غەیبزانی

پیتەر هاندکە/نووسەری نەمسایی

March 27, 2022

پیتەر هاندکەم لەبەر ئەوە خۆش دەوێت، کە زمانەکەی بەو ئاستە شیعری نییە، کە بڵێم شانۆکانی بە زمانێکی شیعری دەنووسێت، چونکە خۆیان لەو پێناسەیە دوور دەگرن و نووسینی شانۆیەکیش بە زمانی شیعری- مەگەر لە کلاسیکدا- دەنا لەمڕۆدا ناتوانێت بە تخووبی دوور و جیاواز بگات و زۆر جاریش وەک تیفتیفەی ئەدەبی دەردەکەوێت نەک خولقانێکی ئەدەبی. ئەگەر بمەوێت پێناسەیەک بۆ شانۆی هاندکە بکەم؛ باشترە لە هەر شیعرێک کە بیەوێت بینووسێت، چونکە هەندێک لە شیعرەکانیم بینیوە و هێندەی شانۆکانی شیعر نین. بەڵام نووسەرێک نییە نەزانێت لە کوێدا شاعیرە و لە کوێدا شانۆنووس، بۆیە یەکێک لە بنەڕەتەکانی شانۆ- ئەگەر دایەلۆگ بێت- لە بیر ناکات و لانیکەم ئەو سێ دەقە شانۆیییەی خوێندوومنەتەوە دایەلۆگن، بەڵام لەو شانۆیییانەی دیکە ناچن کە پێش هاندکە بینیوتن. ئەگەر شانۆی هاندکە بخوێنیتەوە، ئەوا دەتوانیت بە چێژمەندیی خوێندنەوەی شیعرێکی درێژەوە کتێبەکەی دابخەیتەوە، شیعرێک کە زمانەکەی شیعری نییە و بگرە لە هەندێک شوێن توند و لێدەرانەیە. لەو ڕووەوە شانۆیەکانی ڕەخنەیەکن لە زمانی شیعری بۆ شانۆ و هەروەها ڕەخنەیەکیشن لە شانۆ خۆی، کە پێویستە نەختێک سنوورەکانی گێڕانەوە ببەزێنێت و سنووری نوێتر بناسێت. لێرەدا ئەدەبیات هەر لەنێو خۆیدا خۆی ڕەخنە دەکات، بەو جۆرە ڕەخنەیەکیشە لە ڕەخنەگەر، ئەگەر لە شانۆدا بە دوای دراماوە بێت.

هاندکە لە سێ کتێبەکەیدا، «پێشگۆیی/غەیب‌بێژی»، [کە دواجار غەیبزانیم بۆ هەڵبژارد و لێرەدا کۆی کتێبەکە بە وەرگێڕانی من دەخوێننەوە] «سووکایەتی بە بینەر» و «خۆتاوانبارکردن/تاوان‌لەخۆدان»، بە دوای دەنگێکەوەیە کە واتای هەیە. ئەوەی شانۆی هاندکە لە شانۆیەکانی دیکە جیا دەکاتەوە و پتر سەرنجی من بۆ دەقی شانۆیی ڕادەکێشێت، ئەوەیە کە هەرگیز هیچ ناگێڕێتەوە، کارەکتەر درووست ناکات و درامای نییە. دەنگ کارەکتەری ئەوە و لە شانۆنووسیندا شیعر دەبێتە ئامانجی، نەک زمانی شیعری.

هاندکە شانۆیییەکانی ڕستەبەڕستە دەنووسێت و زۆر جار ئاسایییە لە هەر لاپەڕەیەکەوە دەست بکەیت بە خوێندنەوە، درامایەک نییە تێک بچێت و کێشەیەک بوونی نییە کە لە سەرەتاوە لەگەڵی بڕۆیت و لە کۆتاییدا بە دەرەنجامێک بگەیت. هەر ڕستەیەک کە دەینووسێت هێندە ئامانجدار و بیرلێکراوە داهێنراوە کە قسەوباس و تێفکرین هەڵبگرێت.

هەروەها لە شانۆکانیدا یەکدەنگ و یەکڕیتم دەڕواتە پێشەوە و هەورازونشێوی دەنگیی، مەگەر بە دەگمەن، نییە و ئەمەیش حیکایەت لە سەرسەختیی ئەم نووسەرە لە نووسین و شێوازەکەیدا دەکات و لەو ڕووەوە زیاتر بیرخەرەوەی بیکێتە. شانۆکانی لە ناونیشانی کتێبەکانییەوە ڕێچکەیان بەستووە و سەیرە ئەگەر بڵێین لە کۆتاییی نووسیندا ناوی لە کتێبەکانی ناوە. هەر دەبێت سەرەتا ناوی کتێبەکەی نووسیبێت و پاشان یەکجێ دایەلۆگەکانی خستبێتنە ڕوو، چونکە لە شانۆکانیدا گشت شتێک لە دەوری ناوی کتێبەکە دەخولێتەوە، ناوی کتێبەکە دەبێتە تەختی شانۆکە.

شانۆی هاندکە ڕووداوی نییە کەسێک بۆ کەسێکی دیکەی بگێڕێتەوە و بتەوێت سەرنجی خوێنەرێکی پێ ڕابکێشیت. چیرۆک و ڕۆمان نییە خۆشەویست بێت و خوێنەر بە دوای بکەوێت. زمانی شیعرییشی نییە کاتێک لە چیرۆک و ڕۆماندا دەردەکەوێت جاڕسکەر دەبێت. کارەکتەرێکی نییە وەک پاڵەوان لێی بڕوانیت و شانۆکاران سەرسامی خۆی بکات بۆ ڕۆڵەکەی، ئاوهایش شانۆیەکە پشت لە شانۆنووسانی دیکە بەرز و داهێنەرانە دەوەستێت. هەڵبەت هێشتا بەرامبەر بیکێت ڕەنگە خۆیشی پێی خراپ نەبێت نەختێک بسڵەمێتەوە. ئەم قسەوباسەیش ئەوە ناگەیەنێت من دژی شێوازە شانۆیییەکانی دیکە بم و نەیانخوێنمەوە، چونکە بە تامەزرۆیییەوە شەکسپیر، کامۆ، ساموێل بیکێت، پۆل زیندڵ، ئارسەر کووپیت، یووکیوو میشیما و چەندین ناوی دیکەم خۆش دەوێن کە ساڵی پار(٢٠١٩)- و ڕەنگە زووتر- بە دایەلۆگەکانیان ئەوقیان کردبووم.

ئەگەرچی شانۆ خۆی هونەری گفتوگۆنووسینە، بەڵام شانۆی هاندکە جەختکردنەوەیەکی دیکەیە لەم هونەرە، هەرچەند شێوە باوەکەی نابینین و دەمانخاتە داوە ئەدەبییەکەوە. ئەو خۆیشی لە دەقی «سووکایەتی بە بینەر»ـدا دەڵێت: “ئێمە تەنیا قسە دەکەین/ ئێمە خۆمان بەدەر لە قسە، بە شتێکی دیکە دەرنابڕین.” لەو تێکستەدا ژیان و شانۆ، شەقام و تەختەی شانۆ، بینەر و ئەکتەری دەنگی، یان دەنگەئەکتەر/دەنگەکارەکتەر- ئەگەر بتوانین وا بڵێین، بە جۆرێک ئاوێتەی یەکتر دەبن، مەگەر دەرهێنەر تەنیا بپەشۆکێت نەک بیەوێت دەری بهێنێت. دیارە نامەوێت بە جەختەوە بڵێم شانۆکانی بۆ نمایشکردن نین، ئەوەیان مەگەر شانۆکانی ئەنوەر مەسیفی وا بن، کە لە شانۆنووسیی کوردیدا، هزرمەند، تایبەتمەند و شانۆی زمانین.

هاندکە لە تاکبێژییەکەی «خۆتاوانبارکردن»ـدا وەک بڵێی خەریکە بڵحانە ئێمە تاوانبار دەکات، بەڵام خۆی پێش دەکەوێت کە بتوانێت ئێمەیش لەگەڵ خۆیدا بەرێت و هەست بە مەترسی نەکەین. ئەم ئاوێتەکردنەی منی خوێنەر و منی شانۆیی، یان ئەم ئێمە و ئێوەیەی لە «سووکایەتی بە بینەر»ـدا ئاوها خستووەتە ڕوو: “ئێمە لە بری ئەوەی بڵێین ئێوە، دەتوانین بڵێین ئێمە. ئەمەیش واتا وەحدەتی سەرهاتەکە.”

ئەوەی هاندکە لە شانۆکانیدا پێی گەیشتووە دەبوو شاعیران پێی گەیشتبان، کە تەنیا دەنگێکی واتادار دەمێنێتەوە. تەنانەت چیرۆکەکەمان ون دەبێت، تەنیا نەبزی هەندێک ئاماژەی لێرەولەوێ دەمێنێتەوە.- وەرگێڕ/٢٠٢٠

 

 

 

 

غەیبزانی
پیتەر هاندکە
کوردییەکەی: شاڵاو حەبیبە

 

 

 

کەسایەتییەکان
چوار ڕووخوێن (ئەلف، بێ، پێ، تێ)

 

 

ئەلف: مێشەکان وەک مێشەکان دەمرن.

بێ: سەگە بەئاڵۆشەکان وەک سەگە بەئاڵۆشەکان بۆن دەکەن.

پێ: بەرازە لەشیشدراوەکان وەک بەرازی لەشیشدراو دەزووقێنن.

تێ: گای هۆڤی وەک گای هۆڤی دەبۆڕێنێت.

ئەلف: پەیکەرەکان وەک پەیکەرەکان دەوەستن.

بێ: مریشکەکان وەک مریشکەکان ڕێ دەکەن.

پێ: شێتەکان وەک شێتەکان ڕادەکەن.

تێ: جنلێدراو وەک جنلێدراوان شیوەن دەکات.

ئەلف: سەگی گەڕ وەک سەگی گەڕ دەخولێتەوە.

بێ: داڵەکەرخۆرە وەک داڵەکەرخۆرە دوور دەکەوێتەوە.

پێ: گەڵای سنەوبەری لەرزان وەک گەڵای سنەوبەری لەرزان دەلەرێتەوە.

تێ: گیا وەک گیا دەجووڵێتەوە.

ئەلف بێ: خانووی مقەبایی وەک خانووی مقەبایی دەڕووخێت.

ئەلف پێ: بۆمبەکان وەک بۆمب دەتەقنەوە.

ئەلف تێ: میوە گەییوەکان وەک میوەی گەییو لە درەخت بەر دەبنەوە.

بێ پێ: دڵۆپە لەسەر بەردی داغ وەک دڵۆپە لەسەر بەردی داغ‌ لەناو دەچێت.

بێ تێ: کۆستکەوتووان وەک کۆستکەوتووان بە پێوە دەوەستن.

ئەلف بێ پێ تێ: لە ماڵۆسی لەشیشدراوەوە وەک ماڵۆسی لەشیشدراو خوێن دەچکێت.

ئەلف: ڕەفتاری هاووڵاتیی ناوەنجی وەک ڕەفتاری هاووڵاتیی ناوەنجی دەبێت.

بێ: نامەرد وەک نامەردان هەڵسوکەوت دەکات.

پێ: مرۆڤی بەشەرەف وەک مرۆڤی بەشەرەف هەڵسوکەوت دەکات.

تێ: پاڵەوانی ئۆپێرا وەک پاڵەوانی ئۆپێرا هەڵسوکەوت دەکات.

 

ئەلف: لەگەڵ منداڵی زڕدا وەک منداڵی زڕ ڕەفتار دەکەن.

پەرجوونوێن وەک پەڕجوونوێن چاولەڕێی دەبن.

ئاژەڵی سەمەرە وەک ئاژەڵی سەمەرە هەڵدەسەنگێنن.

فریادڕەس وەک فریادڕەس چاولەڕێی دەبن.

مانگای شیردەر وەک مانگای شیردەر دەدۆشن.

لە دەرکراوەکان وەک دەرکراوەکان دوور دەکەونەوە.

لە دۆزەخ وەک دۆزەخ نەفرەت دەکەن.

کفن وەک کفن دەکەنەوە.

سەگی هار وەک سەگی هار دەکوژن.

 

بێ: فێڵباز وەک فێڵبازەکان فێڵ دەکات.

تووتی وەک تووتی قسە دەکات.

خلێرە وەک خلێرە بەرەو ڕووناکی دەخزێت.

بەفری بەهاری وەک بەفری بەهاران دەتوێتەوە.

منداڵ وەک منداڵ دڵخۆش دەبێت.

پەڕجوو وەک پەڕجوو ڕوو دەدات.

تەرمی نێوئاوکەوتوو وەک تەرمی نێوئاوکەوتوو دەئاوسێت.

گرمەی هەور وەک گرمەی هەور دەنگ دەداتەوە.

 

پێ تێ: گالیسکەوان وەک گالیسکەوان جنێو دەدات.

بۆق وەک بۆق قەڵەمباز دەدات.

برووسکە وەک برووسکە برووسکە دەکات.

دز وەک دزان دزەکی دەڕوات.

چڵێس وەک چڵێسان چڵێسی دەکات.

مەکتەبلی وەک مەکتەبلی ڕووی خۆی دەشارێتەوە.

مست-لە-ئاودان وەک مستە لە ئاو

مست-لە-ڕووخساردان وەک مستە لە ڕووخسار

ماری ئەفعی وەک ماری ئەفعی پێوە دەدات.

 

بێ پێ تێ: ئەسپی بریندار وەک ئەسپی بریندار گیانی دەردەچێت.

قازانقوڵفی-دروو وەک قازانقوڵفی-دروو چاوێکی دەکات بە چوار چاو.

سەگی تێهەڵدراو وەک سەگی تێهەڵدراو دەقرووسکێنێت.

جوولەکە وەک جوولەکە چەنەبازی دەکات.

ماسیی-بەقولابەوە-بوو وەک ماسیی-بەقولابەوە-بوو پەلەقاژە دەکات.

برینی دەمکراوە وەک برینی دەمکراوە دەبرژێتەوە.

ژنی پاکیزە وەک ژنی پاکیزە ناز دەکات.

پیاوێک لە ڕۆژئاواوە وەک پیاوێک لە ڕۆژئاواوە ڕێ دەکات.

سەربازی هێزی دەریایی وەک سەربازی هێزی دەریایی ڕێ دەکات.

ئیسپانی وەک ئیسپانی ڕێ دەکات.

گاری کۆپەر وەک گاری کۆپەر ڕێ دەکات.

قازەقۆز وەک قازەقۆز ڕێ دەکات.

ئەلف: توتکەسەگی تەڕ وەک توتکەسەگی تەڕ دەوەستێت.

گوناحکاری داماو وەک گوناحکاری داماو دەوەستێت.

چێڵ لە بەرامبەر دەروازەی نوێ وەک چێڵ لە بەرامبەر دەروازەی نوێ دەوەستێت.

کەڵەشێر لەسەر تەپاڵە وەک کەڵەشێر لەسەر تەپاڵە دەوەستێت.

 

ئەلف بێ: داری بڕاوە وەک داری بڕاوە دەکەوێت.

جەنگاوەری دەمکەفکردوو وەک جەنگاوەری دەمکەفکردوو دەجەنگێت.

پشیلە لە دەوری محەللەبیی گەرم وەک پشیلە لە دەوری محەللەبیی گەرم دەخولێتەوە.

سەگ ساتی هەورەگرمە وەک سەگ ساتی هەورەگرمە خۆی دەخزێنێتە کولانەکەی.

شێری بەنەڕە وەک شێری بەنەڕە تەراتێن دەکات.

ئاگری لەمپەڕ وەک ئاگری لەمپەڕ لەمپەڕ درووست دەکات.

 

ئەلف بێ پێ: کەمتیارەکان وەک کەمتیارەکان دەلوورێنن.

شەوپاسەوان وەک شەوپاسەوان باوێشک دەدات.

پیلانگێڕان وەک پیلانگێڕان پیلان دەگێڕن.

قامیشی حەسیر وەک قامیشی حەسیر لە بادا لەنجەولار دەکات.

کەوی سەرەڕێ وەک کەوی سەرەڕێ خۆی دەکات بەناو بەفردا.

دەڕڕاسە وەک دەڕڕاسە دەلەرزێت.

مشکی سەحرا وەک مشکی سەحرا دەخەوێت.

سەگ وەک سەگ پەکی دەکەوێت.

 

ئەلف بێ پێ تێ: مست وەک مست دەنیشێتە سەر چاو.

ئەلف: تاعوون وەک تاعوون بۆگەنی لێ دێت.

بێ: گوڵەباخ وەک گوڵەباخ بەرامەی لێ دێت.

پێ: هەنگەکان وەک هەنگەکان وژەوژ دەکەن.

تێ: سێبەری مرۆڤ شوێنپێی مرۆڤ وەک سێبەر هەڵدەگرێت.

ئەلف: گۆڕ وەک گۆڕ خامۆش دەمێنێتەوە.

پەیکەر وەک پەیکەر دەوەستێت.

بێ: مەرد وەک مەردەکان هەڵدەستێتەوە.

تاوێر لە بەرامبەر شەپۆلدا وەک تاوێر لە بەرامبەر شەپۆلدا بەرگری دەکات.

پێ: کەشوهەوای تۆفانی وەک کەشوهەوای تۆفانی دەهێت.

مێروولەکان وەک مێروولەکان دەبنە هۆی خوروو.

شەپۆلی تۆفان وەک شەپۆلی تۆفان دەئاوسێت.

مێگەلی هەڵاتوو وەک مێگەلی هەڵاتوو پەخشوبڵاو دەبێتەوە.

ئەلف: لم وەک لم لە بەینی پەنجەکانتانەوە دەڕژێت.

بێ: لە شانۆدا خۆم وەک لە شانۆدا هەست پێ دەکەم.

پێ: هێلکەکان وەک هێلکەکان وەک یەک دەبن.

ئەلف بێ پێ: هاوار لە قوڕگەوە وەک هاوار لە قوڕگەوە دەردەچێت.

بۆڕییەکانی ئۆرگن وەک بۆڕییەکانی ئۆرگن ڕیز دەبن.

کەڕەنای ڕۆژی پەسڵان وەک کەڕەنای ڕۆژی پەسڵان فووی پێدا دەکرێت.

ئیلهام وەک ئیلهام ئیلهام دەبێت.

پێ: مشکەکوێرە وەک مشکەکوێرە خۆڵەکە ژێرەوڕوو دەکات.

بێ: دەنگی دنیایەکی دیکە وەک دەنگی دنیایەکی دیکە دەنگ دەداتەوە.

ئەلف: هەرەس وەک هەرەس دادەڕمێت.

ئاوەزدۆڕاوان وەک ئاوەزدۆڕاوان ڕەفتار دەکەن.

ئەلف بێ: پێغەمبەر ڕووخسارێکی پێغەمبەرانەی دەبێت.

فریشتەکان وەک فریشتە زمانێکی نەرمیان دەبێت.

داربی وەک داربی کەمەندکێشی ڕووناکی دەبێت.

دەرکەی کاروانسەرا وەک دەرکەی کاروانسەرا ئاوەڵا دەمێنێتەوە.

ئەلف بێ پێ: پەردەکان وەک پەردە لە پێش چاو لا دەچن.

ئەندامی نامۆ وەک ئەندامی نامۆ دەردەکرێت.

مشکەکان کەشتی لە حاڵی نوقمبووندا وەک مشکەکانی کەشتی لە حاڵی نوقمبووندا بەجێ دەهێڵن.

خودا وەک خودا لە بەرامبەر مرۆڤەکاندا دەوەستێت.

ئەلف بێ: مشکەخۆرەی کێوی وەک مشکەخۆرەی کێوی دەخەوێت.

دیوار وەک دیوار بە پێوە دەمێنێتەوە.

تێ: هێشووەکانی چەودەن وەک هێشووەکانی چەودەن لە بادا سەما دەکەن.

تێ پێ: کوارگەکانی دوای باران وەک کوارگەکانی دوای باران لە زەوی هەڵدەتۆقن.

تێ پێ بێ ئەلف: باڵندە کۆچەرییەکان وەک باڵندە کۆچەرییەکان کۆچ دەکەن.

ئەوانەی لەسەر هەورەکان ڕێ دەکەن وەک ئەوانەی لەسەر هەورەکان ڕێ دەکەن لەسەر هەورەکان ڕێ دەکەن.

ئەوانەی لە ئاسمانەوە دەکەونە خوار وەک ئەوانەی لە ئاسمانەوە دەکەونە خوار دەکەونە خوار.

ئەوانەی بە ئاسمانی حەوتەمدا گەشت دەکەن هەست دەکەن بە ئاسمانی حەوتەمدا گەشت دەکەن.

تێ: ئەوەی پەسپەسۆکە پێوەی داوە وەک کەسێک پەسپەسۆکە پێوەی داوە لە جێ دەردەپەڕێت.

ئەلف تێ: هەڵکشانوداکشانی دەریا وەک هەڵکشانوداکشانی دەریا بە دوای یەکدا دێن.

ماسی لە ئاودا وەک ماسی لە ئاودا مەلە دەکات.

ئاو و ئاگر وەک ئاو و ئاگر پێکەوە دەسازێن.

ڕۆژ وەک ڕۆژ لەگەڵ شەو جیاوازیی دەبێت.

بێ: خودا لە فەڕەنسا وەک خودا لە فەڕەنسا دەژی.

پێ: خەون وەک خەون دێتە بەر چاو.

بێ: ئەبەدییەت وەک ئەبەدییەت دێتە بەر چاو.

ئەلف بێ پێ تێ: جا بەڵام ماسییەکانی دەریا وەک ماسییەکانی دەریا بێژوومار دەبن و

لمەکانی کەنار وەک لمەکانی کەنار بێژوومار دەبن و

ئەستێرەکانی ئاسمان وەک ئەستێرەکانی ئاسمان بێژوومار دەبن و

مرۆڤەکانی سەر زەمین وەک مرۆڤەکانی سەر زەمین بێژوومار دەبن.

ئەلف: جا کەروێشکەکان وەک کەروێشکەکان پەرەزا دەبن.

بێ: جا باکتریاکان وەک باکتریاکان پەرەزا دەبن.

پێ: جا هەژارەکان وەک هەژارەکان پەرەزا بن.

تێ: جا مرۆیەکی وەک من و تۆ مرۆیەکی وەک من و تۆ دەبێت.

ئەلف: نانی ڕۆژانە ناچار وەک نانی ڕۆژانە دەبێت.

بێ: خوێن وەک خوێن سوور دەبێت.

پێ: با وەک با بلەز دەبێت.

تێ: ژەهر وەک ژەهر سەوز دەبێت.

ئەلف: محەللەبی وەک محەللەبی سفتوسۆڵ دەبێت.

بێ: مرۆی دڵپاک وەک مرۆی دڵپاک دڵپاک دەبێت.

پێ: ژیان وەک ژیان ڕەنگاوڕەنگ دەبێت.

تێ: سوزگی وەک سوزگی کونکون دەبێت.

ئەلف: شتە مەحاڵەکان وەک شتە مەحاڵەکان وەسفهەڵنەگر دەبن.

بێ: دەمی تەور وەک دەمی تەور تیژ دەبێت.

پێ: گەردوون وەک گەردوون ناکۆتا دەبێت.

تێ: مرۆڤی بەدخۆراک وەک مرۆڤی بەدخۆراک لاواز دەبێت.

ئەلف: بەرمیل وەک بەرمیل قەڵەو دەبێت.

بێ: ڕەشەسمەر وەک ڕەشەسمەر ناپەسەند دەبێت.

پێ: باوک لەگەڵ کوڕ وەک باوک لەگەڵ کوڕ دەبێت.

تێ: کێڵگەی چەوەنەر وەک کێڵگەی چەوەنەر پڕ لە هەورازونشێو دەبێت.

ئەلف: پاپا وەک پاپا مەعسووم دەبێت.

بێ: ڕۆمان وەک ڕۆمان کەیلی خەیاڵات دەبێت.

پێ: فیلم وەک فیلم ناواقیعی دەبێت.

تێ: دەرزی لە کادێن وەک دەرزی لە کادێن نەدۆزراوە دەبێت.

ئەلف: شەو وەک شەو ئارام دەبێت.

بێ: گوناح وەک گوناح ڕەش دەبێت.

پێ: ڕۆح وەک ڕۆح فامنەبوو دەبێت.

تێ: عەمباراو وەک عەمباراو قووڵ دەبێت.

ئەلف: ئیسفنج وەک ئیسفنج پڕئاو دەبێت.

بێ: شاعیر وەک شاعیر دوورەدنیا دەبێت.

پێ: ئەوانی دیکە بززەبت وەک ئەوانی دیکە بن.

تێ: مەرگ وەک مەرگ مسۆگەر دەبێت.

ئەلف: ڕۆژی دواتر وەک ڕۆژی دواتر مسۆگەر دەبێت.

بێ: ئامین لە ئاخری نزادا وەک ئامین لە ئاخری نزادا مسۆگەر دەبێت.

پێ: هەرشتێک هێندەی هەرشتێک کە بتوانێت مسۆگەر بێت مسۆگەر دەبێت.

تێ: تاووس وەک تاووس خۆپەسەند دەبێت.

 

ئەلف بێ پێ تێ: جا گۆڕاوان خۆیان وەک گۆڕاوان هەست پێ دەکەن و

بە-ستوونی-خوێ-بووەکان وەک ستوونی خوێ بە پێوە دەوەستن و

برووسکەلێدراوان وەک برووسکەلێدراون بە زەویدا دەکەون و

ئەفسوونلێکراوان وەک ئەفسوونلێکراون ئەفسوونلێکراو دەمێننەوە و

بەبەردبووەکان وەک بەبەردبووەکان دەوەستن و

ڕۆحبانگهێشتکراوان وەک ڕۆحبانگهێشتکراوان حزووریان دەبێت و

فەلەجەکان وەک فەلەجەکان فەلەج دەمێننەوە و

لە-هەورەگرمە-پەشۆکاوان وەک لە-هەورەگرمە-پەشۆکاوان لە جێی خۆیان دەمێننەوە و

خەوڕۆکان وەک خەوڕۆکان بە خەوتوویی ڕێ دەکەن و

لافلێدەرانی درەنگهاتوو وەک لافلێدەرانی درەنگهاتوو بە پێوە دەوەستن و

گۆڕینەوەپێکراوان وەک گۆڕینەوەپێکراوان هەست بە گۆڕینەوەپێکران دەکەن و

دەئاوێنەکەوتووان خۆیان وەک دەئاوێنەکەوتووان دەئاوێنەکەوتوو دەبینن و

تازەلەدایکبووان وەک تازەلەدایکبووان هەست بە تازەلەدایکبوون دەکەن و

لەهەناسەکەوتووان وەک لەهەناسەکەوتووان هەست بە لەهەناسەکەوتن دەکەن و

لە-دڵی-خاک-ڕۆچووان وەک لە-دڵی-خاک-ڕۆچووان دەبن.

 

ئەلف: واقعییەت واقعییەت دەبێت.

بێ: حەقیقەت حەقیقەت دەبێت.

ئەلف بێ: سەهۆڵەکان دەبنە سەهۆڵ.

ئەلف بێ پێ: کێوەکان کێوئاسا دەوەستن.

ئەلف بێ پێ تێ: دۆڵەکان دۆڵاسا تل دەبنەوە.

ئەلف بێ پێ: ئەو شتەی هیچ نییە هیچ دەبێت.

ئەلف بێ: خۆڵەمێش خۆڵەمێش دەبێت.

بێ: هەوا هەوا دەبێت.

ئەلف: خاک خاک دەبێت.

تێ: مشکەخۆرە بە چابوکیی مشکەخۆرە دەبێت.

پێ: پەڕ بە سووکیی پەڕ دەبێت.

بێ: سەفرا بە تاڵیی سەفرا دەبێت.

ئەلف: گەچ بە سپێتیی گەچ دەبێت.

تێ: کەرە بە نەرمی کەرە دەبێت.

پێ: هزر بە خێراییی هزر دەبێت.

بێ: موو بە پاکیزەییی موو دەبێت.

ئەلف: مەرگ بە قەد مەرگ جاڕسکەر دەبێت.

تێ: مردووەکان بە ڕەنگپەڕیویی مردوو دەبن.

پێ: لە-باویلکە-کەوتووان تا سەر حەددی باویلکە لە-باویلکە-کەوتوو دەبن.

بێ: قەلەڕەش بە ڕەشیی قەلەڕەش دەبێت.

ئەلف: تەختەکان بە تەختیی تەختە دەبن.

تێ: پێست بە ناسکیی پێست دەبێت.

پێ: پەنجە بە قەڵەویی پەنجە دەبێت.

بێ: بەنەکان وەک نازکیی بەن دەبن.

ئەلف: بەرد بە ڕەقیی بەرد دەبێت.

ئەلف بێ پێ تێ: هەر ڕۆژێک ڕۆژێکی وەک ڕۆژەکانی دیکە دەبێت.

 

 

١٩٦٦

 

 

فەرهەنگۆک:
ماڵۆس: مێیینەی بەراز.
خلێرە: مێروویەکی چکۆلەی زۆرپێدارە و خۆی خڕ دەکاتەوە.
مەکتەبلی: بە تەلەبە دەگوترا.
قازانقوڵفی-دروو: قازانقوڵفی، قولاب و گیرەیەکی نێرومێدارە، لە درووماندا بەکار دێت. یەخەی پێ دادەخرێت، یان دوو بەری پۆشاک لێک دەبەستێت.
قازەقۆز: ئەنیمەیشنێکە، لای ئێمە وا ناسراوە. ناوە بنەڕەتییەکەی Donald Duckـە.
شەوپاسەوان: پاسەوانی نۆبەتی شەو.
ئۆرگن: (بە ئینگلیزی: Organ) ئامێرێکی تەختەکلیلە کە بۆڕیی ھەیە و بە کلیلەکانی سەر تەختەکەی یاخود بە پەیدان دەژەنرێت.
چەودەن: چەودەر، چاودار، جۆرێک دانەوێڵە.
پەسپەسۆکە: شێوەی جاڵجاڵۆکەیە و لەو گەورەترە. ناوەکەی تۆزێک کۆمیدییە و خۆی ترسناک دیارە.
بە-ستوونی-خوێ-بووەکان: لە سیفری خولقاندا ژنی لووت دەبێت بە ستوونی خوێ، چونکە پێی گوترابوو ئاوڕ مەدەوە و ئاوڕی دایەوە.
پەرەزا: پەرەبەخۆدان، بوونەوەر کە بزێ و پەرە بە خۆی بدات. ڕێژەزۆرکردنی یەک شت، تکثیر.

 

سەرنج: بە مەبەستی بەکارهێنان یان نمایشکردنی ئەم دەقە وەرگێڕدراوە، پێویستە پرس بە وەرگێڕەکەی بکرێت.