کاتژمێری سفر

پێشەنگ شێرزاد

پێشەنگ شێرزاد/ شاعیری کورد

March 4, 2021

پێشەنگ شیرزاد لە شاعیرە تازە دەرکەوتووەکانی کوردە. لە ساڵی ١٩٩٨ لە هەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە. پێشتر لە هەندێک گۆڤار و فێستیڤاڵەکاندا شیعری بڵاو بۆتەوە .

 

 

کاتژمێری سفر
پێشەنگ شێرزاد

 

 

 

من ھەر قسەم نەکرد و سەفەر ھەموو ھاوڕێکانی لێ دزیم”
ئاخر جار خۆشم ئەدزێ.
سەفەر ڕووت و قوتی کردمەوە لە ژیان
“سەفەر ڕووت و قوتی کردمەوە لە ھاوڕێ.

ڕامیار مەحمود

 

 

لە کەلێنەکانی حەشری خێڵە بەربەرییەکانەوە، پەپوولە درۆزنەکان داس و عاتیفە و چەکووش و کلیلەکانیان”
” لێ دزین و بە ئاماژە سواوەکان نەمریی گریانیان ڕاڤە کرد.

ئازاد سوبحی                       

 

 

 

 

 

گەر لەم زەمەنەدا زیندوو مایتەوە؛
بڵێسە بە ئاگر مەدە، بیرم دێت بە ڕوانینەوە خۆشحاڵ بووم، ئێستا لەگەڵ بڵێسەکاندا کوێرم.
ئومێد لە مردنەوە دەرمەھێنە کە ھەموو ڕۆژ بە مەرگ توشین.
بۆ سەفەر دەکەیت کە جیھان پڕە لە دڵڕەقی؟
سەھۆڵبەندان دروست مەکە، با وشەمان لە دێڕ ھەڵنەگەڕێتەوە.
باخ مەبە؛ ئێمە بێحورمەتی دەست بەروبوومی باخێکین.

من لەو نیگارکێشانە بووم؛ بەدەست ڕەنگی خۆمەوە زەرد ھەڵگەڕام.
من لەو شتە مەزنانە بووم کە ئێستا بیرچوونەوەن.
من پۆلە باڵندەیەکی جوانم ھەیە، تەلیسمم بە دەنووک ھەڵبگرن و فڕێم بدەنە نێو سەحەر.
من لەنێو مردنەکانی ئەواندا، ڕۆژگارێکی غەریبم ھەڵگرتووە، ئەمە ئەو ڕۆژانەن کە لە کاتژمێری سفرەوە پەیدابوون.
ئەمە پەشموردەیی ساڵانێکە بە پیرۆزییەکانەوە ھەڵمگرتووە.
من سندوقێکی زۆر گەورەم، ئەمڕۆ ھەمووتان دەڕژم.
من ئەو شتەم ھەیە؛
لە ترۆپەکەکانەوە بکەوێتە خوارەوە تاکو تامی ژیان بکات.
من شتێکم ھەیە؛
دوو گوتاری تیژ ببەخشێتە عەبەسییەتی ئەم ڕۆژە خراپە.

«ئێدوارد مانێت Edvard Manet» سەیری ئێوارە دەکات و لەنێو خەڵتانی خوێنی خۆیدا؛ جگەرەیەک دەکێشێت.

دەچمە دەرەوە بەشوێن زمانی خۆمدا دەگەڕێم،
لەشوێن ئەو بەردانە دەگەڕێم کە لە ھەر ھاوارێکی بێدەنگەوە شەق بوون.
لە تێرمیناڵەکان بۆ ئەو شۆفێرانە دەگەڕێم کە نازانن بۆ کوێ بڕۆن.
دەخەوم و ونەوزی بەرەبەیانە خەواڵووەکان دێنەوە یادم و دەڵێن؛
«تۆ ئاگایی بوویت بۆمان، لە گیرفانەکانی بەیانییدا وەھم و بێتاقەتیت لێ دزین»
ئەو ئاوێنانە چاک بوونەتەوە کە لە توڕەیمدا شکاون.
ئێستا پەشیمانییەکانم دەبەم بۆ سەر کانی و دەڵێم؛
«ئەی ئاو لەنێو ئەم ئەستێرکی شەرمەدا تۆ لیخن بە؛ با لەمن بچیت»

لەنێو بارقورسیدا لەدایکبووم
کوردبوون بارقورسییە وەک چۆن ئینسانییەت بەزۆر لەسەرمان کەوت.
بەتامی یادەوەری لە وێنەکاندا پێدەکەنین.
ناچاری بوو گوێم لە زریکەی ئەوان بێت،
ناچاری بوو ھاودەمی پیرەژنە دڵ تەڕەکان بم.
ناچاری بوو لەم بازاڕی یەزدان و خەلافەتەدا؛ عەشق بم.

بەڵام لەنێو سندوقەکانی ئێوەدا نەڕژام،
لە وتنەکانی ئێوە نەترسام/ من وترابووم.
لە بوون بە چەتر لە ئەبەدییەتی باراندا؛ ناترسم.
لەو خوێنە ڕژاوەی شەوێکی بەسەردا دەچێت،
لەو ماسییانەی بە بێشەرمی لەسەر ڕۆخەکان ڕاکشاون،
من ناترسم، من مێژووی لەدایکبوونی خۆمم بیرچۆتەوە.

ناوی چارەنووس لەسەر ئەو  یاساغانە دەنووسم کە بە مردن کۆتاییان نایەت.
بۆ چارەنووس وردەکارییەکی دیکە لەجیھانەکەی خۆمدا جێدەکەمەوە؛
بەم لەشەوە ھاتمە نێو حەقیقەت،
بەم تاڵە ڕەشانەی سەرمەوە شەڕم لەگەڵ تۆفانەکاندا کرد،
بە تیژیی گەشتی زەمەنی درێژم کرد، فووم لە چرای خەون کرد،
ئێستاش بەرەبەیانە؛
من دووراودووریش بەتامی شیعر نامەوێت بژیم، حەق لە حەقیقەت ناکەمەوە.

لەسەردەمی ئێمەدا ھەڵکۆڵینی گوتار لەسەر بەرد کۆتایی ھات،
ھاوڕێکان لەسەر کەنارەکان بۆچی کاتژمێری خیانەتی خۆیان بە نائاگایی یەکترەوە دەنووسییەوە؟
قەڵەمەکانیان گرت بە دەستەوە و بۆچی گەردەلوولیان لەنێو لەپی ئەم دۆزەخەدا نوسی؟
قەسیدەکانیان دووری خستینەوە لە مەنفا، بەڵام ھەر من وا نەبووم؛ لەسەردەمی ئێمەدا تاریکیی لە تەئریخ زووتر دەگەیشتە سەر خوانەکان.

تۆ خەجاڵەتییەکی دیکە دەھێنیتەوە، منیش دەسم لە ئاسمان دەکەمەوە ئاسەوارم پێ ناژمێردرێت ئیتر/ تۆ  لەو جۆگەلانەوە ڕۆدەچیتەوە عەدەم کە وەک کەلاک لەدەریاوە فڕێ دراون و منیش فاشیستییەکی تر ڕادەگەیەنم/ تۆ سەفەر لە خۆت تاڵان دەکەیت، من بە تەمەن پێدەکەنم، ئاخر پێکەنین داخی ھەموو شتێکە.

تۆ ئەوە نیت کە دێیتە خەیاڵ، منیش سرکم ئاوا ئاسان سەودا ناکرێم/ من دارەختەکان قڕ دەکەم، ھێلانەکان دەشێوێنم، نەخشەی ئەم جیھانە لە لەشمدا دەکێشم، ئەو مۆسیقایانە ڕادەژەنم کە بێدەنگن، من پێ بە پێ بەناو ئەو گوێیانەدا سەفەر دەکەم کە فڕێدراون، لەسەر ئەو زمانانە شادیم بەبا دەدەم کە بڕدراون/ تۆش خودا سەبووریت نادات؛ لە پەنجەتەوە دەخنکێیت.

«ڕافایل سۆیەر Raphael Soyer» ئەمشەو لە ئەبەدییەت ھەڵدەستێتەوە و لە ژنەکەی جیادەبێتەوە.
«وڵییام ھامێرشۆی William Hammershoi» ئەم عەدەمییەتە بەسەر باڵی چاوەڕوانییەوە دەکێشێت.
«ڤان بیتھۆڤن Van Beethoven» سوێند بە سپێتی سەری پیری دەخوات، لەگەڵ «ئادەم»دا ھەست بە ھەمان پەشیمانیی دەکەن.

من پێچی ژیانم لەسەری خۆم نەداوە،
ژیانیش بم ھاوڕێی پیرێتی ئەو بەیانییە ناشادانە نیم.
من ئەفلاتوونێکی بێدەنگم.
لەگەڵ بەرەبەیانی خەواڵوی خۆمدا شەڕمە.
بە ھەڵکوڕماوی دەڕوانمە ئەم سەفەرە،
من سەفیرێکی براوە نەبووم،
ئەم دڵە ئەو دڵە نەبوو کە خۆم دەمویست.

دەرگای ئەم ھاتنە پێوەدەن،
دەرگای ڕۆیشتنەکان بکەنەوە.
ھەموومان پێکەوە بەدەرگای ڕۆیشتندا، ھاتین.
بە تاریکیدا چووینەوە.
من ئێستا دڵم لێ ون بووە و ئێوەش دەڵێن؛
ئەم سەفەرە ئاکتێکی چەند ڕوونە.

«ئێدوارد مونچ Evard Munch» منداڵێکی ئیفلیج ڕادەژەنێت؛
میراتێک لە جودایی و پەنھاییەکی بەد دەکێشێت.
بە تاسەوە گەشت بەو ڕۆحانە دەکات کە پاشکۆی ئەم کۆچە بوون،
دڵێکی لە مەحاڵ و دڵێکی لە تاریکی بەجێما.

تۆ خەرمانەکانت سووتان و من بە قەڵافەتێکی پیرەوە لەگەڵ مێژوو شەڕم کرد، شەڕم بەو گیرفانانە فرۆشت کە بۆنی ڕەیحانەیان گرتبوو، شەڕ بەو دەستانەی تا ئێستا پێکێکییان نەگرتووە./تۆ ئاخ بۆ بەھار ھەڵدەکێشیت و منیش بیر لە شیعر دەکەمەوە.

تۆ کە بە خوی منداڵیییەوە بەردەکانت توڕدەدەیتە نێو زەلکاوەکان، تۆ کە بە چاوی ڕەش و سپییەوە بەنێو خەیاڵی حەتمیی مندا سەفەرت کرد، من ھەڵگەڕانم بە دەریادا لەخۆمدا کوشت/ تۆ ملوانکەکەت دەکەیتە مل و بە تەمەندا ڕادەبوویت و منیش لەوسەرڕا بە پێخاوس بەسەر زیخەڵانەکاندا دێمەوە.

تۆ نەخۆشیەکەت دەنەخشێنیت و من لە ئەفسوسەوە شیعرم/ تۆ کچی یەکێک لە دەرگاوانەکانی دۆزەخیت و من دارستان لە دەمارەکانم دروست دەکەم/ تۆ بەبەرچاوی مێژووەوە شەرمیت، من لەم بازاڕی یەزدان و خەلافەتەدا؛ عەشقم.

ئەمشەو «جۆزێف لۆرسۆ Joseph Lorusso» بێدار بوو،
سەفەری بەنێو زەمەن و تێکشکاویدا کرد،
تابلۆی دڵنیایی ئێمەی کێشا ھی ئەو کاتژمێرە؛
ئێمە لەو شوێن پەنجانەدا باج بووین،
لە ئومێدەکانییەوە؛ ئێمە نەمریین.
من دڵێکم ھەیە؛
زەرفەکانی نەکراونەتەوە، سەفەر ناناسێت و کۆچ دەکات.
من دڵێکم ھەیە؛
بە گەنج و پیرتان، تەنگە.

خودا بە زەردەخەنەیەکی تاڵەوە؛ نزیک لە توڕەیی، دەنواڕێت. خودایەک ھی ئەم ئاسمانە.
لەگەڵ تێنەگەیشتندا پێکەوە،
من و سەفەر لە یەک دەرگاوە ڕۆیشتین
سەفەر  لە خاک دەرکرابوو منیش لە خۆم
من سەفەرم تاڵان کرد؛ ڕازی بووم لە تاریکییەکی پوختدا بژیم.
سەفیرەکان ناکۆکییان خستە نێوان من و وەھمەوە،
لەوساوە شەڕ بە شتێکی دزراو دەفرۆشم،
لەخەو ھەڵدەستم؛ بەرەبەیان لەبەر پەنجەرکەم ونەوز دەدات و خەوی دێت.
نە من ھاوڕێی خۆمم و نە خاک،
ھەموومان قوربانی دەست جەنگێکی ساردین ئیتر.

ڕۆژێک ئەم لەشە مردووەی خۆم دەھێنمەوە بە دیاری دەیدەم بەو خەمساردانەی کە شوناسی مێژووی من بوون.
ڕۆژێک ئەم لەشە مردووەی خۆم بەدیاری دەدەم بەو خەونە مەحاڵانەی ھەرگیز نەمدین.
ڕۆژێک ئەم لەشە مردووەی خۆم دەکڕمەوە دەیکەم بە ھاوڕێی ئەبەدیی ئەو سەفەرانەی کە لە کاتژمێری سفردان.

ئەم سەفەرە لەم ماڵەوە بۆ ئەودیو دەرگاکان کردمان؛
دایک و باوکی لێ سەندین، ئێمە دەرگامان تاڵان کرد.
ھاوڕێکانمانی لێ بردین، ئێمە دەرگامان تاڵان کرد.
خاکی لێ بردین،
ئاوی لێ بردین،
شەرمی شکاندنین،
ئەم سەفەرە دڵی لێ سەندین.
ئەم سەفەرە سەھۆڵبەندان بوو؛ وشەی پێ ھەڵگەڕاندینەوە.
سەفەرمان کرد و دڵی خۆمانمان تاڵان کرد،
ئاخر ئەویش؛
لەبیری ئەوانی بردینەوە.

سەفەرم بەسەر ھەموو زمانەکاندا کردووە،
نەمەک بەحەرامی لای چارەنووس بووم.
زمانی بێتاقەتی زمانی دایکم نییە،

من زمانی دایکم فڕێ نادەم،
لەم جیھانە دڵڕەقەدا تەنھا دایکمم ھەیە وادەیەکی تاڵ نەبێت،
دایکە، ھەموو شتێک درۆیە،
تاکە ڕاستی ئەوەیە من تەنھام.

پیرێتی لەناوەڕاستی ئاسماندا نەفرەتم لێ دەکات؛ نەفرەتی لێدەکەمەوە،
زەمەن لەسەر خوانەکانی دۆزەخەوە؛ ھەڵیگرتم بەرەو سەربوردەی مەوداکان،
توشی پاڕانەوەی بەر بتەکان بووم
مەودا تاکە شت بوو نەدەکشێرا.
مینش لەوانەبووم دڵی خۆمم بیرچووبوویەوە،
لەو ئاوە لیخنەم خواردەوە کە بە کەلەسەری ھاودەمە نزیکەکەمدا بۆم ھاتبوو.
من لەو تەنھاییەوە سەفەرم کرد کە وەک بورکانێکی توڕە و گاڵتەجاڕ نیشانی دام.
من دەمەوێ لەم جەستەیە بچمە دەرەوە بەڵام نەمرم.

تەنھایی بەسەر ترسمدا نیشتەوە،
چونکە عارەقچنەکانمان بە تەناف و بوولێڵی شەودا دا، تاسەش بەسەر دڵی مانگەوە نیشتەوە،
لەناو گالیسکەیەدا من و تەنھایی پێکەوە دەسووتاین و مەرگێک لەودیو زمانەوە بەسەر دڵی سەفەرەوە نیشتەوە،
ھەر منم بە تەنھا سەفەرم کردووە و کۆڵەپشتەکەم بەسەرمەوە جێماوە،
ھەر خوداکانن ئاسمانەکان قاژدەکەن و بارقورسی بەسەر جیھانی منەوە دەنیشێتەوە.

ئەوەی تەنھایە من نیم
وەک چۆن ئەوانی تر- نەیانبینیوە
وەک چۆن ئەوانی تر- نەیانتوانیوە
مەبەستەکانم لە تینی ئومێدێکی لیخنەوە ھاتن
ھەر لەو سەرچاوەیەی من وەرم نەگرتبوو.

وەختی سەفەر نەبوو،
بەڵام خۆمم وەک مارمێلکەیەک دەبینی لە قەفەسێکدا،
کە نەیتوانی تینوێتی ساتێک زیندانیکردنی من بشکێنێت،
ھیچ قەفەسێک ناتوانێت باوەڕی توندی ئازادی بکوژێت.
من کۆچم کرد و ئەوانیش بوون بە ئەفسانەی چیرۆکە خراپەکان،
بوون بە نەمریی ئەو چیرۆکانەی ھەرگیز نایەنە سەر زارم.

ئەگەر لەو شەوانە بپرسیت کە تیایدا ڕووتبوومەتەوە؛ ئاوارەییم بەسەر دەریاوە دەبینیت.
ئەگەر ئەو لانکانە بدوێنیت کە کارەسات و ناڕەزاییم تێدا ڕاژەندووە؛ خنکانم لە شەودا دەبینیت.
ئەگەر پرس بەو گاشەبەردانە بکەیت کە خۆمم بەسەریانەوە فڕێداوە: نیشتنەوەم بەسەر مێژووەوە دەبینیت.
من ھەر خۆم سەفەرم کرد و ئاسمانی خۆمم داڕنیی،
ھەر دڵدارەکانن سفرەکەم ھەلا ھەلا دەکەن و کاتژمێرەکەم سفر دەکەنەوە.
داھاتوو لەبیر دەکەم وەک چۆن خۆمم لەبیرچووە.
بەو ئاشتییە گیانی خۆم دەکێشم کە بەسەر پەنجەرەکەمەوە خەواڵووە.

دەرەوە زۆر ترسناکە و ژیانیش لەم تاریکییە پوختانەدا ئەستەمە،
دەڵێم؛ ئاخۆ ڕۆژێک من بمێنمەوە و تاریکییەکان کۆچ بکەن؟
ئاخۆ ڕۆژێک مەراقەکانم لە ئەبەدییەت ھەستنەوە و بڕۆن.
ئاخۆ دەرەوە بەبێ جەلاد چۆن بێت؟
تارمایی بوون لە  ژوورە داگیرساوەکان چۆن مرۆڤ وردوخاش دەکەن؟
ـ من نازانم، من پێشڕەویی وێرانییم.

ڕیسوایی ئەم چەرخە ھەمووی بەدەست بێتاقەتییەوەیە
سەفیرەکان دڵیان ڕەش بوو،
بە ھەڵکوڕماوی لەبەردەم تونێلەکاندا ڕاوەستان؛
چی لەنێو تونێلەکاندا ھەیە؟
چی لەودیو تونێلەکانەوە ھەیە؟
ـ من نازانم، من خەوزڕاوم.

ھەست بە مایەپوچی دەکەم لە ڕۆحی ئەو کحولانەدا کە جەستەم لەم خوێنە پیسە پاک ناکەنەوە.
لیخن ئەو ڕەوتەی مێخەک دەبینم کە دەگاتە دڵم و خوێنی پیسی جەستەم پێ ھەڵناھێنێتەوە.
من دەربارەی خۆم دەنووسم، دەربارەی شتێک کە لە ئاوێنەدا نەمدۆزییەوە.

چووم بۆ دارستان،
«ئازاد سوبحی» بە درەختەکانەوە بەردەبوویەوە، دەستم بوو بە بەرد.
«ھێرمان مێلڤل»م دی لەو سەرەوە، ئەو بوو؛ مرۆڤێکی گیرخواردوو لە جەستەیەکدا،
مرۆڤێکی پڕ کارەسات، بەڵام بێدەنگ بێدەنگ،
وەک چۆن وەختێک دڵم گوشرا ھیچم نەگووت، ئەویش خەڵاتێکی پێ نەبوو بۆم ئیتر.
«ڕامیار مەحموود»یش لەنێو کۆڵەکەمدا،
بریندار بووم، سەفەر ڕووت و قووتی کردبوومەوە.

ھیچ شتێک ھێندەی ئەوە ڕاست نییە کە تەنھام
ھیچ خەڵاتێکی ئیلاھیم بە چاوی خۆم نەدیوە
هیچ حاشا لە بێنرخی ناوی شەهید ناکەم،
بێتاقەتی بەڵگەنەویستییە،
من بێزارم، بێتاقەت نییم.

سەفەریش بێمانایە؛
وەک تەنھابوونم،
یان وەک ناوەکەم
من ناوم؛ درەخت و
دووکەڵ و
سەفەر و
«پێشەنگ شێرزاد»ە

ناوم؛ بۆمبی ئەتۆم و
کۆماری مەهاباد و
ئاسایش و
خیانەت و
زۆڵ و
ئەبەدییەت نییە.

سەفەریش بێمانایە؛
وەک ئەو لنگەخشێی کە لە قەیرانێکی قورسی نائومێدییەوە دێت،
بێمانان کاتێک تۆ گوێت لێ دەبێت،
تۆ گوێت لە هاڕەی زنجیر نییە، تۆ زەندەق چوونی تەنافت نەژنەفتووە.
تۆ بە پەتی خۆت بەدارەوە نەکراویت، تۆ خنکاویت، تۆ مردوویت،
تۆ پێغەمبەریت و هیچ پەرجوویەکت نییە…
بەڵام من نا.
بەڵام من دەڵێم، بۆ من، نا.
لە نێوان ئەپیکۆر و سیوران’یشدا دەڵێم؛ نا، من.