ته‌نیاتر له‌ خۆم… پاییز

سامی هادی/شاعیری کورد

August 6, 2019

 

 

 

سامی هادی، یەکێکە لە شاعیرانی کورد، ساڵی ١٩٦٢ لە هەولێر لە دایک بووە. ژمارەی شیعرەکانی و دەفتەرەشیعرییەکانی یەجگار کەمە. “ئایینی گیاکان” و “زەنگێ لە کەناری بێهوودەیییەوە”دوو کتێبی ئەوە. هەروەها عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی کۆمەڵێک لە شیعرەکانی کردووە بە عەرەبی و بە ناوی “لا منزل یشبیة البحر” لە بیروت بڵاو بووەتەوە. ئەو هەرگیز مەبەستی نەبووە وەکوو شاعیرێک خۆی بناسێنێت. لە ساڵێکدا ڕەنگە شیعرێک یان دوان بنووسێت و زۆر بە دەگمەن بڵاویان دەکاتەوە. زۆرێک لە شیعرەکانی ئەم ساڵانەی دواییی، ئاوێتە بە پاییز و شەراب و مەرگی زیلانـی کچی دەبن. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٤ـوە سەرپەرشتیاری گشتیی ڕۆژنامەی چاودێرە. لێرەدا چوار پارچە لە شیعرە تازەکانی دەخوێننەوە. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

ته‌نیاتر له‌ خۆم… پاییز
سامی هادی

 

 

 

(1)

له‌ ئاوێزانى هه‌موو وه‌رزه‌كاندا

گه‌ڵا نابێت به‌ نیگاى خۆره‌تاو،

خۆره‌تاویش نابێت به‌و شه‌قامه‌ى

هێنده‌ پیرانه‌ سه‌یرى دواچرپه‌ى بێده‌نگیى سنه‌وبه‌ره‌كانى بكات.

ده ‌لێم گه‌ڕێ، بێجگه‌ له‌ ماته‌مى مانگه‌شه‌و

ته‌نیا ساتێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ هێلانه‌كانى گۆڕستان‌ و

به‌ په‌نجه‌ى خه‌مۆكى دارتووه‌ بێنازه‌كه‌

بۆنى خۆرگیرانى گۆڕى زیلان بخۆمه‌وه‌.

ده‌ لێم گه‌ڕێ، له‌ودیو خه‌ڵوه‌تى شه‌رمى فرمێسكه‌وه‌

به‌ گالیسكه‌ى بێهووده‌ییى سیمفۆنیایه‌ك ته‌نیاتر له ‌بێده‌نگى

ته‌نیاتر له‌ وێرانه‌ى نۆته‌ى ڕۆحى خۆم،

گریانه‌كانم بكه‌م به‌ باڵنده ‌و به ‌خامۆشى هێلانه‌ى

ئه‌و خونچانه‌ى داگیرسان‌ و بوون به ‌ئاونگ

ده‌ لێم گه‌ڕێ،

ئه‌ى گه‌رداوه‌ خۆڵه‌مێشییه‌كه‌ى ده‌ربه‌ندى ئاوێته‌بوون

ته‌نیا ئه‌مشه‌و بێ شكۆفه ‌و بێ دوورگه‌ى پشكوتنى په‌نهانى

ته‌ڕتر، له ‌كه‌نارى تابووتى پیربوونى خۆم،

ته‌نیا، یه‌ك جار بڵێم

زیلان… زیوه‌ش به ‌هه‌وره‌كانى په‌نجه‌م پێده‌كه‌نێت ‌و

به ‌ئێواره‌كانى په‌یبردنیشم ده‌ڵێت

هه‌موو گۆڕه‌كان بوون به ‌ڕووبار و ناگه‌ڕێنه‌وه‌.

 

 

 

(2)

ته‌نیایى… به ‌مۆمیاى چ وه‌رزێ

خۆت كرد به ‌میهره‌بانیى ئه‌و شه‌وه‌ى

له ‌په‌نجه‌ره‌ى دڵه‌ڕاوكێى بێشه‌پۆلى خه‌ونه‌وه‌

هیواكانت له‌ سه‌رخۆشیى سێبه‌ردا

حه‌شار دا.

ته‌نیاتر له‌ خۆت… نه‌ به‌ شه‌راب ژیر بوویته‌وه‌

نه ‌هه‌ورێ پێی گوتیت، ماچه‌ گه‌ڵاكانت

كه‌ى بوون به‌ باڵنده‌.

ئه‌ى منى، بێ خۆم، له‌ ژماردنى نۆته‌ى بێگۆڕستانه‌وه‌

ژیانم دیت، تاریكیى كۆ ده‌كرده‌وه‌ و

به‌ چراكانیشى ده‌وت، جه‌سته‌ى ئێوه‌ش،

هێنده‌ مه‌ستى ڕووناكى بوو، بیرى چووەوە‌

پیانۆش له‌ جنسى ڕه‌شه‌بایه‌.

مانگى هاوڕێم، سه‌فه‌رم خسته‌ نێو په‌نجه‌ى به‌له‌مێك‌ و

به‌ هه‌ورازێكى نه‌خه‌وتووشدا، گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ دارستان.

دارستان چ دارستان، ده‌نگه‌ به‌ساڵاچووه‌كان تۆراون‌ و

گه‌ڵاكانیش هێنده‌ بێڕه‌نگن، بیریان نییه‌، وه‌رزێك

حكایه‌تیان بۆ بكات‌ و شمشاڵێكى ئاشناى یاده‌وه‌رییش

فوو به‌ وێرانه‌ی بخوردى گۆڕه‌كاندا بكات.

ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌، دیسان به ‌فه‌نه‌رێكى بێده‌رگاى خامۆشى

هه‌ور له‌ خه‌ونه‌كانم داده‌ماڵم ‌و به‌ ئاویش ده‌ڵێم

لێره‌، ته‌نیا لێره‌، بۆ چه‌ند چركه‌یه‌ك یادداشتى، هه‌وره‌تریشقه‌

به‌ چوار مێخى مه‌سیحه‌وه‌، ببه‌وه‌ بۆ ئۆراتۆریۆكانى باخ‌ و

به‌ چرپه‌ى حیكایه‌تێكى كزكز، ته‌نیا پێى بڵێ:

گه‌ر ده‌توانێ ڕۆحى په‌ژمورده‌ى شه‌راب

بسه‌نێته‌وه‌، له‌ خه‌واڵوبوونى بیره‌وه‌رییه‌كانمان

ته‌نیا، یه‌ك چركه‌م، له ‌دارئه‌رخه‌وان ‌و هه‌نار و

له‌ گۆڕستانى شێخ ئه‌حمه‌دى هیندى ده‌وێت

تا به‌ زیلان بڵێم…

بارانى پاییز هات‌ و تۆیش بێده‌نگتر له ‌باخچه‌،

سه‌یرى گه‌ڵاڕێزانى ڕۆحى من ‌و

باڵاى چنارى زیوه‌ ناكه‌یت.

ده‌ ئه‌ى چراكه‌م بخه‌وه‌… ئیتر واده‌ى گه‌ڕانه‌وه‌یه‌

بۆ دوازایه‌ڵه‌ى سه‌ماى تۆفانى خۆڵه‌مێشى.

 

 

(3)

پیرترم له‌ گومانى ڕه‌نگ،

بۆیه‌ به‌ر له‌ ژانى خۆرئاوابوون، سه‌یرى،

خه‌واڵوبوونى باڵنده‌كان ده‌كه‌م.

خامۆشترم له‌ هه‌ڵوه‌رینى بێده‌نگى.

بۆیه‌، به ‌فه‌رموده‌ى وه‌ڕزیم ده‌ڵێم،

په‌نجه‌ره‌كان كه‌ى ده‌بن به‌ هه‌ناسه‌ى پاییزى

ته‌نیاترم، له‌ ئاڵۆزیى گۆڕستان،

بۆیه‌ به ‌غوربه‌تى مۆمه‌كان ده‌ڵێم،

كه‌ داگیرسان بوو به‌ په‌یكه‌ر،

ده‌بێ خه‌زانى سیحراویى تاریكى بخۆینه‌وه‌

ئه‌ى شه‌رابى هاوڕێم،

له‌م وه‌رزى بیرچوونه‌وه‌ى گه‌ڵادا،

من‌ و تۆیش،

شه‌قام، شه‌قام، بۆ كۆچى بێواده‌ى

گۆڕستانه‌كان، بخورد ده‌كه‌ین به‌ تارمایى،

هه‌ر له‌ سه‌ماى بخوردیشه‌وه‌،

به‌ ته‌نیایییه‌كانى تاریكى ده‌ڵێین،

ته‌نیا وه‌رزێكمان بۆ ڕووناكى داگیرسێنه‌.

 

 

 

(4)

پیاسه‌كانى دره‌وشانه‌وه‌ى بێده‌نگى،

نامبه‌نه‌وه‌ ناو هه‌ناسه‌ى دارستانێ

تا بتوانم، له ‌شه‌رمى په‌نجه‌ى گه‌ڵاڕێزاندا،

هه‌موو ماچه‌كانى بكه‌م به‌ مۆم‌ و

بێ تریفه‌ش، به‌ شه‌ونمى شه‌راب بڵێم،

كه‌ واده‌ى سه‌رخۆشبوونى وه‌رزه‌كان گه‌ڕایته‌وه‌،

سه‌ماى نه‌سیمێكى گه‌ڵاكانم بۆ بێنه‌

وه‌رز هات ‌و به‌فر كتابه‌كانى داگیرسان ‌و

خۆیشم،

له‌نێو یاخیبوونى كه‌مانچه‌یه‌كى خۆڵه‌مێشیدا،

نهێنییه‌كانى باخم كۆ ده‌كرده‌وه‌ و…

ئارام ئارام، سه‌یرى غوربه‌تى

كۆچى بێواده‌ى ڕێكویمى مۆزارتم ده‌كرد

چ كاره‌م لێره‌،

نه ‌ڕووخسارى باران ده‌زانێ من كێم،

نه ‌كڕنووشى هه‌وریش پێم ده‌ڵێت

ته‌مه‌ن ئامێزى چ فه‌رمووده‌یه‌كى سه‌رگه‌ردان بوو.

كه‌ نه‌یزانى،

پڕیشكى تارماییی په‌نهانى جه‌سته‌ى گیایه‌،

له‌ودیو بێده‌نگیى شه‌پۆلێكى پیرتر له ‌تۆفان،

هه‌موو پشكۆكان ده‌كات به‌ شه‌ونمى تابووت.

تابووتیش، له‌ خه‌واڵووبوونى بێهووده‌ییى دارئه‌رخوانێكدا

تریفه‌ ژاكاوه‌كانى داده‌گیرسێنێ ‌و

هێمنتر له‌ وێرانه‌ییى به‌خشینى سه‌فه‌ر،

به‌ باڵنده‌كانى پاكیزه‌ییى ده‌ڵێت،

ئاسمان چ چراخانێكى بۆنخۆشه‌،

زه‌وى زه‌نگى چ ئاگردانێكى به‌ساڵاچووه‌.

 

 

 

سلێمانى
پاییزی 2018