سەرکار سالار، لە شاعیرانی نوێی کوردە. ساڵی ١٩٩٠ لە شارەزوور لە دایک بووە. چەند ساڵێکە دەنووسێت. تێکستەکەی بە سەرنجدان لە ژیان دەست پێ دەکات و بە بەدبینی و بێهوایی و تەنانەت پشتکردنە خەونە گەورەکان کۆتایی دێت. ڕەنگە ئەمە ڕوانینی نەوەیەک بێت، یان لانیکەم ڕوانینێکی گشتی بۆ ژیانێک، کە وا پێیدا تێدەپەڕین. – ماڵپەڕی باڵندە
بەشداریی ژیان ناكەم
سەركار سالار
دەچمە ناو خەڵكەوە دیقەتی ژیانیان دەدەم
قسەیان لەسەر زۆر شت لەگەڵ دەكەم
گوێ له هەواڵەكان دەگرم
دەچمە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ناو نێت
كاتێكی باش بە ڕێوڕەسمی جەژنەكانەوە
بە بۆنە كۆمەڵاتییەكانەوە سەرف دەكەم
وا دەنوێنم
خۆشەویستیم بۆ یارەكان هەیە و ڕقیش بۆ نەیارەكان
بەڵام قەت دڵ نا وەك دەڵێم بۆ ئەمانە كاتم هەیە
هەموو ئەو شتانە دەكەم وا دەكەن كات زوو بڕوا
تەنانەت سەرقاڵبوون بە ژن و منداڵیشەوە
هیچ لاریم نابێ دەستم تێی بچێ
من ژیانكردن وەك وەسیلەیەك بۆ ژیاننەكردن بەكار دەبەم
ئەمە هەم ئاسانیش ئەوە دەشارێتەوە
كە بە زۆری بایۆلۆژیا بەم ژیانەوە دەمبەستێتەوە
بۆ من ژیان لە تەریقبوونەوە لەوەی هەم زیاتر نییە
تەریقبوونەوەیەك هەندێك جار بە تامی خەجاڵەتی
خەجاڵەتی هەمیشە بە خەتایەك لەگەڵیدا
لە تەریقبوونەوە جیا دەكرێتەوە
ئەگینا دەزانم هەندێک تەریقبوونەوە لێكەوتەی دڵخۆشی هەیە
یانی هەستكردن بەوەی
“ژیان بۆ من لە تەریقبوونەوە لەوەی هەم زیاتر نییە”
هەندێك جاریش
لە دڵەوە دەمخاتە پێكەنین
“سووریش بزانی وا نییە
بەڵام هەندێك جار بە خەتابار-زانینت
هەر ئازارێكی هەیە هیی ویژدان”
بەم حیكایەتە
ئەوەتان بۆ دەگێڕمەوە
من شایەنی زۆرێك لە ئازارەكانم نیم
دەبێ دەری بهێنین و
هەنێک لە درز و خەوشەكانی چاك بكەینەوە
بە پەڕۆیەكی پاك جوان بیسڕین
بۆ ئەوەی ئاسوودەییمان بەختێكی باشتری هەبێت
ئنجا بە بریقە و ڕەونەقەوە دایبنێینەوە
لەناو ڕەفەكانی ژیانمان
ئەگەری خۆكوژی
ئەگەر ئاسوودەییمان بە سەرفرازییەوە بەستبێتەوە
دانی پێدا دەنێم
من قەرزاری ئەو خوێنی ڕەشبینییەم بە دەمارەكانمدا هاتوچۆ دەكات
ئەگەر پەیامبەرەكانی ڕەشبینی نەبوونایە
هەستكردن بەوەی شتەكان
بە ئاراستەی تەنگبوونی دڵی من شێوە دەگرن
زۆر سەخت دەبوو
كە دەڵێم
“من هەست بە شكست دەكەم و زۆر سەخت نەكەوتووە لەسەرم”
هیی ئەوەیە
خوا بەوە ڕەحمی كردووە
پێكەنینم بە هەبوونی هەموو ئەو ڕایەڵانە دێت
مانا بە ژیانەوە دەبەستنەوە
لەدەستدانی هیوای گەیشتن بە ژیانی دڵخوازم
وام لێ دەكا
وەك پیاوێكی تەنبەڵ
ئیتر تەنیا تاقەتی درووستكردنی ئەو ئاواتە بچووكانەم هەبێ
كە نەهاتنەدییان بێتاقەتییەكی ئەوتۆی تێ نەچێ
نەبوونی ئاواتی گەورە
یانی بەشدارینەكردنێكی ئەوتۆی ژیان
“ئەگەر ئاواتی گەورەمان بە زۆریی دڵبەستەیییمان بە شتێكەوە پێناسە كردبێ”