دەمەوێت بزانم چۆنە کە ڕووبار دێت و دەچێت

ڕووتخەر کۆپڵاند/شاعیری هۆڵەندی

April 19, 2021

ڕووتخەر کۆپڵاند ساڵی ١٩٣٤ لە باکووری هۆڵەندا لە دایک بووە. لە ٢٠١٢ـدا کۆچی دواییی کرد. لە شاعیرانی ناوداری هۆڵەندییە. لە شیعرەکانیدا سەرنج دەخاتە سەر کرداری مرۆڤەکان و ئەوەی هەرگیز ناگۆڕێن. پێی وایە مرۆڤ هەمیشە یەک ڕێ دەگرێتە بەر و ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ عەدەن. شیعرنووسین و توێژینەوەی زانستی وەک یەک دەبینێت. لای ئەو شیعر کۆڵینەوەی هەستەکانە. یەکێک لە بابەتە سەرپەڕەکانی شیعری ئەو بەختەوەرییە، کە سەردەمێک هەبووە و بە دۆزینەوەی وشە گونجاوەکان جارێکی تر ئەزموون دەکرێتەوە؛ «شیعرنووسین دۆزینەوەی وشەکانە، ئەو وشانەی لە سێبەری وشەکانی تردان.» ئەزموون شتێکە ناتوانی لە شیعرەکانی جیا بکەیتەوە. ڕووتخەر بەبێ ئەزموونی خۆی، نەیدەتوانی شیعر بنووسێت. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

دەمەوێت بزانم چۆنە کە ڕووبار دێت و دەچێت
ڕووتخەر کۆپڵاند
(دە شیعر)
کوردییەکەی: شاڵاو حەبیبە

 

 

 

شیعری زستانی

شیعری یەکەم
لە سەرزەمینێکی بارانیی لەبیرکراوەوە- ئاوایی بە ئاوایی،
دەست لەنێو دەستی سارد،
بە هیوام پێویست نەبێت
ئەم هەستە لەگەڵ کەسدا دابەش بکەم،
ئێستا ئەگەر ئەو بدۆزمەوە،
لەسەر چیمەنە تەڕەکان، یان شوێنێک
لەم سەرزەمینە کێڵدراوەدا، دەبێ چی بکەم، چی دەکرێت.

 

چاک دەزانم کە هەموان دەبێت بمرن،
سەرباری ئەوە دیسان لێوە ساردەکانی ماچ دەکەم
داپۆشینی جەستەی، دەستهێنان بە قژیدا و
دیسان ترسان لەوەی
لە خەو ڕابێ.

 

 

شیعری دووەم
دەمویست لەگەڵ تۆدا بە مێرگوزارەکاندا تێپەڕم
بە تەنیشت سەددەکان و تووڵی قاوەییی قامیشەکاندا
بەڵام هەتاوی بێتین نیشتووەتە سەر لقەکان و
کێڵگەکان و دەمزانی ناتوانم بەرگە بگرم
کە سێبەرە درێژ و تەنیاکانی ئێمە بە مێرگوزارەکاندا تێپەڕن
دەترسم، تۆ وات گوت.

 

دەمویست لەگەڵ تۆدا بە گوندەکاندا تێپەڕم
پاشنیوەڕۆ، بەنێو باخەکان و شەقامە چۆڵەکاندا
بەرەو کافێیەک شوێنێک کە هەتاو بۆمان لەسەر پەردەی تۆڕ سەما بکات
بەڵام دەمزانی ناتوانم بەرگەی ئەم بێدەنگییە درێژە و
تەنیاییی نێوانمان بگرم
دەترسم، تۆ وات گوت.

 

دەمویست لەگەڵ تۆدا بخەوم،
بە چاوەکانم، بە دەستەکانم، بە زارم
وەکوو هەتاو بڕژێمە نێو دیمەنی نائاشنای جەستەی تۆ
بەڵام دەمزانی ناتوانم بەرگە بگرم
کە تەمەنێکی درێژ بە تەنیا لە خەو ڕابم
دەترسم، تۆ وات گوت.

 

 

شیعری سێیەم
لەگەڵ تۆ خەمێکی نامۆ هات
کە تەمەنێکی درێژ
چاوەڕێی بووم.

 

لە چاوەکانتەوە بۆ چاوەکانم
لە دەستەکانتەوە بۆ ژێر کراسەکەم
هات و ڕێم لێ نەگرت.

 

سەرئەنجام بینیم کە هەموو شتێک کۆتایی دێت،
تەنانەت ئەم ڕۆژە
لە ژوور سەرزەمینێکەوە کە خۆشم دەوێت.

 

ناڵێم دڵتەزێنە
بەڵام ئەوە دەگێڕمەوە، کە پێم وایە بینیومە.

 

 

دەمەوێت بزانم چۆنە کە ڕووبار دێت و دەچێت
دەمەوێت بزانم بەر لەوەی کە من هێشتا نەبووم
دیمەنەکان چۆنایی بوون بە ڕووبارەوە و
چۆنایی دەبن کاتێک من ئیتر نەبم

 

دەمەوێت بزانم دیمەنەکان بە ڕووبارەوە
چ شتێک لە چاوەکانم دەشارنەوە، چییە
ئەوەی کە نایبینم و نایناسم

 

دەمەوێت بزانم چۆنە کە ڕووبار دێت و دەچێت
بۆچی ئەرژەنگەکان و بییەکان بەسەریدا دەنووشتێنەوە
مراوییەکان لەوێ مەلە دەکەن، بەرخەکان دەمبینن

 

بۆچی لە سەرێ ئاسمان دەکرێتەوە
با دەشنێ و ئارامە باران و ئاسمان ساف

 

بۆچی هەموو شتێک ڕوو دەدات بێ هیچ شەوقێک
بێ هیچ مەبەستێک

 

 

کڵاس خوبڵز
چۆن بۆ نموونە مێزێک
دەکرێت بە تابلۆیەکی هونەری.

 

پەیوەستە بە جۆری ڕوانینەوە، کڵاس وا دەڵێت
زۆرتر ڕوانینە، کەمتر وێنەکێشان.

 

چەند هەنگاوێک دەچیتە دواوە، بۆ تێڕامان: نەفرەت.

 

ئەگەر بە پێی پێویست بڕوانی
هەر مێزێک بۆ یەکەمین جار دەبینی.

 

ڕووتخەر شیعری “کڵاس خوبڵز”ـی ساڵی ٢٠٠١ نووسیوە. خوبڵز لە نیگارکێشە هۆڵەندییە نێودارەکانە. ساڵی ١٩٣٤ لە دایک بووە و هێشتا لە ژیاندایە. شێوازێکی تایبەتی هەیە و لە ڕێبازی فۆفیزم- بە تایبەت ماتیسەوە نزیکەوە. تابلۆی قاوەسازەکەی بەناوبانگە.

 

دیمەنەکە بە ڕووبارەوە خۆی بۆ من دەکاتەوە
دیمەنەکە بە ڕووبارەوە خۆی بۆ من دەکاتەوە،
ڕووبار دەشتەکان بۆ شوێنێک دەبات کە
چاوەکانم دەبێت خۆیان لەوێ ئازاد بکەن
بێ هیچ گۆڕانێک دەگەڕێنەوە بۆ ژێر پێیەکانم

 

جیاوازییەک نییە لە نێوان ڕۆیشتن و هاتنەوەدا

 

شتێک لێرە کەم نەبووە، شتێک زیاد نەبووە
لێرە هیچ شتێک ڕووی نەداوە
تێکڕای ئەو ساڵانەی لێرە دانیشتبووم، بینیم
چۆن ئاشنایەکی نەبینراو گۆڕا بۆ نائاشنایەک و
لەوێوە گەڕایەوە

 

 

چاکەتەکەی
باوکم، ج- تازە مردبوو
کاتێک دایکم، ئەلف-
لەسەر خۆ چاکەتە تازەکەی
لە جلگرەکە کردەوە، گوتی:
لە بەری کە، باوکت دڵی پێی خۆش بوو کە هەیبوو

 

لەوێ وەستام و لە سەرقۆڵەکانەوە و
کاتی داخستنی دوگمەکان هەستم کرد کە چەندێک مردووە و
تازەلاویم چەندێک دوورە
پیر و لاواز دەبم منیش
لەم چرچولۆچییانەوە پێستم دادەچۆڕێت
بۆ سەر دەستەکانم.

 

 

خودا لە سەرمدا
کاتێک هێشتا لە خەووبێداریدا بووم، بیرم کەوتەوە

 

کە لەم شەوەدا، لە ڕابردوودا ژیابووم و
بێ هیچ گومانێک دیسان دەمزانی کە خودا هەیە

 

ئاخری دەمویست قسەی لەگەڵدا بکەم
پیاوێکی هەتا بڵێی میهرەبانە، کەسێک وای گوت
دەتوانی زۆر ئاسان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵدا بکەیت

 

تەلەفۆنم کرد دەنگێکم بیست، دەنگێکی زۆر خۆشەویست
ژنێکی باڵداری میهرەبانم هاتە پێش چاو
وەکوو وێنەیەک کە لەسەر پۆستکارت دەیبینی
گوترا: خوداتان دەوێت، ژمارە یەک لێ بدەن
خوداتان ناوێت، هیچ ژمارەیەک لێ مەدەن
ژمارە یەکم لێ دا

 

هەر ئەو ژنە باڵدارە گوتی: تەنیا یەک بەشداربوو لەسەر هێڵ چاوەڕێیە و
ئەو کەسەش ئێوەن

 

بیرمە کە دەبوو کاتێکی زۆر بیرم بکردایەتەوە
تا خەبەرم بووەوە و خودا لە شوێنێک لە سەرمدا ون بووبوو.

 

دەستەکانی وەها…
دەستەکانی وەها خستووەتە سەر ئەژنۆکانی

 

وەک بڵێی بۆ شتێک دەگەڕێت، شتێک لە خۆی

 

کام پەیڤانە هەڵدەبژێرێت، ئەم پەیڤانە زۆرن
ناڕوون و جیاوازن
گفتوگۆیەک لە ئارادا نییە، لەسەر ئەژنۆکانی چیرۆکێک هەیە
کە وشەکانی دیار نەماون

 

دەڵێی چاولەڕێی منداڵەکانیەتی، ئەوان ون بوونە
بەر لەوەی بێنە دنیا، ژیان و مردن

 

 

بە چای ساردەوەبوو و دەستە پیرەکانییەوە چاوەڕێیە
بە چای ساردەوەبوو و دەستە پیرەکانییەوە چاوەڕێیە

 

خۆشم دەوێت، بەڵام بەبێ تینوویەتی و دڵتەنگیی زۆر

 

ئەڤین کۆتاییی ڕۆژێکی ئارامە
تەنیا ڕووناکیی سوور دەمێنێتەوە

 

خۆر ئاوا بووە، ژن چاولەڕێیە و
پشیلە لە تاریکوڕووندا دەگات

 

پشیلە پشتە ساردەکەی لە دەستی ژنەکە هەڵدەسوێت
نەک لەبەر ژنەکە بەڵکوو بۆ تووکی خۆی.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار