هاوینی شەوە ساردەکان

ڕەشید مەحموود/شاعیر و وەرگێڕی کورد

April 25, 2018

ڕەشید مەحموود، لە شاعیرانی نوێی کوردە. ساڵی ١٩٩٢ لە دایک بووە. دەرچووی بەشی ئینگلیزیی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتییە. لە هەولێر دادەنیشێت. ئەو هەر لە سەرەتاوە دەیەوێت بە جۆرێکی جیاواز بنووسێت و دەربڕینێکی جیاواز بۆ خستنەڕووی شتەکان بخاتە ڕوو. مۆنۆدرامای (دەسپەڕچیی گەورە) یەکەم کاری بوو. هەروەها لە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزییەوە وەردەگێڕێت. – ماڵپەڕی باڵندە

 

هاوینی شەوە ساردەکان
ڕەشید مەحموود

 

١
ڕزگاربوون لە دۆستۆیۆڤسکی

بە پلیکانەکاندا دێیتە خوار. دەستشۆرەکە لە لای دەستەچەپی پلیکانەکانە. دەستێکت لەسەر دەستشۆرەکەیە و دەستەکەی تریشت بە دیوارەوە؛ لای ڕاستی ناوەڕاستی ئاوێنەکە. خۆت لە پشت خۆتەوە دەبینی بە تەورێکەوە.
(چ مانایەکی هەیە بۆ ئێمە؛ گۆماوێکی خوێن و ملیۆنێک ڕستەی بەختەوەری؟ ئاهـ جولیێتی من، مێژووی ئەم مەملەکەتە لەنێو دەمارەکانمدا مەییوە. هەر هەنگاوێکم بەرەو ڕزگاری، کوێرەوەری بوو. سەری خۆمم بە تێپەڕینی ڕۆژەکان لێرانەدا بەستەوە؛ بینیم برینێکم لە سەد چەقۆ، چەقۆیەکم بۆ هەزار برین. قەدەغەیە لە تۆ هاتن بۆ سەر بیرکردنەوەکانم، وەک قەدەغەییی بەفر لە هاوین. وشەکانم وەک تفەنگ بەسەر شانمەوە، جوانی وەک تفێک بە ڕووخساری ژیانەوە؛ ڕێ دەکەم… دەگەڕێمەوە سەدەکانی ناوەڕاست، گەڕانەوە نەبێت چۆن هەنگاوی درێژ بهاوێژم.)
تەورەکە دەکێشیت بە پشتەملتدا، لەنێو خوێنی خۆتدا دەگەوزێیت. دەستێک بە قژتدا دەهێنیت و بەسەر تەرمەکەتدا باز دەدەیت و دەڕۆیتە دەرەوە.

 

۲
نیتچە دوای پۆستمۆدێرنە

لە دەرگای زانکۆ دەڕۆیتە ژوورەوە. کەسێکت خۆش دەوێت بەشێک نییە لەوێ. لەگەڵ دووەم هەنگاو شانت بەر شانی قسەی قوتابییەکان دەکەوێت. هەنگاوی دووەم… سێیەم… چوارەم… شانەکانت ئازاریان پێ دەگات. پێت بەر قسەی مامۆستاکان دەکەوێت و ساتمە دەکەیت.
لە کۆشکەکە چایەک دەهێنیت و جگەرەیەک دادەگیرسێنیت، خەم لەو ئەسپە ئازاردراوەی نێو هەموو ئەو بوونەوەرانە دەخۆیت.

 

۳
گریانی کابرای کتێبفرۆشی باقووبە

دوای نیوەشەوێکی ڕوونی زۆر سارد، بایەکی توند دارەکانی ناوەڕاستی جووتسایدەکەی دەهەژاند، جاروباریش دەنگی گرمەی هەورەتریشقە دەهات. تۆ نەخەوتبوویت، لە تەلەفۆنەکەوە پێتەوە دیار بوو کە لە نێوان گریان و نەگریاندا ساتمە دەکەیت. بەڵام ئەو شەوانە تا بەرەبەیان ئازارەکانمت دەلاواندنەوە؛
ئەو شەوانە برینێکن پەروەردەیان کردم.
بە دیار کتێبێک کە حەزت بە تەواوبوونی نەدەکرد پاکەتەکەت تەواو بوو، دەستت لەژێر چەناگەت دادەنێیت و دەڵێیت: سبەینێ دوێنێ تەواو بوو، ئەمڕۆ پێویستە پشوویەک وەربگرم.

 

٤
هەڤاڵ کوێستانی لە خەونمدا

نیشتیمان هیچ ڕۆژێک هیی هەموان نەبووە.

 

٥
دەستەکانم هێند پڕ دەستی تۆن، لە گیرفانمدا جێگەیان نابێتەوە
دایکە ئیتر ئێمە بەختەوەر نین.