ڕوحەکان لە جلوبەرگی دڕاویاندا

زاموا محەمەد | (١٩٩٦ - )

February 25, 2025

زاموا محەمەد، لە شاعیرانی نەوەی نوێی کوردە. ساڵی ١٩٩٦ لە سلێمانی لەدایکبووە. بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی سلێمانیی تەواو کردووە. لە چەندین وێبسایت و گۆڤار بابەتەکانی بڵاو کردۆتەوە. خاوەنی کۆمەڵە چیرۆکێک و ڕۆمانێکی وەرگێڕدراوە. هەروەها کتێبێکی شیعریشی هەیە بە ناوی لەرزی عەرش و لەرزی باغیش کە لە چاپکراوەکانی ناوەندی باڵندەیە.

 

 

 

 

ڕوحەکان لە جلوبەرگی دڕاویاندا

زاموا محەمەد

 

 

هەرگیز ناوەستن. هەرگیز نائومێد نابن.

هەر زوو فێر دەبن
هیوا بچووک بکەنەوە
هێندەی قەبارەی گیرفانیان؛
لەوساوە کە دەزانن
هێلکەی خەونەکانیان زیاترن
لە لاپەڕەکانی تەمەنیان.
(هەر خەونێکیان، ساڵیی چوار کاژ فڕێ دەدات، دوازدە جاریش دەزێت).

هەر زوو کتێبە زیادەکان دەسووتێنن
تا کەسیان نەخنکێن بە هەڵاوی مانا؛
لەوساوە کە بیستوویانە
هەر ڕستەیەک
کەمۆڵەی شامانەکانە
بۆ گواستنەوەی ژەهر بە ناو سەدە و کیشوەر و ئاسمانەکاندا.
(هەر کتێبێکیان، هێندەی ژمارەی لاپەڕەکانی، تەرمی دەوێت).

هەر زوو بازاڕی پێغەمبەران جێدەهێڵن، لە قەیسەریی هەورەکاندا،
تاکو کەسیان نەفرۆشرێن
لە مەزادەکانی کڕینەوەی
پەیامی بەکارهاتوو،
قەدەری بەکارهاتوو،
ئاسمانی دەستی دوو
و
خودای بەکارهاتوودا؛
لەوساوە کە بینیویانە
پێغەمبەری بێ خودا ترسناکترە
لە شاعیری بێ دێڕ،
پاشای بێ میللەت،
فەقێی بێ بەیاز،
و
خودای بێ تەنیایی.
(هەر مەسحەفێکیان، دەستدرێژیی پێغەمبەرێکە، بۆ سەر تەنیایی خودایەکیان).

هەرگیز ناوەستن. هەرگیز نائومێد نابن.

هەزار دەمامکیان داکەند.
هەزار دەمامکیان فڕێدایە ناو ڕوبارەکەوە و دەموچاوی خۆیانیان نەدۆزییەوە.
هەزار گوێزیان شکاند و گەردوون لە هیچیاندا نەبوو.
هەزار قاوەیان خواردەوە و نەیانتوانی تێبگەن
لە مەکری ئێسپرێسۆ.
دەستیان برد و هێلانەی هەزار دێڕیان شێواند
نەگەیشتنە هێلکەکانی مانا .
هەزار بوخچەیان پێچایەوە و سەفەری خۆیانیان بیرنەکەوتەوە؛ نازانن: لە کام بەسەرهاتەیاندا لێیان ون بوو؟
هەزار جار سەریان هەڵبڕی و هیچ پەروەردگارێکیان نەدی؛ نە لە نێوان هەسارەکان و نە لە نێوان گڵۆپەکانی مەیخانەکەشدا.
هەزار جار سەریان دانەواند و هیچ پەروەردگارێکیان نەدی؛ نە لە نێوان دێڕەکان و نە لە ژێر نینۆکەکانیشیاندا.
هەموو کتێبە ئاسمانییەکانیان خوێندەوە و نەگەیشتن بە شەیتان.
هەزار کتێبی تریان نووسی و فێر نەبوون تەنیایی خۆیان بخوێننەوە.

هەرگیز ناوەستن. هەرگیز نائومێد نابن.

ئەم هەموو ڕوحە
بە پێخاوسی و بە جلوبەرگی دڕاویانەوە، بەسەر پردەکەدا ڕادەکەن*
تا بپەڕنەوە و لەدایک ببن، بەڵام دەگەڕێنرێنەوە،
تەنیا لەبەر ئەوەی دوو جەستە فریا ناکەون
قەدەری خۆیان بگەیەنن بە کەماڵی خۆی
کە
کولانەوەی برینە
کاتێک پیتەکان بە خەتی مۆر
لەسەر لەوحی تاریکی هەڵدەکۆڵرێن.

هەرگیز ناوەستن. هەرگیز نائومێد نابن.

ئەم هەموو ژنە دەڕوێن و کەس نایەت بیاندروێتەوە.
ئەم هەموو ژنە دەمرن و کەس نییە بیانچێنێت،
تا لە ڕۆژگاری
دوای کارەساتە گەورەکان و حیکایەتەکاندا چەکەرە بکەن
بە ماچی زۆر و خەونی زیادە
و
یادەوەری و
جگەرە و تەنیایی
و
باوەشێک خەنجەر و تاسەی سەرئەژنۆ دڕاوەوە .

هەرگیز ناوەستن. هەرگیز نائومێد نابن.

ئەم هەموو پیاوە دەڕۆن و کەس نایەت هەنگاوەکان بخوێنێتەوە.
ئەم هەموو پیاوە بە توورەکەی پڕ لە تەنهاییەوە لەدایک دەبن
دوایی، لە قەراغی شۆستەیەک،
لە ئاودەستی مزگەوتێک
لە سووچی قەحبەخانەیەکدا
یان لە ژێر تەپڵەکی چایخانەیەکدا، لەبیریان دەچێت و کەس نییە هەڵیبگرێتەوە، بەر لەوەی بمرن.

مردنێکی بێ سەرەتا، وەک ماشێنی بێ سەرەتا.
یان …
کەواتە با وابێت:
ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا. تراژیدیای بێ سەرەتا. ڕاکردنی بێ سەرەتا. دۆزەخی بێ سەرەتا. قاقای بێ سەرەتا. خەمۆکیی بێ سەرەتا. قیژەی بێ سەرەتا. هەلهەلەی بێ سەرەتا. گۆرانیی بێ سەرەتا. گۆشتی بێ سەرەتا. عەدەمی بێ سەرەتا. دەماری بێ سەرەتا. خەڵووزی بێ سەرەتا. قوڕی بێ سەرەتا. مرۆڤی بێ سەرەتا. زەردێنەی بێ سەرەتا. ژیانی بێ سەرەتا. کۆمەڵگای بێ سەرەتا. بەردی بێ سەرەتا. شاری بێ سەرەتا. ئاسمانی بێ سەرەتا. پەنجەرەی بێ سەرەتا. خودای بێ سەرەتا. لەزگەی بێ سەرەتا. چرووتی بێ سەرەتا. سفرەی بێ سەرەتا. مێتافیزیکیای بێ سەرەتا. قاوەی بێ سەرەتا. داهاتووی بێ سەرەتا. برنجی بێ سەرەتا. کۆتایی بێ سەرەتا. بنکڕی بێ سەرەتا. عەبەسی بێ سەرەتا؛
سەرەتای
بێ
سەرەتا.

هەرگیز ناوەستن. هەرگیز نائومێد نابن.

ئەم هەموو سەرەتایە!
ئەم هەموو درەختە!
ئەم هەموو دێڕە!
ئەم هەموو بەڵایە!
ئەم هەموو پێغەمبەرە!
ئەم هەموو مانایە!
ئەم هەموو ئاسمانە!
ئەم هەموو دیوانە!
ئەم هەموو گەڵایە!
ئەم هەموو سەرۆکە!
ئەم هەموو نەردیوانە!
ئەم هەموو سەمایە!
ئەم هەموو دیوارە!
ئەم هەموو قەنارەیە!
ئەم هەموو نهێنییە!
ئەم هەموو مەلایە!
ئەم هەموو گیرفانە!
ئەم هەموو خوایە!
ئەم هەموو چەرخە!
ئەم هەموو نیگایە!
ئەم هەموو دەستە!
ئەم هەموو ڕەشەبایە!
ئەم هەموو مرۆڤە!
ئەم هەموو مەزرایە!

هیچ شتێک سەرەتای نییە،
هەموو شتێک بێ سەرەتایە.
هەموو شەوێک بەیانییە
هەموو وشەیەک تەواو بووە.

بەڵام
ئەوان
هەرگیز
ناوەستن.
هەرگیز
نائومێد نابن.

 

 

 

 

_______________________________________

 

*”…حەز کوژایەوە، جەستەیە ک بەسەر جەستەکەی ترەوە لەنگەری گرت؛ ئەو ڕوحەی کە بەسەر پردی نیگەرانیدا، بە دوو پێی خاوسی سپیی لووسەوه خەریک بوو دەست بکات بە ڕاکردن، تا لە نەبوونەوە بپەڕێتەوە بۆ هەبوون و لەدایک ببێت، گەڕێنرایەوە”. (مانگ بووە بە ژێر لۆچەکانی هەورەوە – ل. ١٨)