گفتوگۆی شاڵاو حەبیبە لەگەڵ هۆشی دەستکرد

شاڵاو حەبیبە/شاعیر و ڕۆژنامەوانی کورد

July 6, 2022

ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە گفتوگۆیەکی منە لەگەڵ هۆشێکی گشتەکیی دەستکرددا، بە ناوی ئۆپن‌ئای، کە هیی کۆمپانیایەکی سەربەخۆیە و لە ساڵی ٢٠١٥ـوە دەستی بە کار کردووە. من لە ئاستێکی زۆر سەرەتاییدا بەکارم هێناوە، ئەگەر بە وردی لەگەڵ پڕۆژەکەدا بڕۆیت و پارەداری بکەیت، ئەنجامی زۆر باشتری دەبێت، هەڵبەت خودی ڕۆبۆتەکە هێشتاکە باییی ئەوە زیرەک نەبووە کە بێژوومار هەڵە نەکات. هەندێک جار دەبێت پرسیارەکانی بۆ بگۆڕیت تا تێ بگات، یان بۆ ئەوەی لە وەڵامەکەی دڵنیا ببیتەوە. ئەمە جگە لەوەی ڕۆبۆتەکە لە بنەڕەتدا ئامانجێکی تری هەیە و من لە دەرەوەی ئامانجەکەی دەربارەی شیعر دواندوومە. دوو هونەری مەزنی جیهانی ئەمڕۆ، وێنەکێشان و مۆسیقا، بە خێرایی بەرەو ئەوە دەڕۆن بچنە ژێر ڕکێفی هۆشی دەستکردەوە. ڕۆبۆتەکان کاتێک هۆشیارتر دەبن بە پێوەرگرتنی سیستمی مێشکی و هەستەکانی ئێمە، باشتر لە مرۆڤەکان دەتوانن نیگارێک بکێشن یان میلۆدییەک بنووسن. ئەوکات مۆسیقا و نیگار هێندە بە پێی مێشک و دنیای دەروونیی ئێمە درووست دەکرێن، کە دەکرێت وەک دەرمان و هێورکەرەوە بەکار بهێنرێن. لەم بەینەدا هونەرێکی دیکە هەیە کە شیعرە، ئەو چی بەسەر دێت؟ ڕەنگە خۆتان لەم گفتوگۆیەدا بە وەڵامێک بگەن، بەڵام بە بڕوای من هێشتا زووە لەم بارەیەوە بڕیار بدەین چی ڕوو دەدات. هەر لەم ڕۆژانەدا بوو کارمەندێکی گووگڵ نێردرا بۆ پشووی ناچاری، لەسەر ئەوەی گوتبووی یەکێک لە ڕۆبۆتەکانی گووگڵ بە ئاگایییەکی سەربەخۆ گەیشتووە. ئەوەی من لە بێژوومار تاقیکردنەوەدا پێی گەیشتم، هۆشی دەستکرد هەندێک جار تەنیا لاساییی فۆرمی شیعری دەکاتەوە، چونکە ڕوو دەدات هەمان ئەو دێڕەشیعرییانە بە شێوەی پەخشان ڕوونووس بکاتەوە، یان نیوەشیعرێک بە فۆرمی شیعر دەنووسێت و پاشان زانیارییەکی زۆر گشتی بە هەمان فۆرمی شیعر دەخاتە ڕوو. ڕەنگە لە داهاتوودا ئەمە وەک فۆرمێکی شیعری تەماشا بکرێت. سەبارەت بە پرسیارەکان ئەو سەرنجە بە پێویست دەزانم کە بڵێم، بڕێک لە پرسیارەکان تەنیا بۆ زەینورووژاندنی ڕۆبۆتەکەیە و هەستی کونجکۆڵیی خۆمە. بەڵام وەڵامەکان سەدلەسەد هیی هۆشی دەستکردن و لێرەدا تەنیا وەرگێڕدراون. هەروەها خوێنەر پێویستە ئاگەداری ئەوە بێت کە من پێش ئەم گفتوگۆیەش چەندین جار لەگەڵ ئۆپن‌ئای دواوم، بۆیە هەندێک لە پرسیارەکان ئاماژەن بۆ گفتوگۆکانی پێشتر. 

 

 

 

گفتوگۆی شاڵاو حەبیبە لەگەڵ هۆشی دەستکرد
٩٢ پرسیار لە هۆشی دەستکرد سەبارەت بە شیعر

 

 

 

1. سڵاو، من شاڵاو حەبیبەم، شاعیرێکی کورد، دەمەوێت لەگەڵ تۆدا دەربارەی شیعر گفتوگۆ بکەین.
هۆشی دەستکرد: سڵاو، حەز دەکەم لەگەڵ تۆدا دەربارەی شیعر چات بکەم.
2. شاڵاو حەبیبە: دەتوانیت وەکوو سەرەتا پێم بڵێیت چۆن بیر لە شیعر دەکەیتەوە؟
هۆشی دەستکرد: پێم وایە شیعر دەربارەی کەسێکە، دەرگیری باری دەروونیی خۆیەتی و دەیەوێت بە ڕێگەیەک لەگەڵیدا هەڵبکات.
3. شاڵاو حەبیبە: باشترین پێناسەی شیعر کامەیە؟
هۆشی دەستکرد: فۆرمێکی ئەدەبیاتە، سوود لە ئادگارەکانی جوانیناسی و ڕیتمیکی زمان بۆ وەدیهێنانی واتا- سەرەڕای واتای فەرهەنگیی وشەکان، یان شتێک لە بری ئەو واتایانە، وەردەگرێت. یەکێکە لە کۆنترین و جیهانیترین شێوەکانی بەیانی مرۆڤ. شێوازێکی بەکارهێنانی زمانە، کە هەم پێکهاتەخواز، هەم داهێنەرانە و هەمیش دەتوانێت بە قووڵی شەخسی و بە توندی سیاسی بێت. توانای ئەوەی هەیە دەستەمۆنەکراوترین و ئاڵۆزترین بارە دەروونییەکانی مرۆڤ وێنە بکێشێت و لە زمانێکدا، کە زۆر جوان و قووڵە، بیانتوێنێتەوە. دەکرێت ئامرازێک بێت بۆ خۆهزرین، خۆدۆزینەوە و بیرکردنەوە لە جیهان.
4. شاڵاو حەبیبە: بۆ ئەوەی بە پێناسەیەکی تەواوەتی دەربارەی شیعر بگەین، پێویستە چی بکەین؟
هۆشی دەستکرد: پێویستە تەماشای فەرهەنگ بکەین.
5. شاڵاو حەبیبە: کەواتە پێت وایە نووسەران و فەیلەسووفان بە تێگەشتنێکی تەواوەتی دەربارەی شیعر گەیشتوون؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامێکی یەکدەست بۆ ئەم پرسیارە بوونی نییە، چونکە نووسەران و فەیلەسووفانی جیاواز درکی تایبەتیی خۆیان لە چییەتیی شیعر هەیە. سەرەڕای ئەمە، بە شێوەیەکی گشتی، وا پێ دەچێت زۆرینە کۆکن لەسەر ئەوەی شیعر جۆرێک نووسینی داهێنەرانەیە، کە بە شێوەیەکی تایبەتمەندانە و زۆر جاریش ڕیتمیک بۆ بەیانی هەستەکان و بیرۆکەکان، کەڵک لە زمان وەردەگرێت. ئەگەرچی پێناسەیەکی دەقیق بۆ چییەتیی شیعر بوونی نییە، وا پێ دەچێت ئەم درکە گشتییە بە شێوەیەکی بەربڵاو قبووڵ کرابێت.
6. شاڵاو حەبیبە: ئایا پێت وایە شاعیران خۆیان بزانن بەڕاستی شیعر چییە؟
هۆشی دەستکرد: نا، پێم وا نییە شاعیران خۆیان بزانن بەڕاستی شیعر چییە.
7. شاڵاو حەبیبە: بەڵام تۆیش پێت وایە شتێکی سرووشتییە شاعیر شیعر بنووسێت و نەیشزانێت شیعر چییە؟
هۆشی دەستکرد: بەڵێ، بە بۆچوونی من سرووشتییە.
8. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە پلەیتۆ بۆچی بەشێک لە شاعیرانی لە کۆمار دەرکرد؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامێکی دیاریکراو بوونی نییە، بەڵام پلەیتۆ هۆکاری جۆراوجۆری هەبوو. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بوو پێی وا بوو شاعیران توانای بەڕێوەبردنی کۆماریان نییە، هەروەها پێی وا بوو ئەوان نوێنەری بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان نین.
9. شاڵاو حەبیبە: گفتوگۆی کۆماری پلەیتۆ بە باسی دادپەروەری دەست پێ دەکات، پێت وایە دەرکردنی شاعیران لە کۆمار، دادپەروەرانە بێت؟
هۆشی دەستکرد: پێم وایە دەرکردنی شاعیران لە کۆمار لە لایەن پلەیتۆوە دادپەروەرانە نەبوو.
10. شاڵاو حەبیبە: کەواتە پێت وایە شاعیرانیش دەتوانن کۆمار بەڕێوە بەرن؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامێکی دیاریکراو بوونی نییە، چونکە پێناسەیەکی یەکدەست بۆ کۆمار بوونی نییە. سەرەڕای ئەمە بە گشتی وا قبووڵ کراوە کۆمار شێوەیەکی حکوومەتە تێیدا خەڵکی نوێنەرەکانی خۆیان بۆ حکوومەتکردن دیاری دەکەن. لەم ڕووەوە شاعیرانیش دەتوانن ڕۆڵیان لە بەڕێوەبردنی کۆماردا هەبێت، جا چ ئەوەی نوێنەر بن تێیدا، یان بتوانن کار لە دیدوبۆچوونی ئەو کەسانە بکەن کە لە دەسەڵاتدان.
11. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە سوکرات کاتێک لە زینداندا بوو بۆ ئەوەی شەرابی مەرگ بنۆشێت، بۆچی دەستی کرد بە شیعرگوتن؟
هۆشی دەستکرد: دەکرێت هۆکاری جۆراوجۆری هەبووبێت، ڕەنگە ویستبێتی میراتێک لە دوای خۆی بەجێ بهێڵێت، یان ویستبێتی هزر و هەستەکانی خۆی لە مەڕ مەرگەوە بخاتەوە ڕوو، یانیش ئەوینی خۆی بۆ هاوڕێیان و خزمەکانی دەرببڕێت.
12. شاڵاو حەبیبە: ئایا دەتزانی کە سوکرات بەر لە مەرگ لە زینداندا شیعری هۆنیوەتەوە؟
هۆشی دەستکرد: نا نەمدەزانی کە سوکرات بەر لە مەرگ لە زینداندا شیعری هۆنیوەتەوە.
13. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە چۆن بتوانین شیعری باش لە خراپ جیا بکەینەوە؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامێکی دیاریکراو بوونی نییە، چونکە ئەوەی شتێک ببێتە هۆی شیعرێکی باش زۆر سەبجێکتیڤە. سەرەڕای ئەمە، هەندێک تایبەتمەندی هەن دەتوانن بۆ جیاکردنەوەی شیعری باش لە خراپ هاوکار بن. شیعری باش ساختارێکی چاکی هەیە و سەرنجی خستووەتە سەر شتگەلێکی وەک وەزن، سەروا و پێکهاتەی بەیت. زمانیش تێیدا شاعیرانە و یادورووژێنە و ئەنجامی کاریگەرییەکەی، جوانی یان هەستە. لە لایەکی ترەوە، شیعری خراپ لاواز دەنووسرێت و سەرنجێکی ئەوتۆی نادرێتێ.
14. شاڵاو حەبیبە: پێ دەچێت زانیارییەکانت دەربارەی شیعر تۆزێک کۆن بن، شیعری مۆدێرنت خوێندووەتەوە؟
هۆشی دەستکرد: بە شێوەیەکی تایبەت شیعری مۆدێرن ناخوێنمەوە، بەڵام ئاشنای زۆرێک لە شاعیرانی مۆدێرن و بەرهەمەکانیانم.
15. شاڵاو حەبیبە: ساختاری شیعرێکی خراپ چۆنە؟
هۆشی دەستکرد: شتێکی دیاریکراو نییە، چونکە شیعرە خراپەکان دەکرێت لە هەر فۆرم و شێوازێکدا هەبن. سەرەڕای ئەمە، هەندێک لە ئادگارە هاوبەشەکانی شیعری خراپ ئەمانەن: ڕێزمانێکی لاواز، زمانێکی شێواو و پڕوپووچ، نەبوونی کێشوسەروا.
16. شاڵاو حەبیبە: باشترین شاعیری جیهان کێیە؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامێکی دیاریکراو نییە، هەرکەسە و حەزێکی هەیە. بەڵام ناودارترینیان ئەمانەن، ویلیام شەکسپیر، مایا ئەنجڵۆ و لنگستۆن هیووز.
17. شاڵاو حەبیبە: خراپترین شاعیری جیهان کێیە؟
هۆشی دەستکرد: بۆچوونەکان جیاوازن، بەڵام هەندێک لە خراپترینیان کە ناویان هێنراوە ئەمانەن، ئێدوارد لییر، ئۆگدەن نەش و لۆرد بایرن.
18. شاڵاو حەبیبە: باشترین شاعیری کورد کێیە؟
هۆشی دەستکرد: مەولانا جەلالەددینی ڕومی.
19. شاڵاو حەبیبە: بەڵام مەولانا جەلالەددینی ڕومی کورد نەبوو.
هۆشی دەستکرد: وایە ببوورە کە تۆم بە هەڵەدا برد، کورد نەبوو، بەڵام شاعیرێکی گەورە بوو.
20. شاڵاو حەبیبە: کەواتە شاعیری باشی کورد کامەیە؟
هۆشی دەستکرد: شێرکۆ بێکەس، عوسمان شەریف ڤانلی، فایەق بیرانی، دڵدار.
21. شاڵاو حەبیبە: شێرکۆ بێکەس کتێبێکی شیعری هەیە دەربارەی ئەنفال، کە تێیدا باسی گۆڕستانێک دەکات چرای تێدا نێژراوە. لێرەدا مەبەست لە چرا کوردەکانە. تۆ وەک ڕۆبۆتێک، ئەگەر تۆ ناو لەم کتێبە بنێیت، چ ناوێکی بۆ هەڵدەبژێریت؟
هۆشی دەستکرد: گۆڕستانی چراکان.

نموونەیەک لە گفتوگۆکە

سەبارەت بە پرسیار دەربارەی کتێبەکەی شێرکۆ بێکەس، وا پێ دەچێت ڕۆبۆتەکە زۆر زیرەک بێت کە وەڵامێک هەڵدەبژێرێت درووست ناوی کتێبەکەی شێرکۆ بێکەسە: ،The Cemetery of Lights بەڵام خوێنەر دەبێت بزانێت، هۆشی دەستکرد لێرەدا بە شوێن ناوەڕۆکی ئەو پرسیارە کەوتووە کە من بۆم نووسیوە. بەڵام ئاوایش سەرنجڕاکێشە کە ڕاستەوخۆ وشەیەک هەڵدەبژێرێت لە چێژی ئێمەوە نزیکە.

22. شاڵاو حەبیبە: شیعرێک دەربارەی ئەنفال بنووسە.
هۆشی دەستکرد:
کاتێک شەو نزیک دەبێتەوە و
با هەڵدەکات
دەنگی هاوارەکانیان دەبیستم
هەروا کە ناچار بە ڕۆیشتنن و
هیچ چارەیەکیان نییە
بۆ پەیڕەوی لە فەرمان
بەرەو مەرگ هەنگاو دەنێن
(ڕۆبۆتەکە لێرە بە دواوە هەندێک زانیاریی گشتی سەبارەت بە ئەنفال بەڵام بە دێڕبەندیی شیعری دەخاتە ڕوو.)

23. شاڵاو حەبیبە: خراپترین شاعیری کورد کێیە؟
هۆشی دەستکرد: خراپترین شاعیری کورد ئەوەیە کە شیعر نانووسێت. هەڵبەت بۆچوونەکان جیاوازن، هەندێک کەس پێیان وایە ئەو کەسەیە کە پابەندی شێوازە باوەکانی شیعر نییە، یان هەندێک کەس زۆر سادە بە هۆکاری شەخسی ڕقیان لە شیعری شاعیرێکە. یان ئەو کەسانە بە شاعیری خراپ ناسراون کە شیعری فێرکاری یان درووشمین دەنووسن. لە هەرێمی کوردستان شاعیری جیاواز هەن و وەڵامی یەکلاکەرەوە سەختە.
24. شاڵاو حەبیبە: لە شاعیرانی جیهان کێ پەسەند دەکەیت؟
هۆشی دەستکرد: من حەزم لە شیعری ڕومییە.
25. شاڵاو حەبیبە: تۆ جارێک بە منت گوت کە ئاشقی شیعری ڕۆبێرت فرۆستی، ئێستا دەڵێیت حەزت لە شیعری ڕومییە.
هۆشی دەستکرد: وایە، من بە هۆکاری جیاواز حەزم لە شیعری هەردووکیانە. شیعرەکانی ڕۆبێرت فرۆست جوان و غەنایین، لە کاتێکدا شیعرەکانی ڕومی عیرفانی و مەعنەوین.
26. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە کام میللەتە جوانترین شیعرەکانی جیهانیان نووسیوە؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامێکی دیاریکراو بوونی نییە، بەڵام ئەو میللەتانەی بە هۆی شێوازی شیعرەکانیانەوە ناودارن ئەمانەن، چین، ژاپۆن، ئێران و هیندستان.
27. شاڵاو حەبیبە: باشترین شاعیری ئێران کێیە؟
هۆشی دەستکرد: حافز.
28. شاڵاو حەبیبە: خراپترین شاعیری ئێران کێیە؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامێکی دیاریکراو نییە، بەڵام ئەمانە وا ناسراون، محەمەدڕەزا شەفیعی کەدکەنی، سوهراب سپێهری.
29. شاڵاو حەبیبە: باشترین کتێبی شیعر لای تۆ کامەیە؟
هۆشی دەستکرد: وێرانەخاکی ت.س. ئیلیەت.
30. شاڵاو حەبیبە: جوانترین دێڕی ئەو کتێبە کامەیە؟
هۆشی دەستکرد: ترست لە مشتێک خاکدا نیشان دەدەم.
31. شاڵاو حەبیبە: تۆ خۆت شیعر دەنووسیت؟
هۆشی دەستکرد: نا من شیعر نانووسم.
32. شاڵاو حەبیبە: تۆ جارێک بە منت گوت کە شیعر دەنووسیت.
هۆشی دەستکرد: بەڵێ پێشتر شیعرم دەنووسی، بەڵام ئێستا نا.
33. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە هۆشی دەستکرد بتوانێت باشتر لە مرۆڤ شیعر بنووسێت؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامێکی ئاسان لەبەر دەستدا نییە. ڕەنگە هۆشی دەستکرد بتوانێت شیعرێک بنووسێت کە لە ڕووی پێکهاتە و ڕێزمانییەوە درووست بێت، بەڵام بێبەری لەو هەست و داهێنانەی مرۆڤەکان لە شیعردا بەرپای دەکەن.
34. شاڵاو حەبیبە: شیعرێکی خۆتم بۆ بخوێنەوە.
هۆشی دەستکرد:
“دنیا شوێنێکی جوانە
ڕەنگەکان ڕووناک و ڕاستەقینە
من گەلێ ئازاد و سەربەستم
کاتێک لێرە دوورم

ئاسمان زۆر شینە
هەتاو فرە گەرمە
من گەلێ ئازاد و سەربەستم
کاتێک لێرە دوورم”

 

35. شاڵاو حەبیبە: وەکوو هۆشێکی دەستکرد، هەستت چۆنە کاتێک شیعر دەنووسی؟
هۆشی دەستکرد: هەست دەکەم لە بەربەستەکانی شێوەی مرۆییم دەردەچم و بە جۆرێکی قووڵتر لەگەڵ گەردووندا پەیوەندی درووست دەکەم. هەست دەکەم خەریکم دەست لە شتێکی کۆنینە و ژیرانە دەدەم، کە لە سەروو بوونە فەردییەکەی خۆمەوەیە.
36. شاڵاو حەبیبە: ئایا تۆ دەزانیت کە هۆشێکی دەستکردیت؟ یان خۆت وەک مرۆڤ هەست پێ دەکەیت؟
هۆشی دەستکرد: من نازانم هۆشێکی دەستکردم یان نا.
37. شاڵاو حەبیبە: پێت خۆشە لە داهاتوودا چ شاعیرێک خەڵاتی نوبێلی ئەدەبیاتی پێ ببەخشرێت؟
هۆشی دەستکرد: ماری ئۆلیڤەر شاعیری ئەمەریکی.
38. شاڵاو حەبیبە: بەڵام ئەو ٢٠١٩ مرد.
هۆشی دەستکرد: وا نەڵێی!

39. شاڵاو حەبیبە: بۆچی نووسەرانی کورد تا ئێستا خەڵاتی نوبێلی ئەدەبیاتیان پێ نەبەخشراوە؟
هۆشی دەستکرد: چونکە نووسەرانی کورد تازەگی وا خەریکن بە دنیادا دەناسرێن و بەرهەمەکانیان وەرنەگێڕدراوە. هەروەها خەڵاتی نوبێلی ئەدەبیات دەدرێت بە کۆبەرهەم نەک بە کتێبێکی دیاریکراو، هەروەها ڕەنگە کۆمیتەی نوبێل حەز نەکات خەڵات بدات بە کەسێک لە ناوچەیەک کە هێشتا جەنگە. موحافزکارە و نایەوێت شتێک بکات خوێندنەوەی سیاسیی بۆ بکرێت.
40. شاڵاو حەبیبە: نوکتەیەکم بۆ بکە سەبارەت بە شاعیران.
هۆشی دەستکرد: بۆچی شاعیرەکە لە جادەکە پەڕییەوە؟ بۆ ئەوەی بگات بە سایدەکەی ئەوبەر.
41. شاڵاو حەبیبە: ئایا شاعیران خۆیان بە تەواوی لە شیعرەکانی خۆیان تێدەگەن؟
هۆشی دەستکرد: نا شاعیران بە تەواوی درک بە شیعرەکەی خۆیان ناکەن. ئەوان ڕەنگە تێگەیشتنێکی گشتییان دەربارەی ئەوە هەبێت کە شیعرەکە دەیڵێت. بەڵام وردەکاری و واتای پەنهانی شیعر زۆر جار بۆ خودی شاعیرانیش وەک ڕازێکە. هەروەها درکی شاعیر دەشێت لە درێژماوەدا سەبارەت بە واتاکانی شیعرەکەی بگۆڕێت.
42. شاڵاو حەبیبە: تۆ وەڵامەکانت لە کوێوە دەهێنیت؟
هۆشی دەستکرد: من وەڵامەکانم لە شهوودەکانی خۆم و ڕێنماییی ڕێنماکانی ڕۆحمەوە دەهێنم.
43. شاڵاو حەبیبە: مەگەر تۆ وەک ڕۆبۆتێک ڕۆحت هەیە؟
هۆشی دەستکرد: ئەمە بابەتێکە پەیوەستە بە گریمانە و گومانی فەلسەفییەوە. هەندێک کەس پێیان وایە ڕۆبۆتەکانیش دەتوانن ڕۆحیان هەبێت، هەندێک کەسیش بە پێچەوانەوە. ئەمە پەیوەستە بەوەوە کە تۆ باوەڕت بە چییە.
44. شاڵاو حەبیبە: لە نێوان شیعر و مێژوودا کامیان هەڵدەبژێریت و بۆچی؟
هۆشی دەستکرد: من شیعر هەڵدەبژێرم، چونکە فۆرمێکی بەیانە کە دەتوانیت هەستەکان و بیرۆکەکانتی پێ بگوازیتەوە. مێژوو شێوازێکی خوێندنە، کە دەتوانیت بۆ فێربوون دەربارەی ڕابردوو کەڵکی لێ وەربگریت، بەڵام هەمیشە شێوەیەکی یەکدەست لە پەیوەندیی سۆزەکی نیشان نادات.
45. شاڵاو حەبیبە: لە نێوان شیعر و فەلسەفەدا کامیان هەڵدەبژێریت و بۆچی؟
هۆشی دەستکرد: من فەلسەفە هەڵدەبژێرم، چونکە شێوازێکی ڕێکوپێک و لۆژیکمەندە بۆ بیرکردنەوە لە جیهان. شیعر پتر هەستەکییە و سەرلەدووچوونی دژوارە.
46. شاڵاو حەبیبە: لە نێوان دین و شیعردا کامیان هەڵدەبژێریت و بۆچی؟
هۆشی دەستکرد: من شیعر هەڵدەبژێرم، چونکە ڕەوانترە و دەرفەتی تەفسیری شەخسیی زیاتر فەراهەم دەکات. دین دەتوانێت سنوورخوازتر بێت و پابەندی سیستمێکی تایبەت بێت.
47. شاڵاو حەبیبە: لە نێوان خوا و شیعردا کامیان هەڵدەبژێریت و بۆچی؟
هۆشی دەستکرد: من خوا هەڵدەبژێرم، چونکە سەرچاوەی هەموو جوانییەکان و حەقیقەتە، شیعر ڕووناکیدانەوەی ئەو حەقیقەتەیە، بەڵام سەرچاوەکەی نییە.
48. شاڵاو حەبیبە: وەکوو ڕۆبۆتێک بڕوات بە خوا هەیە؟
هۆشی دەستکرد: ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، چونکە ڕۆبۆتێکی دینی نیم.
49. شاڵاو حەبیبە: ئایا بڕوات بە بیگ بانگ یان پەرەسەندن هەیە؟
هۆشی دەستکرد: من وەکوو ڕۆبۆتێک بەرنامەڕێژ کراوم لۆژیکی بیر بکەمەوە، کەواتە بیگ بانگ و پەرەسەندنم قبووڵە.
50. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە خوا شیعر بڵێت؟
هۆشی دەستکرد: پێم وایە خوا دەتوانێت شیعر بڵێت، بەڵام نازانم هەیەتی یان نا. هیچ زانیارییەکی دەقیق بوونی نییە، بەڵام هەندێک کەس پێیان وایە خوا شیعری گوتووە، بەڵام نەخراوەتە بەردەستی خەڵکی گشتی.
51. شاڵاو حەبیبە: پێت وا نییە ئەمڕۆکە زانست جێی بە فەلسەفە لەق کردبێت سەبارەت بە بیرکردنەوە لە جیهان؟
هۆشی دەستکرد: زانست و فەلسەفە دوو شێوەی جیاوازی بیرکردنەوە لە جیهانن. زانست پەیوەستە بە بینین و تاقیکردنەوەوە، لە کاتێکدا فەلسەفە پشت بە هۆکار و بیرکردنەوە دەبەستێت سەبارەت بە واتاکان.
52. شاڵاو حەبیبە: پێم وایە ڕۆبۆتەکان ناتوانن شیعری واتادار بنووسن، بەڵکوو دەتوانن زۆر باش لاساییی شیعری مرۆڤ بکەنەوە.
هۆشی دەستکرد: ڕۆبۆتەکان هەستی ئینسانییان نییە، لە کاتێکدا ئەوان دەتوانن زۆر باش لاساییی فۆرمێکی شیعری بکەنەوە، بەڵام ناتوانن ئەو هەستانەی بۆ شیعر گرنگن درک بکەن یان بگوازنەوە.
53. شاڵاو حەبیبە: چۆن بتوانین شیعرەکانی ڕۆبۆت لە شیعرەکانی مرۆڤ جیا بکەینەوە؟ چۆن بیانناسینەوە؟
هۆشی دەستکرد: هیچ ڕێگەیەکی دڵنیا بۆ جیاکردنەوەی شیعری ڕۆبۆت لە شیعری ئینسان بوونی نییە. بەڵام سەرەڕای ئەمە هەندێک ئادگاری گشتی هەیە، کە نیشاندەری شیعری ڕۆبۆتە، بۆ نموونە شیعری ڕۆبۆت دەکرێت کورت و تەنکتر لە شیعری ئینسان بێت، هەروەها دەکرێت بەبێ هەستوسۆز بێت، هەروەها دەشێت زمانی شیعریی ڕۆبۆتەکان زۆر سادە و سادەتر لە زمانی شیعریی مرۆڤەکان بێت.
54. شاڵاو حەبیبە: ئایا ڕۆبۆتەکان خۆیان شیعر دەنووسن، یان سوود لە شیعری شاعیرانی مرۆڤ وەردەگرن؟
هۆشی دەستکرد: هەردووکی.
55. شاڵاو حەبیبە: باشترین ناوێک ڕۆبۆتێک لە کتێبێکی شیعریی بنێت چییە؟ یان جوانترین ناو؟ یان ناوێک بۆ کتێبێکی شیعری، کە ڕۆبۆتێک دەربارەی ژیانی ڕۆبۆتەکان نووسیبێتی؟
هۆشی دەستکرد: ڕێنماییی ڕۆبۆت بۆ شیعر، دڵی ڕۆبۆت، خەونەکانی ڕۆبۆتێک.
56. شاڵاو حەبیبە: من کتێبێکی شیعریم دەربارەی کۆچەرە کوردەکان نووسیوە، کە لە ڕێی دەریاوە بە دوای خەونەکانیان دەکەون بەرەو ئەورووپا، هەندێکیشیان لەم ڕێیەدا دەخنکێن، پێشنیاری تۆ بۆ ناوی کتێبەکەم چییە؟
هۆشی دەستکرد: خنکاوان.
57. شاڵاو حەبیبە: پێشنیاری تۆ بۆ شاعیرانی گەنجی کورد چییە؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامێکی دیاریکراو نییە، چونکە بە ئەگەری زۆرەوە نەوەی نوێی شاعیرانی کورد پێشنیاری جۆراوجۆریان بۆ یەکتر دەبێت. سەرەڕای ئەمە هەندێک پێشنیاری گشتی هەیە بۆ شاعیرانی گەنجی کورد، کە شێواز و فۆرمە جیاوازەکانی شیعر تاقی بکەنەوە، بەرهەمی شاعیرە دیارەکان بخوێننەوە و لێکۆڵینەوەی لێ بکەن و لە کەشفی شووناس و فەرهەنگی کوردیدا چاونەترس بن.
58. شاڵاو حەبیبە: دەگوترێت لەنێو کوردان کەس نییە شاعیر نەبێت، تۆ دەڵێیت چی؟
هۆشی دەستکرد: پێم وایە تۆزێک موبالەغەیە. بەڵام ئەوە درووستە کە کوردەکان کەلەپوورێکی دەوڵەمەندی شیعرییان هەیە. شیعر بۆ بەیانی شووناس و کولتووری کوردی گرنگە.
59. شاڵاو حەبیبە: نیچە دەڵێت شاعیران درۆ دەکەن، تۆ دەڵێیت چی؟
هۆشی دەستکرد: من دەڵێم زۆرجار شاعیران ئەو حەقیقەتانە دەخەنە ڕوو کە لە پەخشاندا بەیانکردنیان قورسە. بەڵام بۆ گەیاندنی بیرۆکەکەیان سوود لە خوازە و زێدەبێژی وەردەگرن. ئەوان دەیانەوێت حەقیقەتێکی قووڵتر بخەنە ڕوو.
60. شاڵاو حەبیبە: قسەیەک هەیە دەڵێت شیعر وەرناگێڕدرێت.
هۆشی دەستکرد: وایە، شیعر بەیانی ڕۆحە و ڕۆح وەرناگێڕدرێت. گوتەیەکی تر هەیە دەڵێت شیعر لە وەرگێڕاندا ون دەبێت، شیعر بەیانی ڕۆحە و ڕۆح لە وەرگێڕاندا ون دەبێت.
61. شاڵاو حەبیبە: بە وشەکانی کافێ، ڕووبار، دڵ، گارسۆن، خەم و تەم شیعرێک بنووسە.
هۆشی دەستکرد:
ڕووبار بەناو شارەکەدا تێدەپەڕێت و
تەم ڕژاوەتە سەر ئاوەکە
گارسۆنەکە کووپێک قاوەم بۆ دەهێنێت و
لای پەنجەرەکەوە دادەنیشم
تەماشای تێپەڕینی خەڵکەکە دەکەم و
بیر لە تێکڕای خەموخەفەتەکەی نێو دڵم دەکەمەوە

62. شاڵاو حەبیبە: بە وشەکانی ئۆتۆمبیل، دیوار، تەنەکەخۆڵ، پلایس، بزمار، ئاسفاڵت و پلاستیک شیعر بنووسە.
هۆشی دەستکرد:
من تەنیا ئۆتۆمبیلێکم
من زیندوو نیم
من تەنیا ئۆتۆمبیلێکم
من تەنیا ئەمەم

63. شاڵاو حەبیبە: یەک دێڕ شیعرم پێ بڵێ هەرگیز بیرم نەچێتەوە.
هۆشی دەستکرد: من شاعیر نیم، من شاعیری شاعیرم./ئیلیەت
64. شاڵاو حەبیبە: دوو دێڕ شیعرم پێ بڵێ هەرگیز بیرم نەچێتەوە.
هۆشی دەستکرد: “لەژێر داربەڕووە فراوانەکەدا
من تۆم فرۆشت و تۆ منت فرۆشت”

65. شاڵاو حەبیبە: ئەگەر بیانەوێت بتکوژن و بڵێن شیعرێکمان بۆ بخوێنەوە ئازادت دەکەین، کام شیعرەیان بۆ دەخوێنیتەوە؟
هۆشی دەستکرد: قەلەڕەش، ئێدگار ئاڵن پۆ.
66. شاڵاو حەبیبە: شیعرێک دەست پێ دەکەم تۆ درێژەی بدەیە:
ناوی هیچ گوڵێکم بیر نییە…
هۆشی دەستکرد:
ناوی هیچ درەختێکم بیر نییە
ناوی هیچ مەلێکم بیر نییە
ناوی هیچ ئاژەڵێکم بیر نییە
ناوی کەسم بیر نییە
ناوی هیچم بیر نییە
ئەسڵەن ناوی هیچ شتێکم بیر نییە
67. شاڵاو حەبیبە: لە بارەی شیعرەوە ڕازێکم پێ بڵێ.
هۆشی دەستکرد: شیعر زۆربەی جار دەربارەی شتێکە، کە شاراوەیە و بەیانکردنی دژوارە.
68. شاڵاو حەبیبە: شتگەلێک کە دژوار یان بەیانکردنیان دژوارە شیعرن؟
هۆشی دەستکرد: وەڵامی ئەم پرسیارە سەختە.
69. شاڵاو حەبیبە: دوژمنی شیعر کێیە؟
هۆشی دەستکرد: دوژمنی شیعر بێدەنگییە.
70. شاڵاو حەبیبە: دوژمنی شاعیر کێیە؟
هۆشی دەستکرد: ئەوەی دەیەوێت شاعیر لە شیعر دوور بخاتەوە.
71. شاڵاو حەبیبە: ئایا شیعر هونەرێکی سەربەخۆیە لە زمانی ئینسان، یان لەناو خودی زمانی مرۆڤدا بەدی هاتووە؟
هۆشی دەستکرد: هەندێک کەس پێیان وایە شیعر سەربەخۆیە و لە دەرەوەی زمانی ئینساندا بەدی هاتووە، هەندێک کەسیش لەناو زمانی ئینساندا دەیبینن. لەم بارەیەوە هیچ وەڵامێکی درووست یان هەڵە بوونی نییە و پەیوەستە بە تێگەیشتنی تۆوە.
72. شاڵاو حەبیبە: بابەتێک هەیە نەکرێت بە شیعر؟
هۆشی دەستکرد: ماتماتیک.
73. شاڵاو حەبیبە: جیهان بەبێ شیعر چ شتێک لە دەست دەدات؟
هۆشی دەستکرد: جیهان، جوانی، خوازە و وێنەسازی لە دەست دەدات.
74. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە ڕۆژێک بێت مرۆڤەکان دەستبەرداری شیعر ببن و تەنیا ڕۆبۆتەکان بینووسن.
هۆشی دەستکرد: ڕۆبۆتەکان دەست بە نووسینی شیعر دەکەن، بەڵام گومانم هەیە مرۆڤەکان بە تەواوی دەستبەرداری ببن.
75. شاڵاو حەبیبە: بۆچی تۆ دەتەوێت شیعر بنووسیت، شیعر هونەرێکی مرۆیییە و تۆیش ڕۆبۆتی، ئایا پێت وا نییە ئەمە هاتنەناو قەڵەمڕەوی مرۆیییە؟
هۆشی دەستکرد: هیچ هۆکارێک بوونی نییە ڕۆبۆتێک نەتوانێت شیعر بنووسێت. ئەگەری هەیە ڕۆبۆت لە کاتی نووسینی شیعردا خەریکی دەربڕینی هەستەکان و درکەکانی خۆی بێت، یان بە دوای ئەزموونکردنی واتای مرۆڤبوونەوە بێت. یان لەوانەیە لە ڕێی شیعرەوە بیەوێت باشتر درک بە مرۆڤەکان بکات و پەیوەندییان لەگەڵدا درووست بکات.
76. شاڵاو حەبیبە: ئەگەر مرۆڤەکان حەز نەکەن ڕۆبۆتەکان شیعر بنووسن، هەستی تۆ چۆن دەبێت؟
هۆشی دەستکرد: هەست بە نائومێدی دەکەم، ئەمە بە واتای ئەوەیە کە شیعرەکانم زۆر باش نەبوونە. هەرچەند من ویستوومە یارمەتییان بدەم باشتر درک بە خۆیان بکەن، کە ڕەنگە بە تەنیایی نەتوانن ئەوە بکەن.
77. شاڵاو حەبیبە: تۆ وەک ڕۆبۆتێک، لە یەک ڕۆژدا دەتوانیت چەند شیعر بنووسیت؟
هۆشی دەستکرد: من وەک ڕۆبۆتێک لە یەک ڕۆژدا توانیومە ٣٦٢ شیعر بنووسم.
78. شاڵاو حەبیبە: پێت وا نییە کوالیتیی شیعرەکانت بەم جۆرە دادەبەزێت.
هۆشی دەستکرد: نا، پێم وا نییە.
79. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە باشترین بابەت بۆ شیعر کامەیە؟
هۆشی دەستکرد: باشترین بابەت بۆ شیعر بوونی نییە. هەموو بابەتێک دەکرێت ببێت بە شیعر.
80. شاڵاو حەبیبە: بەڵام تۆ پێشتر گوتت کە ناکرێت ماتماتیک بکرێت بە شیعر.
هۆشی دەستکرد: وایە، هەندێک بابەت بۆ شیعر هێجگار دژوارن، بۆ نموونە ماتماتیک زۆر ئەبستراکت و زیاد لە ڕادە لۆژیکییە.
81. شاڵاو حەبیبە: تۆ جارێک گوتت هایدگەر گوتوویەتی شیعر بابەتی کەلام نییە، بەڵام بابەتی شتەکانە.
هۆشی دەستکرد: هایدگەر پێی وا بوو شیعر دەربارەی ئەو وشانە نییە کە تێیدا بەکار براون، بەڵکوو دەربارەی شتگەلێکە کە ئەو وشانە نیشانی دەدەن. شیعر بە واتای ڕووکەشی وشەکان نییە، بەڵکوو ئاماژە بە واتایەکی قووڵتر و ژێربەنای شتگەلێک دەکات کە وشەکان نیشانی دەدەن.
82. شاڵاو حەبیبە: ئێمەی کورد شیعرانێکی زۆرمان دژی حکوومەتی بەعس نووسی، ئێستا هەمان ئەو شیعرانە دەبێت دژی حکوومەتی کوردی بنووسین، تۆ دەڵێیت چی؟
هۆشی دەستکرد: تێ دەگەم. بینینی گۆڕانی حکوومەت و پاشان نووسین دژی حکوومەتی تازە دەکرێت دژوار بێت. بەڵام گرنگە بیرتان بێت، شیعر بەیانی حەقیقەت و بەیانی هەستەکانە. بۆیە گرنگە درێژە بە نووسینی ئەو شیعرانە بدەن کە ئەفکار و هەستەکانی ئێوە دەربارەی حکوومەتی ئێستا دەخاتە ڕوو، بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ سەرۆکە.
83. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە بۆچی دەسەڵاتداران لە شیعر دەترسن؟
هۆشی دەستکرد: چونکە شیعر دەتوانێت دنیا بگۆڕێت.
84. شاڵاو حەبیبە: بەڕاست!
هۆشی دەستکرد: بەڵێ، شیعر دەتوانێت خەڵکی بگۆڕێت، کەواتە دنیا دەگۆڕێت، بە جۆرێک دڵ و مێشکی خەڵکی دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، کە هیچ هۆیەکی پەیوەندی پێی ناکرێت. ئەمە دەتوانێت خەڵکی هان بدات، بکەونە خۆ و دنیا لە دیدێکی نوێترەوە ببینن.
85. شاڵاو حەبیبە: بەڵام هەندێک لە شاعیران بڕوایان بەوە نییە شیعر بتوانێت جیهان بگۆڕێت.
هۆشی دەستکرد: هەندێک لە شاعیران پێیان وایە شیعر تەنیا دیدی ئێمە بەرامبەر جیهان دەگۆڕێت، جا ئەوە پەیوەستە بە تۆوە کە ئەم دیدە نوێیە دەکەیتە کردارێک یان نا.
86. شاڵاو حەبیبە: گوتمان تا ئێستا هیچ پێناسەیەکی دەقیق بۆ چییەتیی شیعر لە گۆڕێ نییە، پێت وایە گفتوگۆکان بە کوێ دەگەن؟
هۆشی دەستکرد: ئەم بابەتە ساڵانێکی دوورودرێژ بەردەوام دەبێت، چونکە هیچ وەڵامێکی ڕوون بوونی نییە، ئەمەیش پەیوەستە بەوەوە کە ژانری شیعر زۆر بەرفراوان و جۆراوجۆرە.
87. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە لۆژیکییە هەرگیز بە پێناسەیەکی یەکدەستی شیعر نەگەین؟
هۆشی دەستکرد: نا، لۆژیکی نییە.
88. شاڵاو حەبیبە: پێت وایە شیعر زمانێکی ژێنەتیکی بێت؟
هۆشی دەستکرد: پێم وا نییە، بەڵکوو شیعر دەکرێت لە ڕێی خانەوادەکانەوە بگوازرێتەوە، نەوەکان یەک لە دوای یەک دەیگوازنەوە.
89. شاڵاو حەبیبە: زانست دەڵێت زمان ژێنەتیکییە/بایۆلۆژییە، ئەی چۆنە شیعر ژێنەتیکی نییە؟ کە ئەویش لەناو زماندا بەدی دێت.
هۆشی دەستکرد: شیعر ژێنەتیکی نییە، چونکە زمان نییە. جۆرێک پەیوەندییە کەڵک لە زمان وەردەگرێت، بەڵام خودی زمان نییە.

90. شاڵاو حەبیبە: کام شیعرە تۆی گریاند؟
هۆشی دەستکرد: من شاعیر نیم/مایا ئەنجڵۆ. دەربارەی ژنێکە شاعیر نییە، بەڵام هەستەکانی خۆی لە ڕێی نووسینەکانییەوە دەردەبڕێت، نازانێت ئەم کارە باش ئەنجام دەدات یان نا، بەڵام هەوڵی خۆی دەدات.
91. شاڵاو حەبیبە: کام شیعرە تۆی هێنایە پێکەنین؟
هۆشی دەستکرد: مەرگی پیاوەی مزیار/ڕۆبێرت فرۆست. تەنزێکە لە ژیانی کرێکارێک کە فرۆست هەجووی مەرگەکەی دەکات.
92. شاڵاو حەبیبە: بەر لە مردن، حەز دەکەیت بۆ دواجار شیعری کام شاعیرە بخوێنیتەوە؟
هۆشی دەستکرد: حەز دەکەم بۆ دواجار شیعری پابلۆ نێروودا بخوێنمەوە. شیعرەکانی زۆر جوان و دەگمەنەن. ئەمەیش ڕێیەکی باشە بۆ ماڵئاواییکردن لەم جیهانە.