تەمی ڕاڕا بەسەر گەورەبوون خۆی پەخشان کردووە

شاخەوان ئەحمەد باپیر | (١٩٣ - )

شاخەوان ئەحمەد باپیر | (١٩٣ - )

October 30, 2025

شاخەوان ئەحمەد باپیر ساڵی ١٩٩٣ لە دیانە، سەر بە قەزای سۆران لەدایکبووە. دەرچووی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی سۆرانە.  تاکوو .ئێستا کۆمەڵێک دەقی ئەدەبیی لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕدا بڵاو  کردۆتەوە. ئەمە سێیەمین دەقی سۆرانە کە لە باڵندە بڵاو بێتەوە

 

 

 

 

 

تەمی ڕاڕا بەسەر گەورەبوون خۆی پەخشان کردووە

شاخەوان ئەحمەد باپیر

 

 

 

سپێدە هێشتا لەخەودایە
لەژێر هەورە کون-کونەکانی شار؛ بە چاوی تۆزاوییەوە شیعر دەخوێنمەوە
بە کۆشێک تەمەوە لە ماڵە ڕاڕایەکان دێمە دەرەوە
دەترسم و دڵەڕاوکێمە
له باوەڕەکانی دنیادا
هەوای دەم دەر دەچێت/ دووکەڵی ڕەشی ڕۆژگارە
هەڵم لەجەستەدا بڵند دەبێت/ شیبوونەوەی دۆخی شەوگارە
ئاسۆی پشت تەم و ڕێگەی کراوە/ ئاسنی سارد کوتانە.

گەورەبوونم لەتەمدا مەلە دەکات و
چەندێک دەسوڕێمەوە هێشتا لەکاتدا جێگەم نەبۆتەوە
هێشتا لە بن هەورەکاندا هاوسەفەری قەلەڕەشەکانم
نازانم کاتژمێر چەند دەنیشمەوە ،ئەگەر نەگەیشتم گلەیم لێ مەکەن
دیارە هێشتا دەستم نەگەیشتۆتە ئاسمان
مادام کاتم بەرزەفت نەکرد, گەورەبوونم نەوەستاند
بزانن لە کێبڕکێی کاتدا باڵم شکاوە.

ژیان وەهمێکی درێژە
بە کۆڵ جۆلانەکانی باوەڕدا هاتووە
مۆخیش کندرێکی درێژە
بە دونیایێکی گەمەکەردا پێچدراوە.

 

***

 

بە گۆچانی پیری، مێژووی پێش خۆم دەپشکنی
تەم و کوشتن لێک دەچوون
تەم کۆنترین ژانەری ڕاڕاییە
کوشتن کۆنترین داهێنانی مرۆڤە
کە هەمیشە دادەهێنرێتەوە.

چاوەڕێ مەبە؛ تەم باران بێت و تاو تاو ڕابوەستێت
لە دۆڵ قاپوتێک بانگ بکە
لەدەشت و بیابان قومێک ئاو
لە دەریا بەلەمێک
بانگی کەرەستەکان بکە
تاکوو دەگەی بە ئاوەدانی.

کەسێک نەبوو پێم بڵێ وریابە
ئەو کاتەی تەمە
بینایی لە بن دێ
بزانە دەچییە بن باڵی کێ
بن چەتری کێ.

 

***

 

تەم
لە ناو زەینم ،هەڵمی سەر مەیتەکانی مێژووە

تەم
دنیای دیتنت ناشیعرێنێ

تەم
مۆسیقایێکی خەمگین دەهۆنێتەوە

تەم
قۆرتەکانی دونیا پڕ تەلیسم دەکات

تەم
بێ ڕەحمترین باوەشە، بەدرێژایی ژیان تەنگت دەکات

تەم
خۆشیەکانی دنیا شێلوو دەکا

تەم
ڕۆژ ئاشقی خۆی دەکات و شەو ڕەنگی ڕەشی پێ ئەدات

تەم
کوتینی ئاسنی ساردە

 

***

 

هێشتا وەسوەسەی باوەڕم نەبوو
بەدیار شوشەی پەنجەرەکەمەوە، ئاواتەکانم بۆ نەدەژمێردران
گەورەبوونم شووشەکانی شکاندن
ئاواتەکانیشی وردکرد.

دنیای ناو سەرم تاریک و مغەوەشە
هێشتاش هەر هۆشم بۆ یادی ڕوونی بێ تەم لێ ئەدات
نوقمی هەزاران ئازادی زنجیرکراوم
لەوە دەترسم ئاسۆش هەڵبێت
هێشتاش هەر دەست بەچاومەوە بنێم
چونکە بۆ دڵمان ڕەش بووین
بۆ ژیانمان خەنجەر بووین

نازانم لە کەللـە شەوی ئەم ڕۆژگارە چی دەگووزەرێ
‎بەڵام من هەموو ساتێ هەر تەم دەبینم
‎لەهەموو شوێنێک هەر تەم
‎تەنانەت جەستەشم لەوێنەیەکی تەمدا دەبینم.

‎مخابن بۆ ڕۆژە ڕوونەکانی گەنجیم،
‎کە هێشتا تەمی ڕاڕا بەسەر ژیانم خۆی پەخشان نەکردبوو
‎مخابن تەم داگیرکەرێکی سامناکبوو
‎مخابن تەمەنم
‎مخابن دنیای ناڕوونم
‎مخابن ئەی دنیای لێڵی!
‎مخابن تەم
‎م
‎خ
‎ا
‎ب
‎ن