شێرکۆ بێکەس مانەوەی خۆی لە ئاسماندا ڕەت کردەوە

شێرکۆ بێکەس/شاعیری کورد (١٩٤٠-٢٠١٣)

December 2, 2018

ئەوەی دەیخوێننەوە، بەشێکە لە کتێبێکی ئەسعەد ئەلجبووری شاعیری عێراقی، کە چەندین گفتوگۆی گریمانەییی لەگەڵ نووسەران و شاعیرانی جیهاندا ئەنجام داوە. لێرەدا گفتوگۆی ئەو لەگەڵ شێرکۆ بێکەسدا دەخوێننەوە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

گفتوگۆ لەگەڵ شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس
شێرکۆ بێکەس مانەوەی خۆی لە ئاسماندا ڕەت کردەوە
ئەسعەد ئەلجبووری
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئالان پەری

 

 

گەیشتن بە ڕێگەی شاعیری کورد شیرکۆ بێکەس ئاسان نەبوو، ئەمەش دوای ئەوەی مانەوەی خۆی لە شوێنێکی تایبەتدا لە ئاسمان ڕەت کردەوە و دەربەدەریی کەژوکێوە فراوانەکانی هەڵبژارد؛ بە یاوەریی گیانداری (توکو) کە لێکچووی پڵنگی ڕەشینە، خۆی و جانتا ڕەشە بچووکەکەی، کە چەندین کتێب و قەوانی مۆسیقا و ئەلبوومی وێنەی شاخەکانی کوردستانی تێدا بوو، لەگەڵ وێنەی نیگاری پۆرترەیتێک هێندەی لەپی دەستی، کە ڕووخساری هەر یەک لە گەنجێکی هەژار (مەم)ـی جەزیرەی بۆتان، کە سەر بە ناوچەی هەکارییەی- تێدا نەخشێنرابوو، لەگەڵ شاژنی کورد (زین)ـی خانەدان، کە سەر بە ماڵباتی میرەکانە. هەر کە گەیشتینە یەکەمین وێستگەی دووری باکووری ئاسمان، پێیان گوتین کە شاعیر شیرکۆ بێکەس بە دوای هەردوو هێمای چیرۆکی (مەم و زین)دا دەگەڕێت بۆ ئەوەی پێیان شاد بێت و داستانێکی شیعرییان لە بارەوە بنووسێت، جودا لەوەی کە شاعیری کورد ئەحمەدی خانی لە سەدەی حەوتەمدا نووسیویەتی، کە باس لە سەختترین وەرزی ئەوینێکی تراژیدیا دەکات لە نێوان دوو دڵداردا کە هەردووکیان لە پێناو ئەوینە پاک و بێگەردەکەیان هاتنە مردن. ئنجا ئەو ساتەی کە چاومان بە شێرکۆی شاعیر کەوت، ڕووخساریمان بینی، کە چۆن بە هەورگەلی ئازار داپۆشرابوو. ڕەنگە بە هۆی شکستی بێت بە گەیشتن بەو دوو عاشقە، کە وای لێ کردووە شپرزە و دڕدۆنگییانە و هەراسانانە جگەرە بکێشێت. هەر کە تەوقەمان لەگەڵ یەکتری کرد، خێرا پێشەکی داستانە تازەکەی ئەو دوو عاشقەی بۆ خوێندینەوە:

 

 

((لە دوای ئەوەی ڕۆحی مەم و زین تێک ئاڵان بە یەکتری

هەر وەک هەڵمێک بوو لەنێو بلوورێکی شووشەیی تەنکدا.

زەوی هەموو پەنجەرەکانی بۆ کردنەوە و

هەرچی گەلان هەیە وەستان بۆ ڕەوانەکردنیان.

لەو کاتەدا گوڵەکانی شەقایق بەرز بوونەوە

بۆ ماڵئاواییکردنیان

بەدەر لە خێراییی ڕەشەبایەکی

تێکەڵ لە فرمێسک و هاوار و دەستەسڕە دڕاوەکان

لە تاو قەهر و ئازار.

ئا بەم شێوەیە جەنازەی عاشقەکان بەژێر باڵی فریشتەکاندا فڕی

کە سروودیان لە داستانەکانی ئۆپێرا بۆ دەگوتن:

ئێستا بە زین و مەم

بۆنی بە هەشت پڕ دەبێت.))

 

 

هەر کە شێرکۆ کۆتایی بە خوێندنەوەی پێشەکیی دەقە نوێیەکەی سەبارەت بە دوو عاشقەکە هێنا، خێرا ئاوڕێکی لێ داینەوە و بەخێرهاتنی لێ کردین.ــ ئێستا دەتوانن پرسیار بکەن. لەو کاتەدا بۆنێکی خۆشی دەگمەن ڕووی تێ کردین، پرسیارمان لە شاعیر کرد:

 

 

 

ئایا بە لای شێرکۆ بێکەسی شاعیرەوە، چوون بۆ لای شیعر دەبێت پەیوەست بێت بە ئامانجێکی دیاریکراوەوە؟

شێرکۆ بێکەس: لەو باوەڕەدا نیم، چونکە شیعر گوڵێکی سوورە، لە ناکاو لە خاکی شاعیر دێتە دەرەوە، بێ زانینی هیچ هۆکار و ئامانجێک.

 

چ شتێک لەنێو ئەو خاکەدا هەیە، هەتا شیعر وا گەشە بکات و هەتا قەدی شاعیر بڵاو ببێتەوە؟

شێرکۆ بێکەس: وا بزانم جوگرافیا شیعرییەکان، چەندین پەناگەی دێرین لە کانزای هەستوسۆزی مرۆیی و لەگەڵ ئەو پایەدارییە سپییانەی ڕەوشت، کە خاڵیین لە کارەسات، چونکە لە خاکی شاعیردا باشترین جۆری کانزا دەست دەکەون و بە دەگمەنیش ژەنگ دەهێنن یان بە بۆگەنی فیزیکی دەکەون.

 

ئایا بە ڕای تۆ شیعر باخە هەتا پێویستی بە یاوەریکردنی کانزا هەبێت!

شێرکۆ بێکەس: هەموو زمانێک لە بووندا پێویستی بەو جۆر ڤیتامیناتە هەیە، بۆ ئەوەی شیعر گەشە بکات و ڕەگی خۆی دابکوتێ، دواتر لە شوێنی بنچینەی خۆی دوور دەفڕێت.

 

بە ڕای شێرکۆ بێکەس بۆ لە شوێنی بنچینەی خۆی دەبێت دوور بفڕێت؟

شێرکۆ بێکەس: دەفڕێت یان لە پەرژینی ئەبەدییەت دەنیشێتەوە، ئەمە ئازادیی خۆیەتی، بەڵام هاوسەنگبوونی شیعر بە ڕای من ئەوەیە، کە بەشێک بێت لە تێفکرینی گۆڕستان. ئەمە ئەگەر نەڵێین کە خەوێکە لەنێو ئەشکەوتە تەسک و شێدارەکانی تاریکیدا.

 

ئایا شوێنەکان شێوەیان هەیە لە لای شاعیر شێرکۆ؟

شێرکۆ بێکەس: بە دڵنیایییەوە. چەند شوێنێک هەن ڕۆمانسین و هەندێ شوێنی تر بێسەروبەرەن و چەندان شوێنی تر تەنیا بۆ مردووانن. هەر شوێنێک لە گیانی مرۆ بە شێوەیەک ئەندازەی خۆی دەکێشێت، هەر بۆیە هاوڕێیەتی لەگەڵ قاوەخانەکان و شەقامەکان و باڕەکان و ماڵەکان و باخچەکان و کەناردەریاکان و شاخەکان و دەقەکاندا پێک دەهێنرێت.

 

تۆ لە دەقەکاندا شوێن دەبینیت؟

شێرکۆ بێکەس: بە دڵنیایییەوە و لەوانەشە خەمڕەوێنترین ئەو شوێنانە بن بۆ منی شاعیر.

 

 

کتێبەکانمان بە ماوەیەکی کەم لە دوای خۆمان دەمرن

 

 

تۆ مەرەکەبی چامە شیعرییەکانت لە شاخەکانەوە دەرهێناوە، هەتا چەند ئەمە ڕاستە شێرکۆ؟

شێرکۆ بێکەس: بەڵێ و ناتوانم نکۆڵی لەوە بکەم، چونکە شاخەکانی کوردستان زۆر جیاوازن لەوانەی سویسرا، چەند ڕیزەشاخێکی فرمێسکەبەردینەن بە کەفی خوێناوییەوە.

 

بە ڕای تۆ شاعیر چۆن هەست بە ئازاری شاخەکان دەکات؟

شێرکۆ بێکەس: هێندە سەخت نییە. هەر بە هاتنی ڕەشەبا و لە شەودا بەرکەوتەی بەرد دەبێت، گوێت لە چەندین جۆرە مۆسیقا دەبێت کە لە لوتکە و پۆپەکانیاندا بەرز دەبێتەوە، بەمەش نۆتەکانی هەڵگڕی تۆی چەندین کارەساتی بە ئازارە، کە لە دێرزەمانەوە بەلایدا ڕۆیشتوون.

 

دەڵێی تۆ تەنیا شاخەکان بە گۆڕستان دەچوێنی شێرکۆ، ئایا دەکرێ دیمەنەکە تەنیا بەم شێوەیە سنووردار بێت؟!

شێرکۆ بێکەس: هاوڕێم، کورد لەو ناوچەیە جگە لە چەند ڕیزەشاخێکی پڕ عەزاب و گۆڕستان هیچی تر نین. هەموومان لەنێو ئەشکەوت و لوتکە شاخەکاندا پاسەوانێتیمان کردووە. هەندێکمان بە خوێنی خۆی نووسی و نەما و هەندێکمان بە نووسەر ماینەوە هەتا ڕووداوەکانی کۆستی کورد بە عەشقی بەردەوە بگێڕینەوە.

 

ئایا شێرکۆ بێکەس دەقێک بوو لە دەقی تراژیدیای نەتەوەییدا؟

شێرکۆ بێکەس: نا. نا لەو باوەڕەدا نیم، بەڵام من دەقێکی نوقمبووی ئەو داستانە تراژیدیایییانەم، کە پێ دەچێت هەرگیز کۆتایی نەیەن.

 

 

شیعر گەردوونێکە لە گەردوونەکان. زمانیش وەک لە بەرکەوتنی ئەوانی ترەوە فێر بووم، کە سامانێکە قفڵی پێوە نییە

 

 

تۆ تا ئەو ڕادەیە بێهوودە بوویت؟

شێرکۆ بێکەس: بەڵێ، چونکە هەتا ئێستا کورد وەک گەشتیارێک لەسەر خاکە مێژوویییەکەیدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، تەنانەت ڕێی پێ نادرێت لە گەروویەوە سووکەکڵپەیەکی پەیوەستبوون بە نیشتیمان و خاکەکەیەوە بێنێتە دەرەوە.

 

تۆ مەنفاکانت تاقی کردووەتەوە، چ گوشارێک یاوەرت بووە لەنێو چینەکانی غوربەتدا؟

شێرکۆ بێکەس: یەکەمین ئەزموونی من لە مەنفای ناوەوە بوو، کاتێک لە ساڵی ١٩٥٦دا بوومە پێشمەرگەی شاخ. دواتر نۆبەتی مەنفای دووەم هات، ئەو ڕۆژەی بۆ ڕومادی- پارێزگای هیت لە شارۆچکەی بەغدادی دوور خرامەوە و لەژێر مانەوەی قەسری بۆ ماوەی سێ ساڵ لەوێ هێڵدرامەوە. دواتر ئەزموونی مەنفای هەڵبژاردەی خۆویستی خۆم، ئەو کاتەی لە شاخدا بووم و دواتر سەفەرکردنم بۆ ئێران و چوونم بۆ هەر یەک لە سوریا و ئیتاڵیا، هەتا وەک پەناهەندەیەک لە سوید گیرسامەوە.

 

ئایا هەموو مەنفاکان یەک تاموبەرامەیان هەبوو؟

شێرکۆ بێکەس: بەڵێ. بێجگە لە مەنفای شۆڕش، ئەو ڕۆژانەی بە سەر لوتکەشاخە سوورەکانەوە سەر دەکەوتین، ئەو مەنفایە بە تامی ئاسن و ئاگر و بارووت بوو.

 

مەبەستت سەرکەوتن بەسەر مەنفای شاخاوی بۆ بەدەستهینانی ئاسوودەیییە؟

شێرکۆ بێکەس: نەک تەنیا لە پێناوی ئاسوودەییدا، بەڵکوو لە پێناو سەندنی ئەو مافانەی کە جگە لە مردن  هیچ کەسی تر ددانیان پێدا ناهێنێت.

 

ئایا مەبەستت ئەوەیە کە شاخەکان و سرووتە جەنگاوەرییەکانی، یەکەم شت بوون کە وای لە تۆ کرد شیعر بنووسیت؟

شێرکۆ بێکەس: بەڵێ، چونکە سەرەتاکانی شیعرنووسینی من وەک فڕینی هەڵۆیەک بوو بەسەر ناوچە سەربازییەکانەوە، نەک بۆ ئەوەی بجەنگێ، بەڵکوو بۆ ئەوەی لە ڕەشەبادا ئەو گۆرانییانە کۆ بکاتەوە کە لە تەرمی مردووانەوە بەرز دەبووونەوە، ئەوانەی باجی جوگرافیای شوێنی (مەهاباد)یان دایەوە، کە ڕژێمەکان هەوڵیان دەدا نەخشەکەی بە لووتی تانکەکان بسووتێنن و لەناوی بەرن.

 

ئەی دواتر کەڵکەڵەی ئەزموونی بیناکردنی ئەو هەموو دەقانە چۆن دروست بوو؟

شێرکۆ بێکەس: بووە ئاوێتەیەک لە خوێن و ئەو هەستانەی کە بە گۆڕ پابەندن، وەک ناسنامەیەکی بێکۆتا لە بوونی کورد.

 

■گوتت بێکۆتا؟!

شێرکۆ بێکەس: بەڵێ، چونکە کورد وای بینا کرد کە خواکان بەسەر شۆستەکاندا بە جێی هێشتوون و پاڵپشتی لە بەرەیەکی تر، جودا لە بەرەی ئەوان دەکەن.

 

 

تەنیا ئەوە بەس نییە بۆ ئەوەی ببیتە شاعیرێکی کورد، باس لە شاخ و بزن و باڵندە و درەختەکانی کوردستان بکەیت

 

 

ئەگەر ئەمە پێشبینی باری خواکان بووە، ئەی چی سەبارەت بە شەیتانەکان؟

شێرکۆ بێکەس: خاکی کوردستان بە جۆرە شەیتانانێکی جیاواز نوقم بووە. مەبەستم لە شەیتانەکانی زەوییە، ئەوانەی هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیبلیسە ڕەسەنەکانەوە نییە. زۆربەی چەکهەڵگر و کۆنە جەنگاوەرەکان، لەژێر دەرختەکانی بارووتدا خۆیان گواستەوە بۆ ژێرەمەلەکردنی بانکەکان و بە ئاوی زێڕ و دار و دراوی گرانبەها خۆیان شووشت.

 

مەبەستت ئەوەیە کە دارستانی دێوەکان لە شارە کوردییەکان فراوانتر بوو؟

شێرکۆ بێکەس: بەڵێ، چونکە پاسەوانانی خاک و کۆنە مەبدەئەکان، وازیان لە ئەرکە پیرۆزەکەیان هێنا و سەرقاڵی پیشەی تر بوون، وەک چاندنی پارەی زۆر لە خەزێنە نهێنییەکاندا.

 

ئەی بە ڕای شێرکۆ، پشکی ئەو زەرەرە بۆ ڕۆشنبیری چی بوو؟

شێرکۆ بێکەس: لە لای ئێمە ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردی بە شێوەیەکی تایبەت هەوڵێکی تاکەکەسییە، تەنیا بە دڕدۆنگیی دەروونی دەتوانرێ بێتە دەربڕین لە لایەن هەر شاعیر یان هەر نووسەر و هونەرمەندێکەوە، چونکە مەودای ئارایشتی گەمژەیی خەریکە هەموو دەقەکان بە دەم ڕێوە دەسڕێتەوە، ئەو سیاسەتەی کە مرۆڤ بونیاد دەنێت بنیاتنانێکی (پارەیە)، کە شکست بە خۆی دێنێت و هەموو ئەزموونی کورد بۆ ئازادی شەقار دەکات.

 

ئایا تۆ لەگەڵ جیابوونەوەی کوردستانی لە عێراق، کاک شێرکۆ؟

شێرکۆ بێکەس: بە شێوازی ڕۆشنبیری نا و بە خەون بەڵێ و هەرگیز نا لەسەر زەوی.

 

بە ڕای شێرکۆ چۆن شاعیر دەبێتە هێڵێکی سوور؟

شێرکۆ بێکەس: کاتێک خوێنی گەرم و ڕۆشن لە جەستەی ڕادەکات و کاتێک ئەو هێڵەیش بەسەر زەویدا دەکێشرێت.

 

مەبەستت بەژێر مارشە عەسکەرییەکاندا؟

شێرکۆ بێکەس: بۆ نا، چونکە هێشتا ژیانی کورد پڕۆژەیەکی ڕاهێنانە بەنێو کونوقوژبنەکاندا، بۆ ئەوەی لەو وێنە بارمتاوییە دەربازت بێت، دەبێت پەنا بۆ گلگامێش بەرین.

 

لەبەر چی دەتەوێت پەنا بۆ گلگامێش بەریت شیرکۆ؟

شێرکۆ بێکەس: بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە بارگەی دژبەیەکیی نەتەوویی پاک بکەمەوە، ئەگەر لە ئامێزی ڕقوکینەدا بێت یان هەڵگری گاڵتەجاڕی و نەخۆشی بێت. لەبەر ئەوەی تەنانەت باوەڕم بەو گیایە نەمرەی کورد نییە کە بە دەرەوەیە.

 

ئایا لەبەر ئەوەی جیناتەکانت دەچنەوە سەر سیزیف؟

شێرکۆ بێکەس: بەڵێ، چونکە ئێمە کۆپییەکی پاکنەکراوەی ئەو جیناتانەین کە کاریان بۆ ئەوە کرد سیزیف بەرد لە دوای بەرد سەر بخات، بۆ بنیاتنانی ئەو شاخانە و بۆ دروستکردنی ڕەشەباکان بە چواردەوریدا، ئەمە تەنیا لەبەر ئەوەی بورکانەکانی ناوەوە دابگیرسێن.

 

ئایا تۆ باوەڕت بە بوونی جیۆلۆجییەتی شیعر هەیە؟

شێرکۆ بێکەس: شیعر گەردوونێکە لە گەردوونەکان. زمانیش وەک لە بەرکەوتنی ئەوانی ترەوە فێر بووم، کە سامانێکە قفڵی پێوە نییە، تەنانەت بەو گیانەیشماندا نییە کە بە ژوور سەرمانەوە دەفڕن، تا بۆمان دەردەکەوێت کە وشەکان جێی گریمانەیان هەیە لە پڕۆژەکانی یادەوەریدا.

 

تۆ باوەڕت بەوە نییە کە جیۆلۆجییەتی دەقی شیعری، بەشێکی لێکنەترازاوە لە بایۆلۆجییەتی شاعیر؟

شێرکۆ بێکەس: ڕاستە، بەڵام ئەوە بەسەر هەموو شاعیراندا ناشکێتەوە، چونکە چەندین نموونەی شاعیرانی کوردمان هەیە تەنیا بە جیۆلۆجییەتی زمان دەنووسن، بۆ نموونە ئەوانەی بە زمانی عەرەبی دەنووسن.

 

کێن ئەو شاعیرانە؟

شێرکۆ بێکەس: بۆ نموونە سەلیم بەرەکات. ئەو شاعیرێکە بە زمانی بەردینی عەرەبی دەنووسێت، کە ڕۆح دەردەهێنێت بێ ئەوەی هیچ واتایەکی ڕوون بدات بە دەستەوە، یان تەنیا بۆ فراوانکردنی پانتاییی تێهەڵکێشان دەنووسێت، چونکە تەڵەکردنی وشەی فەرهەنگەکان بۆ کۆنکرێتکردنیان، وایان لێ دەکات ببنە دیوارێک، کە بە کەوتن و هەراسانی خێرایان، پەیوەست دەکات.

 

تۆ لە دژی ئەو شاعیرە کوردە دەوەستیتەوە ئەگەر بە عەرەبی بنووسێت؟

شێرکۆ بێکەس: نا هەرگیز، بەڵام من لە دژی هەموو هەوڵێکم کە وا وشەکانی فەرهەنگی کوردی دەگوازێتەوە و دەیتوێنێتەوە، یان تێکەڵی دەفری زمانەکانی تری دەکات، چونکە تەنیا ئەوە بەس نییە بۆ ئەوەی ببیتە شاعیرێکی کورد، باس لە شاخ و بزن و باڵندە و درەختەکانی کوردستان بکەیت.

 

بەڵام مەگەر شیعر کۆمەڵەیەکی زمانەوانی نییە بۆ هاوبەشکردنی سروشت بە هەگبە و ئازارە پیسبووەکان؟

شێرکۆ بێکەس: ڕقم لە هاوشێوەبوونی ئامرازە هونەرییەکانە بە لقوپۆپی دارستانەکان، چونکە حەزم بەوە نییە وشە لە فەرهەنگدا بشکێتەوە و لەسەر تەختەڕەش یان لەنێو نامەی عاشقدا، کە مەرەکەبی پێ نییە، هەتا بۆ ئەویندارەکەی بە خوێن بۆی بنووسێت.

 

تۆ پێت وا نییە مەرەکەبێکی تایبەت بە شیعر هەیە؟

شێرکۆ بێکەس: مەبەستت لە مەرەکەبی نهێنییە؟

 

ڕێک ئەوەم مەبەستە. ئایا پێشتر شێرکۆ پێی نووسیوە؟

شێرکۆ بێکەس: من بە مەرەکەبی شاخەکان دەنووسم، واتە بە سپێتیی بەفر.

 

بۆچی؟ بۆ ئەوەی ئاگرە داگیرساوەکانی ناخت بکوژێنیتەوە؟

شێرکۆ بێکەس: ئەمە بەشێکە لە واقیعی سەر زەوی. هەرچیی سەبارەت بە واقیعەکەی ترە ئەوا خەیاڵاوییە، پەیوەستە بە گۆرانییە سپییەکانەوە کە لەناومدا دەڕوێن، ئەو کاتەی ئەو گۆرانییانە لە ماڵەکەی خۆیان دێنە دەرەوە، تا لێیان دەدات و وەک  خوێن سوور دەبنەوە، بەمەش پڕ دەبم لە کارەسات.

 

بەڵام جوانییەکانی شیعر دەتوانن کارەساتی زمانەوانی دابپۆشن و وێنەی ئازارەکانی سەر جەستەی مرۆیی چاکتر بکەن. مەگەر وا نییە شیرکۆ؟

شێرکۆ بێکەس: لەو باوەڕەدا نیم کە هاوپەیمانیی جوانیی و ئازارەکان، گوزارشت لە زیرەکیی شیعر بکات.

 

ئایا لەبەر ئەوەیە کە هەتا ئێستا مردن هیچ لە ناڵەی ئەزموونەکانی مرۆڤی سەر ئەم زەمینەی نەچەشتووە، دەڵێی کەسێک دەیکوژێت، بەو پێیەی کە بکەر هەمیشە کار بە رێگەی ڕفاندن دەکات نەک بە ڕفێنراو. یاسەمین بێ بکەرە وەک قوربانی؟

شێرکۆ بێکەس: وەک درکم کردبێت شاعیر هەڵۆیە پیر نابێت، تا دەخرێتە نێو زمانەوە.

 

بۆچی هەمیشە شاعیر بە هەڵۆ دەچوێنیت. ئایا پێت وایە شیعر جۆرێکە لە ڕەچەڵەکی گیاندار؟

شێرکۆ بێکەس: کاتێک بە هەڵۆ چواندم، بەو مانایای چاوکراوە و دووربینە و بە خێرا فڕینە مۆسیقائامێزە جوانەکەی چواندم، کە بەسەر ئەو فەزایانەدا کە شایەنیەتی، دەفڕێت.

 

ئایا شاعیرانی زەمین هەن، کە مەیلی فڕینی دوور لە واقیعیان نییە؟

شێرکۆ بێکەس: لەو باوەڕەدام کە شاعیرانی زەمین نوێنەری واقیعی خاکی قورسی بەردینی خۆیانن. ئنجا ناکرێت ئەو کەسەی فڕی و بەرز بووەوە، بووبێتە نووسەری دەقە شاکارەکان.

 

تۆ پێت وا نییە کە زۆربەی دەقەکان بەسەر کاغەز و کیبۆرد و سەر تەختەڕەش، بە خۆکارییەوە دەفڕن، هەر دەڵێی ماتۆڕی بزوێنەریان پێوەیە بۆ بڕینی ئاسمانەکان، بۆ ئەوەی وەک دەفتەری نووسین بەکار بێن هەتا لەگەڵ بوونەوەری ئەستێرە و خولگە و هەسارە پەرتکراوەکاندا تاووتوێ بکرێن؟

شێرکۆ بێکەس: تۆ وا باسی دەکەیت کە گوایە خوێنەر هەیە لە پشت ئاسمانەکانەوە چاوەڕێمانە!

 

 

کورد هۆزێکن لە هۆزەکانی هیندییە سوورەکان، پێویستە لەسەریان چەندین جۆرەهای باج بدەن، دەنا نامێنن

 

 

شێرکۆ تۆ باوەڕت بەوە نییە؟

شێرکۆ بێکەس: کتێبەکانمان بە ماوەیەکی کەم لە دوای خۆمان دەمرن. بە ئەستەم دەتوانن ڕێگەی چاپخانە بگرنە بەر و بچنە کتێبخانەکانەوە.

 

هیچ لە کتێبەکانت بۆ ئێرە لەگەڵ خۆتدا نەهێناوە؟

شێرکۆ بێکەس: نەخێر، چونکە ئارەزووم نییە شیعرم تێکەڵی (غلمان المخلدین) منداڵانی نەمری بەهەشت بکرێن، تەنانەت ئەم گفتوگۆیەشم نامەوێ بۆ خزمەتی سێکسی بەکار بهێنرێت. کتێبەکانم لەسەر خاکی هەڵەبجە بەجێ هێشت و لەوێش بەردەوام لەگەڵ گازە کیماوییەکاندا ئاوێتە دەبن و لەگەڵ تەرمی ئەو قوربانییانەی کە خوا لە جەنگێکی پاکتاویدا ڕزگاری نەکردن.

 

ڕەنگە بە هۆی ئەوەوە بێت کە ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردن پیشەی خواکان نەبێت، چونکە لە قەسابخانەی (سپایەکەر)یشدا دەستیان درێژ نەکرد کە تییدا ١٧٠٠ عێراقیان لە سێدارە دا.

شێرکۆ بێکەس: باش ئەوە دەزانم، چونکە کاتێک لە نەخۆشخانەکانی بەهەشت پرسیارم لە چەند قوربانییەک کرد، گوتەبێژی فەرمیی بە ناوی قوربانیی جەنگە کۆنەکانەوە پێی گوتم کە شەیتان هیچ دەستی لە نەخشەکێشانی ئەو جەنگانەدا نەبووە، کە چنگی بەسەر زەویدا گیر کردووە و تەنانەت دەستی لە سووتان و کوشتاریشدا نەبووە.

 

ئەمە لۆجیکە کە شەیتانی تاوانبار خۆی لەو بەرپرسیارێتییە بێبەری بکات. بەڕاستی ئەمە جێگەی پێکەنینە!!

شێرکۆ بێکەس: من لەگەڵ ئەو گوتەبێژە فەرمییەدا دوام و باش چوومە بنجوبناوانی، هەتا پێی گوتم کە شەیتان بێبەرییە لەو کردەوانە. ئەوانەی بەرپرسیارن لە شەڕ و کوشتارەکان، ئەوانەی سەری ئایینەکان و مەلای مەزهەبەکان و شێخی تایفەکانن و هیچ کەسی تر نییە.

 

هەر لەبەر گریانی قوربانییانی جەنگەکان بوو کە تۆ لە ساڵی ١٩٧٠ بزووتنەوەی شیعری ڕوانگە دامەزراند؟

شێرکۆ بێکەس: نەک بۆ گریانی ئەوانەی پێشتر هاتنە مردن، بەڵکوو لە پێناو گریانێکی داهاتوو بوو، چونکە کورد هۆزێکن لە هۆزەکانی هیندییە سوورەکان، پێویستە لەسەریان چەندین جۆرەهای باج بدەن، دەنا نامێنن.

 

بە ڕای شێرکۆ لەسەر چ داستانێک پێویستە شاعیر لەسەریان بەردی بناغە دابنێت؟

شێرکۆ بێکەس: ئەو داستانەنەی کە دژ بە عەدەمن، ترس لە حیکایەتەکان و یادەوەرییە میللییەکان و فۆلکلۆر و پێگەی گۆرانیگوتندا دێتە ئاراوە، بە تایبەت ئێمە لە مەهابادی گەورە گەلێکی دراماتیکین، ئازارێکی بێپسان بۆمان بەجێ ماوە.

 

توانەوەی شیعرییەت، توانەوەیەک بوو لە سروشت بە هەموو وشە و ماناکانییەوە، هەر لە بەردەوە بگرە هەتا گوڵ و تا باڵندە و درەخت و کانیاوەکان. ئایا شێرکۆ بە پلەی یەک شاعیری جوگرافیایە یان شاعیرێکە تێکەڵ بە ململانێی بوونی ڕۆمانسییەت، کە بە نەخۆشیی سۆز و ئەوین و ئازادییەوە بەندە؟

شێرکۆ بێکەس: من دروستکراوی سایکۆلۆجییەتی ئەو ناخە خوێنخەڵتانەم. هەر لەبەر ئەوەشە سەییاب بووە تەنیا هاوڕێم لە بەهەشتی پێنجەمدا، کۆکراوەی گریان و شیوەن.

 

وەک دەڵێن ئەگەر دنیا قەدەرێک بێت ناتوانی لێی دەرباز بیت، چونکە ئێوە دەتوانن بەرگەی خەرمانەی ئاسمان نەگرن. بە ڕای شێرکۆ ئەمە لۆجیک نییە؟

شێرکۆ بێکەس: ئا لێرەدا بیرۆکەی لێبووردەیی بە گوناح تێکەڵ دەکرێت، بگرە هەموو دژەکان لە یەک ساتدا تێکەڵ دەبن، دوابەدوای ئەوە پەرتکردن و لێکترازان لە نێوان دوو کەسی ڕاجودا دەست پێ دەکات، چونکە کار بۆ دروستکردنی کلیلی کۆتایی دەکرێت، وەک ئامرازێک بۆ ڕێگەگرتن لە ئاڵۆزی و پشێویی ڕۆحی مرۆیی لە دونیاکەی تردا.

 

ئەگەر بە ڕای تۆ شیعر ڕەشەبا زەفەری پێ دەبا، ئەوا  شاعیر دەبێتە نوێنەری چ وڵاتێک بە ڕای شێرکۆ؟

شێرکۆ بێکەس: من نوێنەری خۆمم لە پەڕاوەکانی ئازادیدا، یان من لەو قەوانانە زیاتر نیم کە گۆرانییەکانی شاخ لە ناخیاندا هەڵدەقوڵێت. ئا بەم شێوەیە من وڵاتی غوربەتی مێژووی دوورودرێژی کوردانم.

 

ئایا تۆ لەو خاکەدا دەتوانی گۆرانی بڵێیت؟

شێرکۆ بێکەس: بەڵێ، مادام هەردەم بە دەنگی گۆرانییەکانی ناسنامە دڕاوەکەم دەخنکام، ئەو گۆرانییانەی هەمیشە بە لافاوە خوێناوییەکەی منی دەخنکاند.

 

ئایا تۆ پێت وایە ئاسمان باشترین جێگەیە بۆ کورد؟

شێرکۆ بێکەس: شکم لەوە هەیە، چونکە ئەگەر زەوی جێگەی دۆڵی خەونەکان بێت، ئەوا مانەوە لێرەدا دەبێتە هێڵی جیاکەرەوە لە نێوان بەهەشت و ئاگردا.

 

 

 

 


سەرچاوە
کتێبی (گریمانەپۆستەی ئاسمان/ شاعیران بە تامی خەمۆکی و سێکس و خۆکوشتن). ئەسعەد ئەلجبووری.