تێرۆریستە بچووکەکە

ڕەز هادی/شاعیری کورد

October 13, 2019

ڕەز هادی، ساڵی ١٩٩٩ لە سلێمانی لە دایک بووە. لە شاعیرانی نوێی کوردە. تەمەنی بیست ساڵە. بە ئینگلیزی دەنووسێت. چوار ساڵ لە کوردستان ژیاوە، ئەوی تری لە بەریتانیا بووە. تازە دەستی کردووە بە شیعرنووسین و لە کوردییشەوە بۆ ئینگلیزی وەردەگێڕێت. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

تێرۆریستە بچووکەکە

ڕەز هادی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەوا هەژار

 

 

 

زریکەکانم بە دەموچاومدا دڵۆپە دەکەن

ئازارەکەم ئاڵاوەتە ڕۆحم

خەموپەژارەکانم داگیرم دەکەن

تەماشای خانمە قژزەردەکەی کورسییەکەی بەرامبەرم دەکەم

بە ئارامییەکی زۆرەوە دانیشتووە و هیچ وەڕسییەکی پێوە دیار نییە

ڕۆژێکی خۆشی بەسەر بردووە و کەسوکاری نەکوژراون

وێنەی ئەو کچە بچووکەم بیر دەکەوێتەوە کە لە هەواڵەکاندا بینیم

چاوە سوورەکانی، شانە تێکشکاوەکانی، پێڵاوە بەخوێن-سووربووەکەی

ئەمە ئەو تێرۆریستە بچووکە بوو

کە تورکەکان لە ترسان هاتن و شەڕیان لەگەڵدا کرد

بۆمبەکان هەموو خێزانەکەیان برد

دایکی و باوکی و ئێستایش نیشتیمانەکەی

ئەی خانمە قژزەردەکەی بەرامبەرم چی؟

ئەو ڕۆیشتەوە بۆ ماڵ، بۆ لای منداڵەکانی.

 

 

 

 


 

سەرچاوەی شیعرەکە بە زمانی ئینگلیزی