تەممووزی دڵتەنگیی قادسیە

شاخەوان ئەحمەد باپیر | (١٩٩٣ - )

شاخەوان ئەحمەد باپیر | (١٩٩٣ - )

August 17, 2024

شاخەوان ئەحمەد باپیر ساڵی ١٩٩٣ لە دیانا، سەر بە قەزای سۆران لەدایکبووە. دەرچووی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی سۆرانە.  تاکوو ئێستا کۆمەڵێک دەقی ئەدەبیی لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕدا بڵاو  کردۆتەوە.
 لە ماڵپەڕی باڵندە نوێترین دەقی شاخەوان بخوێننەوە.

 

 

 

تەممووزی دڵتەنگیی  قادسیە
شاخەوان ئەحمەد باپیر

 

 

هێشتا دڵم تەنگە
دنیا دڵتەنگە
شیعر دڵتەنگە
لێم ببوورن ئێوەش دڵتەنگ دەبن

خۆم لە ڕەشماڵی کوێستانەکان دزییەوە
تەممووز بۆ قادسیەی سوارچاکانی بردم
ڕاستە لە نیشتمانی سوارچاکانی هێزم
بەڵام میراتم سوارچاکیی خەم و ئازارە
بای قادسیە لێم دەدات
دەبم بە بوونەوەرێکی دڵگران
ئێستە لە ژیان ناترسم
بێمنەتئاسا دەتوانم بڵێم:
با کۆتاییم بێت.

دڵتەنگم
بە شین بینایم لەدەست دا
ڕووناکییەکی تەڵخ و لێڵیش لەم مەملەکەتەدا نابینم
تابلۆی کەسەری پێ بنەخشێنم

لە قادسیە کانییەک نییە تەممووزی لێ بشۆم
دەریایەک نییە شینی لەسەر بگێڕم
گەزەنگ و یادگاریەکی باشیش نییە لەگەڵیدا بژیم

بۆ ڕێز دەگەڕێم
شەو نییە دەستبەتاڵ نەگەڕێمەوە
بۆ کار دەگەڕێم
ڕۆژ نییە خەمبار نەگەڕێمەوە
دەستەکان درێژ نابن و ڕێگەکان زوو ئاوا دەبن
بە تەمەنیشمەوە هەموو شتێک کورتبووە

کۆنکرێتەکان تەواو نابن
جادەکان قیڕی کوڵاون
جەستە شلشل
شەو و ڕۆژ
مەنجەنیقێکە بۆ بیرەوەریی
بیرخاس و کرێکاران.

لەمە زیاتر توانای ماندووبوونم نەماوە
ئێرە بەم بەتاڵییەوە بە من پڕ نابێتەوە
تەممووزی ئەمجارە وشکەوەرزە
وشکەدڵ و
وشکەیادگاری و
وشکەساڵە
ماندووبووم بەم زەوییەوە
زۆر ماندوو بووم.

جەنگەکان پڕ خیانەت بوون
درێژەدان بە خەبات خافڵاندن بوو
بەرخودان درۆیەکی درێژخایەن بوو
نە لە شاخ
نە لە شار
ناگەن بە ئامانج
ناشگەن بە ئاسوودەیی

بۆ هەوای کوێستان دڵم تەنگە
غەریبیی کەپری شەونشینان دەکەم
قادسیە وەرچەرخانم بوو
بەڵام من ڕقم لەم گۆڕانەیە
خراپ گۆڕان
سروشت گۆڕان
مرۆڤ گۆڕان
لەم خاکە دڵم تەنگە
هۆ تەممووزی کۆن بێ یارمەتیم
لە ئوور نوور نەماوە
ئێستە ئوور جێپێی سەربازی بێگانەیە

دڵم تەنگە
خۆم بە هزرین سەرقاڵ دەکەم
تونێلەکان ڕام دەگرن و ناگەمە کۆتایی
بە دڵۆپێک هیوا قوڕگم فێنک نابێتەوە

دڵم تەنگە
خۆڵی گوڵدانەکەم بووەتە لم
دڵم تەنگە
بۆنی گوڵەکان نەما
ئاو پڕژێن نەما
ناچارم دەمامک ببەستم
مرۆڤ ئامێزی نەما
حاویەکان مێش ئامێزن
مەرگ ئامێزە

دوونیا بۆنی ناخۆش بووە
هەر کۆڵانێک بۆنی ڕەگەزێکی خراپی شەڕە
ئەم تەممووزەم ڕاکردنێکی دیکە بوو
ڕاکردنێکی ساختە
بۆنی گەنیوی مەیتی هیوا بوو
بۆنی زبڵ و خەم و دڵتەنگی بوو

چەشنی تەیرێکی گەڕۆک
لە ڕێگەدا تووشی دەیان هەڵۆ ببێت و
نەگاتە هێلانەیەکی ئارام
دڵم تەنگە
وەک تەیرێکی هیلاک
لە جوگرافیای مەترسی ڕزگاری نابێت

مردن کۆتا ڕۆژی ڕووناکە
دەزانم باکتان نییە
فوورسان چوون و هاتن
کورسی هاتن و چوون
شەو و ڕۆژ وەرگەڕان
دەزانم هێشتا باکتان بە چینی خوارەوە نییە
دەسا لێگەڕێن با دڵتەنگی هەر بەردەوام بێت

لێگەڕین با هەر بڵێـم
دڵم زۆر تەنگە
تەممووز دڵتەنگە
قادسیە و کوێستان دڵتەنگن
کەس باکی نییە
لێم ببوورن
ڕۆژێک دادێت ئێوەش دڵتەنگ دەبن
دڵتەنگ
د
ە
ب
ن