سامان حەسەن، دانیشتووی قەڵادزێیە، لە ساڵی ٢٠٠٠ لەدایکبووە و ئێستا خوێندکاری بەشی بایۆلۆجییە لە زانکۆی شەقڵاوە. ئەمە دووەمین شیعری سامانە لە ماڵپەڕی باڵندەوە بڵاو دەبێتەوە. خوێنەری بن
ڕادیۆکانی شۆڕش، فتوای ئاخوندەکان
سامان حەسەن
تفکردنە پەیکەرەکەی سەدام – شکاندنی فتواکانی تاران
لەپێکردنی پۆستاڵەکان – داکەندنی خودە خۆڵاوییەکە
بەیەکەوە فڕۆکەکانمان دەژمارد
کە وەک پۆلە مراوی کۆچ دەکەن
من دەمگوت چەند جوانە فڕین
ئەوجار ئەو دەیگوت چەند ترسناکە بەربوونەوە.
من شاعیر و ئەو بێکار
من پێشبینی لەزەتی فڕینم دەکرد
ئەوجار ئەو کەوتنی بۆمباکان
بەڵام هەردووکمان پەلەمان بوو
تا لەم بەرگە خاکییە نەجاتمان بێت، کە لە کفنی زیندووەکان دەچوو،
لەم پۆستاڵە خۆڵاوییانە نەجاتمان بێت کە وەک لەپێکردنی دەبابە وابوو.
ڕەنگبێ ئەوە پێکەنیناویترین قسە بووبێت کە دەیهێناینە پێکەنین.
با لەبیرمان نەچنەوە ئەو ملوانکانەی لە ملی سەربازە کوژراوەکانمان دەکردنەوە
چەندە زۆر بوون.
٭٭٭
بەیانیان دوای “تصبح علی الخیر”ە زبرەکانی سەدام هەڵدەستاین،
ئەگەر بەختەوەرانە خەومان لێکەوتبا.
شەوان دوای سەعاتێک لە کوشت و کوشتار دەنووستین
ئەگەر ئاخوندەکانی تاران فتوای دیکەیان نەدابا.
ئەو ڕۆژانە چەندە ڕقمان لە تاران و بەغدا دەبووەوە
کە نە قاوەی عەرەبی و نە شعری فارسی ئاشتی دەکردینەوە.
نە موتەنەبی و نە سەعدی لەبیر ئەو ڕۆژگارەماندا مابوون.
٭٭٭
شەوان درەنگانێک
کە گیانمان کەمتر ئارەقی دەکرد
گۆرانیمان دەگوت.
“لە ناکەسکاریا مردین خاکمان بەسەر ڕۆیی بەبا عومر”
بە کوردی هاوارمان بۆ سەربازە ئێرانییەکان دەکرد
ئەوانیش بە لەفزی ئاسکێکی سەرسوڕماو نرکەیان دەدایەوە.
وامانزانی لەبەر چرکە میزە، گەرمای باشوور، چاوەڕوانی ناکۆتایی ڕۆژەکانی جەنگ بێدارن.
قەت لەیەکتر نەگەیشتین
وەک جەمسەرە هاوبارەکانی موگناتیس وە دوور کەوتینەوە.
٭٭٭
کە دارخورماکانت دی ڕاچڵەکیت
دەمزانی دەترسی
دەمزانی دەترسای پێم بڵێی ئیدی دار بەڕووەکانی قەرەداغ نابینینەوە،
بەڵام هیچت نەگوت
وەک ئەوساتەی بۆ هەمیشە بێدەنگ بووی
ئازای گیانت خوێن بوو
ڕەنگی ئەو شەهیدانەت هەبوو
کە موریدەکانی کەربەلای دەگریاند.
٭٭٭
یەکەمجار کە دەریامان بینی
تەنیا لەبیری ئەوەدابووین خودە و پۆستاڵە خۆڵاوییەکانمان داماڵین و مەلە بکەین،
گەمژە بووین نەماندەزانی بەندەرعەباس جێگەی لەنگەرگرتنی ئێمە نییە
خۆت تووڕ دا و گوتت ئێستا بە ئەرخەیانی
میز دەکەمە دەریاوە لێرە کەس نازانێ
لێت توڕە بووم.
لەبیرم نەمابوو دەریا بە ئێمە پیس نابێت
نەمدەزانی کۆتا جارتە خۆت بشۆی
ببوورە نەمهێشت غوسڵ لەو دڵە شکاوەت دەرکەی
ببوورە.
واعیزێکی خراپ بووم ئەوسا
ئێستا بێکارێکی دڵشکاو.
سەرت بەرزکردەوە و دووبارە پۆلە فڕۆکەکانت بینی
دڵت شکا.
قەولەکەت شکاند
دەتگوت جارێکی دیکە سەر بەرز ناکەمەوە
شینیی ئاسمان و جوانییەکەی بە جەهەننەم
کە ئیبلیسەکانی ئاسمان کوناودەری بکەن.
٭٭٭
بەناو بەغدادا ڕۆیشتین
سەرمان سوڕمابوو!
ئەوەندەی نەمابوو بگرین، دەترساین ونبین
هەر بەڕاستی دەترساین
وڕێنەت دەکرد “دنیا هێندە گەورەیە! تو حەزرەتی ئاخیرەت دنیامان بچووک بکەوە ئێمە ون دەبین”.
هەر بەڕاستی ونبووین
خۆمم ونکردووە
تۆم ونکردووە.
دەمێکجار دەمهەوێ لە ڕۆژنامەکان لە گۆشەی بێسۆراغەکان
ئەو ڕەسمەی خوڕەم شەهر دانێم کە پێکەوە گرتمان.
ئەی چی لەسەر بنووسم؟
کە شعرم تەرک داوە و پیتەکانم بیر چوونەتەوە.
٭٭٭
زنجیری پانتۆڵەکەت دادەخست
پێدەکەنی وەک ئەوەی غەمی ڕووت بشارییەوە.
دەتگوت
سەدام ببینێ زریزەی پانتۆڵەکەم کراوەیە
دەیبڕێ.
نامهەوێ ببمە کۆمیدیترین سەربازی کەمئەندام
لەم شەڕەدا،
میراتی باپیرانم بەبا بچێ.
وەجاخکوێر بووی
تا پێت کرا زریزەکەت داخست،
بەڵام وەجاخ کوێر دەرچووی.
٭٭٭
چەند خەمبار بووی
کە محەمەدەکەی ناو سینەت نەیدەهێشت
ئەو سەربازە ئێرانییانە بکوژی
کە زۆر بە ڕیشە تەنکەکەیان پێدەکەنیت
دەتگوت لە گەنمی فەقیران دەچێ.
نەتکوشتن
خۆتت کوشت
محەمەدەکەی سینەت نەیهێشت کەس بکوژیت
بەڵام خۆتی کوشت.
ئەگەر شەڕێکی دیکە هەڵگیرسێ
ناهێڵم فەرماندەم بی
ئەگەر زیندوو بیتەوە.
٭٭٭
عەلیت لەبیرە،
پێستە ئەسمەرە سووتاوەکەیت لەبیرە،
چەندە خۆشیمان لە مەسخەرەکانی دەهات.
ددانەکانیت لەبیرە
وەک پیرە دارێک کلۆر بووبوون.
کە دەگریا وەک منداڵی لێدەهات
دڵی پڕ دەبوو لە شەکوا
زمانی پڕدەبوو لە هەڵیت و پەڵیت
خۆشیی لە ناوەکەی خۆشی نەدەهات.
دەیگووت لە دایکببمەوە، بەر لەوەی ناوم بنێن وەک حەزرەتی عیسا دێمە گۆ
دەڵێم تخوا ناوم مەنێن عەلی
سەدام عەلی زادەکانی خۆشناوێ
سەدام ڕقێکی ئەزەلی لەگەڵ عەلیدا هەیە.
٭٭٭
جگەرەیەکت داگیرساند
خۆکوژێک هات
ڕاچڵەکین
من ڕامکرد تۆ کەوتی
ئەوتەقیەوە
تۆ کەوتی
تۆ مردی
چەن خێرا ڕوویدا
مێشکت وەک باڵۆنێکی پڕ هەوا
تەقی
خوێنت وەک یارییە ئاگرینەکان پڕژا
فریا نەکەوتم لەگەڵت بمرم
فریا نەکەوتم لەگەڵت بپڕژێم
بەیەکتردا ئاوێتە بین
مردیت
شەهید نەبوویت، مردیت
وات دەگوت
ئەوە شەڕە، دەمرین، شەهید نابین
دەمرین و دار خورماکانی بەسڕە هەر جوانن
دار بەڕووەکانی قەرەداغ هەر سەوزن.
٭٭٭
نەگریام نەگریام وەک ئەوەی شاد بم.
سەدام نایهەوێ سەربازەکانی بگرین
سەرم کاس بوو
دەبوو ئەو دیلانەی دەیانگرم نەیانکوژم
لەبەر محەمەدەکەی سینەت
لەبەر ئەبەدییەتی تۆ لە جەنگەکەدا.
٭٭٭
کفنەکەت دڕا
جلەکانت کوون کوون بوون.
بە چ غیرەتێکەوە جلەکانت داماڵم،
نازانی سەدام چەندە دڵڕەقە
کێ باوەڕ دەکات سەدام
پیاوێک فرمێسکەکانیشی وەک بارووتن
جلی سەربازێکی کوژراو لە سەربازێکی دڵشکاو وەرگرێتەوە.
نەتدەزانی چەند دڵڕەقە؟
یان تۆش خۆت گێل کرد
گوێت نەدا ئەو دنیایە چۆن دەگۆڕێ دوای تۆ،
گوێت نەدا سەدام چەن دڵڕەقە،
ئەگەر جلە خوێناویەکانی تۆ و ناچیزەیی من ببینێت.
٭٭٭
داوام لێکرد بۆ جارێکیش بووە
شتێک بڵێ لەشعر بچێت تا تەنیایم بیرچێتەوە.
گوتی
“ئاسمان شینی ئەرخەوانییە
ئیلا خاڵە ڕەشەکانیم لەبیر نەچێ،
شەو تاریک
ئیلا ئەگەر چرا لەپڕە سوورەکان لێبگەڕێن”.
چەندە پێکەنیناوی شعرەکەی کە دەیهێنامە گریان
خاڵە ڕەشەکان
چرا لەپڕە سوورەکان.
٭٭٭
ڕادیۆکانی شۆڕشی تاران و بەغدا خامۆش بوون.
دەنگی وتارە تووندەکان نەدەهات.
ئاگرەکانیان کوژاندەوە.
سندوقی فیشەکەکانیان داخست.
دەبابەکانیان کێشایەوە مەیدانەکان تا خۆڵیان لەسەر بنیشێ.
فڕۆکەکانیان وەک کوکوختی لە قەفەس نا تا ئیدی ڕیقنە بەسەر ساحەی تحریر و بورجی ئازادیدا نەکەن،
تا گۆڕی دوازدە ئیمام نەلەرزێنن.
ئاسمان ئێستا مەخمەڵییە شین بێ خاڵ
شەو تاریکە بێ ڕووناکییە لەپڕە سوورەکان.
جەنگ تەواو بوو
ئەبەدیەتی تۆش تەواو
مردیت وەک ئەوەی هەر نەبووبی.
٭٭٭
نیگارەکەتم هەڵگرتووە،
ئەو نیگارەی بێماڵێکی عەرەب لە بەسڕە دروستی کرد
دەیگوت دینارێکم بدەیە هەموو خێڵەکەت دروست دەکەمەوە.
پۆستاڵە خۆڵاوییەکانت دی خەریکبوو بگریت
گوتت دەبێ دەنکە زیخێکی قەرەداغیان پێوە مابێ.
شەرمت دەکرد لەبەرچاوی بێماڵێکی عەرەب بگریت
بێحاڵێک، گەر دینارێکت بدابایە تەواوی خێڵەکەتی دروست دەکردەوە.
گەر حەسیرێکت دابایە نیشتیمانێکی بۆ ڕادەخستی.
هەردووکمان چەتوون بووین
لەبەر چەند دینارێک نیشتیمانمان توڕدا
لە ترسی پۆستاڵە خۆڵاوییەکان
نە دەستمان بۆ گیرفانمان برد
نە دەممان هەڵهێنا.
٭٭٭
ئیدی
لە جێیەکی دیکە دەیژیم
بەڵام هێشتا دەموچاوم خۆڵاوی دەبێت.
بێدەنگیم هەڵبژاردووە
بەڵام هێشتا دەنگی بێتەل و فیشەک و بۆمبا و تۆ دێت.
وازم لە شعر هێناوە
بەڵام هێشتا تانەکانت لە شعرەکانم ئازارم دەدەن.
ڕیشم ناتاشم
بەڵام هێشتا هەموو بەیانییەک دەست لە گوێزانەکە دەدەم.
جگەرەم تەرک داوە
بەڵام هێشتا دوکەڵ لە سینگم دێتە دەرێ.
زیز مەبە هاوڕێ
وازم لە مەی خواردنەوە هێناوە بەدزییەوە.
بێباوەڕ نیم ئیتر
ئێستا محەمەدەکەی سینەتم خۆشدەوێ.
٭٭٭
دکتۆرەکە گوتی ئاوی ئەژنۆت داکەوتووە.
وەها نەخۆشییەک تەنیا لە چاوەڕوانییەوە دێت.
چاوەڕوانی چی؟
خۆ تۆ مردوویت،
بەڵام
باوەڕم هێناوە
دەڵێن ئاینەکەت مژدەی داوە
محەمەدەکەی سینەت گوتوویە خەم مەخۆن ئازیزانتان لە عەدەن دەبیننەوە.
خوات هەڵناگرێ وێڵم کەی بەم ئەژنۆ داکەوتووانە،
بەم لاقە لەرزۆکانە،
بەم چەقینە درێژەوە.
٭٭٭
ساواکان کە یەکەمجار شیر دەخۆن دەزانن
بیرەوەرییەکانی من چەندە نامۆن.
وێنەکانمان لە خوڕەم شەهر، بەسڕە. بەغدا. کە پێکەوە گرتمانن چەندە تەڵخن.
وێنەکەی تۆ کە پیاوێکی بێماڵ کێشای چەندە تاڵە
سپیبوونی من و چاوانی ئەوان چەند ترسناکە ئاوێتەبن.
٭٭٭
هەستەوە
با جارێکی دی زابتەکە سەرمان نەتاشێت،
ڕوحم تاقەتی ئەتکێکی دیکەی نییە.
هەستەوە
دەبێ بچینەوە قەرداغ
لەوێ هەموو شتێک چاوەڕێمانە.
هەستەوە
زات ناکەم شەقاوی هەڵهێنم
لەسەر کورسیی بەنی ئادەم ئیفلیجم مەکە.
هەستەوە
عوزرێکت نییە بۆ تەمبەڵی
هیجرت دەبێتە تاوانێکی جاری.
هەستەوە
کینگێڵێک بستێنەوە، تا لای دۆستە مەسخەرە بازەکانمان ئابڕوومان نەچووە،
دنیا جۆرێکی دیکەیە دوای تۆ.
٭٭٭
فەسڵەکان گۆڕان
ڕەنگەکان گۆڕان
زەرد جێێ سپی
سپی جێی پرتەقاڵی
پرتەقاڵی جێی سەوز
سەوز جێی زەرد
زەرد جێێ سپی
سپی جێی پرتەقاڵی
پرتەقاڵی جێی سەوز
سەوز جێی زەردی
گرتەوە
هەموو شتێک جێی دەگیرێتەوە
وەلی تۆ نا
هەموو شتێک لە سووڕدایە
وەلی تۆ خۆت کەنار دا.