شیعری ئازیز

شاڵاو حەبیبە/شاعیری کورد، وێنەگر: بڕیار تاهیر

August 6, 2019

شیعری ئازیز
شاڵاو حەبیبە
بەشی یەکەم

 

ساڵانی ساڵ شیعرێک هەر لە خەیاڵمدا بوو. یەکێک لەو دەگمەن شیعرانەی خۆشم دەویست. لە ژیانماندا زۆر شیعر دەخوێنینەوە و تەنیا چەند دانەیەکن کە بەردەوام لە خەیاڵماندان. مەرج نییە ئەوانەی لەگەڵماندا دەمێننەوە باشترین بن، بەڵام ڕازێکە ناتوانی هەڵی بهێنێت، گرنگ ئەوان لێرەن؛ لەگەڵ ئێمە.

 

پیاوێک پەردەی لا دەدا و لە پشت پەنجەرەوە دەیڕوانییە پەنجەرەکانی دیکە. هەم پەنجەرە و هەمیش پەردەلادان-لە-پەنجەرە بۆ خۆیان شیعرین. هەر کەسێک دەتوانێت بە شێوازێک کە خۆی پێی خۆش بێت، ئەمە بکاتە شیعرێک. بێگومان زۆر جاریش کراوە بە شیعر. وەستان لە بەردەم پەنجەرەدا، هەم ئاشقانە بووە، هەمیش شاعیرانە، نەختێکیش خەمگین.

 

ئەگەر سەرجەم ئەو شیعرانە کۆی بکەینەوە، کە سەبارەت بە پەنجەرەکان- هەڵبەت بە دیاریکراوی هاتنەبەرپەنجەرەی-مرۆڤ- نووسراون، ئەوا دەتوانین تێ بگەین کە مرۆڤ بۆ دێتە بەر پەنجەرە و لە بەردەم پەنجەرەکاندا بیر لە چی دەکاتەوە. ئەمە هەڵبەت لە توانای ئەم نووسینەدا نییە.

 

پاشان ماوەیەک پیاوێکی دیکە زەینی داگیر کردبووم. بە چاکەتوپانتۆڵێکی خۆڵەمێشییەوە بە بن دیوارێکدا بە پەلە دەڕۆیشت. یەک دەستی لە گیرفانیدا بوو. وەک بڵێیت پەلەی بێت بگاتە وادەیەک شوێنێک. زۆر جار ئەم پیاوە بە هەمان خێرایی بە زەینمدا تێدەپەڕی و مێشکی جەنجاڵ دەکردم. زۆر جار کە بە ڕێدا دەڕۆیشتم خەریک بووم لاساییی ڕۆیشتنەکەی ئەو بکەمەوە.

 

بێگومان دەمزانی کە ئەمە پیاوەکەی بەر پەنجەرە نییە، کە شتێکی لە پەنجەرەکەوە دیبێ و بە پەلە هاتبێتە خوارەوە، چونکە ئەوەی بەر پەنجەرەکە دەمزانی شاعیرێکی کەنەدی نووسیبووی. ئەوەی دەستێک لەنێو گیرفان دەڕۆیشت هەستم دەکرد لە سلێمانی ڕووی دابێت.

 

ئنجا شیعرێکی بەشدار سامی هەیە، کە پەیوەندیی بە پەنجەرەوە نییە، بەڵام کەسێک دەست-لەنێو-گیرفان بە جادەکاندا و بە سەرما دێت و دەڕوا. ئەم شیعرە پێشکەش بە من کراوە. ئەگەر بیر بکەمەوە، نەختەنەختە دێتەوە خەیاڵم کە بەڕۆژ ئاکرەیییش لە شیعرێکدا پەنجەرە دەکاتەوە و چۆلەکەیەک دەبینێت لە بەفردا، پێم وا بێت مردووە. یان وریا مەزهەر، ئەگەر هەڵە نەبم باسی پەنجەرەیەک دەکاتە کە (خۆی و ئەو) لەوێوە هەڵهاتنی یەکتر- لەوانەیە لە دەست یەک، دەبینن.

 

ساڵانێک خەریک بووم ناوی ئەو شاعیرەم بیر بکەوێتەوە کە شیعری کابرای بەر پەنجەرەکەی نووسیبوو، بەڵام مەحاڵ بوو. من یەک جار ئەو شیعرەم خوێندبووەوە، لە کتێبێکدا بە ئەمانەت لە هاوڕێیەکم وەرگرتبوو، کتێبێکی هەڵبژاردەی شیعر، کە ناوەکەیشی گومانی تێدا نەبوو بیرم نەدەکەوتەوە. کەواتە شیعرێک ئەگەر ئاگەداری نەبیت، بە ئاسانی دەتوانێت ون بێت، هەرچەند زۆریش هەوڵ دەدات بۆ هەمیشە لێرە بێت.

 

زۆر جار دەهاتە بەر چاوم ئەو پیاوە کە بە نەرمی پەردەکە لا دەدا و بە حاڵێک سەری دیارە و تەماشا دەکات. پاشان بە سەرما و لەسەر شەقامەکان دێت و دەڕوا. ئنجا دەستێکی لەنێو گیرفانیدایە و زۆر پەلەیەتی. ناشکرێت ئینسان سەرجەم شاعیرانی کەنەدی بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی شیعرێکی کۆن بدۆزێتەوە، هەڵبەت ناڵێم شیعرێک شایەنی ئەوە نییە، کردەکە دوورەئەگەرە. ڕێی تێ ناچێت بیتوانیت. دەنا دۆزینەوەی شیعرێکی جوان بە قەد دۆزینەوەی ئەمەریکا دەکرێت چێژبەخش بێت.

 

کەواتە من لێی گەڕام ئەو شیعرە هەروا بەو تەنکەخەیاڵەوە بمێنێتەوە. تەنانەت بە کەمترین وشە و خەیاڵەوە بژیی. دڵنیام کاتی خۆیشی لەبەر ئەوە بەو خێرایییە بیرم چووەتەوە چونکە جوان بووە. واتا: کاتێک شیعرێکی زۆر جوان دەخوێنمەوە، دووبارەی ناکەمەوە، لەبەر جوانییەکەی، هەڵی دەگرم بۆ سەردەمێکی دیکە. کێ دەڵێ هەمیشە شیعری جوان هەیە. جاریش بووە لە نیوەیدا شیعرێکی جوانم واز لێ هێناوە، گوتوومە ئەمە بۆ کاتی خۆی. ڕەنگە ئیتر بیریشم چووبێتەوە بگەڕێمەوە لای. خوێندنەوەی شیعر وەک کایەکانی دیکە نییە، هەندێک جار خودی شیعرخوێندنەوە ئاوێتەی دنیا شیعرییەکە دەبێت.

 

کەواتە: ئێمە هەمیشە شیعرێکمان هەیە؛ ئەو کاتەی کە شیعر دەخوێنینەوە. شیعرێکمان هەیە؛ ئەوەی شیعرێکمان بیر دەچێتەوە یان بیر دەکەوێتەوە. شیعرێکمان هەیە؛ ئەوەی کە شیعرێک ئادگارەکانی لە زەینماندا گۆڕاوە. شیعرێکمان هەیە؛ ئەو کاتەی بە دوای شیعرێکی جواندا دەگەڕێین. شیعرێکمان هەیە؛ کە هەر بە ڕێکەوت شاعیرێک دەناسین بە دەیان شیعری جوانەوە. کە بەم چەشنە: شیعرخوێندنەوە خۆی، هەبوون-لەگەڵ-شیعردا هێندە پرۆسەیەکی شیعری بێت، ڕەنگە هەر ئەمە دوورکەوتنەوە و نزیکنەکەوتنەوەی زۆرێک بێت لە شیعر. بێگومان خەڵکێکی کەم لەگەڵ بیرکردنەوە و ژیانێکی شیعریدان، تەنانەت زۆرێک لە شاعیرانیش دنیا شیعرییەکە و هەبوون-لەگەڵ-شیعردا بەم جۆرە شیعرییە نابینن. لەمەیشدا هەڵبەت گرفتێک نییە.