هەموو سوورێک هەنار نییە

ڕوئیا شاه حسێنزادە/شاعیری ئێرانی

July 29, 2018

 

 

ڕوئیا، شاعیرێکی ئێرانییە و چەندین کتێبی شیعریی هەیە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

هەموو سوورێک هەنار نییە
ڕوئیا شاهـ حوسێنزادە
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شاڵاو حەبیبە

 

 

سیسرکەکان

وشەیەک زیاتر نازانن

هەر بەو یەک وشەیەشەوە بێگومان

شتێک بەدەر لە “خۆشم دەوێیت” ناڵێن

خۆ شێت نیین

کام ڕستەیە

دەکرێ تا بەرەبەیان بەخەبەر بیت و

ئەوەندە دووبارەی بکەیتەوە

 

دەیدزم لە جیهان

چاوەکان و

لێوەکانم

دەکشێنمەوە و

دەخشێم

بۆ قەپێلکەکەی خۆم

تا لە خۆمدا

بیر لە حەلەزوونێکی تر بکەمەوە و

لەوەی کە حەلەزوونەکان

هەرگیز

ناچنە ماڵی یەکتر.

 

خەبەر دەبیتەوە

بەیانی باش بە خۆت دەڵێیت

چای بۆ خۆت تێدەکەیت

پاڵ دەدەیت بە خۆتەوە و

بیر دەکەیتەوە

دڵت بۆ چ کەسێک دەبوو تەنگ ببوایە؟

بۆچی هیچکەس

هێندەی پێویست باش نەبوو

کە ئەم بەیانییە

بێ ئەو

لە گەرووی مرۆڤ نەچووبایەتە خوارەوە؟!

 

من تەنیا دەمویست ژنێکی سادە بم

وەکوو ژنانی سەعات ١٢ـی نیوەڕۆ

دڵخۆش بە مەتبەخێک ڕوو بە شاخ

کوڕانێکیش

کە بە ئەشقی کچەکەی هاوسێوە

لە قوتابخانە دەگەڕێنەوە

 

بۆچی هەمیشە لە پشت خۆشییە بچووکەکانەوە

خەمی گەورەت شاردوونەتەوە؟

هێندە گەورە

کە دەستوقاچیان لە پشت دڵخۆشییەکانی مرۆڤەوە

دەرچووە

دنیا کافێیەک بوایە خۆزگە

ژیانیش مێزێک

هەرکات ماندوو دەبووین

دەچووینە دەرەوە

هەوایەکمان تازە دەکردەوە

نەختێک ڕێمان دەکرد و

کە باشتر دەبووین

دەگەڕاینەوە

 

نیازەکان هەندێک کات

سەرڕێی ئەشق دەگرن

بێگومان تێکڕای هەنگەکان

ئاشقی گوڵەکان نیین

ئەم پەروانەیەش کە بە دەوری چراکەدا دەخولێتەوە

لە ژوورێکی دووردا

بە مۆمێک

دڵی دۆڕاندووە

 

بۆ سەفەرم حازر نەکردووە

ئەم جانتایە

نە بەرەو ئاسنەڕێیە

نە جادە

لێ گەڕێ کراسەکان

بە یادەوەریی ئەو ساڵانە و جەستە و تەنیایییەکانەوە

لە عەمباردا ئارام بگرێت

 

ئێوارە

باران

جامسڕەکان…

تۆ تا ئێستا قوڕگت پڕ بووە لە گریان؟!

بە گۆرانییەک

کە لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەتدا

سەمات لەگەڵیدا کردووە؟

 

تەنیا دوو چاو

تەنیا دوو چاوی بچووکم هەبوو

بۆ بە-دوای-کەسێکدا-گەڕان

لە جیهانێکدا کە زۆر گەورەیە

کەم بوو

بمبوورە

من ببوورە ئەگەر نەتمدۆزییەوە

 

من کامەیانمم؟

پیریم؟

یان گەنجیم؟

کاتێک ماچم دەکەیت

بیر لە چی دەکەیتەوە؟

لەوەی پیرەژنێک ماچ دەکەیت کە ڕۆژگارێک ژنێکی گەنجی جوان بووە؟

یان ژنێکی گەنج کە پیر بووە؟