سایە فووغان لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا لە برادۆست لە دایک بووە و لە هەولێر دەژی. ئەو تەنیا هەژدە ساڵیەتی و ماوەی چەند ساڵێکیشە دەستی کردووە بە شیعرنووسین. دەخوێنێت و خوێندکاری شەشی ئامادەیییە. زۆرێک لەم شیعرانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا نووسیون، کە ئەوکات منداڵتریش بووە. نیگای پاکژی ئەو بۆ شتەکان و دەوروبەری، لە شیعرەکانیدا بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت، تەنانەت نزیکبوونەوەی لە هایکۆی ژاپۆنییش، لەم سۆنگەیەوەیە. باڵندە بە خۆشحاڵییەوە شیعرەکانی ئەو بڵاو دەکاتەوە، کە هەوڵ بدات ئەدەبیاتێکی لەمە باشتر بخولقێنێت؛ بەو هیوایە. – باڵندە
ئەوەی جارێک دڵمی شکاند سەد جار لێی خۆش بووم
سایە فووغان
حەز دەکەم
بە بیانووی
ئارووتەواوبوون بێم بۆ ماڵتان
■
ئەگەر تەنیا بوویت
دڵخۆشی
خواردنەوەی چایەکە
■
دوای تۆ
لە خانوویەک دەچم
بەعس خاپووری کردبێت
■
بۆیە منیش بوومە شاعیر
کە جوانیم دۆزییەوە
■
تۆ وەک داهۆڵیت لە ژیانمدا
بۆیە خەم لێم نزیک نابێتەوە
■
وەک دارتووەکانی
ناو حەوشەکەمان
من
غەریبم
■
ئێوارە
چاوەڕێی شنەبایەک بووم
ئەویش نەهات
■
گوڵێکی حەوشەکەمان ژاکا
دەکرا
دڵۆپێک ئاوم بام
■
هێندە جوان گوڵەکان ئاو دەدەیت
گوڵبوونیش دەبێتە خۆزگەیەک
■
بەم گەرمایە
بیر لە تۆ دەکەمەوە
چۆن بەم گەرمایە
دەتوانم بیر لە تۆ بکەمەوە؟
■
هێندەیش ڕەشبین نەمام
کاتێک بە چاوەکانی تۆ
ڕوانیمە دنیا
■
وەک حەبیبە
کچەکەم لەبەر خۆیەوە پێدەکەنێت
دەزانم چی ڕووی داوە
■
ئەوەی جارێک دڵمی شکاند
سەد جار لێی خۆش بووم
تەنانەت ڕووم گرژ نەکرد
■
دایکم دەکۆکێت
خۆزگە من
شرووبە تاڵەکە دەبووم
■
گەڵا بوومایە
بە پاییزم دەگوت
زووتر بێت
■
دەمەوێت دەست بکەم بە نووسین
وشەکان هێندە زۆرن
سەرم لێ دەشێوێت
■
گەر وەک منداڵی
پێڵاوەکانت لێ بشارمەوە
لە لام دەمێنیتەوە؟
■
کە چاوەکانم داخست
دەفتەرەکەم پڕ بوو لە نووسین
دەستەکانم ماندوو
■
ژنێک
شەوانە ژێر سەرینەکەی پڕ دەکات لە گیان
بەیانیان بە خەندەوە گوڵەکان ئاو دەدات
■
کامێرا بوومایە
تەنیا وێنەی
تۆم دەگرت
■
من نووسینم هەڵبژارد
دواجار دەبمە وشەیەک
لەنێو کتێبێکی کۆندا
■
ئاروو: خەیار