کاتێک هەتاو لە چاوەکانتدا زیندانی دەکەیت

سەرکەوت جەبار/شاعیری کورد

May 21, 2018

 

سەرکەوت جەبار، لە شاعیرانی نوێی کوردە و لە ١ـی ٥ـی ١٩٩٠ لە دایک بووە. ئەو شیعر دەنووسێت و جارجاریش لە فارسییەوە وەردەگێڕێت. هەروەها سەرقاڵی سینەمایە و فیلمێکی دیکۆمێنتاریی بە ناوی «هاوار» دروست کردووە. – باڵندە

 

 

 

 

کاتێک هەتاو لە چاوەکانتدا زیندانی دەکەیت
سەرکەوت جەبار

 

 

 

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
کاتێک وشەکانی ناو چاوت وەک شەپۆلی کەنار دەریا هاژەیان دێت و
ناتوانیت هیچ بڵێیت؟

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
کاتێک سیسەمەکەت دەبێتە خاچ و
بۆ هەمیشە لەسەری لە خاچ دەدرێیت؟

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
ئەو کاتەی ناوکت جەستەت لە باوەش دەگرێت و
مەمکەکانت دەبنە زیندانیی جەستەت و بۆ هەمیشە لەناو
قەفەسی جەستەتدا زیندانی دەکرێن؟

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
ئەو کاتەی زەمەن لە نێوان دەستە شمشێراوییەکانیدا هەڵی گرتوویت و
بۆ هەر جێیەک دەچیت بەر لێوارە تیژەکانی دەکەویت؟

 

بەهار دێت و دەستی هاوین دەگرێت و
پاییزیش دەستی زستان، بەڵام تۆ
لەسەر سیسەمەکەت ڕاکشاویت و نازانیت بیر لە چی دەکەیتەوە

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
ئەی پەڕەسێلکەی باڵشکاوی ناو تۆفانی زەمەن؟

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
کاتێک پرچت وەک ڕووبارێکی بەخوڕ
دەڕژێتە دەشتی جەستەتەوە و چاوەکانیشت لە بری ئەستێرەکان
دەبریسکێنەوە؟

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
کاتێک منداڵەکەت چاوەڕێت دەکات و
تۆش لەسەر سیسەمەکەت بۆ هەمیشە
زیندانی کراویت؟

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
ئەو کاتەی پەنجەرەی ژوورەکەت دەکەیتەوە و
دەتەوێت هەتاو لەناو چاوەکانتدا زیندانی بکەیت و
لە چارەنووسی خۆت هەڵبێیت؟

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
کاتێک وشەکان لەناو بێدەنگیی چاوەکانتدا
زیندانی کراون و ناتوانن بێنە دەرەوە؟

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
ئەو کاتەی شەونمەکانی سەر جەستەت
دەبنە تابووت و تێیدا دەنێژرێیت؟

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
کاتێک هەتاو دەبێتە تابووتی شەونمەکان؟

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
کاتێک وشەکانم لە دەستوپەنجەت دەئاڵێن و
دەمەوێت وەسفی ڕووخسارت بکەم، بەڵام
ناتوانم؟

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
ئەو کاتەی لە ڕووخساری منداڵەکەتدا
بۆ ڕووخساری پەژموردەبووی خۆت دەگەڕێیت؟

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
ئەو کاتەی مردوویت و
لەناو پەلکەگیاکاندا نێژراویت و دەتەوێت بگەڕێیتەوە بۆ ژیان؟
ئاخۆ بیر لەوە دەکەیتەوە کێ لە بری تۆ دەژی؟

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
کاتێک جەستەت دەبێتە پاییز و
گەڵاکان هەڵدەوەرێنیت؟

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
ئەو کاتەی هەورەکان لە جەستەت لە دایک دەبن و
دەبنە باران بۆ منداڵەکەت؟

 

بیر لە چی دەکەیتەوە
ئەو کاتەی لە ئاوێنەکەتدا بۆ منداڵیی خۆت دەگەڕێیت و
نایدۆزیتەوە؟