ئێلە ویلەر ویلکۆکس | (١٨٥٠-١٩١٩)
June 29, 2025
ئێلە ویلەر ویلکۆکس (١٨٥٠-١٩١٩) لە شارۆچکەی جۆنستاون لە ویلایەتی ویسکۆنسن لە دایکبووە. هەر لە تەمەنی هەرزەکارییەوە دەست بە نووسینی شیعر کردووە و شیعرەکانی لە گۆڤارەکانی وەیڤرلی و لێسلی بڵاوکردۆتەوە. پاش ساڵێک لە خۆێندنی لە زانکۆی ویسکۆنسن، لە پێناو برەودان بە نووسینەکانی دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت. ئێلە یەکەم کتێبی شیعریی خۆی لە تەمەنی ٢٢ ساڵی لەژێر ناونیشانی ‘دڵۆپەکانی ئاو’ لە ساڵی ١٨٧٢دا بڵاو دەکاتەوە. دواتر لە ساڵی ١٨٨٣ کتێبی ‘شیعرە سۆزدارییەکان’ بڵاودەکاتەوە کە لەماوەی دوو ساڵدا ٦٠.٠٠٠ کۆپی لێ دەفرۆشرێ. کتێبە شیعرییەکانی تری بریتین لە شیعرە ئەزموونییەکان (١٩١٠)، شیعرە ئاشتییەکان (١٩٠٦) و قەپێلک (١٨٧٣). جگە لەوانە ئێلە چەند کتێبێکی چیرۆک و دوو کتێبی ژیاننامەشی بڵاوکردۆتەوە.
ئێلە ویلەر ویلکۆکس
کوردییەکەی: داستان گەڵاڵەیی
پێبکەنە، جیهانیش بەڕووتدا پێدەکەنێ؛
لە گریاندا، تەنیا دەگری؛
ئەم پیرە زەوییە خەمگینە خۆی کەم نییە کێشەی
لە شادیی زیاتر، چیدیکەی لێمان ناوێت.
گۆرانی بچڕە، چیاکانیش لەگەڵتدا دەچڕن،
ئاخ هەڵکێشانەکانیشت دەدرێنەوە دەم با
زایەڵەکان بە دەنگی شادی تەوژم دەدەن،
بەڵام بە دەربڕینی نیگەرانی دەکشێنەوە.
دڵخۆش بی، پیاوان وێڵ و حەیرانت دەبن؛
خەفەتبار بی، پشتت تێ دەکەن و دەڕۆن؛
هەموویان وێڵی ئەوپەڕی شادومانیتن و
کەسیان مەینەتی تۆیان ناوێت.
بە کەیف بی، هاوڕێت بە ئەندازەی ئەستێرەی ئاسمانە؛
دڵبەکووڵ بی؛ لە دەستت داون.
کەس شەڕابی کامەرانیت ڕەت ناکاتەوە
بەڵام لە تەنیاییدا زەقنەبووتی ژیان دەنۆشی
لە جەژندا، ماڵت پڕە؛
بەڕۆژوو بی، جیهان بە بەرچاوتەوە تێدەپەڕێ.
شاد و بەخشندە بە، پێی دەژیت،
بەڵام لە مردندا بێ هاوکار دەمێنیتەوە.
ئاوەدانە ماڵی بەختەوەر
وەک شەمەندەفەرێک بە شکۆ و شاهانە
بەڵام هەمووان، یەک لەدوای یەک،
دەبێ بە ڕاڕەوە تەنگەبەرەکانی ئازاردا ڕێچکە بگرین.