شانۆ بەکر محەمەد ساڵی ۱۹۹۹ لە سلێمانی لەدایکبووە. خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی ڤێتەرنەرییە. لە تەمەنی ۱٥ ساڵییەوە خەریکی وەرگێڕانە، چەندین شیعر و چیرۆک و فیلم و وتاری ئەدەبی وەرگێڕاوە و لە گۆڤار و ماڵپەڕەکاندا بڵاو بووەتەوە.
ڕاچڵەکین
شانۆ بەکر
گوڵاڵەیەکی نوستوو
لە شەوێکی شەوەزەنگدا
بەخەبەر دێ
لە سەرماندا!
***
بەفر دەباری.
تەرزە دەباری.
زستان ڕژد بوو.
منداڵەکان دەمردن.
گەنجەکان دەمردن.
پیرەکان دەمردن.
سەرۆک دەژیا!
با بۆت بگێڕمەوە؛
نیشتمان لاشەیەکی بریندار بوو
بەکتریاکان لە خوێنی ڕژاوی دەئاڵان.
نیشتمان کێلی قەبرێک بوو، درزی دەبرد!
دارەکان کرابوونە خەڵوز و
فرۆشرابوون بە دوژمن.
دوژمن ژەهری کردبووە ئاوەکانەوە؛
باغەکان وشک بوون.
میوەکان بکوژ بوون.
باڵندەکان کۆچیان کرد و
هیچ کات نەگەڕانەوە!
***
هەر خۆت بیرت هێنامەوە؛
خەیاڵەکانم تێک بشکێنم
توڕە ببم و
سکێچەکان بشێوێنم!
ئەم جەنگەت تۆخ کردەوە،
ئەم جەنگەت برسییتر کرد.
پەلامارت دام،
بە ڕۆیشتنت!
***
تۆ …
کەی ئەم وێنەیە بوویت؟
بوویتە چەکێک بە کەمەری پۆلیسێکەوە و
منداڵێک تەماشای دەکردیت و
شەرمت دەکرد!
تۆ کەی دەتویست ئەم وێنەیە بیت؟!
***
“با” شمشاڵی لێ دەدا و
سەگێکی برسی،
خاوەنەکەی بەجێهێشت.
چاوەکانی تۆش دوو پڵنگی برسیی بوون؛
تێر بوون و
ڕۆیشتن!
***
پیرەکان دەمردن.
گەنجەکان دەمردن.
منداڵەکان دەمردن.
سەرۆک دەژیا!
***
دنیا تەم بوو…
بەرەبەیانێکی لەبارچوو بوو.
بەرەبەیانێکی دۆڕاو بوو.
بەرەبەیانێکی چڵێس بوو.
قومارچییەک؛
دوایین دۆڕانی تەمەنی تۆمار کرد،
ژیانی دۆڕاند!
سەربازەکانی دوژمن
لاشەکەیان سوتاند.
بە دیارییەوە زەماوەندیان ساز دا،
گۆشتیان بە ئاگرەکەی دەبرژاند.
سەرۆک، قەلی برژاوی دەخوارد!
***
ئەی خۆری سوور!
لەسەر پێستی مە
لەبری درەوشانەوە؛
ئاگر بوویت.
لە ئینجانەکانی ئێمەدا،
لەبری وزە؛
ئاگر بوویت!
لە چاوەکانماندا
لەبری ڕووناکی؛
ئاگر بوویت!
هێشتایش دەبینە پەروانە بۆ دەوری ئاگرەکانی دنیا!
***
دۆزینەوەت وەک دۆزینەوەی کانییەک بوو،
لە بیابانێکدا.
تراویلکە بوو،
کەچی هەر جوان بوو،
مایەی هیوا و بەدەمەوەچوون بوو…
من ئەم جێمانە دەناسمەوە
ئەم قەلەڕەشە فیتنەیە دەناسمەوە
ئێستا کە بە پێستم نامۆم.
کە بە دەستم نامۆم.
کە بە چاوم نامۆم.
بەڵام، بەم گۆرانییە گریاوە ئاشنام!
ئەی ئەوەی مینی دوودڵییت تێدا چاندم،
بەم لەناوچوونە هێواشە ئاشنام!
تەنیاییەکی ناجۆر،
نێرگزی خوێن و
پەخشانی مردن
لە مندان
هەناوم سیخناخە بە گڕ
لە نێو سەریشمدا
کانییەکی ڕوون
برین و خوێنەکان دەشواتەوە!
ئەی ئەوەی خامۆشت کردم،
یەقینم بۆ دەگەڕێتەوە ڕۆژێک.
یەقینی من، بەهێزتر بێت،
لە مینی دوودڵییەکانی تۆ!
***
زیندانییەک
لە کاتی ئەشکەنجەدا مرد.
زیندانییەک ڕەق هەڵات.
زیندانییەک ئیرەیی دەبرد؛
بۆ ئەو نامرێ و
زیندانییەکانی تر دەمرن!
***
پشیلەیەکی برسی
مەلۆتکەیەکی بە دەمەوە بوو
دەگەڕایەوە جێخەوەکەی خۆی!
جەنگیش “با” بوو،
لە باکورەوە هەڵی دەکرد.
داگیرکەران لە هەموو جێیەک
بە درێژایی شارەکان
بە درێژایی شەقامەکان
بە ئۆتۆمۆبێلەکان پیاوەکان و کوڕیژگەکانیان ڕادەکێشا.
***
داگیرکەران ئاهەنگی سەری ساڵیان دەگێڕا.
شەراب و عارەقیان نۆش دەکرد.
یارییە ئاگرینەکان شەویان لە شەو دەخست.
قاقای پێکەنینی سەربازەکان
بە دەم سوتاندنی کتێبە کوردییەکانەوە!
قاقای پێکەنینی سەربازەکان
بە دەم شکاندنی پەیکەری هۆزانڤانە کوردەکانەوە!
***
شەو بوو…
خودا تا جێیەکی دوورەدەست خەریکی مرۆڤ خەواندن بوو.
بەڵام، مرۆڤی کورد نا!
فەرمان:
” ئەی کورد هەرچییەکی و هەر کێیەکی و لە هەر کوێیەکی ؛ بترسە!”
منداڵەکان لە سکی دایکیاندا،
دەترسان!
سەرۆک چیرۆکی “ئاشتی” ی بۆ منداڵەکەی دەگێڕایەوە.
***
ماسییەکی مەڵاشوو بریندار
بە قولاپەکەوە
خەوی لێ کەوت!
“هەستە لە خەو
جەنگە!”
***
شەوێکیان پاسەوانەکە
تاقە پاسەوانە ئارامگرەکەی بەر دەرگاکە
وەک هەموو شەوەکانی تر؛
سەرمای بوو
برسیی بوو
شەکەت بوو
بەڵام وەک شەوەکانی تر
بە پێوە نەوەستا!
بە پێوە نەگریا!
ئەو شەوە بوو کە سەرۆک کوژرا!
فەرمان:
” ئەی سەرۆک، هەر کێیەکی و لە هەر کوێیەک؛ بترسە!”
***
خەونی پاش جەنگ
خەونبینینە بە خوێنەوە،
یانیش
خەونێکی شیرینە،
دەربارەی فڕینی کوکوختییەکان!
منداڵێك خەونێكی بۆ گێڕامەوە:
دادە زارا؟!!!
تاق
***
من لە دەنگی تۆپ و هاوارەکانی نێو جەنگ ناترسم!
بێدەنگی و خامۆشی پاش جەنگ
دیمەنی منداڵە بێدەست و بێقاچ و بێهیواکان
دیمەنی بوکەڵە کەوتووەکان؛
دەمترسێنێ!
کاتێک بەفر دەبارێت، جیهان گەرمە
من لەو تیشکەی خۆر دەترسم
کە دوای بەفربارین
دەر دەکەوێت!
” چۆلەکەیەک ستران دەبێژێ
لەسەر تەرمی ژنێکی پیر!”
ئەز ژ وێ سترانێ دترسم!
من تاسانی پاش جەنگم.
بێدەنگیی پاش جەنگم.
ژیاننامەی پاش جەنگم.
ئەلبوومی پاش جەنگم.
نووسەری پاش جەنگم.
دەلەرزم…
بابە لەکوێی؟!
ئەوەتا گوڵاڵەیەکی نووستوو
لە شەوێکی شەوەزەنگدا
بەخەبەرهاتووە
لە سەرماندا!