شیعر و بیرکردنەوە لە زمان
ڕەوا هەژار
وشە بچووکترین بڕگەی مانادارە، کە بتوانرێت بە ئازادییەکی دابڕاو و ناوەڕۆکێکی واتاییی سەربەخۆوە گۆ بکرێت. تا ئەو شوێنەی وشە هەبێت زانین و فێربوون لە دۆخێکدان، کە من ناوی دەنێم دۆخی “پەیدابوون”. لەو شوێنەدا وشە هەیە پەیدابوون ڕوو دەدات، لەو شوێنەیشدا وشە نامێنێت هیچ شتێکی تر بوونی نامێنێت. ئەم پێناسەیە بۆ زمان جودا لەو پێناسانەی تر، کە زمان وەکوو کەرەستەی کۆمیونیکەیشنی نێوان ئاخێوەر و گوێگر دەناسێنن؛ پێی وایە زمان خستنەڕووی ئەوەیە کە هەیە. ئەم خستنەڕوو و پەیدابوونە لە “شیعر”ـدا بە هەموو هێز و چووستیی خۆیەوە دەتوانرێت بەدی بکرێت، بە مەرجێک وشەی شیعر بە واتا هایدگەرییەکە وەربگرین و بە بنچینەی خودی زمان سەیری بکەین. واتا زمان لە هەموو شوێنێکدا شیعرە، چونکە شیعر بە مانا بنچینەیییەکەی ئەم ڕێگرییەی لێ ناکات. شیعر زمان وەکوو زمان دەخاتە ڕوو و لێرەیشەوە زمان وەکوو قەوارەیەک هەموو ئەوە دەردەخات، کە هەیە.
هایدگەر دەپرسێت: “داخۆ ڕێکارە زمانەوانییەکان دەتوانن دادپەروەرانە پێناسەی زمان بکەن؟ دەتوانن پێمان بڵێن ناوەڕۆکی زمان چییە؟” (هایدگەر ١٩٨٢: ٥٦ – ١٣٩) بە مانایەکی تر، وشەیەک هەیە بتوانێت زمان لە سەروەختی فرچککردندا بناسێنێت؟ لەو کاتەدا کە زمان لە دۆخی خۆدەرخستندایە هیچ ئامرازێکی بان-زمانی هەیە بتوانێت لە بارەیەوە بدوێت؟ دەبێت ئەوە بزانین کە لێرەدا هایدگەر نایەوێت زمان بکات بە ئۆبجێکتێکی زانستی، چونکە نەریتی هایدگەر نەریتێکی زانستی نییە، بەڵکوو دەیەوێت وەکوو هەموو پرسیارە گەورەکانی تر، پرسیاری زمان جارێکی تر لە پرسیارکەر بکاتەوە پرسیار، چونکە پرسیارکەر لە سەروەختی پرسیارکردندا لەناو زماندایە، قسەکردنیش لە بارەی زمانەوە ساتێکی تری هاتنەدەرەوەی زمانە. بۆ هایدگەر ئەمە دۆخێک نییە زانست و ڕێکارە زمانەوانییەکان بتوانن چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، چونکە ئەگەر لە ڕووی زمانەوانییەوە بۆ پێناسەی ئەم دۆخە بگەڕێیت، ئەوا مەحکووم بە بەکارهێنانی ئەو وشانە دەبیت کە لە چوارچێوەی شاردنەوەدا درووست بوون نەک دەرخستندا. وەکوو ئەوەی ڕێکارێکی زمانەوانی بڵێت زمان ئەلف و بێ و دالە، هایدگەر لەوێدا دەپرسێتەوە ئەدی ئەلف و بێ و دال چین؟ بۆیە تێڕوانینە هایدگەرییەکە بۆ زمان ناسینی زمان نییە لە ڕێگەی دەستەواژە و زاراوەنواندنەوە، وەکوو ئەوەی چۆمسکی دەیناسێنێت، بەڵکە هەوڵدانە بۆ بە-شیعر-بوونەوەی زمان و خۆلادان لە هەموو ئەو ڕووکەشگەرایییەی دەیەوێت شیعر چوارچێوە بکات. زمان بە شێوەیەکی خۆسەپێنەرانە ڕێگریی بەکارهێنانی وشەیەکمان لێ دەکات ماهییەتی زمانەکەی تێدا پێناسە بکرێت، شیعریش باشترین نموونەی ئەم ڕێگرییەیە.
لودویگ ویتگنشتیان بە نەریتێکی تەواو پێچەوانەی هایدگەر لێدوانێکی هاوشێوە دەدات، لە بەندی حەوتەمی کتێبی یەکەمیدا وەکوو ئەنجامگیریی کتێبەکەی دەڵێت: “ئەوەی ناتوانین لە بارەیەوە بدوێین دەبێت ڕێگە بدەین بە بێدەنگی تێپەڕێت.” (لۆجیکۆ ١٩٢١ – ٧٠) بەڵام بیرکردنەوە زانستییەکە لە بارەی زمانەوە بە تەواوی لێرەدا قسەکردن بە پێویست دەزانێت. شیعر وەکوو دیوە کێوییەکەی زمان بە تەواوی هایدگەری خستووەتە ناو غەیبووبەی ئەو بڕوایەوە، کە زمان بۆ هەتاهەتایە کێوی دەمێنێتەوە، ئەمەش هێندەی ڕامانێکی تەسەووفییە هێندە هەوڵدان نییە بۆ ڕێکخستنێکی ئەزموونی. ئێمە پێویستمان بە گوێگرتن لە شیعر هەیە هەتا بیرمان بهێنێتەوە تا ئەوەی گومانمان لە پێناسەکانی زمان هەبێت، بەڵام ناکرێت ئەم دیدە بە جۆرێک بکشێنرێت کە توانای تێڕامان و کەڵەکەکردن بە هۆی گوێگرتن لە شیعرەوە لە دەست بدەین.
شیعر وەکوو دیوە کێوییەکەی زمان بە تەواوی هایدگەری خستووەتە ناو غەیبووبەی ئەو بڕوایەوە، کە زمان بۆ هەتاهەتایە کێوی دەمێنێتەوە، ئەمەش هێندەی ڕامانێکی تەسەووفییە هێندە هەوڵدان نییە بۆ ڕێکخستنێکی ئەزموونی.
زمان دەکرێت بۆ هەمیشە لە دۆخی پەیدابوون و کێویبووندا بێت، بەڵام هەستکردن بەم کێویبوونەی زمان بەرهەمێکی هەرە گەورەی تێڕامان و لێوردبوونەوەیە. بەکەمگرتنی ئەم تێڕامانە و نەبینینی دەستکەوتەکانی نابێت بکرێنە قوربانیی ستایشی شیعر، بەڵکوو تەواو بە پێچەوانەوە. هەموو ماریفەتی زانستی بەرهەمی تێڕامانە لە شیعرییەتی زمان و ڕەخنەکردنی ئەو تێڕامانانەیە بە نەفەسێکی ئەزموونییەوە.
ئەمە دەڵێم و پێم وا نییە ئەم تێڕوانینە ئەزموونییە بەرهەمێکی پەتیی تێگەیشتن لە زمان بە دەستەوە بدات، بەڵکە لە باشترین دۆخدا دەمانکات بە خاوەنی کۆمەڵێک تیۆر و مۆدێلی دژبەیەک و ئەم مۆدێلە دژبەیەکانە دواتر وا دەکەن جووڵە لە نێوان چەمکەکاندا درووست ببێت و تێگەیشتنمان لە زمان بە ڕیتمێکی هێواش پەرە بستێنێت.
تێڕوانینەکەی هایدگەر بە تەواوی لەم شیعرەی مەحویدا دەتوانرێت هەست پێ بکرێت؛
دڵ بوو بە بەحری علووم و لە ئەلف و بێ ناگەم
لای مەحوی تێگەیشتن بە تەنیا نەبەستراوەتەوە بە زانینی زۆرەوە. بۆ مەحوی بە تەنیا لە ڕێگەی زانینی هەموو مێژووی وشەکانەوە ناتوانین لە دەلالەتی بەکارهێنانی ئێستایان تێبگەین. مەحوی بە هەمان شێوەی هایدگەر جەخت لەو بڕوایە دەکاتەوە، کە زمان وابەستەگییەکی ساتەوەختیی تێپەڕی هەیە و پەیوەندییەکی حەیاتیی بە تاکبەتاکی ئاخێوەرەکانەوە هەیە. ئەم بڕوایە پێداچوونەوەی تێگەیشتنی زمان لە چنگی خوێندنەوە مێژوویییەکان دەردەهێنێت و بە هۆشیارییەکی چەتوونترەوە گوێ دەگرێت، چونکە لێرەدا زمان بە شێوە بنەڕەتییەکەی ژیانە لە ئێستادا و هیچ شتێکی دی ناکەوێتە پێش. زمان، دەبێت بەو هێمایەی کە بە بیرت دەهێنێتەوە ساتێکی دواتر هەیە شوێنی ئەم ساتەی ئێستات بگرێتەوە. ئەمە ئەو هێزە گەورەیەیە لە شیعردا هەستی پێدەکەین و لارمان دەکاتەوە بۆ ناو خۆی. لە ڕاستیدا هەموو زمانزانێک دەبێت هەست بەو قودرەتە نەبڕاوە ناوەکییەی زمان بکات پێش ئەوەی هەوڵ بدات شێوەیەکی زمانەوانی بۆ دۆزینەوەکانی دابنێت.
بە بڕوای من هەموو کارێکی جددیی زمانەوانی، لە دوای ژێرخانێکی زۆر مەزنی بەرهەمی ئەدەبی و تێڕامانی هۆشەکییەوە ئومێدی هاتنەئارای لێ دەکرێت. وێڕای ئەوەی ئەدەبیاتی کوردی هەمیشە بەرهەمی بووە، بەڵام تێڕامانی ئەدەبی تا ئاستی بێدەنگییەکی بەربڵاو لە ڕێڕەوە گشتییەکەیدا بێبەرهەم بووە، چونکە ئەدەبیاتی کوردی زۆر بە دەگمەن نەبێت هەوڵ نادات جارێکی تر زمان بخاتەوە هەوڵی پێناسەکردنی زمانەکانی پێشووی، بەڵکە لە دۆخە ڕامانە تەسەووفییەکە نەهاتووەتە دەرەوە و هەمیشە لە هەڵهێنجانی ماددەی خامی ئەدەبیدا بووە و ڕاماوە.