ماردین ئیبراهیم | (١٩٧٤ - )
July 30, 2025
ماردین ئیبراهیم یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی کورد، ساڵی ١٩٧٤ لە سلێمانی لەدایک بووە، ئەزموونی نووسینی دەکەوێتە کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتای ساڵانی دووهەزار، ماردین خاوەنی چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەیە لە بوار و ژانرا جیاوازەکاندا. سێ کۆمەڵە شیعری هەیە، یاسەمینەکانی مردن ١٩٩٩، کراس ڕەش-کتێبی هاوبەش لەگەڵ لازۆی شاعیر ٢٠٠٨، تۆ مەچۆ بۆ شەڕ ٢٠١٣. چەندین شیعریشی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە بۆ کوردی و لە گۆڤار و وێبسایتەکاندا بڵاو بوونەتەوە. ماردین ئیبراهیم ئێستا لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێیە.
خوێنەری نوێترین شیعری ماردین ئیبراهیم بن
ماردین ئیبراهیم
ناویان لێنا جه‌یمس ئۆین
خزمه‌کانیان هاتن، دراوسێکانیان هاتن، پیاوان و ژنانی پیرۆزی کڵێسا هاتن، به یادی یوحه‌نای ته‌عمیدده‌ر له ئاویان هه‌ڵکێشا، به گوێیدا سروودی ستایشی عیسا و قه‌دیسه‌کانیان خوێند، شه‌رابی سووریا‌ن له‌سه‌ر مێزه‌کان دانا، که له‌به‌ر تیشکی مۆمه‌کاندا ده‌بریسکانه‌وه و ئه‌و ناوه‌یان کردبوو به چراخان، دایک و باوکی به‌ده‌م میوانه‌کانه‌وه ده‌تریقانه‌وه و نه‌یانده‌زانی ڕۆژگارێک دێت ئه‌و به‌چکه جوانه -جه‌یمس ئۆین- گه‌وره ده‌بێت و وه‌کوو قه‌له‌نده‌ره‌کان له‌سه‌ر شۆسته‌کان ده‌خه‌وێت.
***
هه‌بوو نه‌بوو له بێرمینگهام پیاوێک هه‌بوو
زه‌مان هه‌موو تیره‌کانی خۆی تێگرتبوو
تیرێک نه‌بوو، دوو تیر نه‌بوو، سێ تیر نه‌بوو
***
پیاوێک هه‌بوو خه‌ونه‌کانی له باڵه‌کانی گه‌وره‌تر بوون
ڕۆژێک وه‌ک شینه‌شاهۆیه‌کی پێکراو له فڕین که‌وت
به که‌ساسی به‌سه‌ر لقه‌کانه‌وه، له‌نێوان ئاسمان و زه‌میندا مایه‌وه
مه‌نزڵگاکه‌ی زۆر له توانای هه‌نگاوه‌کانی دوورتر بوو
ئێواره‌یه‌ک وه‌ک ئه‌سپێکی نه‌خۆش له‌پێ که‌وت
غه‌مگین و په‌رێشان له‌سه‌ر دووڕیانه‌کان به حه‌په‌ساوی مایه‌وه
***
دایکی ڕه‌شه‌بایه‌ک بردی، بۆ کوێی برد؟ نازانم
باوکی فیشه‌کێکی نا به‌سه‌ری خۆیه‌وه، ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌ی له‌کوێ بوو؟ نازانم نازانم
کورده‌کان ده‌یانگوت ئه‌لبانییه‌کان پێیان فرۆشتووه، ئه‌لبانییه‌کان ده‌یانگوت کورده‌کان بۆیان هێناوه
کامیان ڕاستیان ده‌کرد، نازانم نازانم نازانم.
***
شه‌وێک له‌ناو دوکه‌ڵی ئه‌فیوندا دۆزیمانه‌وه
له برۆدستریت بتڵه‌بیره‌کان له ده‌وری بوون
له فایڤ وه‌یز له‌سه‌ر ئه‌و عه‌رزه سارده خه‌وتبوو
***
پایزه، پایزه، پایزه
پایزه بۆ جه‌یمس ئۆینی خانه‌خه‌راب پڕه له ئاژاوه و شه‌ڕ
بایه‌ک له دۆڤه‌ره‌وه هه‌ڵده‌کات، هه‌ورێکی ڕه‌ش دێنێت
بارانێک ده‌ڕژێنێت کیسه‌خه‌وه‌که‌ی جه‌یمس ئۆین ده‌کاته‌وه ته‌ڕ
***
به‌هاره، به‌هاره، به‌هاره
به‌هاره له جه‌یمس ئۆینی سه‌رگه‌ردان ده‌بێت به ته‌م
هه‌ورێکی چڕ دێت له سه‌ر ڤاتیکانه‌وه
جه‌یمس ئۆین ده‌که‌وێته ناو زه‌لکاوی خه‌ونه‌کانی خۆیه‌وه
بۆی ناکرێته‌وه گرێی که‌سه‌ر، بۆی هه‌ڵناگیرێت باری خه‌م
***
هه‌بوو نه‌بوو له بێرمینگهام پیاوێک هه‌بوو ناوی جه‌یمس ئۆین بوو
چاره‌نووس گورگه‌کانی خۆی تێبه‌ردابوو
گورگێک نه‌بوو، دوو گورگ نه‌بوو، سێ گورگ نه‌بوو
***
وه‌ک فلامینگۆیه‌ک له بیاباندا به دووای ماسیدا بگه‌ڕێت، له بیاباندا به دووای ماسی؟
جه‌یمس ئۆین له سۆهۆ ڕۆد به شووشه‌یه‌ک ڤۆدکاوه به‌دووای خه‌ونه‌کانیدا ده‌گه‌ڕا
به لاره‌لار ده‌ڕۆیشت و ڕۆژه‌کانی لێ ده‌که‌وتن و بۆیان نه‌ده‌گه‌ڕایه‌وه
ته‌رزه‌ی نه‌هامه‌تییه‌کان وه‌ک ته‌رزی توله‌مێو وه‌راندیان
نه‌یده‌زانی ئه‌و سیما بێگوناهه‌ی؛ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕۆژگاره دڕه‌دا ناگونجێت
***
ناویان لێنا جه‌یمس ئۆین
که‌س بیری بۆ ئه‌وه نه‌ده‌چوو ئه‌و ڕوخساره ڕوونه؛ به‌ر ئه‌و سه‌رده‌مه تاریکه ده‌که‌وێت
نه‌یانده‌زانی ڕۆژێک دێت به‌خۆی و سه‌گێکی غه‌مگینه‌وه
له په‌نا دیواری وێستگه‌ی شه‌مه‌نه‌فه‌ر به نیگایه‌کی په‌رته‌وه سه‌یری دنیا ده‌کات
***
جه‌یمس ئۆین خه‌و ده‌یباته‌وه
ده‌بێت خه‌ون به چییه‌وه ببینێت؟
***
ڕۆژێک ڕێت ده‌که‌وێته بێرمینگهام، ده‌چیت بۆ گۆڕستانه‌که‌ی های گه‌یت، له‌لای گۆشه‌ی چه‌پی گۆڕستانه‌که‌وه گۆڕێکی ماتی لێیه، له‌نێوان دوو گۆڕدا یه‌کێکیان جه‌نگاوه‌رێکی دژی نازییه‌کانه؛ ئه‌وه‌ی دیکه‌یان کچێکی گه‌نجه، له گۆڕستان دراوسێکانی جه‌یمس ئۆین زۆر باشن، که له ژیاندا بوو دراوسێکانی هێنده باش نه‌بوون، له‌سه‌ر کێله‌که‌ی نوسراوه جه‌یمس ئۆین. تۆزێک بیر له ژیانی کورت و غه‌مناکی جه‌یمس ئۆین ده‌که‌یته‌وه و ده‌چیته ده‌ره‌وه بۆ سه‌ر جاده‌که، به چاوی ته‌ڕه‌وه سه‌یری ئوتومبیله‌کان ده‌که‌یت، شۆفێره‌کان نازانن بۆ ده‌گریت، ئیدی چاوه‌کانت ده‌سڕیت و بیر له‌و ڕۆژانه ده‌که‌یته‌وه که پیاوێک هه‌بوو خه‌ونه‌کانی له باڵه‌کانی گه‌وره‌تر بوون.