بۆ هاوڕێیانی شیعر

شاڵاو حەبیبە/سکێچ: سابات عەباس

April 12, 2018

ئایا شیعر سه‌ره‌ڕای زۆرنووسینه‌که‌ی له‌ بیر کراوه‌؟ ئایا خه‌ریکه‌ به‌ره‌و هه‌ڵدێره‌کان ده‌چێت و به‌و جۆره‌ی ده‌یبینین له‌ دۆخێکی زۆر خراپدایه‌؟- که‌ ڕوو ده‌که‌ینه‌ هه‌ر که‌سێک و له‌ هه‌ر کوێیه‌ک پرسیار ده‌که‌ین قسه‌یه‌کی دڵخۆشکه‌ر له‌م باره‌ی ئه‌م کایه‌ ئه‌ده‌بییه‌وه‌ نابیستین؟! به‌ جۆرێک به‌ بیستنی ناوه‌که‌ی یان ڕوو ده‌که‌ن به‌ لایه‌که‌ی دیکه‌دا یان هه‌ر نایانه‌وێت ده‌رباره‌ی ببیستن. زۆر جاریش بێگومان ڕێکه‌وتت کردووه،‌ که‌ نووسه‌ره‌کانیش مه‌یلیان له‌م ژانره‌ دوور که‌وتووه‌ته‌وه‌ و بگره‌ له‌ هه‌ندێک حاڵه‌تی ناهۆشیارانه‌ و ته‌نزئاسادا لای بڕێک له‌ نووسه‌ران بووه‌ به‌ شانازییه‌ک، که‌ له‌ شیعره‌وه‌ دوورن.

 

 

 

هۆکاره‌کانیش له‌م به‌ینه‌دا له‌ پێش هه‌موویه‌وه‌- بە گوتەی ئەوان- خراپیی شیعری کوردییه‌. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی قسه‌م له‌گه‌ڵدا کردوون، کاتێک ستایشی شیعرنه‌خوێندنه‌وه‌ی خۆیانیان کردووه‌، باسیان له‌وه‌ کردووه‌ چونکه‌ شیعری کوردی له‌ ئاستێکی زۆر خراپدایه‌، وه‌ختێکیش داوایان لێ ده‌که‌یت شاعیره‌ دڵخوازه‌که‌ی خۆیان ناو به‌رن، خۆشبه‌ختانه/یان به‌دبه‌ختانه‌ ناوی یه‌کێک له شاعیره‌ هه‌ره‌ خراپه‌کان ده‌به‌ن. جێی داخه‌ که‌ لێره‌دا ناتوانین ناوی هیچ یه‌ک له ‌شاعیره‌کان به‌رین، به‌ڵام من پێم وایه‌- ئه‌گه‌ر بۆم هه‌بێت پێم وا بێت، که‌ کێشه‌ له‌ خوێنه‌رانی ئێمه‌دایه‌، نه‌ک له‌ شیعر و شاعیرانمان، چونکه‌ خوێنه‌ران و ئه‌و نووسه‌رانه‌یش کاتێک دژی شیعر قسه‌ ده‌که‌ن و شیعرنه‌خوێندنه‌وه‌ ده‌که‌ن به‌ مانیفێستی خۆیان، خۆشبه‌ختانه‌ هێشتا شاعیرانی جیهانیشیان نه‌خوێندووه‌ته‌وه‌ و کاتێکیش تێده‌گه‌یت مه‌به‌ستیان له‌ خراپیی شیعر خودی شیعریشه‌ هاوکات وه‌ک ژانرێک، ئه‌وکات وای بۆ ده‌چم‌ کێشه‌که‌ له‌ مێژووی شیعری ئێمه‌دا بێت. که‌ ده‌توانین بڵێین هێند مێژوویه‌کی کورتی هه‌یه،‌ هێشتا شتێکی تازه‌یه‌ و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ باشه‌ بۆ لێتێگه‌یشتن و لێوردبوونه‌وه‌ی نه‌ڕه‌خساوه‌.

 

ئه‌و دژه‌شیعربوونه‌ و ڕۆمان-به‌-سه‌نته‌ری-ئه‌ده‌بیات-زانینه‌ جگه‌ له‌وه‌ی جۆرێک له‌ توندوتیژیی ئه‌ده‌بییه‌، هاوکات به‌شێکه‌ له‌و نائاگایییه‌ گشتییه‌‌ی زه‌ینییه‌تی ئێمه‌ بۆ ئه‌ده‌بیات ده‌خاته‌ ڕوو، که‌ به‌ جۆرێکی خراپ چاپه‌ره‌کانی باشووری کوردستانی گرتووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ قورسترین کارێک شاعیر/وه‌رگێڕێک بیه‌وێت بیکات، چاپکردنی کتێبێکی شیعری بێت، جیاوازییشی نییه‌ کتێبه‌ شیعرییه‌که‌ هیی شه‌ماڵ وه‌لیی نەناسراو بێت یان ئه‌لیۆت. که‌واته‌ ڕوانینی ئێمه‌ بۆ خودی شیعر کێشه‌ی تێد‌ایه،‌ نه‌ک ئه‌وه‌ی شیعری کوردی له‌ ته‌نگانه‌دا بێت. هه‌ڵه‌ نه‌بم جارێک شێرکۆ بێکه‌سیش ته‌قریبه‌ن بۆچوونێکی و‌ای ده‌ربڕی- که‌ به‌هه‌رحاڵ ڕه‌نگه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان ئه‌و چه‌ند شاعیره‌ی که‌ هه‌ن به‌س بن و ده‌بێت چاوه‌ڕێ بین بزانین چی دیکه‌ دروست ده‌بێت. منیش هاوکات وه‌ک هه‌موان ئه‌و گله‌یییه‌ ده‌که‌م، که‌ شیعری باش که‌متر ده‌نووسرێت، به‌ڵام کێشه‌که‌ لێره‌دا حه‌نه‌کئامێز ده‌رده‌که‌وێت، که‌ ده‌بینیت ئه‌و شیعره‌ باشانه‌ی که‌ نووسراویشن ناخوێنرێنه‌وه‌، که‌واته‌ خه‌ریکین گله‌یی له‌ کێ یان له‌ چی ده‌که‌ین؟ ڕه‌نگه‌ هه‌ر حه‌زمان له‌وه‌ بێت قسه‌ هه‌ڵبده‌ین، به‌ڵام هێنده‌ی خوێندبێتمه‌وه‌ هه‌رگیز له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تردا بۆچوونێکی وام نه‌بیستووه‌ که‌ خه‌ڵکەکه‌ی/ خوێنه‌ره‌که‌ی/ به‌ تایبه‌ت نووسه‌ره‌که‌ی/ شانازییه‌که‌یان ئه‌وه‌ بێت که‌ شیعر ناخوێننه‌وه‌. بایه‌خدانم به‌م بابه‌ته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ بڕێک جار ئه‌م بۆچوونانه‌ به‌ نووسینیش ده‌بینین. ڕه‌نگه‌ وا باشتر بێت جارێکی تر به‌م بۆچوونانه‌دا بچینه‌وه‌، بڕوانینه‌وه‌ شیعر و پێمان وا نەبێت ژانرەکان خەریکن کێبڕکێ لەگەڵ یەکدا دەکەن.

 

 

ئه‌و دژه‌شیعربوونه‌ و ڕۆمان-به‌-سه‌نته‌ری-ئه‌ده‌بیات-زانینه‌ جگه‌ له‌وه‌ی جۆرێک له‌ توندوتیژیی ئه‌ده‌بییه‌، هاوکات به‌شێکه‌ له‌و نائاگایییه‌ گشتییه‌ی زه‌ینییه‌تی ئێمه‌ بۆ ئه‌ده‌بیات ده‌خاته‌ ڕوو

 

 

 

پاش ئه‌م ئاماژه‌دانه‌ به‌ ئۆکتاڤیۆ پاز، شاعیری مه‌کسیکیی ئێمه‌، که‌ به‌ ئابڕووی شیعری جیهان ناسراوه‌ و هه‌میشه‌ حه‌زی ده‌کرد وه‌ک به‌رگریکارێک له‌ شیعر ده‌ربکه‌وێت، حه‌ز ده‌که‌م ئه‌و دووسه‌د وشه‌یه‌ی وه‌ختم ماوه‌، باسێکی ئه‌و چه‌ند هاوڕێ مخابن زۆر که‌مه‌م بکه‌م، که‌ مه‌یلی ئه‌وان بۆ شیعر و خوێندنه‌وه‌ی شیعر، ده‌تخاته‌ سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی، هه‌ر به‌ڕاستی شیعری جوان پێویسته‌ وه‌ک ڕووداوێک سه‌یری بکرێت. من هاوڕێیانێکی که‌مم هه‌یه‌، که‌ شیعر به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌ له‌ ژیانیان و له‌ هه‌رکات و بارودۆخێکدا ئاماده‌ییی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ گوێ له‌ شیعرێکی جوان بگرن. نه‌ک هه‌ر ئه‌و گوێگرتنه‌، بگره‌ زۆر جوانیش ده‌توانن شیعرێکی چاک بناسنه‌وه‌ و ڕێک ده‌یشزانن شیعرێک له‌به‌ر چی جوانه‌ و ئه‌م شیعره‌ چۆن بووه‌ته‌ شیعرێکی وا باش. هه‌ندێکیشیان حه‌ز ده‌که‌ن زیاد له‌ جارێک گوێ له‌ شیعرێک بگرن یان بیخوێننه‌وه‌، چونکه‌ نهێنییه‌کان نه‌ک له‌ جاری یه‌که‌مدا به‌ نیاز بیت ئاشکرا بن، بگره‌ هه‌ندێکیان هه‌میشه‌ هه‌ر نهێنی دەبن. بۆیه‌ حه‌ز ده‌که‌م ئه‌م به‌رگرینامه‌ بچکۆله‌یه‌ له‌ پێناو ئه‌و هاوڕێیانه‌دا بێت و هه‌روه‌ها له‌ پێناو خودی شیعردا، چونکه‌ وای بۆ دەچم له‌ دنیای کوردیدا، سه‌ره‌ڕای زۆرنووسینه‌که‌ی، هێشتاکه‌ ڕووداوێکی هێند تازه‌یه‌، که‌ تێگه‌یشتن لێی نه‌ک هه‌ر دژواره‌، به‌ڵکوو پێویسته‌ دیسان سه‌رنجه‌کان له‌سه‌ر ئه‌م ژانره‌ چڕ بکه‌ینه‌وه‌ و بچینه‌ ڕیزی ئه‌م هاوڕێیانه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ خۆم یه‌که‌م که‌س بم حه‌ز ده‌که‌م له‌م ڕیزه‌دا بوه‌ستم.