زانیار ڕەوا | (٢٠٠٢ -)
October 15, 2025
زانیار ڕەوا لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٢ـی شاری مەهاباد-سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هەر لەوێش دەژی و لە یەکێک لە زانکۆکانی مەهاباد دەروونناسی دەخوێنێت. ماوەی ٩ ساڵ دەبێت شیعر دەنووسێت. لە تەمەنی ١٣ساڵیدا یەکەم شیعری خۆی نووسیوە. لە ئیستادا جارجارە کورتەچیرۆک دەنووسێت و لە فارسیشەوە وەرگێڕان دەکات بۆ سەر زمانی کوردی.
زانیار ڕەوا
هاوڕێ جوانەکەم! جوانەمەرگەکەی شیعر
کە ئێوارە ئاوا دەبی
پۆل پۆل وشە لە نیگاتا کز دەبنەوە و
تۆش هەروا جوانیت وەک بزەی کۆتایی.
ئێواران ئێمە دەمرین و شەو لە گۆڕەکانمان
گوێ دەدەینە بێدەنگی پیادەڕەوەکانی شار.
شار خەریکە لە پەراوێزی لەقبوونی موزاییکەکان قۆڵنجی دەشکێنێت.
هاوڕێ جوانەکەم! بۆ نایەی دان بە کرێکاربوونی شاردا بنێین.
بۆ نایەیت جوانترین شیعرەکانمان ئاراستەی ئەم شارە گەورە و مێژووییانە بکەین
کە شکۆمەندن لە مەرگدا، کە پەراوێزن لە جوگڕافیای نان، لە جوگڕافیای دڵداری،
لە جوگڕافیای ونبوونی ئەم شەوە شیعرانەی دەخرانە ژێرزەوی و
تەقێکی گەورە ئاوێزان بە قفڵێکی چینی کە تەق دەشکێت و دەڵێین: چینیە ئیدی!
بیرمان چۆوە ڕەنگی کامەرانی کەسکە، زەرد دەگەڕێت.
بیرمان چۆوە ئاویش دەمرێت و دەبێتە وەهمێکی سوێر.
بیرمان چۆوە درەختێک دەتوانێت سەوزبوونی ئەبەدی خۆی لەدەست بدات.
چۆن دەکرێ لە وەنەوزی ئەم هەموو مەرگەدا هێشتا شیعر
دان بە مەرگی خۆیدا نەنێت؟!
چۆن لەڕووی هەڵدێت تاو بەسەر قاقڕبوونی ئەم نەتەوە نەفرەتییەدا هەڵبێت؟! چۆن؟!
کە ئازادییت لەشفرۆشێکە و دەمێک بۆ چەن کاتژمێرێ لە فەلەستین بەکرێ دەدرێ و
دەمێک لەسەر مێزی شەڕی زایۆنیزم قاچی بەرداوەتەوە خوارێ و
ئەفسەرە سادیزمە پێدۆفیلییەکان دەستی بۆ دێنن
قاقای سوارە بەسەر مانۆرەکانی شەڕدا و
هەرگیز دان بەوەدا نانێت کە بکوژی هەموو مرۆڤایەتییە.
هاوڕێ جوانەکەم دان بەچیدا بنێین و شیعر لە پێناوی چی؟!
شیعرم لە بەرماوی ئەو ماڵانە کۆکردەوە کە پڕبوون لە کێشە،
لە قومارۆچکەی ئەو مناڵانەی کە بێمانابوو کێ کچە و کێ کوڕ.
من هاواری شیعرم لەو خۆشاردنەوەکێنانەڕا فێر بووم کە دەبووایە تۆم بە هاوارەوە دۆزیبایەوە،
بێدەنگییش لەو خۆحەشاردانانەی کە کەس بۆنیشی نەکردبای.
بەڵام تف لە دایک و باوکانی ئێمە
بەڵام تف لەو گەڕەکانەی کە دایک و باوکانی ئێمەی لێبوون
بەڵام تف لەو ساتەوەختانەی من دەمویست لەلای “پەریسا[1]” یاری بکەم و کوڕ بووم
ئێوە ئەی هاوڕێ جوانەکانی مناڵیم
لە سووچی کام دیوە زەبەڵاحەی تەنیاییەکانتاندا لە بەختەوەری دەگەڕێن؟!
هاوڕێ جوانەکەم!
لە ناخی قووڵترین کونجکۆڵییەکانی مێشکم لەو شوێنەی کە خوداش ترسی هەیە لە بوونی،
شیعر هەڵدەگوازنم.
شیعرترین تاریکییەکانی ئەم شاعیرە پۆفیووزە وا وێڵ بە ساتەوەختەکانی مەرگی هەنارهەنارەکانی شیعر کە کەمخوێنە و بێهێز.
شیعر سەرومڕ مەرگی شاعیرە و مەرگیش خۆدۆزینەوەی هەموو نەستە گەنیوەکانی شاعیر-
لە تابووتی لاڵبوون بۆ گۆڕی بەکۆمەڵی زمان-تا بە ئیبتزالچوون.
ئەی ئێوارە ماندووەکەی ئەم شارە مردووە
کە بە نزاوە خۆر دەست دەدەیتێ و لە بینا بەرز و نەوییەکانەوە،
لە زمانی شاعیرە لاکەوتەکانی کە بەسەر شاتی یەکەم و دووەم خەونوچکە دەیانباتەوە خۆڕسکانە ئاوا دەبیت
ئەی ئێوارەی شکۆمەندی ڕاهاتوو بە سواڵی ڕووناکی لە تاریکی شەو
تۆش بەرەو مەرگێکی ئەبەدی دەچیت کاتێک لە زمان شیعرێکەوە دەربچیت و
شاعیر: لەپەنا جادەیێ قاڵاوەکان دەنووک لێدەدەن لە قاپێلکەسەری و
کۆتا وەزگدانەکانی شاعیر کە شیعر بێت-
بخۆن ئەی باڵندەکانی ئازادی، بخۆن ئەی کوندەبووەکانی سنووری بێدەنگی،
بخۆن ئەی ئاژەڵە بەختەوەرەکانی مەزرای ئەدەبیاتی سەوز
ئێوە شاعیرانی بەرەی یەکەمی ئەدەبیاتی پەرەسەندنن.
هاوڕێ جوانەکەم!
دەنگی ئێسقانەکانم ببیستە، ئەمە دەنگی زنگوڵەی شاعیرێکە کە بەبادا دەڕوات و
تەمْ بەکگڕاوندێکە کە شاعیر پڕ بە شیعرەکانی دەگرێیت و-زیقە مەکە و سریوەت نەیە-
با لە هێڵی شیعرەوە نەترازێت، با بەر لە سپێدە، نەوێستێ لە دەسپێکی ڕۆژدا،
کەڕوو نەبستێ لەسەر چەقی بیرێکاو پاشگەز نەبێتەوە دوو هەنگاو تا کۆتایی- بەباداچوون بەباداچوون بەباداچوون-
لەوێ کەوتووە سەگەمەرگێکانی شاعیر، لە دەسپێکە.
لە بەردەم چۆمە بۆگەنیوەکەی میکاییل
پیاسەم شیعرە و بیر لەو سەگە دەکەمەوە
کە لە پەنا سەتڵێکی زبڵ با نەوازشتی دەکا و
جارناجارێ چاو دەتروکێنی- ئەمە سەگێکی شاعیرەو ئاشنایە بە نزای بێدەنگی و
ئیلهامی ئەو تاقە گەڵایەیە هەڵوەریو لەسەر بستێ ئاو کە ڕەنگدەداتەوە و هەست دەکات تەنیا نییە.
هاوڕێ جوانەکەم! سەگەبۆرە شاعیرەکەی
کە شیعرەکانت ناخوێندرێنەوە، بۆگەنیون.
من بە ڕێزمانی “ژەلووزی[2]” دەتدوێنم
تۆ هێشتا هەر شاعیرێکیت کە بەرگە دەگری با، کە بەرگە دەگری بۆگەنیوەکانی شنەبا و بەرگە دەگری درۆی تەنیایی گەڵا و هەر شیعریش دەنووسیت و ناوەڕی بە ڕوخسارە مردووەکانی شار.
کە شاعیر سەگ بێت و سەگیش شیعرییەتی دۆخێکی شەقار شەقار وەک دەریای ورمێ بە بەلەمی تینوویەتی بیر لە مناڵەکانی غەززە بکەیتەوە
کە قەڵشت قەڵشتە لێویان و وێڕا ناگات لێژنەی سەوزی شاخ و دار و بەرد بگاتە دەریا و
وێڕای ناگات لێژنەی عەداڵەتی نێونەتەوەیی بورجەکانی سەرمایەداری جێ بهێڵێت و
بە ئاسمانی شارێکی خاپووردا هەڵفڕێت-
عەداڵەت زگی تێرە لەبەر دەم ئەو کورسییانەی بەرەو هەموو لایەک دەسووڕێنەوە و هەموو بەڵگەکان واژۆ دەکات، جگە لە ئاشتی….
هاوڕێ جوانەکەم «ئاخۆ ئەم جیهانە مەترسیدارە دۆزەخیشی هەیە؟[3]»!
_________