ڕه‌نگه‌ لە چاوانتدا دوو ڕووبار بژیەنمەوە

دابان عەتار | (١٩٩٠ - )

دابان عەتار | (١٩٩٠ - )

May 15, 2025

دابان عەتار ساڵی ١٩٩٠ لە شاری هەولێر لەدایکبووە. لە بوارەکانی ڕۆمان و چیرۆک و شیعردا دەنووسێت، لە ئێستادا خاوەنی چوار کتێبی چاپکراوە، ئەوانیش، (تابووتی خۆڵەمێش-ڕۆمان- ٢٠١٨)، (ناچیرۆک- چیرۆک ٢٠١٩)، (کتێبی نا -شیعر-٢٠٢٠)،(كوده‌تای گاڵته‌جاڕی- چیرۆك-٢٠٢٤).

 

 

 

ڕه‌نگه‌ لە چاوانتدا دوو ڕووبار بژیەنمەوە

دابان عەتار

 

١

هەڵواسراوە
دەمم لە دەمی ئێوارەیەکتدا
ئاسمان لە سینگتدا شاراوەتەوە
شیعر لە شێوەتدا پەرێشانە
ناندێنەکەت پڕکردووە لە بۆنوبەرامەی وشە
دەستشۆرەکە شیعری لێ دەڕژێت
حەسرەت خەریکە دەکوڵێت
لەوانەیە پەنجەکانت  بانگم بکەن
لەوانەیە خۆم لە زمانی ئیشارە بشارمەوە
لەوانەیە شیعرێکی درێژت بۆ بنووسم
درێژ وەک سەنگینی پوشووپەڵاشی دەم با
درێژ وەک شەپۆلی قژت
درێژ وەک تەمەنێکی لەبارچوو
درێژ وەک ناسۆر
درێژ وەک خولگەی قاپشۆر
درێژێکی ناجۆر…
بێزوو بە پەشمەکەوە دەکەیت
ئای شەکر چەند شیرینە لە سەر زمانت!
خەریکە لە کۆڵانەکەتاندا هاوارکەم:
یەڵا شەعربەنات
خەریکە کیسەکان پڕپڕ کەم لە شیعری ڕەنگاو ڕەنگ

 

 

٢

خەریکە منداڵانی شار بەدەم شیعرەوە پەشمەک بچێژن
خەریکە ماڵەوماڵی شاڕ بئاخنم لە شیعر و شیرینی
خەریکە شتێک بدرکێنم
خەریکە سۆزم بە کوچەکاندا بسووڕێتەوە
خەریکە نامەبەرەکانم منداڵە چەتوونەکانی باداوە بن
لەوانەیە  منداڵێک شیعرێکم بکاتە نوای ئەسپێکی قوڕین
لەوانەیە ئەسپ لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا لە شەقەی باڵ بدا و شاری دڵت فەتح بکا
لەوانەیە ببمە مزراح لەسەنتەری ناوت
ببمە چراغ لە بەرۆکت
لەوانەیە مرازم لە قردێلەیەکدا بکرێتەوە
لەوانەیە لە گەروویەکدا بحیلێنێ تامەزرۆیی
لەوانەیە لە قامکی منداڵێکەوە تێبگەم دونیا چەند بێقیمەتە!
لەوانەیە لە کڕێژێکەوە بگەمە گەنجینەیەک
لەوانەیە قازێک بمترسێنێ
لەوانەیە چیرۆکێک بنووسم
لەوانەیە شیعرێکیش
بەڵام لەوانە نییە پەشمەک بم لە زارتدا
ئەرێ بۆ نابمە وێردت؟
لەوانەیە زارێک بم بۆ زاری
لەوانەیە نەگەمە زاری
لەوانەیە یارییەک ڕێکخەم
لەوانەیە لە شیعرێکدا خۆم بنێژم
یان خۆم بشارمەوە
لەوەیە تۆیش بشارمەوە
لەوەیە جگە لە خۆم هیچ کەسێک نەتناسێتەوە
ئەوە سەرەتای پووچییەکی دوور و درێژە!

 

 

٣

پووچییەک هەر کە دەست پێ دەکا؛
مژدەی کۆتایی لە هەناویدایە!
پوچییەک؛
لە هەنگاوی یەکەمەوە کۆتایی دیارە
پووچییەک; وەک دونیا
دونیایەک؛ وەک تڕی بن گۆم بێمانا
دونیایەک؛ هیچ شتێک هی خۆت نییە
هیچ شتێک هەمیشەیی نییە
تەنانەت ئەم شیعرەش هەمیشەیی نییە
تەنانەت تۆیش خەریکە دەمریت
تەنانەت تۆیش خەریکە هەموو شتێکت لێ بەردەبێتەوە
خەریکە پەشمەکەکەشت دەتوێتەوە
خەریکە بتوێتەوە
خەریکە دەتوێیتە
خەریکە لە زارتدا یادەورییەکی تاڵ بم
خەریکە کاڵ بم
کاڵتر لە کەفی دەریا
کاڵتر لە هەوا
کاڵتر لە با
کاڵتر؛
لە حەسرەتی نا
لە شەوقی مانگ لە کوپێکی قاوەدا
ڕەنگە بە کۆنەکڕێکدا بەیاننامەیەک بە کۆڵانەکانی بنەسڵاوەدا بڵاوبکەمەوە
ڕەنگە ڕایبگەیەنم حاشقتم و عەین و حەینیش  حینجە بکەم
ڕەنگە ئاسمانی قەتەوی پڕکەم لە قەتێی نامەبەر
زازڵەکان خانەنشین بکەم و

 

 

٤

قەلاجەکان بکەمە موختاری گەڕەکەکانی شار
ڕەنگە بەلەمێکی کاغەزین پڕکەم لە گوڵ و بە چڵکاوەکاندا سەوڵی موحەببەت لێدەم
ڕەنگە گزۆزەکان بخنکێم
ڕەنگە دارەتوو بکەمە دووبەی
شاری خەونەکان بخەمە تەنیشت کوورانەوە
نەخشەی شارت بۆ بگۆڕم
ڕەنگە لە بەردەم فندق فەریددا ببمە دەستگێڕ
لەوانەیە سەر بە هەموو ماشێنەکاندا بکەم بۆ سۆراغت
ڕەنگە سەیتەرەی دێگەڵە ڕاکێشمە سەر پردی سەیداوا
لەوانەیە لە خۆپیشاندانەکانی بێمووچەیی و قاتوقڕی دەوڵەتی کوردیدا بتدۆزمەوە
ڕەنگە لەبەر خاترت ببمە دژەتیرۆر یا ئاساییش
یا هەر کوتەک بەدەستێکی تر
ڕەنگە لە خۆپیشاندانەکاندا چاوت لێ بگێڕم
ڕەنگە نەهێلم دەربارەکانی سوڵتان شەق لە کەڕامەتت هەڵدەن
ڕەنگە ببمە دیوار لە نێوان بێئیشەکانی گردبوونەوەکان و تۆدا
ڕەنگە لەنێو ئاپۆڕای هوتافکێشاندا ئاوازی دەنگت بناسمەوە
ڕەنگە ببمە شێخی سەنعان و کافر بم بە سوڵتانەکان
ڕەنگە میز بە چەکەکەمدا بکەم
ڕەنگە جنێو بە ملهوڕێک بدەم
ڕەنگە جەلادێکی بێڕەنگی خوێڕی: ڕادیۆیەکم پێ تۆماربکات!
ڕەنگە ببمە قەشمەرجاڕی بەستەزمانەکان
خۆزگە کرێکارێک دەبووم لە قیڕتاوکردنی گوندی دڵت.
خۆزگە وێنەکەم لە سەر سینگتدا خەو دەیبردەوە
خۆزگە دەبوومە دەرباری تۆ
لەوانەبوو شیعرێکی درێژم بە باڵاتا هەڵدایە
ڕەنگە ناوت وێردم بووایە

 

 

٥

ڕەنگە مێژوو دووبارە بووایەتەوە و ببوومایەوە کۆیلەی ویستم
ئەرێ مرۆ هەمیشە کۆیلەی ویستەکانی نەبووە؟
وەرە و ئەو قالبە کۆنەساڵەی بێزاریی خاپوورکە
وەرە با پێکەوە بەرتیل بدەینە پاسەوانەکانی حەی عەسکەری، بۆ سەیرکردنی کەلایانێ و مۆریانێ.
وەرە لە قەریە لوبنانی لەخاچم دە،
تاکوو چیتر کەسیتر جورئەت نەکات لەوێدا زیندانیت کات.
وەرە هەوەسم بخەسێنە کە بیر لە تۆ نەکاتەوە!
وەرە فیتپەمپی سۆزم بگۆڕە کە خۆشەویستی ساختە قوڕگی گرتووە.
وەرە بە ئیشاڕەیەک بمکە شاعیر
وەرە با حینجەی ئیشاڕە فێربم
وەرە با داری زیاتر بچێنین لە پشت سەیتەرەی
بەڵکو مەنجەڵە دۆڵمەیەک بە سەوزایی زیاترەوە بخۆین.
وەرە سەددێک لەنێو لەپمدا چێکە
لەوانەیە موحەبەت لە هەناومدا گلدەمەوە
ڕەنگە ڕۆژێک سەرڕێژ بم لە تۆ
ڕەنگە فەلاحەکانی هەولێر بڵێن; ئەوسار پەرەی حەشقی دایە!
لەوانەیە بزانیت ئەوان بەچەندە باران دڵیان ئاوێ دەخواتەوە!
ڕەنگە داکەیتە سەر ویشکەڵانەکانی پێدەشتی من
ڕەنگە مێرگوزاربیت و خۆزگەم کەروێشک بێت
ڕەنگە لە جریوەیەکدا جیلوە بکەیت
ڕەنگە لە باڵەفڕکەیەکدا هەوا بلاوێنیتەوە
دڵنیام هەیت
چۆن دەکرێت نەبیت و بیرت لێبکەمەوە؟
ناکرێت لێرە نەبیت و لەم شیعرەدا نەبیت
ناکرێت باوەڕ بە بوونی دیکتاتۆرەکان بێنم و بە تۆ بێباوەڕ بم!
کە بیر لە تۆ دەکەمەوە دان بەچیدا دەنێم؟

 

 

٦

کە دەنووسم تۆ، چی ڕەنگ دەکەم؟
کە شەعربەنات دەخۆم: دەمم پڕ دەبێت لە تۆ؟
کە یادت  حینجە دەکەم: ئۆقرە دەگرم
پەنجەکانت پەنجەرەن؛ بەڕووی ڕێگادا ئیشاڕەن
ڕێنیشاندەرە ڕوانینت و ڕواوە لەڕێی ڕۆیینم
لەوانەیە بڕۆم
دوور… دوور…
ڕەنگە تا بنی دونیات…
دەتوانم هەموو (لەوانەیەکان) بە (دڵنیایی) بگۆڕم
دەتوانم بڵێم دڵنیام دەکرێت!
دەکرێت: تا ماوم شەعربەناتفرۆش بم و بە کوچەکانی هەولێردا بگەڕێم
ئاساییە شیعر و شەعربەنات پێکەوە لە نایلۆن بکەم
تەنانەت ئاساییە ببمە شاعیر
تەنانەت شەش ئەستێرە و مانگیش کڕنوش بەرن
بەڵام بە دڵنیاییەوە لەوانە نییە ببمە شەعربەنات و لەسەر زمانتدا بتوێمەوە!
لەوانە نییە لەزارتدا چێژ بتەقێنمەوە
لەوانەیە لە چاوانتدا دوو ڕووبار بژیەنمەوە
لەوەیە ڕوومەتەکانت ببنە بەفەڕترین خاک
لەوانەیە کۆنترین لادێ لە تۆدا بدۆزنەوە
ڕەنگە خاڵی لالێوت وەک مانگ بدرەوشێتەوە
ڕەنگە تیشکێکی زیوین لە هەناسەتەوە دەرچێت
ڕەنگە خەتتی دەوری لێوی ئاڵت ئەی مەسیحا لام و بێ
هەر لە جامەی سەبز بچێ * …
لەوانەیە (ڕەنگە) بە دڵنیایی بگۆڕێ
بەڵام ئایا مرۆڤ بەپەشمەک دەبێ؟

_______________

* دێڕێکی مەحوی، بە دەستکارییەوە