ڕقم لێیە ڕۆژانە جلەکانت بشۆم

بووکوبە/شاعیری جەزائیری

March 29, 2018

عەبدولڕەزاق بووکوبە
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:
ڤینۆس فایەق

عەبدولڕەزاق بووکوبە شاعیر و ڕۆماننووسێکی جەزائیرییە و لە ساڵی ١٩٧٧ـدا لە دایک بووە. «دوو دەستی سێ کچەکە» و «کفنێک بۆ مردن» لە کتێبەکانی ئەون. هەروەها وەرگێڕی ئەم شیعرانە، کتێبێکی ئەوی کردووە بە کوردی و بە ناوی «بێزوو/ سەرگوزشتەی دەقێک پێش نووسینی» بڵاوی کردووەتەوە. – باڵندە

ناچار نیم
هەموو شەوێک سەرینت بۆ دابنێم
ئه‌وه‌نده بەسە دەهێڵم بە رووتی لە تەنیشتمەوە بخەویت و
لێم دەپاڕێیتەوە بە وشەکان داتپۆشم

بۆچی هەر کە دەگەیتە لام پێڵاوەکانت دادەکەنیت؟
چوزانی یەکسەر دەرت ناکەم و
ناچار نابیت بە پێی پەتی بگەڕێیتەوە؟ و

دڕکی ڕێگا پێیەکانت بریندار دەکەن
پێڵاوەکە لەگەڵ خۆت بەرە
تا بە بیانووی دڕک
جارێکی دی نەگەڕێیتەوە

لە پەنجەرەکەوە بینیمیت
ڕێگەت لە هاتوچۆی دەقی تر دەگرت
زمانیان بەسەردا درێژ دەکەیت و
گوایه‌ به‌م زوانه‌ تۆ ده‌نووسم
له‌ كاتێكدا ده‌ق بە کەڵەکەکراوی لەسەر ڕێگاکان دەمێننەوە
چاوانت باش بکەرەوە
ئەوانیش دەقی منن

ئەو شۆخەی کێشات بە کەفەڵیدا و
بە شاڵەکەیەوە هەڵهاتی
لەناو بادا دەیگرتەوە
بەبێ شاڵ بە دڵم نییە
بیدەرەوە
دەتخنکێنم پێی
گەر لەسەر جێگە لەگەڵیدا
کێبڕکێم لەگەڵ بکەیت

دەنکێک فیاگرات بۆ ئامادە دەکەم
تا فزوولێكم بۆ تێر بكات كه‌ شه‌رم ناكات
ده‌ق چۆن ده‌سپه‌ڕ ده‌كات؟

بۆچی به‌رده‌وام
بۆ گه‌یشتن به‌ ناونیشانه‌كانت
چۆله‌كه‌كانیش ماندوو ده‌كه‌یت؟

ئارەزوو دەکەم بزانم دەقێک چۆن دەمرێت
چۆن لە چۆڵەوانیی بیرەوەریدا دەنێژرێت و
ناوی گۆڕەکەی نابرێت
ته‌نیا نووسه‌ره‌كه‌ی نه‌بێت
کە لە ئاست فەنابوونیدا کوێرە و
تەنیا بێوەفاییی خەڵک دەبینێت

یاری بە دەقی ڕۆژنامەکان مەکە
ڕقم لێیە ڕۆژانە جلەکانت بشۆم

ئەگەر جۆگەلەی ڕەخنەگرەکان ئابڵووقەیان دایت
جۆگەلەکانی خۆت وشک بکەرەوە
وازیان لێ بێنە با بڵێن
لە ئاو بەتاڵیت


لێرە گفتوگۆی باڵندە لەگەڵ عەبدولڕەزاق بووکوبەدا بخوێننەوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار