لە پیرۆزییەوە بۆ نەبوون

پێشەنگ شیرزاد

پێشەنگ شیرزاد/ کوردستان

July 9, 2020

پێشەنگ شیرزاد لە شاعیرە تازە دەرکەوتووەکانی کوردە. لە ساڵی ١٩٩٨ لە هەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە. پێشتر لە هەندێک گۆڤار و فێستیڤاڵ شیعری بڵاو بۆتەوە و ئەمەش نوێترین کاری ئەوە.

 

 

لە پیرۆزییەوە بۆ نەبوون
پێشەنگ شێرزاد

 

 

سەیری ئاسمانم کرد، شوێن پێیەکانی خۆمم بەسەر  ھەورەکانی ئەبەدەییەتەوە بینی و
لە ئاسمانێکی ساماڵدابوو کەوتمە خوارەوە
بەسەر چەقۆ و تەپوتۆزی زەمەندا  بەربوومەوە
بارودۆخی سەر زەمینی من؛ ــ ژووورێک کەس لەبارەیەوە ھیچ نازانێت ــ
سەرینی نوێ
تەختەخەوی نوێ
دیواری نوێ؛
دیوارێک کەس لەبارەیەوە ھیچ نازانێت/ پەنجەرەیەک بەڕووی جەنجاڵترین دونیا و
چاوێک بۆ دەریا، ئەو دەریایەی خنکانی مێژووی پێ ناساندم/ منم پڕ لەو کەشتییە تێکشکاوانەی لەناوەڕاستی دەریا نقوم بوون،/ منم پڕم لە دەریا/
ـ بەڵێ من پڕم لە دەریا/ بەڵام بە ڕووتی دەخەوم
چەندە جوان بوو دەریا کاتێک ھەموومانی دەویست تا تامی غەریبی بکەین، بێئاگا لەوەی [ئێمە] ھی نیشتیمانێکین کە غەریبیمان پێ ناکرێ/ ئەوانەی لەشوێن پێیەکانی خۆیاندا دەمردن بێشک ئێمە بووین/ من ئەمرم و قەت لە دەریا خۆشنابم/ دەریا بە زیندووی منی لە غەمدا ناشت، منی بەدیل گرت و دەرگای چی خەندەیە لێی داخستم/ من نەمدەزانی، درەنگ تێگەیشتم؛دەریا لە ئەزەلەوە بۆ ئەوە ھاتووە بەسەر ژیاندا وردوخاشم بکات، بمشکێنێت،بمداتە دەست توڕەیی و جۆشی شەپۆلەکان و کەنار کەنار بەسەر تیژی و پەراشیی بەرددا بمگێڕێ/ ھەنووکەش بەتەواوی نەمزانی ئاو بۆ ئەوە ھەیە لەھەناوی دزێویی خۆیدا ونمکات، یان چی؟/ دەریا بۆ ئەوە ھاتووە دواھەمین خەندەیی باوک چین چین لەسەر لێوەکانم ھەڵێوەرێنێت، یان چی؟/ نەمدەزانی کاتێک ھەمووان لە دەریادا دەخنکان تەپوتۆز بۆچی ھەبوو؟ لێرەیە کە زەردەیی دایک وەک تابلۆیەک لەڕۆحمدا ھەڵبواسێ، یان چی؟/ من دەمرم و ھەرگیز لەدەریا خۆشنابم، دەریا مردنێکە لە زیندوێتیی بەردەوامی مندا./ ھەرگیز لە ئاوەکان خۆشنابم/ ئازادی نادەم لە گەردەنی ھیچ شەپۆلێک/ من لە جنسی ئاوەکان نابوورم، ئاوەکان برینی ھەتاھەتایی منن لەعومردا/
ھەنووکە من تەنھام
سەرینەکەم،
پاڵتۆکەم،
دیوارەکە،
تەختەخەوەکەم؛ پێش من بەخەو دێن.
من شازترین دەماربڕی ئەبەدیەتم/ من خودای ئەو ئاسمانەم؛ شتە بچوکەکانی بەرگەگریت پێ ناھێڵن.
جەنگەڵێک لەو ملیارەھا جەنگەڵەی کەس لەبارەیانەوە ھیچ نازانێت و بەڕووی ئاسماندا کراونەتەوە/وەحشییەکی ڕووت و قوت بووم لەژێر تەماحی بێسنوورترین غەریزەدا/ فرمێسکێک بە چاوی گریانەوە دەتکام/ منت بیر بێتەوە؛ ئەی ئەو کەسەی من و ملیارەھا کەس ھیچت لەبارەوە نازانین.
لەودیو پەنجەرەکەوە
شتێک لە دوورەوە دەگری،
لە میھرەبانی دەچێ؛
نا لە باوکم دەچێ؛
بانگم دەکا بۆ دەریا، بۆ چارەنووسی پێکەوە خنکان
بۆ یاریکردن بە یادەوەری منداڵیم؛
باوکە من لێرە گەلێک تەنھام، ئەگەر دەنگم دەتگاتێ
«باوکە من لێرە گەلێک تەنھام»، کێ لەوێیە؟ کێ؟
من ئەمڕۆ دۆڕام، وەک ئەوەی کابووسێکی سامناکترم دیبێ
وەک ئەوەی حەقیقەت فێربم، «ھیچ شتێک بەھای نامێنێ، ھەموو شتێک دەمرێ تەنانەت ئەوینێکی نوێش»
ئەم کەنار دەریایە،
ئەم پەنجەرەیە،
ئەو ماسیانەی لە ئاسمانی ئەبەدیەتەوە سەوای قوڵترینیانم کرد؛
ڕۆژێک خاپوور دەبێ و دەبێتە مەیدانی جەنگ،
قەرەباڵغییەک دێت و فیرعەونێک سەرم دەتەقێنێ و لاشەکەم دەخوا.
خەیاڵ دەکەم، خەیاڵێکی ناخۆش
پێناچێ جارێکی تر ھەرگیز تاسەی ئەم شارە بکەمەوە
ئەم شارە بوو منی کوشت، منی دۆڕاند
منی وەک قامچی دایە دەست کەمال و سوڵتانەکان؛
وەشاندمیانە کەنارێک..
ئەم شارە بوو دەست و پێی ون کردم.
ئەوە شار بوو  بە گاڵتەجاڕێکی کردم.
من ئێستا پێاوێکی بێ بەھانەم، دڵە ھەلاھەلا بووەکەم لەژێر ئەستووری پاڵتۆکەمدا دەشارمەوە و
لەمسەر تا سەرێک نازانم چ سەرێک و چ چارەنووسێکە، ڕادەبوورم.
خەیاڵ دەکەم، خەیاڵێکی ناخۆش
خەیاڵی دانیشتنم لە باڕێکی ڕاقیی شار
خۆم لەسەر کورسییەکی لاچەپەک لە سوچێکی تاریکدا
کە ھەر خۆمم و خۆم
لەو دەیان مەست و ساختەچی و دەمانچەچییە یەک کەس گرنگیت پێ نادات
پێکەکەت دەڕژی و بە دوو کاتژمێر ھەڵپە و ھەڵپ و خۆ بە ستووندا دان؛
ڕێگا چەند خولەکیەکەی ماڵەوە بە سەرخۆشی دەدۆزیتەوە/ من بە مەستی لەدایک بووم ھەربۆیەش ستوونی غەریبی و حەسرەت نەما سەرمی لێ نەدەم’
خەیاڵ دەکەم، خەیاڵێکی ناخۆش،
خەیاڵی وێرانەیەک،
لە وێرانەیەک زیاتر نییە، من ئەوەم ھەڵبژارد.
مرۆڤەکانی ئێرە دونیایان جوان نییە، لە زمانت تێ ناگەن،
ئەوان نایەنەوێ ھەرگیز تێبگەن،
خۆم ئەم وێرانەیەم ھەڵبژارد تا لەڕێیەوە ئاماژەیەک بۆ وێرانەکەی خۆم بکەم..
پەنجەرەیەک بەبێ دیوار،
من فڕینم داھێنا کاتێک ئێوە ھەموو شتێکتان کرد بە دیوار/ ئێوە تەنانەت نازانن دیوار چییە؟
من ھەموو دیوارەکان لە خۆمدا تێکدەشکێنم و ڕوو لە دەرگاکەم دەکەم/ لەسەر دەرگاکە دەنووسم: «ھاتنە نێو تەنھاییم قەدەغەیە، تکا ئەکەم پەنجە بە زەنگمدا مەنێن.
ئێرە دەرچەی ژوورێکە بۆ ئەبەد پێوەدراوە و ناکرێتەوە،
دەرگای ماڵی کەسێکە ئێرە، خەون بەسەریەکدا ڕووخاو، ئەم دەرگایە ژوورێکی داخراوە و بۆ ئەبەد ناکرێتەوە».
لەگەڵ تەنھایمدا، پەنجەرە یەکەمین بەدبەختی من بوو کە کردمەوە
پەنجەرە ڕووگەی فڕینی من بوو لە برینەکانی خۆمەوە بۆ برینەکانی دەرەوە
من دۆڕام کاتێک لەخۆم-ەوە بۆ ھەموو شتێک ھەنگاوم نا/ سەرەڕای درککردن بەو دونیا درۆیەی دەرەوەی خۆم/ دۆڕام؛ ئەوکاتەی لەدونیای دەرەوە زیاتر لەھیچ دونیایەکی تر نەژیام.
ئێستا دەمرم/ بەدەم نەخۆشییەکی زۆرەوە، لەژێر درەختێکی چل ساڵەی پیردا/ سی و دوو ساڵە داوای «باران»ی لێدەکەم و پێم نادات/ سی و دوو ساڵە ھاواری «باران» دەکەم و لەگەڵ ھیچ بارینێکدا نایەت.
ددانەکانم لەق بوون،
لەقبوون وەک جێگام لەنێو ئەبەدیەتدا/ دەکەون؛ وەک کەوتنەخوارەوەم لە دوندی ئەبەدیەتدا و
کەوتن بەسەر پاشماوەی غوبار و چەقۆی زەمەندا
دەکەون و کارەسات وەک پێکدادانی وشەکان دروست دەکەن؛ وشەکان ئامرازێک بوون بۆ گەیشتن با ناکۆتا/بەھەمحاڵیش لە ناکۆتاوە کەوتن بەسەر تیژی ھیچ و پوچیدا.
ئەی کسپەی دوا نەھاتووی نێو ھەر نسکۆیەکی من؛
دەبێ ئێستا لەکوێ بیت؟/ دەبێ کێ بێ ھێندەی تۆ ناوی ورد و خاش بووبێت؟/ دەبێ لەکوێ خۆت حەشاردابێت؟/ ئەی ئەوەی من و ملیارەھا کەس ھیچت لەبارەوە نازانین..
من تەنھام،
تەنھایم ھەڵوەستەیەکە بۆ حاڵی خۆم/ تەنھام وەک مۆسقایەکی پەراوێزنشین/ تەنھام وەک ئەو نیشتیمانەی لێی بووم / تەنھام وەک ئەو؛ کاتێک وەک دڵۆپێکی بێبایەخ لە سکی گەردوون دەکەوتە خوارەوە.
ھەمووان بە ئاوابوونی پیرۆزییەکانیان ئاشنایی کەوتنێکی ڕیشەیی دەبوون،
ئەوان پیرۆزییەکانیان زۆر زۆرە، ھەموو ڕۆژێک جێیەکیان دەشکێ بە کەوتنی یەکێکیان
بەڵام لەڕاستیدا شتێک نییە بەناوی «چەندەھا جار شکان»
جارێک ئەو شوێنەی کە —ھەمووان دەیانەوێ بیشکێنن—[شکا]؛ چیتر ھەموو تیرەکان قوت دەدا/ ژیان لە دەرزەکەی ئەودا دەبێتە قەمبوور/ من کە ژیانم چەماوە، چۆن ناکەومە خوارەوە؟
شەوە/شەو خۆی تارمایی و بولێڵە
شتێک کە نەدەکرا شەو بێت، تۆ بوویت/ تۆیەک کە دەرفەت نەبوو نە خۆت نە ناوەکەت کەمێک بژین/ تۆ کە نەدەبوو بەربوونەوەت ئەم کارەساتە گەورەیە بخولقێنێ!/ بەرەو تۆ بەڕێکەوتم، ئەی ئەو عەزابەی لە برینێکی وەک تۆدا پێی ئاشنا بووم..
لە توێی ئەم ئازارە خراپانە دەچمە دەرێ،
دەست لە شیعر نووسین ھەڵدەگرم و
ئاخێک بۆ زەمەنی لەدەستچوو ھەڵدەکێشم،
بە زمانێکی پچڕ پچڕەوە ئێخەی خۆم لەبەر ئاوێنەکەدا دەگرم دەڵێم؛ «سڵاو ئەی دارستانی نامۆ، سڵاو ئەی ئەو تیشکەی کە بێ لەمپەر نوری پڕ بەرائەتت تا دوندی ڕۆحم ھێنا»
خێرا خێرا دەست و پێم کۆدەکەمەوە/ دەست و پێم ڕژاوە/ چونکە دەزانم سڵاوکردن بەم نامۆبوونەم نامۆتر دەکاتەوە/ لە کەوتنە خوارەوەمدا تەنھام کە ھیچ شتێک ھیچ شتێک ھی من نییە؛
دەریا
مرۆڤ
ئەو
مرۆڤێکی تر
نیشتیمانیش کە ھیچ/ نیشتیمان تەنھا لێرە؛ لەم شیعرەدا ھی منە و زیاتر نا.
سەبارەت بە ژیانم «ڕژاوە»/ گورگێکی ناشناس کە ھیچ دەستێک لە کەناری ھیچ شەرمێکدا ناینووسێتەوە/
وەک نێچیرێکی بەند گورگێک ڕاوی کردم/ وەک کراسی دڕاوی یوسفێک لە تەنافدا بەربوومەوە.
لەژیانشکەمێک دەچمە دەرێ و
سەرباری بوونم لە دڵی ھاوڕێکانم
دایکم
مرۆڤێک کە ھیچ
ژنێک کە دەبوو بیبینم تا ھەست بکەم لەپەنای ماڵەکەمدا جێگایەکی تریش ھەیە بۆ مردن و نەمبینی..
سەرەڕای ھەموو ئەو قەبارە گەورەیەی بە منیان دا و خودایان بۆ بچووکردمەوە.
لە نامۆیی ئەم شیعرە بێکەڵکەش دەچمە دەرێ و
ھەست بە برینی چەقۆ و غوباری باوەڕەکەی خۆم دەکەم و دەڵێم:
«ھیچ شتێک نییە بتوانێت قڕکردن و تۆراندنی خەونەکانی من ڕاگرێ.
ڕوو لە شوێن’ دەکەم و ھەست بە پارچە پارچەبوونێکی ئێکجار سەخت/سەخت وەک دڵی باپیرم بەرانبەر نەمری مەرگ/ دەڵێم؛ ئەی پیاو، ئەم کابووسە سامناکە ڕاگرە/ ژیان دەرفەتە بۆ کەوتن ئەگەر ڕۆژێک دەستت لەشتێکی خۆت گیر ببێ/  بە دەست و پێی ڕژاوەوە جارێکی تر بەشەرمەوە لەگوێی خۆم ڕوودەکەم و دەڵێم؛ ژیان زۆرترین جار لە مردنی مندا دووبارە بوویەوە»
ـ بەڵام دەستم لە ھیچ گیر نابێ.
خەریکی شتێکی باشم:
سەرەڕای ئەوەی ئەبوو ببمە جەللاد بە نیسبەت ھەموو ژیانەوە،
ئەوە ئەملەرزێنێ کە «نەبووم»/ئێستا دوو ئازاری گەورەم ھەیە؛ تۆ کە ھیچ/ یەکێکی تریش ڕق/ کاتێک ئەمویست وەک خراپەیەک، تۆ باشییەکی ھەمیشەیی من
بیت/ وەک برینێکی زیندوو بێیتە گۆ لە کون و قوژبنە ساردەکانی ڕۆحم/ لەو بۆشاییانەی پێویستە؛ خیانەت، کوشتن، بێشەرەفییان بۆ بکەم/ تا پڕ بنەوە..
ئێستاش بە ئومێدی ھێزی بیرەوەرییەک لە زیھنمدا قوت بێتەوە و ئەوەم بێنێتەوە یاد کە شەوەکان چی بوون، دواتر چی ڕوویدا؟/ تۆ لەنێو تارمایی شەوەکاندا چ
ڕۆشناییەک بوویت؟/ ئەوە ئازارم ئەدا کە «نایەت»
من و تۆ لەسەرنوکی ئەبەدیەتەوە تا زریکەی کەوتن، تەرم لەنێوانمان بەرزەقەی بەست؛ تەرمی ھەموو ئەو ڕابردووە سامناکەی لەپێش تۆوە؛  شتێک کە نەدەکرا من بم/ من بووم بۆ دارستانێک ئەوینداری./
تەرمی من لەنێوان دوو دونیای خۆم و دەرەوە، کە بە ئەستەم ئەوین دەیتوانی لەم ژیان و مردنە بمھێنێتە دەرەوە/ دەکەومەوە بەوەی «ھاتم»
بە ڕۆحێکی تەنگەوە؛
سەقف بۆ ئاسمان و دیوار بۆ چڵەپۆی وجوودم دروست دەکەم، تا چیتر/ خودا نەتوانێ بە تۆفان توڕەیی بنێرێتە سندوقی نیازمەوە/ تۆ/ نەتوانی وەک ئەوەی ڕاستییەک بیت، بێتە وەھم/ ھیچ/ کە ھەرگیز نەتوانێ لەخۆی زیاتر بێ و تاھەتا مانابڕاو بمێنێتەوە.
ڕۆحم دەچێتەوە بەر تاریکی/ ڕۆژ/ خامۆشتر ھەڵدێ/ شەو/ ماندووتر دەچێتەوە/ ئەستێرە/ تیژتر بە کاکێشانی خۆیدا خۆی کێش دەکات / زەمەن/ قوڵتر بەسەر تارمایی بووندا گوزارشت لە کەوتنەخوارەوەی من دەکات.
بەڕۆحێکی تەنگەوە لە ئاسمانی ئەبەدیەتەوە کەوتمە نێو خنکاویترین تەپوتۆزەوە/ لە گەورەیی زریکەی با’دا ئێمە لەخودا چەن بچوکترین!/ چەندە جوانە ژیان کاتێک خودا مەچەکی لەژێر چەناکە داناوە و خەریکی سازگارکردنی خوێیاویترین برینمانە/ خودا.
ئیتر دەڕۆم،
تا ژیان/ مردن،
تا خوێناوی بوون/ توڕەیی،
تا توڕەیی/ خودا،
تا قورسترین حەب/ توڕەیی،
تا توڕەیی/ مەلەکردن لەنێو ئەبەدیەتدا،
تا باران/ چرۆ و تا باران/ ڕەشیی.
ئەو کە ھیچ، ھیچ/ تا تۆ، من/ تا کەوتن بەسەر تیژی ھیچ و پوچیدا.
تیژ دەڕۆم وەک قۆزاخێکی دەم نەکراوە ئەبەدیەت بەسەر مێژوودا جێدەھێڵم/ تا وەک ئەو ناو لێڵ و وردوخاش نەبم.
دەڕۆمە نێو دونیایەکی تر و مۆسیقا و قەڵەمە شکاوەکانم کۆدەکەمەوە؛ تا باشتر/ دەربارەی خۆم و غەریبی و ئەو کە ھیچ/ ئیتر ھیچ نەنووسم.