نەهرۆ جەرجیس عومەر، شاعیرێکی گەنجی کوردستانە، لە ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری هەولێر لەدایکبووە، دەستپێکی کارەکانی وەک ڕۆژنامەوان بووە. تا ئێستا سێ کۆمەڵە شیعری چاپ کردووە، (زمانی دووەم، كۆمەڵە شیعر، ٢٠٢٠)، (پیاوێكی سپی، شیعر و پەخشانە شیعر، ٢٠٢١)، (یادەوەریی فرمێسكاوی، ٢٠٢١). فەرموون خوێنەری نوێترین شیعری نەهرۆ بن.
ڕۆشناییە ساختەکان
نەهرۆ جەرجیس
نیوەشەوە و کازیوەی پەیامێکت
بە باخچە تاریکەکانم شاد نابێت
ڕەشەبایە و مردنێکی هێواش و پڕنەبوو
نامکاتە میوانی هەمیشەییی گۆڕستان
بیری ئەو گۆڕە دەکەم کە پێی نەگەیشتووم
بەڵێ، ئەو گۆڕەی هۆدەی سەرم ئاسوودە دەکات و
چراکانی میهرەبانی لە دڵمدا دادەگیرسێنێت
ئەو گۆڕەی یاداشتی دڵتەنگیم دەخوێنێتەوە
درک دەکات بە کەشخەیی خۆشم ویستووە
بە پەرتیش!
بەڵام ئەو بە هیچیان
بەڵێ بە هیچیان منی نەویستووە
بۆ تەنیا جارێکیش
ئەستێرەی بزەی لە تاریکایی قیژەمدا دانەگیرساوە.
نەبوویتە هیچ بایەکی لێو وشک
تەنانەت بە هیچ وشەیەکی سپییش
کە لە دڵمەوە بەیادی چاوە بەد و گوماناوییەکانی ژیان هەڵبقووڵێت و
لەنێو مۆسیقایەکی پەرێشاندا
گوێبیستی ورتەکانی بێتۆیی بم.
دەتگوت: وەک هەورێکی چڵکن دەڕشێیتەوە و کۆشم پیس دەکەیت
نامەوێت بۆنی تۆم لێ بێت!
تۆ لەنێو هەواڵە ڕەش و قێزەونەکاندا نغرۆی ناشیرینی بوویت
بۆنی خوێن و زێرابەکانت لێ دێت؛ بۆنی جەنگ، یان سەربازێکی مردووت لێ نیشتووە.
هیچ نامەیەک نابمباتەوە کۆڵانەکانی سینگت
تەنانەت هیچ ڕێگەیەکیش لەگەڵم ڕاستگۆ نەبوو
هیچ کەس، هیچ مرۆڤ، هیچ باڵندەیەک،
پێیان نەگوتم: پیاسەکانت لەنێو تابلۆی ئێوارەدا جێماوە
پیس غەریبیت دەکەم!
ئەم شارەش غەریبە…
پیس ڕژاومەتە نێو کۆپلەکانی نەهاتنت،
پیس لە چاوەڕوانیت جێماوم
تەنانەت شەقامەکانیش دەزانن؛
پیس بۆنی دەنگی تۆم لێ دێت.
لە چۆڵەوانییش ورتەم دەفڕێت
هیچ گونجان و نەگونجانێک لە بەهای چاوەکانت کەم ناکاتەوە
شنەبای هیچ پیاسەیەکی نەکراو شکۆی هاتن و چوونت ناوەرێنێت
گڵۆپی هیچ شەممەیەک
بەیادی ئێوارەیەکی تۆراو
مۆمی هیچ هیوایەک داناگیرسێنێت.
ئەم شەوانە هیچ چرایەک نابێتە ڕۆشناییم
چی لەو هەموو ڕۆشنایییە ساختەیە بکەم؟
بوون، شەرمەزارە…
سوێند بە گۆڕی هیچ فریشتەیەک ناخوات
تا دووبارە بدرەوشێمەوە
تا وەک هەتاوی بەرەبەیان
بە کوچە و کۆڵان و پێدەشتەکاندا بڕشێمەوە
نا چیتر من لەدایک نابمەوە.
لەنێو تاریکییەکی خوێناوی ون دەبم
ون دەبم و بەر لە ونبوون دەڵێم:
“ئەم ژیانە پیس بۆگەنی کردووە”