دارستانەکانم وەک پاڵتۆ داوە بە شانمدا

ڕاهۆز کامەران/شاعیری کورد

May 5, 2020

دارستانەکان… شیعرێکی ڕەخنەکارانە و بەدبینانەی ڕاهۆز کامەرانـە، کە تێیدا بە سەربازان دەست پێ دەکات و بە پرسی شاعیران کۆتایی دێت. ئەو لە باسی کورد و شوێن و مرۆڤدا ڕوانینێکی ناڕازییانەی هەیە، تەنانەت بەرامبەر دنیای شاعیران خۆیان. ئەم شاعیرە سەرلەدووی زمانی خۆی، دەیەوێت پانتایییەکی تایبەت بە بیرۆکە و خەمە شیعرییەکانی خۆی دروست بکات. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

دارستانەکانم وەک پاڵتۆ بە شانمدا داوە
ڕاهۆز کامەران

 

 

 

لوو لە لاملی سەربازان هاتبوو

سوارەکانم لەشیان ئەسپێ تێی دابوو

جەنگ لە قوستەنتینەوە گل دەبووەوە

لە وان ئێمە کەوتبووین…

کەسانێک بووین، کوردبوون کۆی کردبووینەوە

کەسانێک بووین، هەموومان هاوبەش بووین لەوەدا

کە خاکەکەمان ونی کردووین

کە خاکەکەمان لێ ون بووە…

دەجەنگاین لەسەر شوێنێک کە دڵنیا نەبووین هیی کێیە

بەڵام دەمانزانی دەبێت ئێمەیش دانەیەکی وامان هەبێت!

 

ئایا شوێنێک هەبووە هیی مرۆڤ بووبێت…

هیچ کاتێک؟

 

لە ماڵەوە هاتوومەتە دەرەوە

لەو چوارگۆشەیەی خۆم تێیدا وەک کیسەڵ دێتە پێش چاو

بەناو دارستانەکاندا دەگەڕێم

لە هێمنیی بێبڕواییدا نووقم بووم…

وەک بەردێک کە لە گوێ ئاوێکدا نیشتووە، لە بۆشاییدا دڵم نیشتووە

دەبینم

شەقامەکان وەک بیرۆکەکان، کە هەر یەکەی بە هۆکارێک هەڵەن،

چوون بەناو یەکدا

پێکەوە بۆ شوێنێک دەڕۆن

پڕە لە دەرگا

کە هەرگیز کەس نایانکاتەوە.

گوڵ

کە من زۆر لێیەوە نزیکم

لە باخە فراوانەکانەوە پاشەکشەی کردووە بۆ نێو ئینجانە تەسکەکان

ئەوەی نیگەرانم دەکات ئەوەیە شاعیران بەمە ڕازی بوون

بەوەش ڕازی بوون ژنەکان هان دەدرێن ڕۆڵی پیاوانە ببینن

بەوەش ڕازی بوون منداڵان بەیانیان بچن بۆ کار

مامۆستایان لە پۆلەکانیاندا ببن بە خودا

بەوەش ڕازی بوون کە دارستانە چڕەکانی ئارەزوو فەرامۆش بکرێن.

ئارەزوو

کە دەشتی بەپیتی شاعیران بوو ڕۆژانێک!

من

دەربارەی ڕازیبوونی تاکەهێزی ڕاستەقینەی خودا کە شاعیرانن لەسەر زەوی

نیگەرانم…

بۆیە

دارستانەکانم وەک پاڵتۆ بە شانمدا داوە

کوردەکانم وەک با دەگەڵ خۆم خستوون

ڕووم کە هەزاران ساڵ دەبێت لە هیچ کوێ نییە

کردووەتە دەریاکان

کۆن بووم و تاکەشوێن پەناگەی زەمەنێک بێت، یەک پارچە ئاوارەیییە قووڵایییەکانە

کە لە سەرەتاکانیدا خۆم پەنا داوە…

بەڵام

بڕیارم داوە تفەنگەکەم دەربێنمەوە

دنیا کاتێک هێرشت بۆ دێنێت

تۆ نابێت وەک شاعیرێک تەنیا سەیری بکەیت

شاعیران

گومانێکی چڕن لە دارستانی باوەڕدا

شەوێکی سامناکن

کە دەبێت ئیتر دابێن؛

تا جیهان لە خلۆربوونەوە بۆ ناو فریوی ڕووناکی بگرنەوە.