سامی هادی، یەکێکە لە شاعیرانی کورد، ساڵی ١٩٦٢ لە هەولێر لە دایک بووە. “ئایینی گیاکان”، “زەنگێک لە کەناری بێهوودەیییەوە” و “بەلەمی نادیار” سێ کتێبی شیعریی ئەون. هەروەها عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی کۆمەڵێک لە شیعرەکانی کردووە بە عەرەبی و بە ناوی “لا منزل یشبیة البحر” لە بیرووت چاپ و بڵاو بووەتەوە. لێرەدا چەند ئەزموونێکی تری شاعیر دەخوێننەوە، کە لە چەند دیمەنێکی هونەری و شیعرییانەدا بە دوای جۆرێک لە واتاگەرایییەوەیە. ئەم شیعرانە ئاوێتەی توخمەکانی سرووشت و ژیان دەبن و ڕوانینی نوێ درووست دەکەن.–ماڵپەڕی باڵندە
ئیتر بێدەنگیى مانگ کۆ ناکەمەوە
سامی هادی
١
بینیم مردبوو
ئیتر نەمدییەوە
باسى دارستان و
ئەو ئەستێرانە بکات
کە پڕ بوون لە ژن و ژیان
بینیم مردبوو
ئیتر ئەو مرد بوو
٢
سەیرى بکە
ئاگر بە باران تووڕە دەبێت و
منیش بەو مانگەى
کە نازانم، ئەو هەموو خەمۆکییەى
لە کوێ هێناوە
٣
ڕووبار کەى دەخەوێت
دڵنیام
جگە لە من، ماسى و شەپۆلیش
لە بێدەنگى ئەو پرسیارە
خەونەکانیان کۆ دەکەنەوە
لە پاییز‌ى ڤیڤاڵدیشدا
تەنیا جارێک گەڵاکان
بە چرپە گوتیان
ببوورن، ئێمەش هیچ نازانین
٤
ئیتر
بێدەنگیی مانگ کۆ ناکەمەوە
بە پەنجەرەش ناڵێم
بۆ هاتنەوەى تاریکى
کرانەوەت هیچ مانایەکى نەماوە
لێرەم
وەک ئەو هەموو پیاوانەى
لە شەووڕۆژێکدا
نازانم چەند درۆ دەکەین
٥
لێرە
خەون بە وەرزێک دەبینم
پڕە لە باڵندەى باران،
خەونێک
هەتاو بە ڕەنگى خۆڵەمێشى
پەپولەکانیش بە باڵى بەردەوە دەفڕن
خەونێک، ئیتر ناتوانم بە کۆتایییەکەى بڵێم
تووڕەبوونى ڕەنگەکان مەدەنەوە بە مرۆڤ
٦
بە کۆکردنەوەى ئەو هەموو پیرییە
سەرەتا، ڕەنگەکان بێدەنگترین وەرز بوون
دوابەدواى ئەوانیش
هەور ئاوڕی نەدایەوە
کچێک یان وا باشترە بڵێم ژنێک
خەونەکانمى لە تاریکترین ماچدا
کرد بە مۆم و ئیتر نەکوژایەوە
٧
ئەو هەموو پیربوونەت
بۆچییە
ئەگەر لەنێو زمانى ژنێکدا
خۆى حەشار نەدات
٨
تەنیا بە بینینم
دەریایەک دەدۆزمەوە
باران،
هەموو ڕەنگەکانى کردەوە بە خۆڵەمێش
بە بینینم،
باڵندەکان جگە لە جریوە
فڕینیان خستووەتە سەر شەپۆلەکان
بە بینینم
چەند ڕەنگێک دەکەم بە ماچێک
ئیتر… ماڵئاوا نیشتمانى خۆرئاوابوون
٩
لەنێو پیانۆکەدا دەریایەک هەیە
ژنێک…
بە بینینەکانى لە ڕەنگى هەتاو و
لە قەوزەى خەونى شەپۆلەکان
ئاوازێک دەچنێت
ژنێک… کە بوو بە گۆرانى
ئیتر… گەڕایەوە بۆ ئاوێنەی
تەنکیی مانگ
١٠
هەموو درۆکان
بوون بە شووشە
خۆشم لەودیو دەرگە ژەنگاوییەکەدا
بینینى تەمەنم لە تاریکی دەکردەوە
١١
ئیتر ژیان بەسەرما تێپەڕیوە
تەنیا باران هیچى نەگوت
پەنجەرەش،
هەر بە کراوەیى بانگى پاییز‌ى دەکرد
١٢
یەکەمجار دەنگ بوو
بە حەوت ڕەنگەکانییەوە بوون بە ژمارە
ئیتر ژمارە بوو گوتى
گەر باران لە ئاسمان بسەنینەوە
شتێک نامێنێتەوە
بۆ تارمایییەکانى بەگوڕبوونى زەوى
بگریت.
١٣
سەیر دەکەم
بەفر هێندە سپى دەبارێت
ژیانیش
لەمدیو دارچوالەکەوە
لە پەیژەکانى خەڵووز دەچێت
کاتژمێر چەندە بۆ ئەوەى
بەهار بگەڕێتەوە؟
ئەم هاژەهاژە،
چى بە چۆلەکەکان گوت؟
دە با ژمارەکان کۆ بکەینەوە
ئیتر ژیان
تواناى گۆرانیگوتنى نەماوە
١٤
ڕەنگە بڵێم
تەنیا ئێوارەکان کۆ بکەمەوە
ئەوە بەختەوەرترین خەونم
دا بەو ژنەى
کە بە کورتى قژى
ئاوازەکانم پڕ دەکات لە ئاوێنە
١٥
هەموو ئاوەکان لە ڕەنگی بوونى
خۆیان دەترسن
تەنیا ئەو فرمێسکانە نەبێت
کە لە پاییز وون بوو
ئیتر نەگەڕاوە ناو پەنجەکانى
هیچ گۆرانییەک
١٦
سەیرکە
لێرە، شەپۆل دەبێت بە نیوە و
باڵندەکانیش هێندە مەلە دەکەن
ئیتر شتێک نییە ناوى فڕین بێت
١٧
خەونەکانى پیاسەى پیرێکە
هەمیشە نیوەى گۆرانییەکانى کۆ دەکاتەوە
نیوەکەى تریشى
لە وەرزێکى بێمانگەشەودا
بیر دەچێتەوە
١٨
جگە لەم پەنجەرەیە
هیچ وەرزێکى ترم نییە
تا سەیرى نیوەى ڕووتى باران و
گێڕانەوەى خەونى هەڵوەرینى
درەختەکان بکەم
١٩
تۆ
بەس تۆ و سمۆرە
هێندە جوانن
دڵنیام بیرتان چووەتەوە
سەیرى ڕەنگە ئاڵۆزاوەکانى
مەرگ بکەن
٢٠
ئەو دەنگەى لە دایکم بۆم بەجێ ماوە
دڵنیام هێندە نەمرە
بۆیە لە بەردەم ڕووبارێکى
پاشماوەى ئێوارەدا
باسى لەدایکبوونم دەکات
٢١
بۆ ئەوەى خەونەکانم وردوخاش بکەم
دەبێت لە وەرزێکى تەڕدا بیانخەوێنم
٢٢
ئەو ژنە نازانێت
ئەویش گەورە دەبێت و
بە دواى ئەو ڕەشەبایەش ڕادەکات
کە لە هیچ دەرگەیەک ناچێتە ژوور
چونکە خۆى گۆڕستانە
سلێمانى – ٢٠٢٢
بێده‌نگیى مانگى… سامى هادى
موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر
له ئێواره‌یه‌كى جه‌ژنى سه‌رى ساڵى 1997 كه هێشتا له پاريس بووم، له‌ناكاو هه‌ستم كرد دنیا زۆر بێده‌نگ و كش و ماته. پاشان زانیم ئه‌مه به هۆى جه‌ژنه‌وه‌يه، هه‌موو خه‌ڵك له ژووره‌وه‌ن، ئیتر كریسمس بوو، جه‌ژنى له دایكبوون بوو، هه‌ستم به جۆرێك له سام كرد، له ساتێكى دیاریكراو به كاریگه‌رى ئه‌و بێده‌نگییه هه‌ستم كرد له تاراوگه‌م. پاشان نازانم بۆچى له‌و ده‌مه بیرم بۆ روانینه‌كانى فه‌یله‌سوفى فرانسى ئۆگوست كۆنت چوو، مانگ و ئاسمان و موناجاتى خۆى و پاڕانه‌وه‌ى له خوا و نه‌بوونى هيچ وه‌ڵامێك و هه‌ستكردنى به تاراوگه له‌سه‌ر زه‌وى. هه‌ڵبه‌ت پێشتر زۆرم له‌باره‌ى هزر و بیرى ئه‌و خوێندبووه‌وه، ئه‌و ده‌ڵێ له‌م دنیایه مرۆڤ له رووى روحى و شوێنه‌وه هه‌رده‌م له تاراوگه‌يه. ئیتر جۆرى مرۆڤ به گشتى هه‌مووى له تاراوگه ده‌ژیێ، چونكه هيچ وه‌ڵامێك بۆ وێرد و پاڕانه‌وه‌كان نيه. هه‌موو ئه‌مه‌ش بۆته سه‌رچاوه‌ى مه‌زن و له بن نه‌هاتووى بیر و روانینه‌كانى ئه‌لبێر كامو. ئه‌م دیارده‌یه له هه‌موو تێكسته‌كانى ئه‌و هه‌ستى پێ ده‌كرێ، به‌و مانایه‌ى مرۆڤ فڕێدراوه‌ته سه‌ر زه‌وى و ده‌بێ چاوه‌ڕێى هیچ شتێك نه‌كا، چونكه هه‌موومان له تاراوگه‌ين، ته‌نیا ئه‌و كاره جه‌وهه‌رييه‌ى ده‌بێ مرۆڤ بیكا ئه‌وه‌یه ژیان له‌سه‌ر زه‌وى خۆش بكا، ئه‌مه‌ش به كار و به شيعرده‌كرێ، شیعر وه‌ك سه‌لوا و جۆرێكه له هه‌ڵاتن له‌م تاراوگه‌يه، له‌ولاشه‌وه وه‌ك هه‌ڵگه‌ڕنه‌وه‌يه‌هكه دژ به‌و بێده‌نگييه‌ى مانگ و ئاسمان، ئه‌مه‌ش ئه‌و شۆڕشه‌یه ده‌بێ بكرێ، ئه‌م شۆڕشه زیاتر وشیاربوونه‌وه‌یه، وشیاربوونه‌وه به‌رانبه‌ر به نادادپه‌روه‌رى، چونكه نادادپه‌روه‌رى بۆ خۆى تاراوگه‌يه، ئه‌مه واته گه‌ڕاندنه‌وه‌ى نرخ و به‌ها بۆ جوانى و بۆ شیعر، مه‌به‌ستیش له شیعر روح و نیگه‌رانى مرۆڤه. دڵه‌ڕاوكه‌ى ئه‌به‌دى مرۆڤ به‌رانبه‌ر به بێده‌نگى ئاسمان و مانگ، كه ته‌نیا به فۆرمه‌كانى ده‌بڕى جوانيناسانه داده‌مركێته‌وه، سه‌ره‌نجام له خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌م شیعرانه‌ى كاك سامى هادى راسته‌وخۆ به خێرايى هه‌موو ئه‌م شتانه‌م به خه‌یاڵدا هات. به راست مانگ بۆ ئه‌وه‌نده بێده‌نگه، ئۆگوست كۆنت زۆر ماندوو بوو ئه‌وه‌ندى سه‌یر بكا و موناجات بكا، بۆچى مانگ بێده‌نگى خۆى به مرۆڤ ده‌فرۆشێ، ئه‌و لووتبه‌رزییه شیعرییه چیه هه‌رده‌م له‌و ئاسمانه تاریكه‌یه. ئه‌ى هه‌ڵوه‌سته و بێده‌نگى دایك به‌رانبه‌ر رۆژگار و نه‌وه‌كانى، له پاش مردنیش ئه‌و بایه هه‌ر دێ، دارستانیش هه‌ر ده‌شه‌كێته‌وه، ده‌شتى پڕ له گوڵه‌گه‌نمى پڕیش كه‌روێشكه ده‌كه‌ن، ئاگر هه‌ر كڵپه‌ى دێ و بارانیش هه‌ر به لێزمه ده‌بارێ، ئه‌ى بۆ ڕووبار ناخه‌وێت ؟ ئایه راسته ده‌ڵێن رووبار وێڕاى رۆیشتن و قه‌ڵبه‌زه و خوڕه‌ى ئاوه‌كه‌ى ده‌خه‌وێ؟ ئه‌ى په‌پووله‌ى باڵ به‌ردین و فڕینى مه‌حاڵ ! خه‌ونى پڕ له ره‌نگ و روخسارى پڕ له غوبار، پیرى پڕ له ژیان و جیهانێكى دوورى پڕ له ئاهه‌نگ، ته‌نیایى و پیانۆى پڕ له شه‌پۆڵ و ئاواز، ژیانیش تێده‌په‌ڕێ و ته‌مه‌نیش هیچ ناڵێ، ئه‌مانه‌ن وێناكان، ئه‌و وێنا و وێنا ئه‌ندێشه‌ییانه‌ى له‌م كۆپله شیعرانه هه‌ستیان پێده‌كه‌ین،
له خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م كۆپله شیعرانه دیسان ناچارین ئه‌و قسه‌یه‌ى ئه‌رستۆ به بیر خۆمان بهێنینه‌وه كه ده‌ڵێ ئه‌وه‌ى به شیعر ده‌كرێ به مێژوو ناكرێ، مێژووى ئه‌وسا فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌مڕۆ بوو، ئه‌وه‌ش راسته له‌م خوێندنه‌وه‌یه من سه‌رنجم بۆ ئۆگوست كۆنت و ئه‌لبێر كامو چوو، شیعره‌كان منیان وێڵ كرد و منیان دۆزییه‌وه، هه‌ستم به مانا و به بێهووده‌یش كرد، شیعر واته ڕاپه‌ڕين به‌سه‌ر تاراوگه‌ى ئه‌به‌دى مرۆڤ و له هه‌مان كات جوانكردنى ئه‌و تاراوگه‌يه، چونكه هه‌موو ژيانيك له تاراوگه‌يه، شیعریش ده‌توانێ وێناى ئه‌به‌دى ئه‌مه پیشان بدا، ئه‌مه‌ش ته‌نیا به شیعر ده‌كرێ. بێده‌نگى مانگیش ده‌مێكه هه‌یه، به‌ڵكو له مرۆڤیش كۆنتره. ئه‌م كۆپله شیعرانه وێناى شیعرى ساده و ساكار و روونن، مادده و زمانه‌كه‌شیان ساده و ساكارن، هه‌موو شتێك له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌سته‌ى یه‌كه‌م سه‌یر دێته به‌رچاو، به‌ڵام دواتر ده‌بینى ڕوون و ساده و قووڵ و پڕ به‌هاى جوانین.