شاعیرێک و سەما دەنگییەکەی

ڕەوا هەژار/شاعیر

December 24, 2019

شاعیرێک و سەما دەنگییەکەی
ڕەوا هەژار

 

 

 

شیعر تەنیا لە یەک پێناودا دەنووسرێت ئەو تەنیا-پێناوەش خوێنەرە. لە دواجاردا کەرەستە خامەکانی بەردەستی هەر شاعیرێک/نووسەرێک بۆ گەیشتن بە هەیەجانەکانی خوێنەرەکەی بریتییە لە دەنگ و وێنە، تێکەڵاوکردنی وشەکان واتا تێکەڵاوکردنی دەنگ و وێنە جیاوازەکان. بۆ من شاڵاو حەبیبە پێش ئەوەی شاعیرێکی وێنەیی بێت شاعیرێکی دەنگییە. زمانی شیعریی شاڵاو حەبیبە زمانێکی خۆش-دەنگە.

 

 

شیعرەکانی شاڵاو هارمۆنیایەک و جوانییەکی دەنگییان تێدایە، کە قایلکەرانە کار لەسەر ئارامکردنەوەی گوێچکەی خوێنەر دەکەن. بە بڕوای من ئەم دەستکەوتە بە تەنیا لە ڕێگەی جوان-بژاردەکردنی تاک-وشەکانەوە نەهاتووەتەوە دی، کە دەزانم گرنگییەکی زۆریان پێ دەدات، بەڵکە دووبارەبوونەوە، لێک-نزیکی و سازان و جەریانی ئەندازە دەنگییەکانی زمانی شاڵاو پێکڕا بەم ئەنجامە دەگەن. زمان، وەکو دەروونی ئاخێوەرەکەی، پڕیەتی لە هەڵکشان و داکشانە کێوییەکان، لە زمانی شاڵاودا ئەم کێویبوونە بە بەهرەیەکی فشار-ڕەوێنەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. لە ئەدەبیاتی کوردیدا بە هۆی نەبوونی پاشخانێکی تێری نووسین، تێکەڵاوییەکی زۆر لە نێوان زمانی ڕۆژانە و زمانی نووسیندا هەیە. ڕەنگە زمانی شیعری کوردی زۆرتر توانیبێتی ئەم تێکەڵییە ببەزێنێت تا زمانە پەخشانییەکە، کە ئاشکرایە ئەمەش دیسان پەیوەندیی بە درەنگکەوتنی پەخشاننووسینەوە هەیە لە ئەدەبیاتی کوردیدا. بە هەردوو بارەکەدا بەکاربردنی دەنگ لە شیعردا ئەرکێکی زیاتری لە ئەستۆیە تا پەخشان، بەم هۆیەشەوە بەکارهێنانی دەنگ بووەتە جیاکەرەوەی زمانی ڕۆژانە لە زمانی شیعری.

 

شیعر دەبێتە فریادڕەس، زمانی باش دەبێتە زیندووکەرەوە، خۆش-دەنگییش دەبێتە میزاجی ئەو زیندووبوونەوەیە، لە نەوەی مندا شاڵاو حەبیبە یەکێکە لە زیندووکەرەوانی ئەو میزاجە دەنگییەی زمانی کوردی.

 

وەک دزوجەردەکان ئاشقی تۆم
خوێنی ئەژدیها و ڕاوچییەکان لە مندایە
وەک مرۆڤکوژ و خوێنخۆرەکان ئاشقی تۆم
خوێنی دیکتاتۆر و کافرەکان لە مندایە
ئەگەر ڕۆژێک
بە تەنیام جێ هێشتی و
ئەسڵەنیش نەگریام بۆت
وەک دڵڕەقەکان لەوانەیە
خۆشم ویستبیت
خەنجەرێک بووبێتم دەشێ
لە تەنیشت تۆوە
ئۆقرەم گرتبێ
لە خوێنڕشتن
ئەگەریش جێت دەهێڵم
لەبەر خۆتە
وەک خوێنڕێژەکان چونکە ئاشقی تۆم

 

 

دەروونی کۆمەڵگەی کوردی، دەرونێکی ماندوو و پڕفشارە، بەم هۆیەوە زمانی ڕۆژانەی ئێمە زمانێکی پڕفشارە، کاری نووسەر ڕێگرییە لە گواستنەوەی ئەم فشارە بێئاراستەیە بۆ ناو نووسین و دروستکردنی زمانێکی ڕەوانترە. بەشێکی زۆری داهێزراوییەکانی مرۆڤی کورد پەیوەندیی بە دەستکورتی ئەو هونەرە باڵایەوە هەیە کە پێی دەگوترێت هونەری گوزارشتکردن. دەبێت نووسەرێکی پێش سەردەمی نالی چەند داهێزراو و خۆبەکەمزان لە بەردەم نووسینی ڕستەیەکی کوردیدا دامابێت. هەموو زمانێک لە سەروەختی خراپ-بەکارهێنانیدا دەبێتە دەعبایەکی دەستکورت و ناچیزە، لاڵییەکی مەعریفی دەیگرێت. لەمڕۆدا زمانی کوردی، بە هۆی دەسەڵاتی ڕێترۆکی میدیای سیاسییەوە، تووشی لاڵییەکی مەعریفی بووە، ئەوەی گرنگی پێ نەدرێت دەنگە، زمانە، سازانە. بۆیە شیعر دەبێتە فریادڕەس، زمانی باش دەبێتە زیندووکەرەوە، خۆش-دەنگییش دەبێتە میزاجی ئەو زیندووبوونەوەیە، لە نەوەی مندا شاڵاو حەبیبە یەکێکە لە زیندووکەرەوانی ئەو میزاجە دەنگییەی زمانی کوردی. بۆ من، کە پەرۆشیی زمان بووەتە گرنگییەکی بەردەوامم، نووسەری باش ئەو نووسەرەیە داهێنەرانە کار لەسەر گوزارشت-دۆزی و کەرەستەسازییەکانی دەربڕین دەکات.  

 

 

ئێمە دەزانین کە ئەدەبیات لە شکڵە گشتییەکەیدا واتا چێژ، دەنگیش تێمایەکی زگماگیی ئەم چێژەیە. بەم هۆیەوە زمانی شیعری شاڵاو زمانێکە تێیدا دەنگ دروومانی چێژی خوێندەوە دەکات. نەوەی ئێمە کە قەرزدارێکی ئاشکرای نەوەکانی پێش خۆیەتی بەهانەیەکی ئەوتۆی بەدەستەوە نییە بۆ خراپبەکارهێنانی زمان، چونکە کتێبەکانی مەسعوود محەمەد، شێرکۆ بێکەس، بەختیار عەلی و دەیانی تر ئێمەیان بە جۆرەها مۆدێلی نووسینی سەرکەوتوو ئاشنا کردووە، بەڵام بەداخەوە هێشتا قسەکەرانی ئەم نەوەیە بە باشی خۆیان دەرنەخستووە. زمانی شاڵاو حەبیبە و بەختیار حەمەسوور ئومێدی ئەوەیان لێ دەکرێت وەکو قسەکەرێکی نەوەی ئێمە دەربکەون.

 

 

ئەمە دەڵێم و پێشم وایە دەنگ تەنیا دیوە ڕووکەشەکەی زمانە و هێندەی لە چۆنیەتیی گوزارشتەکاندا گرنگە هێندە لە چییەتییەکانیدا گرنگ نییە. لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین شاڵاو حەبیبە زیاتر گرنگی بە چۆنیەتیی گوزارشتەکان دەدات تا چیەتی، بەڵام ئەم گرنگیگییەی بە ئاستی هونەرنواندن گەیاندووە.

 

 

لە کۆتاییدا شیعر جگە لە خۆی هیچ جێگرەوەیەکی نییە، شیعری باشیش خۆی دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، بۆ من شیعرەکانی شاڵاو حەبیبە سەمایەکی دەنگین و هەر بەم شێوەیەش ئەوم بە زمانە خۆش-دەنگەکەیدا بیر دەکەوێتەوە.

 

 


سەرچاوەی شیعرەکانی شاعیر:

مۆسیقا فەرامۆشی کردم، شاڵاو حەبیبە، چاپکراوی ناوەندی غەزەلنووس/٢٠١٥