جیهانییە لە بواری ئەدەبدا و وەزارەتی ڕۆشنبیریی ئیسپانیا لە مەدرید دابەشی دەکات.

 

لەبەر ئەو هەموو هۆکارانە هۆی مانەوە بیرۆکەیەکی دروستە! پاررا خوێندنی لە بواری بیرکاریدا لە زانکۆکانی ئەمەریکا و بەریتانیا تەواو کردووە. بۆ چەندین ساڵیش وانەی فیزیای لە زانکۆی سانتیاگۆ گوتووەتەوە. مانا بیرکارییەکان لە شیعرەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی جووڵانەوەی ئەدەبیی Antipoesi کە بە واتای دژەشیعر دێت و شۆڕشێکی ئەدەبیی گەورەی بەرپا کرد بە بڵاوکردنەوەی کۆشیعری شیعر و دژەشیعر Poemas y antipoemas کە لە ساڵی 1954ـدا لە چاپ درا.

 

شێوازی نووسینی نیکانۆر پاررا واڵایە، ڕاستەوخۆ و پڕهاڕمۆنییە و خاڵی نییە لە تەنز. ئەم شێوازە کاردانەوەیەک بوو دژی شیعری لیریک و سۆزجووڵێنەرانەی شاعیرە هاوچەرخەکانی ئەمەریکای لاتین.

 

وەک لە ساڵی 1937ـدا لە گفتوگۆیەکدا دەڵێت: زمان ئاسانە: “شتەکان بە ناوی خۆیانەوە ناو بنێن”، لە هەمان ساڵ پابلۆ نێرۆدا دەناسێت، کە 10 ساڵ گەورەترە لە خۆی، بەڵام پاررا ئەوکات نووسەرێکی کامڵ و ئامادە بوو.

 

دەتوانین بڵێن نێرۆدا پێچەوانی پاررا بوو؛ کاتێک بە ڕۆحێکی مەزنەوە بۆ خۆشەویستی، سروشت، گەردوون و جوانییەکان دەنووسێت؛ پاررا زیاتر تاڵ و بە گاڵتەجارییەوە دەنووسێت. تەنز بەشێکی گرنگی لە شیعرەکانی پاررایە. لە شوێنێکدا وا دەنووسێت:

 

“من هەر لە لەدایکبوونمەوە تاوانبارم/ لە کاتی دزینی چەند گوڵێک لە ڕووناکی مانگ/ بە بەڵگەوە گیراوم/ داوای لێبووردن لە ڕاستوچەپ دەکەم/ بەڵا خۆم بە تاوانبار نازانم”

 

پیرۆزکردنی یادی لەدایکبوونی نیکانۆر پاررا لەم چەند ڕۆژانەی دواییدا کارێکی جوان و پڕشایستەیە، شاعیر تەنیا دزێکە لە بیابان، بەڵام ئەوە ڕاست نییە کە هونەرمەندەکان لە هەستیاریدا زیادەڕەون، کاتێک لە نیوەی شەودا و لە تاو ئەندێشە سەیرەکانی نێو مێشکیاندا خەبەریان دەبێتەوە، ئەمە شتێکی تایبەت نییە، زۆربەیان چاویان بە ئەژدیها دەکەوێت. هەموومان تووشی کێشە تایبەتییەکان و نشووستی و دڵەڕاوکێکان دەبین. بە شێوەیەک لە شێوەکان شەیتانەکان دەمامکی جۆراوجۆر دەبەستن، بە ئەندازەیەک گڕ بە دەروونی خەڵکانی تردا دەکەن. مرۆڤ ترسی ئەوەی هەیە جارێکی تر وەک چۆن بۆ یەکەم جار لە کاتی لەدایکبوونیدا بە ڕووتی بخزێتە دەرەوە.

 

ئەرکی ئێمەی کە شیعر دەنووسینەوە ئەوەیە: ئەزموونی بەکۆمەڵی مرۆڤایەتی ڕاڤە بکەینەوە، ئەو ترس و بەدحاڵیبوونە شی بکەینەوە کە لە چواردەورمانە و لەگەڵ پۆشاکەکانماندا هەڵواسراوە

 

هەندێک چارەسەری ئازارەکانیان بە دەرمان دەکەن، یان لە مردن ڕزگاریان دەبێت، یان خۆیان ون دەکەن، یان لە تاو خەمۆکی ڕادەکەن. وا هەست دەکەن تەنیا و بەجێ ماون لەگەڵ دێوودرنجدا، شەیتانەکانیش بە نەڕەی شێرئاساوە بە دەوریانەوەن.

 

هەندێکی تر ڕەزامەندن لە بەدستهێنانی ماددە هێزبەخشەکان، کە لە بازاڕای ئازاددا دەست دەکەوەن؛ تووتن، قاوە، ئەلکهوول، خورافەی خواردن و حەرامکردنی.

 

بۆ هەندێک لەکیسچوونی خۆیان بە جۆرێکی بەرچاو لە بابەتەکانی ئەوینداریدا بەختەوەری بوو.

 

ئێمە چەند ئیمپراتۆرییەتێکی بچووکمان دامەزراند، بەو هیوایەی یارمەتیی ڕۆحیی کەسێکی بێخاوەن-و-ماڵ بدەین، لەو ڕۆژەوە جەستەمان جێ دەهێڵین و دەچینە نەمرییەوە.

 

هەموو دەیانەوێ جێی خۆیان بە سووپاسێک جێ بهێڵن، لەبەر ئەوەی بۆمان هەیە پێ بنێینە ئەم زەوییەوە و بە جوانییەکەی دڵخۆش بین؛ ئێمە خۆشەویستی و ڕقگرتنمان بە ڕێژەیەک لە هەر ناونیشانێکی جەستەمانەوە دەست کەوتووە. سوپاسگوزاری هەستێکی باوە، هەرچەندە لای هەموو کەس بۆ هەمان مەبەست نییە.

 

ئێمە زۆربەمان بۆچوونێکی سیاسیمان هەیە، بەڵام لەناو خۆماندا ئەوە دەزانین ئەو بیروڕایانە ئەنجامیان ڕوو لە قڕبوونە. ئێمە لە کاتی لەدایکبوونماندا یانەسیبێکمان بەرکەوت ئەویش: منداڵی، دایکوباوک، فەرهەنگ، ئەوانە و بگرە بەهرەکانیشمان. هیچ کام لەم شتانە ئازایەتی و قارەمانێتیی ئێمەی تێدا نییە. ئێمە لە ئایینێکی دیاریکراو، یان لە شێوەیەکی دیاریکراو لە شێوەکانی کۆمەڵە بێدینەکان لە دایک بووین، کە لەژێر چەند ناوێکی تردا شوێنی ئایین دەگرێتەوە. تایبەتمەندییەکی ئەوتۆ نییە، هیچ شتێک لەوەدا شایستەی فەرمان و بەخشینی خەڵات نییە. ئەوانەی شایەنی وەرگرتنی بەخششن دەبێت زۆر خاکییانە وەری بگرن، ئەوانی تر دەبێ ژمارەیەکی دەرنەچوو لە یانەسیبەکە ڕابکێشن.

 

ئەرکی ئێمەی کە شیعر دەنووسینەوە ئەوەیە: ئەزموونی بەکۆمەڵی مرۆڤایەتی ڕاڤە بکەینەوە، ئەو ترس و بەدحاڵیبوونە شی بکەینەوە کە لە چواردەورمانە و لەگەڵ پۆشاکەکانماندا هەڵواسراوە و دەچێتە جەستەی هەموومانەوە. ئێمەی شاعیر دەبێت ئاگادار بین چی ڕوو دەدات. ئەژدیهاکە- ناوێکی لێ بنێین و هەتا دەتوانین شتەکان وەک خۆیان باس بکەین.

 

نیلس هاو/شاعیر و نووسەری دانیمارکی

 

سەرنج: نیلس هاو، ئەم گوتارەی لە یادی سەدساڵەی پاررادا، تایبەت بۆ پاشکۆی ئەدەبیی ڕەخنەی چاودێر نووسیوە، کە پاشان لە کتێبی (شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە)ـدا بڵاو بووەتەوە. لێرەدا لە ساڵیادی مەرگی نیکانۆردا جارێکی دی بڵاومان کردەوە.