شۆستە خوێناوییەکان

سەید مێهدی مووسەوی | (١٩٧٧ - )

سەید مێهدی مووسەوی | (١٩٧٧ - )

July 9, 2024

سەید مێهدی مووسەوی، شاعیر و نووسەر و ڕەخنەگری ناسراوی ئێرانی و دوکتوری دەرمانساز، لە ساڵی ١٩٧٧ی زایینی لە تاران لە دایک بووە. ناوبراو بە باوکی غەزەلی پۆست مۆدێڕن ناودێر دەکرێت. ئێستا لە وڵاتی نەرویج دەژیێت و سەرقاڵی کاری ئەدەبییە. مێهدی مووسەوی هەتا ئێستا هەژدە کتێبی ئەدەبی وەکوو غەزەلی پۆست مۆدێڕن، شیعری نوێ، چیڕۆک و رۆمان، بە چاپ گەیاندووە.

 

 

 

شۆستە خوێناوییەکان
سەید مێهدی مووسەوی
کوردییەکەی ئەرسەلان چەلەبی

 

 

شیعری یەکەم:

 

تەڵاقی گرت کە نەکەوێ

منیش نووسابووم بە نەردەی پەیژەکانەوە و بای دەهات

منیش نووسابووم بە بیرەوەرییەکی ساختە و بای دەهات

منیش نووسابووم و بای دەهات

منیش و بای دەهات

بای دەهات

تەڵاقی گرتبوو و تاوی دەدایە ئەو دیوارانەی دیوار نەبوون

بۆ پەنجەرە

کە پێشتر کون و کەلەبەرێک بوو

کە لەوێوە پەپوولەپاییزە و نوور و شنە دەڕژایە ناو ماڵ

کە لەوێدا، من دەڕژامە دەرەوە

هەتا سەر شۆستە خوێناوییەکان

تەڵاقی گرتبوو و بە بەرزاییەوە هەڵواسرابوو

گوتم خۆ فڕێ دە لە ئامێزت دەگرم

گوتم  کەوتنەخوار هەمان چوونەسەرە لەولای تر

گوتم باڵندەیەک کە نەکەوێ

فێرە فڕین نابێت

تەڵاقی لە نێوان قامکەکانی گرتبوو و وەک دووکەڵ بەربای دەدا

من لە پەیژەکانەوە فڕێ درامە بەرزایی

وەکوو ڕستەیەکی پرسئاسای خەواڵوو

کە لە نێوان دووکەڵدا ون بووە

 

 

 

شیعری دووەم:

گەورەڕێ، ڕووبارێکی خەفەتبارە

کە تۆم لێ دوور دەکاتەوە

ئاو کە چووە بان سەری مە

بەڵام ماسییەکان ناخنکێن

تەنیا لە کەنار گەورەڕێیەکە دەوێستن

دەست بۆ ئەو شووشانە ڕادەدێرن کە هەڵدراونەتەوە

تا لە سەرما ڕەق هەڵبێن و

بێنەوە سەر ئاوەکە

ئەوە تەنیا بەردەکانن

کە بۆ هەمیشە دەنیشنەوە ژێر ئاوەکە

لەگەڵ مێردەکەت ماسی دەخۆی

من لە مان ڕادەمێنم و

شێت دەبم و

کۆڵانان دەکەمە گۆرانی و

شەق لە بەردان هەڵدەدەم و

ژنەکەم و ….

گریان ئەوکی گرتم

کە لێت دوور دەبمەوە

کۆڵان هیچ!

جار جار گەورەڕێش بۆنبەستە

من ڕووبارێک دەناسم کە لەگەڵ زەریا قارە

کە لە تەک زەریا قاری کرد

عاشقانە ڕژایە ناو فازڵاوەوە.